ستاندەر
زیاتر لە دە ڕۆژ تێدەپەڕێت بەسەر ڕاسپاردنی محەمەد تۆفیق عەلاوی لەلایەن سەرۆک کۆماری عێراق بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ و تاکو ئێستا ئاسۆی بەردەم تەواوبوونی کابینەکەی ناڕونە و باس لە هاتنە پێشەوەی ئەگەری جیاواز دەکرێت.
فشاری خۆپیشاندەرانی عێراق بۆ دیاریکردنی کەسانی سەربەخۆ بۆ پۆستە وزاریەکان و لەلایەکی تریشەوە فشاری پێکهاتەکان و کوتلە سیاسیەکان بۆ دانانی کەسانی سەر بەو لایەنانە دو بەربەستی سەرەکی بەردەم کابینەکەی عەلاوین.
لەو ڕووەوە ئەندامێکی کوتلەی فەتح لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەحمەد کنانی باس لە دو سیناریۆ دەکات کە لەبەردەم کابینە وزاریەکەی عەلاوین ئەوانیش یان ئەوەتا عەلاوی دەچێتە ژێر باری فشاری لایەنە سیاسیەکان و کەسانی سەربەخۆ هەڵنابژێرێت بۆ پۆستە وزاریەکان یان ئەوەتا کەسانی سەربەخۆ دیاریدەکات و لەکاتی دەنگدان لەسەر کابینە وزاریەکەی متمانەی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بەدەست ناهێنێت و شکست دێنێت لە پێکهێنانی کابینەکەی.
ئەو مشتومڕانە لەکاتێکدایە محهمهد خالیدی، پهرلهمانتاری توركمان له گرووپی كاركردنی عهللاوی ڕایگەیاندووە كابینه وزاریەکەی عهلاوی تەواو بووە و رۆژی یهكشهممه ڕادەگەیەندرێت، و عهلاویش بۆ دهنگدان به كابینهكه داوای دانیشتنی نائاسایی له پهرلهمان كردووه.
بەپێی ئەوەی لە میدیاکان باسدەکرێت لەئێستادا لایەنی شیعی عەلاوی سەرپشک کردووە لەدیاریکردنی وەزیرەکانی کابینەکەی بەڵام پێکهاتەی سونەو کورد تاکو ئێستا بەردەوامن لە فشارەکانیان بۆ ئەوەی دیاریکردنی وەزیرەکانی ئەو دو پێکهاتەیە لەسەر خواستی ئەوان بێت، لەهەمان کاتدا مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری کورد ڕایدەگێنێت گەورەترین درۆ لە عێراق بابەتی دیاریکردنی وەزیری سەربەخۆیە، چونکە ئێرە عێراقە نەوەک ئەوڕوپا. دەشڵێت عەلاوی شکست دێنێت چونکە سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق مەرجیان هەیەو فشاری لێدەکەن.
لەدوای دەست لەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی ڕۆژی ۲ی ئەم مانگە سەرۆک کۆماری عێراق محەمەد تۆفیق عەلاوی ڕاسپارد بۆ ئەوەی لەماوەی ۳۰ی ڕۆژ کابینەی نوێی وزاری ڕابگێنێت و پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی بکات.