رێكەوتنێكی نوێی “جەزائیر” لەنێوان بەغدا و تاران: لە پێنج خاڵ چوار خاڵیان پەیوەندی بە هەرێمی كوردستان هەیە

لەلایەن ستاندار Posted on 7712 جار بینراوە

 

 

ستاندەر

حكومەتی عێراق، رێكەوتنێكی نوێی ئەمنی لەگەل تاران واژوو كرد، رۆژنامەی نەهاریی لوبنانیش  رایدەگەیەنێت ئەوەی بۆتە جێگای پرسیار، بەشداری نەكردنی هیچ بەرپرسێكی هەرێمی كوردستانە  لە پرۆسەكە.

رێكەوتنە كە بەچاودێری محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەواژووی هەریەك لە عەلی شەمخانی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و قاسم ئەلئەعرەجی، راویذكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق واژوو كرا، بەڵام ناوەرۆكەكەی بڵاونەكراوەتەوە.

رۆژنامەی ئەلنەهاری لوبنانی لەبارەی رێكەوتنەكە لەسەرچاوەیەكی ئاگادار گواستویەتیەوە لە پێنج خاڵی ناو رێكەوتنەكە چوار خاڵیان پەیوەندیدارە بە هەرێمی كوردستان.

بەپێی زانیاریەكانی رۆژنامەكە كە ستاندەر بینویەتی، لەناو رێكەوتنەكە حكومەتی عیراق بەڵێنی بە ئێران داوە، رێگانادەن هیچ چەكدارێكی كورد (لایەنەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان) لەرێی خاكی عێراقەوە بچنەوە ناو ئێران، بەگوێڕەی خاڵێكی تری رێكەوتنەكە حكومەتی عێراق بەڵێنی داوە سەرجەم بنكە سەربازیەكانی لایەنەكانی رۆژهەڵات لەناوچە سنوریەكان لەگەڵ ئێران دەگوازرێنەوە.

هەر بەگوێرەی رێكەوتنەكە بەغدا بەڵێنی داوە سەرجەم چەكە قورس و مامناوەندەكان كە لای لایەنەكانی رۆژهەڵاتن، لێیان وەردەگیرێتەوە، لەخاڵی كۆتاییش هاتووە عێراق پابەند دەبێت، سەرجەم داواكراوانی ئێرانی كە لەخاكی عێراقن رادەست دەكرێنەوە.

لەبەرامبەر ئەوەدا، ئێران بەڵێن دەدات رێز لە سەروەری و سەقامگیری خاكی عێراق بگێرت، كە بەگوێرەی زانیاری رۆژنامەكە مانای وایە گروپەكانی حەشدی شەعبی كێشە بۆ حكومەتەكەی سودانی دروست نەكەن.

رۆژنامەی ئەلنەهار رێكەوتنەكەی بەهاوشێوەی رێكەوتنی جەزائیری ساڵی 1975 چواندوە، كە ئەو دوو وڵاتە لەسەر حیسابی كورد واژوویان كرد، دەڵێت هیچ بەرپرسێكی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە ئاگادار نین.

تا ئێستا نازاندرێت حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵوێستی فەرمی بەرامبەر رێكەوتنەكە چی دەبێت، بەڵام لە قۆناغی یەكەم رەزامەند بووە بە بڵاوكردنەوەی هێزی زیاتری پاسەوانی سنور لەناوچە سنوریەكانی هەرێمی كوردستان.