ئایا 3600 ساڵ لەمەبەر کێشەی زەوی لە نێوان چەند بنەماڵەیەکدا لە کەرکوک لە دادگا یان بە سوڵحی عەشایەری یەکلا کرایەوە؟

لەلایەن ستاندار Posted on 509 جار بینراوە

ئایا 3600 ساڵ لەمەبەر کێشەی زەوی لە نێوان چەند بنەماڵەیەکدا لە کەرکوک لە  دادگا یان بە سوڵحی عەشایەری یەکلا کرایەوە؟

سۆران حەمەڕەش

ئایا نزیکی سێ هەزار و شەش سەد ساڵ لەمەوبەر کێشەیەکی زەوی لە نێوان چەند بنەماڵەیەکدا لە کەرکوک لەلایەن دادگا یەکلا کرایەوە یان بە سوڵحی عەشایەری؟

کەرکوک یەکێکە لەو ناوچانەی کوردستانە کە زۆرترین تێکستی تێدا دۆزراتەوە و تێکستەکانی هێندە دەوڵەمەندن، ئەمڕۆ لە زۆر وڵاتی دنیادا لێکۆڵینەوەی چڕوپڕیان لەسەر کراوە، تەنانەت لە ئیسرائیلیش لێکۆڵینەوە لەسەر تێکستەکانی نوزی/کەرکوک کراوە بەڵام لە کوردستانی خۆمان ئەم هەموو دەزگا حکومی و سیاسی و حیزبیە هەیە هەر یەکەیان ڕۆژانە سەدان قسەی زل لەسەر کەرکوک دەکەن بێ ئەوەی کە هەوڵێکی سادە بدرێت بە ئاڕاستەی تێگەیشتن لە کەرکوک و فەرهەنگەکەی و ڕابردووە دەوڵەمەندە مێژووییەکەی.

لە ڕاستیدا دەست بدەیتە هەر قۆناغێکی ڕابردووی کەرکوک/گەرمیان گەنجینەیەکی گەورەی فەرهەنگی دەبینیت کە هێشتا کورد ئاشنای ئەلف و بێی نیە. لێرەدا نیازم نیە کە جارێکی تر ئاماژە بە مێژووی دێرینی کەرکوک بکەمەوە لەبەر ئەوەی لە بابەتەکانی ڕابردوومدا ئاماژەم پێکردووە. ئەوەی دەیخەمە ڕوو، کەیسێکی تەمەن سێ هەزار و شەش سەد ساڵەی کێشەی زەوی نێوان چەند بنەماڵەیەکە کە ووردەکاریەکانی زۆر بە جوانی خراوەتە ڕوو و دوای چەندین ساڵ مشت و مڕ و بردە و بێنە و خستنەڕووی بەڵگەنامە بۆ دادگا، ئەمجا لە کۆتاییدا بڕیاری لەسەر دەدرێت.

ئەم کەیسە حەوت بەڵگەنامەی لێ دۆزراوەتەوە و لە بەر دڕێژخایاندنی کەیسەکە، بۆیە دوو پشت لە بنەماڵەیەک تێیدا بەشدار دەبن. لە یەکەم بەڵگەنامەدا پێنج بنەماڵە ڕایدەگەیەنن کە (خوتیەی کوڕی کوشیە) وەک نوێنەریان لە دادگا قبوڵ دەکەن. دوایی لە بەڵگەنامەیکی تردا خوتیە لەگەڵ شایەتێکدا دوو کەس دەبەنە دادگا و دەڵێن ئەو دوو کەسە جوتیارن و بە کرێ لە سەر زەویەکەیاندا کشتوکاڵ دەکەن و کەچی خۆیان کردووە بە خاوەنی زەویەکانی دەستەی خوتیە. بەڵام دوو کەسەکە دەڵێن ئەوان زەویەکەیان کڕیوە و زەوی خۆیانە. بەو جۆرە دادگا دەست بە پرۆسەی یاسایی دەکات. جارێک لە نووسینێکدا دەستەیەک لە دادوەران نامە دەنووسن بۆ بەرپرسانی دیوەخانی پادشا لەبەر ئەوەی کە خۆیان بۆیان ناکرێت کە بگەنە بڕیار لەسەر کەیسەکە بۆیە لە ڕێی ئەوانەوە داوا دەکەن کە پادشا خۆی کاری لەسەر بکات.

ئەمەی خوارەوە سەرەتای کەیسە سێ هەزار و شەش سەد ساڵیەکەیە بێ دەستکاری:

“بەو جۆرە تەریەی کوڕی کوشیە و بەو جۆرە وتازی زینای کوڕی پوی تای و بەوجۆرە ئەکوڵ ئێنی کوڕی پەل تێشوپ و بەو جۆرە تای تێشوپی کوڕی کیزی خەرپە و بەو جۆرە تومشیمانای کوڕی توری کینتار. بەو جۆرە ئەم پێنج پیاوە: هەر زەویەک لەوێ و ناوچەی باڵەخانەی کیزوک لە کەنارە دوورەکەدا هەیە، کە هەمووی هەر دەکەوێتە ناوچەی کیزوکەوە، ئێمە دەسەڵاتمان داوە بە خوتیەی کوڕی کوشیە بۆ مەبەستی کاروباری یاسایی لەسەریان. ئەگەر خوتیە کەیسەکە بباتەوە، ئەوا خوتیە یەک بەشی لە زەویە کشتوکاڵیەکان و ناوچەی باڵەخانەکە بەردەکەوێت کە مامەلەی پێوە بکات. ئێمەش ئەوەی کە دەمێنێتەوە لە زەویەکان و ناوچەی باڵەخانەکە خۆمان مامەڵەی پێوە دەکەین. بەو جۆرە ئەم پێنج پیاوە ئەگەر سەرپێچی ئەم ئیفادەیە بکەین کە ئێستا داومانە، ئێمە دەبێت ١ مینا زیو و ١ مینا زێڕ سزای پێ بدەین. ئەم نووسراوە دوای ڕاگەیاندنی گشتی کەیسەکە لە شارۆچکەی دەروازە تورشە نووسراوە لەبەردەم ئەشتار تیلای کوڕی پوی تای، لەبەردەم شیڵوایەی کوڕی پور شوروتا، لەبەردەم ون تێشوپی کوڕی وەتوا، لەبەردەم ئیا ماتی کوڕی تایە، لەبەردەم ئاکیپ شێنی کوڕی کێلیا، لەبەردەم کوپەرشەی کوڕی ورکیتو، لەبەردەم شەماشی دامیکی کوڕی ئیس ئەپیخێ.”

کەیسەکە بەردەوام دەبێت و دوای چەندین ساڵ و کارکردنی دوو بەرەی بنەماڵەکان لە کەیسەکەدا پێنج کەسەکە و خوتیە دەیبەنەوە و ئەوان دەبن بە خاوەنی یاسایی زەویەکە. ئەوەی کە مایەی سەرنجە هیچ لایەک پەنا بۆ توندوتیژی و چارەسەر لە دەرەوەی داگا نادات و کەیسەکە بە شێوەیەکی یاسایی بەڕێوە دەچێت. مرۆڤ کاتێک کە ووردەکاری کەیسەکە دەخوێنێتەوە، سەری لەو کۆمەڵگە شارستانیە دەسوڕمێت. لەوێدا سیستمێکی زۆر ئاڵۆزی یاسایی هەبووە و چەندین بەڵگە دەخرێتە ڕوو و هەر لایەک چەندین هەوڵی جیاوازی یاسایی دەدات بە مەبەستی پتەوکردنی داواکاریەکەی و بردنەوەی کەیسەکە. چەندین جار دادوەرەکان پرس و ڕا بە خەڵکی ژمارەیەک گوند و شارۆچکەی دەوروبەری شوێنە کێشە لەسەرەکە دەکەن و وەک بەڵگە لە دادگا سوودی لی دەبینن. هەوڵی زۆر و ئاڵۆزی پرۆسەی کەیسەکە نموونەی پێگەییوی سیستمی دادوەریی هوریەکانە و دەری دەخات تا چ ڕادەیەک دەسەڵاتداران لەو کۆمەڵگەیەدا بە تەنگ دادوەریەوە بوون و کۆمەڵگەکە لە چ ئاستێکی شارستانیدا بووە.

ئەم تێکستانە خەڵکێکی هوری ناوچەی کەرکوک نووسیونی بەڵام بە زمانی دەسەڵات کە ئەکەدی بووە بە کەمێک تێکەڵ بە هوری کە زمانی قسەکردنی خۆیان بووە. ئەم نووسینانە هەزاران بەشن و کۆپی زیاتر لە سێ هەزاریان بە تەرجومەکراوی بەزمانی ئینگلیزی لای بەندەن. نووسینەکان کەیسی جیاوازی منداڵ هەڵگرتنەوە و زەوی کڕین و فرۆشتن و بەکرێدان و دادگایکردنی تاوانباری هەمەجۆر لە خۆ دەگرن.

جیاوازی ئەم بەڵگەنامە نووسینانە بۆ نموونە لەگەڵ بەڵگەنامەی نووسینی فارسی کۆن ئەوەیە کە ئەوانەی فارسی کۆن کە ماون، ژمارەیان کەمە و زۆربەیان قسەی پاشاکانن و باسی سەرکەوتنی خۆیان و بەهێزی و مەزنیان دەکات. واتە لە کاتێکدا ئەو تێکستانە ڕووداوی مێژووییان تێدایە بەڵام پاشاکان زۆریان پێوە ناوە و بەشێکی زۆری پێداهەڵدانە و نووسینەکان تەنها بەشێکی کەم لە ژیانی ڕاستەقینەی حوکمرانەکان دەخەنە ڕوو. بەڵام نووسینەکانی کەرکوک، ڕووداوی ئاسایی ڕاستەقینەی ڕۆژانەی خەڵکی ئاسایین. بۆیە لە ڕێگایەنەوە دەتوانیت بزانیت کە خەڵک چۆن ژیاوە و کێشەی گەورەی ژیانی چۆن بووە و کاروباری ڕۆژانەیان چۆن بەڕێوە چووە.

هەموو مارەکردنێک تۆمار کراوە، تەنانەت فرۆشتنی کەرێک و وەرگرتنی جۆ و گەنم هەمووی وەک ڕێکەوتنامە نووسراوە و هەر کات هەر کام لە لایەنەکان پابەند نەبووبێت بە ڕێکەوتنامەکانەوە، دەستبەجێ مەسەلەکە براوەتە دادگا و بەڵگەنامەکان براونەتە بەردەم داداوەر.

من نزیکی حەفتا لێکۆڵینەوەی زانستیی جیهانیم هەیە کە لەسەر ئەو شارە بە زمانی ئینگلیزی کراون کە دڵنیام دەیان بەڵگەنامەی تر بەو زمانە هەن ئەوە جگە لە زمانی فەرەنسی و ئەڵمانی. لێکۆڵینەوەکان بابەتی هەمەجۆر لە خۆ دەگرن، هەندێکیان لەسەر سیستمی یاسایی یان ناوی شوێنەکان یان شێوەی مامڵەکەکردن لەگەڵ کەیسە یاسایە جۆربەجۆرەکان یان مافی ژن یان……. کەچی هێشتا بە دەگمەن بەرنامەیەک یان لێکۆڵینەوەیەک سەبارەت نووسینە زۆر و پڕ زانیاریەکانی نوزی بە زمانی کوردی هەن.

هەر وەک دەرکەوت سێ هەزار و شەش سەد ساڵ لەمەوبەر لە کەرکوکدا و کێشەیەکی زەوی دوای چەندین ساڵ مشتومڕی یاسایی کەچی لە دادگا یەکلاکراوەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ هێندە لەو فەرهەنگ و ڕەگ و ڕیشەیە بزر بووین، بۆیە زۆر جار وەک سێ هەزار و شەش سەد ساڵ لەمەوبەر مامەڵە ناکرێت و دەبێت پەنا بۆ سوڵحی عەشایەری و هەندێک جار هەڕەشەی هێز ببرێت وەک لە یەکلاکردنەوەی یاسایی هاوشێوەی کۆمەڵگەی نوزی/کەرکوکی سێ هەزار و شەش سەد ساڵ لەمەوبەر.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.