نەخشەی ئاشتی بۆ چارەسەری پرسی سوریا

لەلایەن ستاندار Posted on 125 جار بینراوە 0 سەرنج
ATTENTION EDITORS - VISUAL COVERAGE OF SCENES OF INJURY OR DEATH    Residents rescue a man after what activists said was shelling from forces loyal to Syria's President Bashar Al-Assad in Aleppo's Bustan al-Qasr neighbourhood, February 8, 2014. REUTERS/Yaman Al Halabi (SYRIA - Tags: POLITICS CIVIL UNREST CONFLICT) TEMPLATE OUT           NYTCREDIT: Yaman Al Halabi/Reuters

نووسەران:
James Dobbins
Philip Gordon
Jeffrey Maritini
وەرگێرانی لە زمانی ئینگلیزیەوە:
بەکر اسماعیل گەردی

لێكۆلینه‌وه‌:

شەڕ و پێکدادانی سوریا لەسەر دەستی توێژی گەنجە موسلمانە توندڕەوەکان بەردەوامی ھەیە، کە تیایدا سەدان ھەزار کەسی بێ گوناح کوژراون یاخود بریندار کەوتوون. لە ھەمانکاتدا، ملیۆنان ھاووڵاتی سوریی ناچاربوون سوریا جێبھێلن و ئاوارەی وڵاتانی دیکە ببن، ئەمەش جۆرێک لە ناسەقامگیری بۆ وڵاتانی دراوسێی سوریا دروست دەکات. لەلایەکی دیکەوە سەرنج و سۆزی گەنجە ئەوڕووپیاییەکانی بۆخۆی ڕاکێشاوە. ھەروەھا بۆتە ھۆی پەرەسەندنی کاری توندوتیژی لە ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و شوێنانی دیکەی جیھان. ئێمە لێرە پێشنیارێک دەخەینە بەر باس کە بڕوامان وایە باشترین ڕێگا چارە بێت بۆ کۆتایی ھێنان بەم جەنگە کاوڵکارییە و ھەروەھا بەھەر جۆرێک بێت ئاشتی باشترە لەوەی ئەو جەنگە بەردەوامی ھەبێت.

ئەم جەنگە بەرئەنجامی ڕاپەڕینی جەماوەری خەڵکی سوریایە لە دژی ڕژێمی ستەمکاری بەشار ئەسەد، کە چوار ساڵ لەمەوبەر سەری ھەڵدا. دواتر ئەم جەنگە تەشەنەی سەند و ھەموو لایەکی گرتەوە، شەڕی ڕژێم لە دژی ئۆپۆزسیۆن، شیعە لە دژی سونە، عەرەب لە دژی کورد و ھێزە میانڕەوەکان مۆدێرنەکان لە دژی توندڕەوەکان، وەکو ھۆبز دەڵێت شەڕی ھەمووان لە دژی ھەمووانە.

ئەم جەنگە سەرنجی توندڕەوانی لە ئەوڕووپا و ئەمریکای باکوور و ئەفریقای بۆ خۆی کێش کرد .ھەروەھا ئەم جەنگە بە دەستوەردانی وڵاتانی ھەرێمی و نێودەوڵەتی زیاتر پەرەی سەند، لەوانە دەستوەردانی عەرەبستانی عەرەبی، ئیران، رووسیا، ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە. ڕەنگە ئەم جەنگە پێشووتر لەلایەن ھێزە سەربازییەکانی زیاتر لە چەندین لە وڵاتە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان نەخشەی بۆکێشرابێت.

لێرەدا دوو ڕێڕەوی ئاشتی بەمەبەستی پرسی سوریا خراونەتە ڕوو:
رێڕەوی یەکەم بریتییە لە چڕکردنەوەی تواناکان بۆ گەیشتن بە لێک تێگەیشتنی سیاسی ھاوبەش لە نێوان پارت و لایەنە سیاسییەکانی سوریا، ھەروەھا لەگەڵ بوونی پاڵپشتی لایەنە دەرەکییەکان بۆ ھێز و پارتە سورییەکان بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ریفۆرم لە دەستوری ولاتدا، دامەزراندنی حکومەتێکی نوێ، دانانی بەرنامەی ھەڵبژاردن و بوونی ئاگربەست و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی سوریا.

ڕێڕەوی دووەم، بریتییە لە ڕاگەیاندنی دەستبەجێی ئاگربەست، دواتر دەتواندرێ گفتوگۆی تێر و تەسەل بکرێت بۆ دووبارە داڕێژتنەوەی دەوڵەت و حکومەتی سوریا.
ڕەنگە بۆچوونی یەکەم ھاوتەریب لەگەڵ ئامانجی زۆرێک لە کاراکتەرە نێودەوڵەتی و بەشێکی فراوانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا رێ بکات بۆ چارەسەری بارودۆخی سووریا و بتواندرێت سوریا بەرەو کەناری ئارامی ببات. بەھەرحاڵ، لە ئێستادا ھیچ جۆرە ھەوڵێک بەدی ناکرێت لە نێوان ھێز و پارتە سیاسییەکانی سووریا بۆ رێککەوتن لەسەر وردەکاری دووبارە داڕێژتنەوەی دەوڵەتی سووریای نوێ، تەنانەت لە سەردەمانی زووش،بەداخەوە ئەم بابەتە لەلایەن سەرکردە سیاسییەکان بەگرینەوە تەماشانەکراوە. بەڵام لە باشترین باردا ھاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی دەستبەجێی ئاگربەست، بتوانرێ شێوازێکی گشتی دیاری بکرێت بۆ چاکسازی دەستووری لە سووریادا.

بەھەرحاڵ، بەبێ بوونی جۆرێک لە ڕێککەوتن و دڵنیایی لەسەر بەردەوامی و درێژەدان بە ئاگربەست، رەنگە لەماوەیەکی کەمدا ھەموو گفتوگۆ و دانوستانەکان ھەڵبوەشێتەو و شەڕ و جەنگ لە سووریا دووبارە دەست پێ بکاتەوە، بۆیە پێویستە پارێزگاری لە راستەوخۆ لە ئاگربەست بکرێت و بەردەمی پێبدرێت. ھاوکات لەگەڵ ئەمەدا پێویستە لایەنە دەرەکییەکان ڕەزامەند بوون لەسەر ئاگربەست و پابەنیی بنەماکانی ئاگربەستەکە ببن.

رێککەوتن لەم قۆناغەدا بەسەختی دێتە پێش چاوان، بەڵام ئامانجی راستەقینە بۆ سووریا بریتییە لە ئاگربەست، چونکە ئەمە باشترین ئەلتەرناتیڤی پەسندکراوی ھێزەکانی سووریایە بۆ کۆتایھێنان بە بەردەوامی دان بەشەڕ و کاوڵکاری سووریا. بۆیە ئاگربەست وەکو پێویستییەکی ھەنووکەیی بۆ سووریا چاوی لێدەکرێت بە مەبەستی بەدیھێنانی جۆرێک لە سەقامگیری سیاسی وڵات. لە کاتی ڕاگەیاندنی دەستبەجێی ئاگربەست، ھێزە جیاوازەکانی سووریا دەسەڵاتیان بەسەر ناوچەکانی ژێردەستی خۆیان دەبێت، کە ئێستا لەژێر دەستی خۆیان دان. بەم شێوەیەش تەواوی سوریا بۆ چوار ھەرێم (Zone) دابەش دەبێت.

بەشێک لەژێر دەستی حکومەت دەبێت، بەشێکیش لە ژێر دەسەڵاتی کوردیدا دەبێت، بەشێکی دیکەش لە ژێر دەستی ھێز و پێکھاتە جیاوازەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریادا دەبێت و بەشی ھەر مەزنی سووریاش لە ژێری دەستی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام دا دەبێت، کە ناوسراوە بە داعش. لە باری ئێستادا ھیچ جۆرە پاڵپشتییەکی دەرەکی نییە و ھەروەھا کاریگەری ئەم رێکخراوە بە بەردەوامی بەرەو لاوازی دەچێت و نابێت بە ھیچ جۆرێک ببێت بە بەشێک لە ئاگربەست لە سووریا.
سوریا بە تەواوی بۆ سێ ھەرێم (Zone)ی ئارام دابەش دەبێت و دەکرێت ھێز و لایەنە سیاسییەکان شەڕ و جەنگ لە دژی یەکتر ڕابگرن و ھەموو ھێزەکان توانای خۆیان بۆ ھێرشی سەر ناوچەی ژێر دەستی رێکخراوی داعش بەکار بھێن و ئەم ناوچەیە لەو رێکخراوە پاکژ بکەنەوە.

ھەرێم (Zone)ی ئارام بناغەیەک بۆ ئاشتی:
ھەر پێشنیارێک بە مەبەستی سەقامگیری لە سوریا پێشکەش بکرێت، پێویستە دابینکردنی ئارامی ئاسایش بۆ نزیکەی ١٦.٦ ملیۆن ھاووڵاتی سووری، کە تاکو ئێستا لە سووریا ژیان دەگوزەرێنن بە ئامانج وەربگرێت، لەگەڵ ئەمەشدا ٧ ملیۆن سووری لە ناوەخۆی وڵات ئاوارە بوون.

پێشنیارەکان دەکرێت ئامانجی کورت مەودا و مامناوەند لەخۆ بگرێت، لەسەر داپێدانانی سێ ڕەگەز ھەرچەندە ئەگەر سەختیش بن بەڵام لە ڕاستیەوە سەرچاوە دەگرن.
یەکەم: لە ماوەی زیاتر لە چوار ساڵی ڕابردوودا شەڕ و جەنگ لە سوریا، نزیکەی یەک لەسەر چواری ھاووڵاتیانی سووری گیانیان لە دەست داوە و ھەروەھا بە ملیۆنان ھاووڵاتی دیکەی سووری ئاوارە بوون بە ھۆی تەنگەژەی دابەشکاری ئەتنیکی، ئاینی و…..ھتد. ئامانجی کورت مەودا تەنیا بریتییە لە ھێورکردنەوەی بارگرژییەکان، بەڵام لە دورمەودا پێویستە دان بە مافی ھەموو کۆمەڵە و پێکھاتە جیاوازەکانی سووریا بندرێت.

دووەم: دوورخستەوەی ڕژێمی ئێستا لە دەسەڵات و پێکھێنانی ھێزێکی میانڕەو لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا، کە ئەمە تێڕوانی ھاوبەشی ئەمریکا و خۆرئاوا بوون بەڵام دەکرێت بگوترێ تا ئێستا سەرکەوتوو نەبوونە، بەھۆی پاڵپشتی بەردەوامی رووسیا و ئیران بۆ ڕژێمی بەشار ئەسەد. ئەوانە بەھیچ جۆرێک ڕێگەیان نەدا رَژێمەکەی ئەسەد بڕووخێت. ئەنجامی دەستوەردانی دەرەکی شەڕ و پێکدادانەکان ڕووی لە زیادی کرد، سەرئەنجام بووە ھۆی بەرزبوونەوەی رێژەی کوژراو بریندارەکانی سووریا و ئاوارە بوونی زیاتری ھاووڵاتی سووری بۆ دەرەوە. لە ھەمانکاتدا، توندڕەوی لە ئۆپۆزسیۆن پەرەی سەندووە.

سێیەم: لەناوجەرگەی شەڕ و جەنگدا زۆر ناڵەبار دێتە بەرچاوان، ئەگەر ھەوڵ بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەک بدرێت بۆ وەستاندنی شەڕ. ھەروەھا پێوست دەکات ئاڵوگۆڕی سیاسی لە نێوان ھێزەکان پەرەی پێ بدرێت بە مەبەستی جێبەجێکردنی رێککەوتن بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست.

لەگەڵ بوونی ھەموو ئەم ڕاستیانە، باشترین ڕێگا چارە بۆ وەستاندنی ئەو قەسابخانەی کە لەسووریادا ھەیە بریتییە لە ڕازی بوونی لەسەر دابەشکردنی سووریایە بۆ چەند ھەرێمێک (Zone)، کە خۆی لە خۆیدا سووریاش وەکو وڵاتانی دیکەی ڕۆژھەڵاتی ناوین فرە پێکھاتەی ئەتنیکی و ئاینی زۆرە، بۆیە دەکرێت سووریا لەسەر بنەمای پێکھاتەی ئاینی ئەتنیکی بۆ ھەرێمێکی ئارام دابەش بکرێت.

(بۆ زانیاری زیاتر، عەرەبی سوونە لە سەدا ٦٠% دانیشتوانی سووریا پێک دەھێنێت لە تەواوی سووریادا بڵاوبوونەتەوە، تەنانەت سوونەکان لە شوێنانی ژێر دەستی رژێمی بەشار ئەسەدیش زۆرینەی دانیشتوان پێک دەھێنن و ھاوسۆزی تەواویان لەگەڵ ڕژێمەکەی ئەسەدا ھەیە بە ئەویش لەبەر چەند ھۆکارێک).

بایەخی ئەم پرۆژەیە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە سووریا لە ماوەی ڕابردوودا لەسەر نەخشەی وڵاتەکەدا بۆ سەر چەند پێکھاتەیەکی جیاواز لە ناوەخۆی وڵاتدا دابەش بووە. بەجۆرێک پێکھاتەی عەلەوی و مەسحییەکانی سووریا زۆرینەیان لە بەشی ڕۆژئاوای سووریا لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست و باکووری لوبنان دەژین. لە کاتێکدا ناوچە کوردییەکان زیاتر لە باکوری سووریا ھاوسنوور لەگەڵ تورکیا ھەڵکەوتوون و ھەرچی دروز (Durze) بە تەواوی لە باشووری سووریا نیشتەجێن، بەڵام عەرەبی سوونە بەتەواوی سووریادا بڵاوبوونەتەوە بەتایبەتی رۆژھەڵاتی سووریا زیاتر لە سوونەی عەرەب پێک دێن. عەرەبی سوونە ھەر لە شاری دەرعا کە دەکەوێتە باشووری سووریا لەوێشەوە بۆ دیمەشق، حەما و حەمس تاکو باکووری شاری حەلەب درێژ دەبێتەوە بوونیان ھەیە. سوونەکان زیاتر و زیاتر کەوتوونەتە دۆلاییەکانی دەوروبەری رووباری فورات کە ئێستا لەژێر دەستی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (ناسراو بە داعش) دایە.

وێنەی یەکەم: دابەش بوونی پێکھاتەکانی سوریا بەر لە جەنگی ناوەخۆی وڵات دەردەخات.

پێکھاتە ئەتنیەکانی سووریا دەسەڵاتیان بەسەر ناوچە جوگرافییەکانی خۆیان بە تەواوی یەکلانەبۆتەوە. ڕژێمی عەلەوی ئەسەد تاکو ئێستا لە دیمەشق باڵادەستە و حکومەت بەڕێوە دەبات. لە کاتێکدا تەواوی دانیشتوانەکەی لە پێکھاتەی عەرەبی سوونەن، بەڵام بەشێکی زۆری ئەوان تاکو ئێستا پاڵپشتی تەواوی ڕژێم دەکەن. لە ھەمانکاتدا، ئەو ناوچانەی عەرەبی سوونە زۆرینەی پێک دەھێنن و لە ژێر دەستی ڕژێمی ئەسەدا نییە لە لایەن ھێزە جیاوازەکانی ئۆپۆزسیۆن ھەر لە ھێزە میانڕەوەکان کە لە لایەن ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پاڵپشتی دەکرێت بۆ ھێزە توندڕەوەکانی وەکو قاعیدە، بەرەی نووسڕە و داعش بەڕێوەدەچێت. ھەروەھا چەندین گروپی بچووکتر ھەن کە لە ژێرکاریگەری ئەو گروپە توندڕەوانە دان، ئەمەش رەوشی سووریای زۆرتر ئالۆزکردووە.
لە ھەندێک ناوچەی عەرەبی سوونە لە سووریا، چەند گروپی جۆراوجۆر بەیەکەوە ھەن و تەنانەت لە ھەندێک شوێن ئۆپۆزسۆنی میانڕەو چالاکی ئەنجامدەدات کە ھاوسنوورە لەگەڵ بەرەی نوسرە.
وێنەی دووەم: نیشانی دەدات چۆن ناوچەکان لە نێوان ھێزە جۆراوجۆرەکان دابەش بوون.

دەکرێت بە تێگەیشتن لەم بارودۆخە پێشنیار بکرێت بە دروست کردنی سێ ھەرێم (Zone) یەکێک لە ھەرێمەکان ھاوسنوورن و دوانەکەی دیکە لە ڕووی جوگرافیەوە ھاوسنورنین. ھەرێمەکانیش بەم شێوەیە خوارەوە دەبێت:
ھەرێمی یەکەم: ئەم ھەرێمەە لەسەر نەخشەی سێیەم بە ڕەنگی قاوەی دیاریکراوە و لە ژێر دەستی ڕژێمی ئەسەد دایە کە لە باشوری دیمەشقەوە بۆ حمس، تەرتوس، بانیاس و لازقیە درێژ دەبێتەوە و لە کەنارەکانی دەریای سپی ناوەڕاست لەگەڵ تورکیا ھاوسنوورە.
ھەرێمیی دووەم: بەڕەنگی مۆر لەسەر نەخشە دیاریکراوە و بریتییە لە ھەرێمی کوردی کە دەکەوێتە باکووری سوریا و چەند دەڤەرێکی ڕۆژھەڵاتی حەلەب، حەسکە و قامیشلۆ دەگرێتە خۆی. لەھەمانکاتدا، چەند ناوچەیەکی باکووری رۆژئاوای سووریاش دەگرێتەوە.
ھەرێمی سێیەم: لەسەر نەخشە بە ڕەنگی سەوز وێناکراوە، ئەم بەشە بۆ دوو ناوچەی گەورە لەژێر دەستی ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دابەش بوونە، بەشێکی دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای سووریا لە دەوروبەری شاری دەرعا، بەشەکەی دی ناوەڕاستی شارەکانی ئەدلیب، حەلەب، حەما دەگرێتەوە، کە تێدا ڕژێم چەند ناوچەیەک و ئۆپۆزسیۆنیش چەند ناوچەیەکی ئەو شارانەیان دەست بەسەرداگرتووە. ڕژێم لەماوەی رابردوو لەشاری حەلەب ڕاستی شکست ھاتبوو ڕەنگە لە سنووری حەلەب دووربکەوێتەوە.
ھەرێمی چوارەم: ئەو شوێنانە دەگرێتەوە کە بە ڕەنگی زەرد دیاریکراوە، ئەم شوێنانە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام دایە. ئەم ھەرێمە بەشێکی زۆری خاکی دەوڵەتی سوریا دەگرێتەوە، چڕی دانیشتوان بە پەرت و بڵاو لێک دوورە. ئەمە لە کاتکدایە ڕێژەی زۆرینەی دانیشتوانی ژێر دەسەڵاتی داعش دەکەوێتە شارەکانی دێرەلزوور و رەقا، لە دۆڵەکانی ڕووباری فرات رێژەی دانیشتوان بەرزە، ھەروەھا لەشاری پالمیر کە دەکەوێتە ناوەڕاستی وڵاتی سووریا.
وێنەی سێیەم: پێشنیاری دابەشکردنی ناوچەکانی سوریا.

پێویستە ھەرێمی چوارەم لە دوای لەناوبردنی داعش لەلایەن ھاوپەیمانی نێودەولەتی بکرێت بە ئیدارەیەکی سەربەخۆ لەژێر سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی، بەڵام ھەرچی سێ ھەرێمەکەی دیکەیە پێویستە لە ماوەی ئاگربەست لەژێر دەسەڵاتی ئەو لایەنانە بەڕێوەببرێت کە ئێستا دەسەڵاتیان بەسەر ئەو ھەرێمانەدا ھەیە. لە ھەمان ئەو چوارچێوەیەدا پێویستە ھێزە نێودەڵەتییەکانیش ڕۆلی بەرچاوی خۆیان بگێڕن بۆ ئەوەی لایەن و پارتە سیاسییەکانی سوریا گەرەنتی پابەندبوونیان بە رێککەوتنی ئاگربەست بدەن. کەواتە رووسیا و ئیران کاریگەریی خۆیان لەسەر رژێمی ئەسەد بنوێنن تا پابەند بێت بە ئاگربەست و لەلایەکی دی پێویستە گرەنتی ھێزە کوردییەکان بنوێنێت بە پابەندبوون بە ئاگربەست. ھەروەھا تورکیا و ئەردەن گرنگە پاڵپشتی ئۆپۆزسیۆنی سوونە بن بۆ ئەوەی پابەندبن بە ئاگربەست. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ھەوڵبدرێت رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام لە ناوببردرێت.
پێویستە ئۆپۆزسیۆنی میانڕەو (مۆدێرن) بۆ دروستکردنی ھاوسەنگی لە ھەندێک شوێن بکشێنەوە یاخود بەلایەنی کەم بەوە رەزامەندبن بە دەسەڵاتی رژێمی ئەسەد لەسەر چەند دوورگەیەکی بچووک کە دەکەوێتە ئەو ھەرێمەی ژێر دەستی رژێم، ھەروەھا کشانەوەی ھێز و تاقمەکانی دەوروبەری دیمەشقی پایتەخت. لە ھەمانکاتدا، رژێم توانای ئەوەی ھەیە کە پایتەخت لە ناوچەی شەڕ و جەنگ دووربخاتەوە. بەھەرحاڵ، پێویستە ئاگربەست دەست بەجێ لە سووریا ڕابگەێندرێ و نەتەوە یەکگرتووەکانیش بانگێشتی نوێنەری ھەموو پێکھاتە و گروپە جیاوازەکانی سوریا بکات بۆ کۆبوونەوە و دەربڕینی ڕەزامەندی لەسەر ڕاگەیاندنی ئاگربەست وەکو سەرەتایەک بۆ دووبارە بیناکردنەوەی دەوڵەتی سووریا، ئەمە لە کاتێکدایە ھەوڵدان بۆ دووبارە بیناتنانەوەی دەوڵەتی سووریا کارێکی سەختە و پێویستی بە کاتی زیاتر ھەیە. لە بەرئەنجامی ئەم خوێندنەوە و تێگەیشتنە، پێویست دەکات سووریا وەکو دەوڵەتێکی فیدڕالی یاخود کۆنفیدڕالی بێت یاخود لایەنی کەم شێوە ئۆتۆنۆمی فراوان بدرێت بە پێکھاتە جیاوازەکانی سوریا، بەجۆرێک بەڕێوەبردنی دەسەڵات و ھێزی ئەمنی لەژێر دەسەڵاتی ئەو ھەرێمانە خۆیان دا بێت. بە سەرنجدان لە وڵاتانی دەوروبەری نموونەی سەرکەوتوو بەرچاو دەکەوێت وەکو لوبنان دوای شەڕی ناوەخۆ، دەسەڵات لە نێوان پێکھاتە جیاوازەکانی لوبنان دابەش کرا. بەم جۆرە دەکرێت جۆرێک لە گەرەنتی بۆ پاراستنی کەمینەکانی ناو ھەرێمێک یاخود لە تەواوی سووریا بدرێت. لەسەر ھەمان ڕێرەو دەکرێت چاکسازی دەستووری ئەنجام بدرێت، بە جۆرێک دەسەڵاتەکان لە ئەنجوومەنی نیشتمانی سووریا دابەش بکرێتەوە و ھەروەھا لە کۆتایی پرۆسەکە بە بێ بوونی بەشار ئەسەد ھەڵبژاردن لە سوریا ئەنجام بدرێت. لە کۆتایدا، رژێمی دیمەشق لە رێککەوتنێکی کرداری دڵنیایی و دەسەڵاتی تەواو بدات بە ھەرێمە جیاوازەکان و خودی ھەرێمەکان خۆیان لە شێوازی بەرێوەبردن و بەڕێوەبردنی ھەرێمەکان سەرپشک بن.
ھەموو کێشەکانی سووریا لە ژێری چاوێری نەتەوە یەکگرتووەکان و بەھاندانی ھێزە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان چارەسەر بکرێت، ڕەنگە چارەسەرییەکی لەم جۆرە بەکارێکی گران بێتە بەرچاو، بەڵام گرانتر نیە لە بەردەوامی دان بە شەڕ و کاوڵکاری وڵات.
دەکرێت کرداری چاودێری نێودەوڵەتی لەسەر ئاگربەست و پاڵپشتی پرۆسەی سیاسی لەلایەن ئەنجوومەنێکی جێبەجێکاری ئاشتی بەڕێوەبچێت، ھەروەکو ئەو (مۆدێل) شێوازەی لە بۆسنا پەیڕەوکرا. ئەم ئەنجوومەنە توانی ڕۆلی گرنگ بگێڕێت لە چارەکردنی کێشەکان. لە سووریاش دەکرێت ھەمان شێواز پەیڕەو بکرێت بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان، بەڵام ئەو ئەنجوومەنەی کە پێک دێت دەبێت لە ژێر فەرمانی ڕاستەوخۆی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت بۆ دڵنیابوون لە پابەند بوون بە ئاگربەست و چاودێری کردنی ھەنگاوەکانی پرۆسەکە.
نەتەوە یەکگرتووەکان یاخود ئەنجوومەنی جێبەجێکاری ئاشتی دوای ئازاد کردنی ئەو ناوچانەی کە ئێستا لەژێر دەستی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام دایە، حکومەتی خۆجێی (لۆکاڵی) دادەمەزرێنێت لەژێر چاودرێری تەواوی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی.
ھەر سەبارەت بەم پرسە بۆچوونی جیاواز ھەیە لەسەر بەشداری ھێز و لایەنەکان لە ئاگربەست. ئایا ئەو لایەن و ھێزانە کامانەن کە دەکرێت بەشدار بن لە ئاگربەست؟ ئایا کامە رێکخراو بە تیرۆرست ناسێندراوە نابێت بەشدار بێت لە ئاگربەست؟
لەسەر ئەم بابەتە زۆر جاران وەکو نموونە باس لە حزبوولا دەکرێت، لە ئەگەری بەشداری حیزبوولا لە ئاگربەست، پێویستە شوێنکەتووانی ئەم ھێزە لەژێر چاودێری دابن و بە ئاگربەست پابەند بن، کە خۆی لە خۆیدا یەکێک لەمەرجەکانی بەشداربوون بریتییە لە جاردانی بەڵێنێکی باوەڕپێکراو کە ئیتر توندوتیژی کۆتایی پێ دێنن لە سووریادا. لە ھەمانکاتدا، کۆتایی بە ھاندان بۆ توندوتیژی لە دژی بەرژەوەندییە دەرەکییەکان دەھێنن.
بەدڵنیایەوە داعش ھێزێکی تیرۆرستیە و ھەموو جۆرە پابەندبوونێک بە ئاگربەست رەتدەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ھێزی تری توندڕەوی دی ھەبن لەوانە بەرەی نووسرەی سەر بە ڕێکخراوی قاعیدە. دەکرێت ئەم ھێزە لە ژێر پاڵپەستۆی دەرەکی بە جۆرێک لە جۆرەکان پابەند بێت بە ڕێککەوتن لەسەر جاڕدانی ئاگربەست.
ڕەنگە گونجاوتر بێت ئەگەر جۆرێک لە رێککەوتن لە نێوان ھێزە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ چەند دەستە و تاقم و گروپێکی ناو سووریا ئەنجام بدرێت بۆ پابەندبوون بە ئاگربەست. لە بارێکی لەم جۆرەدا ھێزە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان گەرێنتی پابەند بوونی ھێزەکانی ناو سووریا تەنانەت توندڕەوەکانیش بە ئاگربەست دەدەن. لە ھەرکاتێکیشدا، ئەگەر ئەو ھێزانە پابەند نەبوون بە ئاگربەست ئەوا پاڵپشتی ھێزە گەورەکان لە دەست دەدەن.
ئامادەبوونی لایەنی نێودەوڵەتییەکان بە مەبەستی چاودێری جۆرێک لە گەرەنتی دەدات بە سەرکەوتن و بەردەوامی دان بە کرداری ئاگربەست لە سووریا. ھەروەھا ناردنی ھێزی ئەو دەوڵەتانە لە شێوەی ھێزی ئاشتی پارێز بۆ ناوچەکان بەگرنگ دەبیندرێت. ھەروەک روسیا ھەر زوو لە ناوچەکانی ژێر دەستی رژێم بوونیان ھەیە، لەبەرامبەر ئەمەدا بۆ ھاوسەنگی کردنی ھاوسەنگی ھێز، دەکرێت ھێزی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بۆ ناوچە کوردییەکان بنێدرێت، بەڵام ئەمریکا دڵەڕاوکێی تورکیا لەمەڕ پرسی کورد کەم بکاتەوە. ئەمریکا دەبێت دڵنیایی بە تورکیا بدات کە بوونی ھێزە کوردییەکان مەترسی بۆ تورکیا دروست ناکات و ھەروەھا دەوڵەتی کوردی لە باکووری سووریا دروست نابێت.
لە خالێکی دیکەدا، دەوڵەتانی ئیسلامی سوونە مەزھەب دەتوانن باشترین ھێزی دەرەکی بن لە دابینکردنی گەرەنتی ئۆپۆزسیۆنی عەرەبی سوونە بە ئاگربەست. بەجۆرێک ھێزەکانی تورکیا لە باکووری ھەرێمی سوونەی عەرەبی ھەبێت بۆ دابینکردنی ئارامی. ھەروەھا ئەردەن لە باشووری ئەم ھەرێمدا بێت. لە باری ئێستا بەشی باکووری ھەرێمی سوونەی عەرەبی گەورەترین بەربەست دەبێت بۆ دابین کردنی ئارامی و ئاسایش بە ھۆی تێکەڵ بوونی ھێزە توندڕەوەکان بە ئۆپۆزسیۆنی میانڕەو.
ھەبوونی ھێز و پاڵپشتی نێودەوڵەتی بە گرنگ دەبیندرێت بۆ دەستەبەرکردنی ئارامی لەو ناوچانەی کە لەژێر دەستی رێکخراوی داعش ئازاد دەکرێت. ھەروەھا بوونی ئەو ھێزانە گرنگە بۆ ڕێگری کردنی شکاندنی ئاگربەست و سەرھەڵدانەوەی پێکدادان لە نێوان ھێزە و تاقمە جیاوازەکانی سووریا دەوای ئازادکردنی ناوچەکانی ژێر دەستی داعش. دوای ئازادکردنی ئەو دەڤەرە پێویستە لەژێر چاودێری و ئیدارەیەکی نێودەوڵەتی بەڕێوەببردرێت، چونکە ئەم دەڤەرە دانیشتوانەکەی فرە پێکھاتەن. ھەروەھا لە دابین کردنی ئارامی ئاسایش بۆ ئەو دەڤەرە پێویستە ئەنجوومەنی جێبەجێکاری ئاشتی و ھێزە نێودەوڵەتییەکان ڕۆڵی گرنگ بگێڕن.
بەرپرسیاریەتی گروپی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ سووریا (ISSG) قوڕسە بۆ کۆکردنەوەی ھەموو لایەنە جیاوازەکانی پەیوەست بە پرسی سووریاوە لە دەوری یەک مێزدا و بەدەستھێنانی ڕەزامەندیان بۆ پابەند بوون بە ئاگربەست، لەم چوارچێوەیەدا ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێویستە دەسپێشخەری بۆ کۆبوونەوەی دووقۆڵی لەگەڵ ڕووسیا پێشنیار بکات، چونکو رووسیا لە بواری سەربازی دەورێکی باڵای ھەیە. ئەمریکا بە پاڵپشتی ھاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە وەکو تورکیا و عەرەبستانی سعودی دەکرێت کۆتایی بە توندوتیژیەکانی سوریا بھێنێت بە ڕێککەوتن لەگەڵ ڕووسیا.
ئاستەنگە دیبلۆماسییەکان:
کۆکردنەوەی ھێز و بۆچوونە جیاوازەکانی سوریا و ئەو ھێزە نێودەوڵەتی و ھەرێمییانەی بە چارەسەرکردنی پرسی سوریا پەیوەست لە دەوری یەک مێز کارێکی قورسە، بەڵام پێویستە ھەموو لایەک بەپەلە ڕاز بن بەوەی ئەم بارودۆخەی ئێستای سوریا زیاتر درێژە نەکێشت و چارەسەربکرێت. لە ھەمانکاتدا، ھەوڵبدرێت تێگەیشتنێکی سیاسی ھاوبەش بۆ چارەسەری پرسی سوریا دروست بکرێت و گروپی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانی سوریا (ISSG) بەدەست بھێندرێت.
وەزیرانی دەرەوەی ئەو ھێزە ھەرێمی و نێودەوڵەتییانەی لە سوریا ڕۆڵ دەگێڕن، دەکرێت کۆببنەوە و چارەسەری پرسی سوریا بخەنە بەرباس و گفتوگۆ. لەم نێوانەدا، لایەنی کەم کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ھەر یەک لە عەرەبستانی سعودیە و ئێران ھەنگاوێک سوودبەخش دەبێت. خاڵی جیاوازی و سەرەکی لە نێوان ئەو ھێزانە بریتییە لە چۆنیەتی ڕۆیشتن و کاتی رۆیشتنی بەشار ئەسەدە لە دەسەڵات، بەجۆرێک ئەو ھێزانە لەسەر ئەم پرسە بەقووڵی بۆ دوو بەرە دابەش بوون، بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەمانەش دەکرێت ئەم ھێزانە ڕێک بکەون لەسەر جاڕدانی ئاگربەست و کۆتایی ھێنان بە توندوتیژ. ئەمەش وەکو سەرەتایەکی باش چاوی لێدەکرێت بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ وڵاتی سووریا و پروسەی سیاسی ئاھێکی بە بەردا بکرێتەوە. ئامانج لەم کارە تەنیا دڵنیاکردنەوەی رووسیایە کە مەبەست لە رووخانی رژێمی ئەسەد نییە، بەڵکو تەنیا دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانەیە بۆ پرسی سووریا. ( ناوەڕۆکی ئەم بابەتە تەنیا ھەماھەنگییە لەگەڵ رووسیا لەسەر پرسی ئاگربەستی نێوان رژێم و ئۆپۆزسیۆنە). لە خالێکی تریشدا، بەدەستھێنانی ڕەزامەندی رووسیایە بۆ پشکدابوون لە ھاوپەیمانیەتی دژی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی.
لە ئەگەری بەردەوامی ڕووسیا لەسەر پاڵپشتی ڕژێم و بۆردوومانکردنی ھێزەکانی ئۆپۆزسۆنی سووریا بە توندی، ئەوا ئەمریکا و ھاوپەیمانان ناچار دەبن درێژە بە ھاوکاری پاڵپشتییەکانیان بدەن بۆ ئۆپۆزسیۆنی سووریا. سەرئەنجام شەڕ و جەنگ لە سووریا دژوارتر دەبێت و کاوڵکاری زیاتر بەدوای خۆیدا دەھێنێت. لەبەرامبەر ئەمە دا وڵاتانی عەرەبی سوونە زیاتر و زیاتر لە رووسیا دەڕەنجێن و رووسیاش دەبێتە ئامانجی کردەوە توندەڕەوەکانی تیرۆریستان، ھەروەکو ئەوەی لە٣١ ئۆکتۆبەر ٢٠١٥ لە نیمچە دوورگەی سینا ھێرش کرایە سەر فرۆکەیەکی رووسی. لەڕاستیدا، ئەمریکا ھاوکارییەکانی بۆ پۆپۆزسیۆن فراوان کردووە بۆ ئەوەی بتوانن بەرگەی ھێرش و پەلامارەکانی رووسیا و ڕژێم بگرن. ڕەنگە ئەمە کاریگەری پێشوەختەی لەسەر بۆچوونەکانی رووسیا لەبارەی پاڵپشتییەکانی بۆ ڕژێم دروست کردبێت.

بەھەرحاڵ، ئەگەر ڕووسیا لە داھاتوودا فشار لەسەر دیمەشق دروست بکات بۆ گۆڕینی سیاسەتەکانی، بۆ ئەوەی پاڵپشتی ئاگربەست بکات. ئەوا پێویستە ڕژێم دان بە مافی ئۆتۆنۆمی بۆ پێکھاتەکانی سووریادا بنێت وەکو ڕێگایەک کە پێشنیار کراوە بۆ چارەسەری پرسی سووریا.
ڕێککەوتنی دبلۆماسی ڕەنگە لە ماوەی کورتدا ئامانج بەرجەستە بکات، کە ئەمە زۆر گرنگتر و باشترە لە ڕێگایەکی نادڵنیایی و بەھەدەردانی ڕەنجێکی زۆر لەلایەن ئۆپۆزسیۆن بە ڕازی کردنی ڕوسیا بۆ لەسەر کارلادانی ئەسەد لە کورسی دەسەڵات و وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن خودی ئۆپۆزسیۆن خۆیەوە.
ھەوڵەکانی ئەمریکا و رووسیا قورس دەبێت بۆ ڕازی کردنی وڵاتانی دی بۆ ئەوەی لە چارەسەری پرسی سووریا پاڵپشت بن و ڕەزامەندبن لەسەر جۆرێک لە ڕێککەوتن. لەوانە عەرەبستانی سعودیە بەھیچ جۆرە رێککەوتنێک ڕازی نابێت، کە لەسەر کارلادانی ئەسەدی تێدا نەبێت لە دەسەڵات، بە تایبەتی دوای پەرەسەندنی ململانێکانی نێوان عەرەبستانی سعودیە و ئێران، ئەوەی دواییان بە تەواوی بەگری مانەوەی رژێمی ئەسەد لە دەسەڵات دەکات.
لە ئێستادا عەرەبستانی سعودیە بە تەواوی دژی ھەر جۆرە رێککەوتنێکە ئەگەر گەرەنتی تەواوی لەسەر لەکار لابردنی ئەسەد تێدا بەدی نەکرێت. نوێنەرانی دەوڵەتی سعودیە بە ڕوونی سووربوونی خۆیان ڕاگەیاندووە کە جێگرەوەی چارەسەری سیاسی بریتییە لە چارەسەری سەربازی. بەبڕوای سعودیە لەسەرکارلادانی ئەسەد بریتییە لە کەم کردنەوەی کاریگەری و نفوزی ئێران لە سووریا و ڕژھەلاتی ناوەڕاست لە بەرامبەردا نفوزی عەرەبستانی سعودیە زیاد دەکات.
عەرەبستانی سعودیە وا خۆی نمایش دەکات، ئامادەکاری دەکات بۆ شەڕێکی دوور مەودا تا بەتەواوی زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئێران بگەێنێت و گۆشەگیری بکات. لێرەدا پێویستە ئەمریکا ھەوڵی ڕازیکردنی ریاز بدات بۆ پابەندبوون بە چارەسەریەکی ئاشتیانە، ئەگەر نا بەپێچەوانەوە، بەردەوامی شەڕ پەرەسەندنی گرووپە توندڕەوەکانی زیاتر لێدەکەوێتەوە و سەرئەنجام بەشکست بۆ سعودیا دەشکێتەوە و باجی قورس بۆ سعودیە بەدوای خۆیدا دەھێنێت.
ئەمریکا دەتوانێت ئەگەر دەستەبەر نەکردنی ڕەزامەندی سعودیە بیر لە ڕەزامەندی وڵاتانی تری عەرەبی سوونە بکاتەوە، بەتایبەتی ھەندێک لەم وڵاتانە پێشوتر جەختیان لەسەر پێویستی وەستاندنی شەڕکردۆتەوە لە سووریا. لەھەمانکاتدا، ئەو وڵاتانە ھاوکارییەکی باشی دانیشتوانی عەرەبی سوونەیان کردووە لە سووریا لەوانە ئەردەن، میسر و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی.

ئەمریکا لە ھەر بارێکدا بێت دەتوانێت بۆ ریازی ڕوون بکاتەوە کە پاڵپشتی تەواوی ڕاوەستانی شەڕ و جەنگ دەکات لە سوریا. ھەروەھا بۆ ریازی ڕوون بکاتەوە، کە ئەمریکا پاڵپشتی تەواوی سونەی عەرەب دەکات بۆ شەڕکردن لە دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش. بۆ ئەو مەبەستەش ئەمریکا دەستی ھاوکاری بۆ ئێران درێژدەکات.
لە ئێستادا بۆ ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی خۆرئاوا ڕوون بۆتەوە گورزی سەربازی چارەسەر نیەوە و ناتواندرێت فشار لەسەر ھەموو لایەک بکرێت بۆ ئەوەی ئامانجیان رێک بخەن بۆ لەسەر کار لابردنی ئەسەد، ھەروەھا لە لایەکی دیکەوە ناتوندرێت کاریگەری ڕووسیا و ئێران کەم بکرێتەوە ھەم لە سوریا و ھەم لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی. ھەروەھا بۆ ھەموو دنیا ڕوون بۆتەوە چارەسەری سەربازی دەبێتە ھۆی تەشەنەکردنی زیاتر بیری توندڕەوی لە ناوچەکە، ئەمەش وا دەکات ئەم شەڕە بۆ چەند دەیەی تر بەردەوام بێت.
وڵاتێکی دی کە پێویستە ئەمریکا بە چارەسەری ئاشتیانە ڕازی بکات بریتییە لە تورکیا. ئەمەش ھاوشێوەی سعودیە قورسە بچێتە ژێری باری رێککەوتنێکی لەم جۆرە چونکە تورکیا سوورە لەسەر لە کارلادانی ئەسەد لە دەسەڵات. تورکیا ئەسەد تۆمەتبار دەکات بە پاڵپشتی کردنی داعش و ئاوارەکردنی زیاتر لە دوو ملیۆن ھاووڵاتی سووریا بۆ ناو خاکی تورکیا. ھەروەھا تورکیا مەرجی ڕێگری لە کورد ھەیە و پێی وایە زیاتر بوونی دەسەڵاتی کورد لە سووریا ھەڕەشە لەسەر تورکیا دروست دەکات، بۆیە مەرجی تورکیا ڕێگرییە لە زیاتر فراوان بوونی دەسەڵاتی کورد لەسووریا.
سیاسەتی ئەنقەرە زۆر بەئاشکرا و ڕوونی پاڵپشتی لە گروپەکانی سووریا دەکات، کە بە جۆرێک لە جۆرەکان فشار لەسەر لادانی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات دەکەن. بەرئەنجامی ئەم سیاسەتە بەدە بریتییە لە ڕێگا خۆشکردن و ئاسانکاری بۆ تیرۆریستە توندڕەوە بیانییەکان لە لایەن تورکیاوە بۆ ئەوەی بە خاکی تورکیا تێپەڕ بن و خۆیان بگەێننە سووریا و شەڕکردن لە ڕیزی گروپە توندڕەوەکانی ناو سووریا.
لێرەدا پێویستە بە گوێی تورکیادا بدری، ئەگەر شەڕ بەردەوامی لە سوریا ھەبێت، دەبێتە ھۆی ئاوابوونی قەوارەیەکی سەربەخۆ بۆ کورد لە باکووری سووریا. بەڵام لەئەگەری وەستانی شەڕ دەکردێت ئۆتۆنۆمی بدرێت بە کوردەکانی سوریا لەبڕی بوونی قەوارەیەکی سەربەخۆ. لەئەنجامدا، ھەرێمی کوردی سووریا ھاوشێوەی ھەرێمی کوردی باکووری عێراق دەبێتە ھاوسنووری تورکیا.
لەسەر ئەو بنەمایانەی سەرەوە پێویستە ھاوشێوەی عەرەبستانی سعودیە تورکیاش لای ڕوون بێت، ئەمریکا و خۆرئاوا چیتر ئامانجیان بەردەوامی شەڕ نییە لە سووریا بۆ لەسەرکارلادانی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات یاخود ڕێگری لە ھەرێمی ئۆتۆنۆمی کوردی بکرێت. لەھەمانکاتدا، ھەولبدرێت تورکیا ڕازی بکرێت، لەم پڕۆسەیە ڕۆلی کارا بگێڕێت بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە سووریا و ناوچەکە بەگشتی.
نیگەرانییەکان
ڕەخنەکانی ئەم پێشنیارە لە چەند روویەکەوەیە، یەکێکیان دابەشکردنی سووریا بۆ چەند ناوچەیەک بە گوێرەی ڕێککەوتن، دەکرێت ببێتە ھۆی سڕینەوەی ئەو کەمایەتییە نەتەوەیی و مەزھەبیانەی کە لەو ناوچانەدا دەژین. نووسەر شەڕی نێو کۆمەڵگای بەکەمی وەرنەگرتووە، کە رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ بەئەنجام گەیاندنی ئەم نەخشەیە. بەڵام، دەبێت ئەگەرە چاوەڕوانکراوەکان بەھەند وەربگرین لە ھەمبەر ئەگەری خوێنڕشتن کە دڵنیان لە ڕوودانی و بەبێ زانینی مەودای کۆتایی ئەمەش بەھۆی ئەو ناسەقامگیری سیاسی و جیۆپۆلیتیکیەی کە لەناوچەکەدا روودەدەن. ھەروەھا ئەم نەخشەیە دەبێتە ھۆی سەپاندنی لایەنی متمانەپێکراوی دەرەکی بۆ چاودێریکردنی ئاگربەست، کە دەبێتە بەربەستێکی گەورە لەبەرامبەر ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەو کوشتار و تۆڵەکردنەوانەی کە لە ئێستادا ڕوودەدەن.
ئەم نەخشەیە بەھۆی بەردەوامی شەڕی سوریا نابێتە فریادڕەسی سووریا لە دابەش بوونێکی حەتمی، بەڵکو ڕەنگە سووریا بەرەو دابەش بوونێکی زیاتر بەرێت لە نێوان پێکھاتە جیاوازەکانی سوریا. لێرەدا بەو بەرئەنجامە دەگەین کە پێویستە ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان و ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئاشتی ڕەزامەند بن و ڕێز لەو دابەش بوونە حەتمییەی سوریا بگرن و ھەروەھا کاریگەریی لەسەر پارتەکانی سوریا دروست بکەن بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی فراوان بەشدار بن بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دەوڵەتی سووریای نوێ.
ڕەخنەیەکی دیکە بریتییە لە رێگە دان بە مانەوەی بەشار ئەسەد لەسەر کورسی دەسەڵات، لە کاتێکدا بەشار ئەسەد دکتاتۆرێکی زۆر دڕندەیە و ھێرشی سەر ھاووڵاتیانی مەدەنی دەکات و ھەموو سنوورێکی مرۆڤایەتی بەزاندووە. ناکرێت لایەنەکان بە ھیچ پێشنیارێک ڕەزامەند بن تاکو ئەسەد لەسەر کار لانەدرێ و ڕووبەڕووی دادگا نەکرێتەوە. لەگەڵ ھەموو ئەمانەش ئەگەر رێگایەکی گونجاو ھەبووایە بۆ لەسەر کارلادانی ئەسەد و جۆرێک لە دڵنیایی ھەبوایە کە سوریا لەدوای لەسەر کارلادانی ئەسەد بەشێوەیەکی باش و لێھاتووانە فەرمانڕەوای دەکرا، ئەوا دەکرا سوورباین لەسەر داگرتنی ئەسەد لە دەسەڵات، نەک ڕازی بوون بە ئاگربەستێکی چارەنووس نادیار. بەھەرحاڵ، لە ڕاستیدا بژاردەیەکی باشتر لە ئاگربەست لە ئارادا نییە.
شەڕ و پێکدادانی سەربازی لە سووریا زیاتر لە چوار ساڵە بەردەوامە، بەڵام بە ھۆی پاڵپشتی و بەرگری تەواوی ئێران و ڕووسیا لە رژێمی بۆیە ڕژێم تاکو ئێستا لەسەر دەسەڵات بەردەوامە و نەرووخاوە. بەھەرحاڵ، چەند ھۆکارێکی کەم ھەن باوەڕ بەوە بھێنن کە ئەگەر تا ئاستێکی مامناوەند پاڵپشتی ئۆپۆزسیۆن بکرێت لە پێدانی چەکی پێشکەوتوو و ھەروەھا بڕیاردان لەسەر ناوچەی دژە فڕین یاخود ئەگەر ھێرشی ڕاستەوخۆ لە لایەن ھاوپەیمانانەوە بۆ سەر ڕژێم بکرێت ئەوا بارودۆخەکە بە تەواوی دەگۆڕێت، بەڵام رێگایەکی ئەوا دەرئەنجام و لێکەوتەی دیکەی لێدەکەوێتەوە.

پرسیاری ڕاستەقینە ئەوەیە ئەگەری پێشنیاری ئاگربەست تەنیا بۆ دیارکردنی سنووری نێوان پێکھاتەکان بێت، ئەوا ھیچ کەس ناتوانی پێشبینی بەدەست ھێنانی ئاشتی و ئارامی لە سووریادا بکات، کە بەدەست بھێت چونکە لەم دواییانە ئەسەد بە پاڵپشتی ڕووسیا و ئێران بەھێزیەکی تەواو گەڕاوەتەوە بۆ دەست گرتنەوە بەسەر ئەو ناوچانەی کە لەدەستی داون. ڕژێم ھەست دەکات دەبێت ئەم پاڵپشتییە بقۆزێتەوە و ھەوڵًی فراوانکردنی دەسەڵاتی خۆی بدات و ھیچ ھۆکارێک بۆ وەستانی شەڕ و تێکشکاندنی تەواوەتی ئۆپۆزسیۆن نەبینێت. لە ھەمانکاتدا لەبەرامبەر ئەمەدا زۆرینەی زۆری گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن بە ھاوبەشی و بە ھاوکاری و پاڵپشتی دەرەکی دەکرێت بڕیاری شەڕکردن ڕابگەێنن و واز لەشەڕ دژی ڕژێم نەھێنن تاکو کۆتایی بە دەسەڵاتی ڕژێم دەھێنن. لە بارێکی لەم جۆرەدا رژێم تووشی داروخان و وێرانکاری دەبێتەوە.
لە ڕاستیدا تاکو ئێستا ھیچ جۆرە نەخشەیەکی ئاشتی لەم جۆرە پێشکەشی پارتە سیاسییەکان نەکراوە بۆ ئەوەی پابەند بن بە ئاگربەست بۆ چارەسەرکردنی ئەم بارودۆخە لە سووریا. لە ھەمانکاتدا، پێویستە دڵنیایی بە ڕژێم بدرێت کە دەتوانێت ئیدارەی دیمەشق بکات لەگەڵ بەشی سەروو و خوارووی ڕۆژئاوای وڵات، کە ڕەنگە ئەمەش بەس بێت بۆ قایل کردنی ئەسەد و ھێزە دەرەکیەکان کە پاڵپشتی لە رژێم دەکەن بۆ وەستاندنی شەڕ لە سووریا. بەپێچەوانەشەوە بەردەوامی شەڕ دەبێتە ھۆی نەھاتنەدی ئاشتی.
لە ھەربارێک دابێت، رەنگە ڕەخنەی زۆر ئاراستەی ئەو پێشنیارانەمان بکرێت لەسەر ئەرزی واقیع بە پێنیشاری نەگونجاو لەقەڵەم بدرێت، چونکە ئەسەد ھەرگیز ڕازی نابێت دەسەڵات بەتەواوی بە ھەرێمەکان بدات. بەڵام ڕژێم دەبێت بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی ڕازی بێت دەسەڵات بدات بە ھەرێمەکان. تا ئێستا ھیچ جۆرە نەخشەیەکی ئاشتی پێشکەش بە لایەنی ئۆپۆزسیۆن و ئەو ھێزانەی پاڵپشتی ئۆپۆزسیۆن دەکەن لە سووریا نەکراوە.
لە کۆتایدا، ئاگربەست دەبێتە ھۆی وەستانی ھێرش و بۆدرومانی رژێمی ئەسەد بۆ سەر ئۆپۆزسیۆن. ھەروەھا بەدەستھێنانی گەرەنتی بۆ دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی لۆکاڵی. دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی پاڵپشتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رژێمی لەگەڵ دەبێت، لەو ناوچانەی کە ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنن. لە ئەنجامدا شکاندنی ئابلووقەی سەر چەند ناوچەیەکی لێدەکەوێتەوە و دەکرێت ھاوکاری مرۆیی بە خێرایی بۆ بە ھاناوەچوونی ھاووڵاتیان بگەیندرێ بەو ناوچانە. لە ھەمانکاتدا، دەبێت زیندانییەکان ئازاد بکرێن. ئەم رێککەوتنەش لەسەر کرداری رێکخستنی پێکھاتەی سیاسی سووریا دەکرێت ببێتە بنەمایەک بۆ دوای رۆیشتنی ئەسەد.
ڕەخنەی سێیەم زیاتر لە ڕووی سیاسی ئاراستەی ھێزە ھەرێمی و نێودەوڵەتیەکان دەکرێت، کە کەمترین پابەند بوون دەنوێنن لە کاتێکدا ئەوان سەرچاوەی گەرەنتی دابینکردنی ئارامی ھەرێمەکانن. دوای ھەموو ئەمانە دەکرێت لە ڕێگای ئەو پێشنیارانەی کە کراون، ئەمریکا ڕۆلی چالاکتر لە ھەرێمی کوردی سووریا بگێرێت. ھەروەھا پێکھێنانی ھێزێکی ئاشتی تورکی و ئەردەنی کە دڵنیایی بدەن ئۆپۆزسیۆنی سوونە سەرلەنوێ ھێرش بۆ سەر ناوچەکانی ژێردەستی رژێم وەکو دیمەشق و حمس ئەنجام نادات. لەلایەکی دیکەوە پێویستە ئێران و ڕووسیا ڕازی بن بە رێگری کردن لە ڕژێمی ئەسەد لە ھەوڵدان بۆ گرتنەوەی حەلەب و دەرعا و تەنانەت ناوەندی ئەو شوێنانەی کە دانیشتوانەکەی لەژێر کۆنتڕۆلی عەرەبی سوونە دایە.
ھاوکاری و ھەماھەنگی نێوان ھێزە دەرەکییەکان ئاسان نابیت، بەڵام کارکردن بەیەکەوە بۆ چارەسەری ئەم دۆخە زۆر گونجاوترە لە پاڵپشتی ھێزەکانی سووریا بۆ بەردەوامی دانبە شەڕ لەسەر خاکی سووریا. ڕیگای سەرەکی بۆ دەربازبوون لەم دۆخە بریتییە لە بەدەستھێنانی ڕەزامەندی ھێزە دەرەکییەکان لەسەر پێویستی ھەماھەنگی بۆ چارەسەری پرسی سووریا. ھەروەھا لەخاڵێکی تردا پێویستە ئەو ھێزان ڕێکبکەون چونکە ڕێککەوتن باشترین جێگرەوەی شەڕە.
رەخنەی کۆتایی زیاتر ئاڕاستەی چواچێوەی پرۆسەی جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە دەکرێت، زۆرێک پێیان وایە ئەم پرۆژەیە لە بواری کرداریدا سەرناگرێت و ڕووبەڕووی شکست دەبێتەوە و ناتوانێت کۆتایی بە جەنگ بھێنێت و سەقامگیری بەدوای خۆیدا بھێنێت. بەتایبەتی، گفتوگۆ و مشتومڕ لەسەر سەقامگیری سیاسی دەکرێت و وادەزاندرێت ھاسنوور نەبوونی ھەرێمەکان باشترە لە رووی سەقامگیری سیاسی وەکو لەوەی ھاوسنوور بن.
لەڕاستیدا، ئاگربەست دەکرێت دەرئەنجامێکی ئەرێنی ھەبێت بۆ پرۆسەی ئاشتی، بەڵام ئەم دەرئەنجامە لە ماوەی کورت مەودا دستەبەرنابێت. لە کورت مەودادا جێگرەوەی ئاگربەست تەنیا بریتییە لە سەرگەردانی و درێژەکێشانی شەڕ و جەنگ دەبێت. لێرەدا ئەو کەسانەی ڕەخنە ئاراستەی ئەو پڕۆژەیە دەکەن و لەو باوەڕدان ئەم پڕۆژەیە ناگونجاوە، پێویستە ڕوونی بکەنەوە ئەوان چۆن بۆچوونی ئەوان بەرھەمی باشتری ھەیە. ھەروەھا ئەوانەی دەرئەنجامی ئەم پرۆژەیە بەباش نابینن پێویستە ڕوونی بکەنەوە بۆچی بەردەوامی دان بەشەڕ لەم ئاگربەست و چارەسەرییە باشترە.
کەس ناتوانی وا بنوێنی و چارەسەری ئەو پرسە بکات لە سووریا بەبێ ڕووبەڕوونەوەی ھیچ مەترسییەک، بەڵام ھەروەک سەرۆکی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باراک ئۆباما لەم دواییەدا ئاماژەی پێدا و بە تەرزەوە ڕایگەیاند، کە یارمەتی دەرنییە ئەو پرۆژانەی بە شێوەی ناکامل بۆ چارەسەری یان کەمکردنەوەی ڕووبەڕوونەوەکان یاخود تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخەی سووریا بیشکەش دەکرێت.
ئەم پرۆژەیە تەنیا ھەوڵێکە بۆ چارەسەری ئەم پرسە، بەڵام ئەم پرۆژەیەش بەدەر نییە لە کەم و کوڕی و ڕووبەڕوونەوەی بەربەست و مەترسییەکان، بەڵام ئەم پرۆژەیە وەکو باشترین ڕێگا بۆ چارەسەری چاوی لێدەکرێت و باشترە لە بەردەوامی دان بەم بارە ناھەموارەی سوریا. ھەروەھا ئەم پرۆژەیە لە ھەموو ئەلتەرناتیفەکانی دیکە بۆ پرسی سووریا دەبیندرێت.

سەرچاوە
www.rand.org
نووسەران
James Dobbins
Philip Gordon
Jeffrey Maritini
وەرگێرانی لە زمانی ئینگلیزیەوە،
بەکر اسماعیل گەردی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *