توركیا- گوێگرتن لەگۆرانی كوردی مانای تیرۆریستیە

لەلایەن ستاندار Posted on 684 جار بینراوە

لە شاری ئایدنی تورکیا بەڕێوبەرێکی قوتابخانە بە تاوانی گوێگرتن لە گۆرانی کوردی، 6 قوتابی کوردی دواناوەندیەکەی بە گرت دا و پاشان بە فەرمانی دادگا و بە تاوانی تیرۆر دەستگیر کران.

خوێندکارێك و پێنج هاوەڵی لە دواناوەندی زانستە ئیسلامیەکانی شاری ئایدن لە ناو قوتابخانەدا لە ڕێگەی فلاش میمۆریەوە گوێ لە گۆرانی کوردی دەگرن، مامۆستایەکیش ئەم دیمەنە دەبینێت و لای بەڕێوبەری قوتابخانەکە شکاتیان لێدەکات. پاشان بەڕێوبەری قوتابخانەکە ئەم ڕەفتارە بە تاوانێکی گەورە لەقەڵەم دەدات و بڕیار دەدات پەلکێشی قوتابیەکان بکات بۆ لای داواکاری گشتی و لەوێ سکاڵای یاسایی لەسەر قوتابیەکانی تۆمار دەکات.

پاش سکاڵاکە هەر 6 قوتابیە کوردەکە لەسەر داوای داواکاری گشتی بۆ وەرگرتنی ئیفادە بانگی دادگا دەکرێن. پاش وەرگرتنی ئیفادە داواکاری گشتی بە تۆمەتی پڕوپاگەندە بۆ گروپی تیرۆرستی و گوێگرتن لە گۆرانی قەدەغە کراو فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەردەکات و ڕەوانەی بەندیخانەیان دەکات.

پاش مانەوەی قوتابیە کوردەکان بۆ ماوەی هەفتەیەک لە زیندان، بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست لەسەریان بە کەفالەت ئازاد کران.

پاش ئەوەی ئازاد کران، دوان لە قوتابیە کوردەکان بەهۆی ئەوەی لە زینداندا توشی هەندێک ڕووداوی نەخوازراو بوبون، باری دەرونیان تێکدەچێت و بڕیار دەدەن نەچنەوە قوتابخانە. 4 قوتابیەکەی تریش کاتێک دەچنەوە قوتابخانە لەلایەن بەڕێوبەر و قوتابیەکانی ترەوە دژایەتیان دەکرێت و دورەپەرێز دەخرێن.

باوکی قوتابیەكە  کە خاوەنی فلاش میمۆریەکە بووە کە گۆرانیە کوردیەکانی تێدا بووە بە ئاژانسی دۆغان ڕادەگەیەنێت ” منداڵەکانمان لەبەر ئەوەی کوردن، بۆیە بەو شێوەیە ڕەفتاریان لەگەڵ دەکرێت و وەکو هاوڵاتی نمرە دوو تەماشایان دەکرێت. ئەوان هیچ شتێکی نایاساییان نەکردووە و گوێیان لە هیچ شتێک نەگرتووە کە زەرەر بە کەس بگەیەنێت”.

سەبارەت بە بابەتەکە ئاژانسی دۆغان ویستی لێدوانی بەڕێوبەری دواناوەندی زانستە ئیسلامیەکان و بەڕێوبەری ئاسایشی ئایدن وەربگرێت، بەڵام کەسیان ئامادە نەبوون لێدوان بدەن.

http://www.kronos.news/tr/kurtce-muzik-dinleyen-6-cocuga-teror-suclamasi/

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.