کورد تەنھایە لە ملکەچ نەبوون بۆ یاسا !

لەلایەن ستاندار Posted on 398 جار بینراوە

د.حلمی رەسوڵ رەزا

نزیکەی ھەفتەیەک و چەند دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق و دروست بوونەوەی ژاوەژاو لەناو فراکسیۆنەکاندا دەربارەی دواخستنی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، کە تیایدا کورد و سونە وەک داکۆکیکارێک و دۆڕاوێک لە سیاسەتکردن، و مرخ خۆش کردن بۆ دواخستن و پاشان بەکارھێنانی کارتی بایکۆت کردن، و تەنھا مەبەستیش تیایدا تۆقین لە لەدەستدانی دەسەڵات و بەردەوام بوون لە ھەڵلوشینی دەسکەوت و پارەو ئیمتیازات زیاتر ھیچی تر نەبوو.. دەستەیەک لە سیاسیەکانی کورد لە بەغدا بەردەوام لەگەڵ خەڵکی دوژمن و دۆڕاودا دەبنە دۆست کە ئەوانیش ھەمان مەبەستی ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمەیان ھەیە.. ھەرگیزیش ئەوەیان وەبیر نایەتەوە کە ئەوێ (بەغدا) راستە نغرۆی گەندەڵی و نادادیە، بەڵام خاوەن دام و دەزگای دەستووریەو ھەموانیش ملکەچن لە ئاستیدا.. ئەم ملکەچ بوونە بۆ پاشخانی تێگەیشتنی سیاسیەکانی ئەوان دەگەڕێتەوە، بەوەی یاسایەک لە دەستوردا دەنگی پێدرا بێت ھەموان ناچار دەکات رێزی لێبگرن و پاشان وەکو خۆی جێبەجێی بکەن..
ھەموان دەزانین لە ١٥/٥/٢٠١٨ وڵات دەکەوێتە بۆشایی یاسایی و سیاسیەوە، دەبێ لەو رۆژەدا بە پێی دەستوور ھەڵبژاردنی نوێ ئەنجام بدرێت، کەچی ئەمانەی لا خۆمان دوای کڵاوی بابردوو کەوتبوون و پییان وابوو دیوەخانەکەی لای ئێمەیە و ویان دەزانی بە مەزاجی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سکرتیرەکەیەتی فرسەتێک بدۆزنەوەو بە ئارەزوو بۆ ماوەی ھەشت مانگ و پاشان ئەوەندەی خۆیان دەیانەوێ درێژی بکەنەوەو دەم لە سەروەت و سامانی ئەم نیشتمانە بژەنن و کەسیش نەبێ لێیان بپرسێتەوە.. لە بیریان چوو بوو درێژکردنەوەی سەرۆکایەتی ھەرێم چ کارەساتێکی بەدوای خوێدا ھێناو تووشی چ دەردە سەرییەکی کردین.. دەیانویست ئەوێش بە کەیف و مەزاجی ئەمان بڕوات، بێ خەبەر لەوەی ئەوانەی ئێمە بە دواکەوتویان دەزانین و خۆشمان بە عەیاری ٢٤ی دیموکراسی، ئەوان خاوەن یاسا و دەستوور و عەقڵی کامڵ و پیاوی زانا و دانا، و ئێمەش خاوەنی دواکەوتوترین عەقڵیەتی دەوڵەتداریین..
لەم گێرەمەوکێشەیەدا، یەک خاڵ ھەیە پێویستە نەوەی تازەی ئێستا لەسەر ئەم تاقمە سیاسیەی ئێستای بزانن، ئەویش ئەوەیە، ئەمان پەیوەست نین بە ھیچ پرەنسیبێک و بڕوایان بە تەنھا پایەیەکی دیموکراسی نییە، ئەگەر بە کەیفی ئەمان بێت تاکو قیامەت بۆ خۆیان و ماڵ و مناڵیان درێژ دەکەنەوە، و ھەموو چەند ساڵ جارێک و لە شازدەی ئۆکتۆبەرێکی نوێدا وەبیریان دەخرێتەوە کە، ئێوە تەنھا لە ملکەچ نەبوون بۆ یاساو ڕێساکان…و ..ھەتا ئێوەش زیندووبن، خاک و نیشتمان لە چاوەڕوانی سواڵ و سەدەقەی فەرمانڕەواکانی ناوەنددا دەبن..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.