سەلمان كۆچەری
ھەیکەل و پێکھاتەکی ھەبوو حیزبەکانی کوردستان بەدەسەڵاتدار و بێدەسەڵات، دروشمدار و وتاربێژ ھەمووی یەک ھەیکەلە، ئەگەر جیاوازیش بەدیبکرێت ئەوا لە ناونان و داڕشتنەوەی دامەزراوەی حیزبەکان، بەڵام کارو ھەڵوێستی ھەندێک لە حیزبەکان جیاوازی ھەیە، لە ئێستادا کۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆران خاوەنی گوتارێکی میللی و جەماوەرین، بەجۆرێک دیدگا و ھەڵوێستەکانیان تێکەڵی شەقام و کۆڵانی ھەژارەکان دەبێتەوە، ئەو جیاواز ھەڵوێست نواندنەش ئەو دوو پارتەی خستۆتە بەرەی گەلەوە، ئەوەی جێی ڕەخنەیە بۆ ئەو دوو پارتە گۆڕینی گوتار و ھەلوێستە لە میدیا و قسەی دەمەوە بۆ کردەوە تا لە پَێودانگی ( اضعف الایمان ) بێنە دەرەوە.
ئەگەرچی لە ھەڵبژاردنە نێو خۆییەکانی بزووتنەوەی گۆران و دامەزراندنی خانەی ڕاپەراندن و ھەڵبژاردنی رێکخەری بززوتنەوەکە جێگەیەک بۆ گەنج و ئافرەت نەبوویە، بەڵام ناکرێت ئەوە بکرێتە پێوەری کۆتایی پێھێنانی خەون و مەبەستەکانی بزووتنەوەکە کە زۆرینەی گەنجانی باشوری کوردستان خەون و ئاواتەکانیان بەو بزووتنەوەیە ھەڵواسیوە، بۆیە دەکرێت ئەو خاوەن ئەزموونانە و پیرانەی بزووتنەوەی گۆران بە دیدگای گەنجانەو حەماسیەتی لاوانەوە کار بکەن و چیتر لەو دۆخە وەستاوەدا نەمێننەوە، دۆخ و نالەباری ئیداری و قەیرانەکان لە ھەرێمی کوردستان لە پشوودرێژی و ئارامگری تێپەڕی کردووە، گەر ھەموو لایەک دەست لەدەست نەکەونە جوڵە ئایندەیەکی زۆر خراپ ڕوبەڕوومان دەبێتەوە.
ئێستاکە کۆمەڵگەی کوردی و دەسەڵاتداری بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە، بەرەی دیکتاتۆری و گەندەڵی و مۆنۆپۆلی بەرامبەر بەرەی خەڵک و چەوساوەو ھەژارەکان، دوو لەسەر سێی کۆمەڵگە لەبەرەی دووەمدایە بۆیە دەکرێت کۆمەڵی ئیسلامی بزووتنەوەی گۆران پێشڕەوایەتی ئەو چینە زۆرەی کۆمەڵگەیە بکەن و گۆرانکاری کردەیی و پڕدۆ- بەئەنجام بھێنەکایەوە.