یاداوەرییەکانی راپەرین

لەلایەن ستاندار Posted on 567 جار بینراوە

یاداوەرییەکانی راپەرین

مەریوان وریا قانع

(بەشی یەكەم)

شەوی بەر لە دەسپێکردنی راپەرین لە سلێمانی، من لە ماڵی بەختیار عەلی بووم. دوا نیوەرۆی شەشی مانگی ئازاری ساڵی ١٩٩١ بوو، من لە کەرکوکەوە گەیشتمە سلێمانی و راستەوخۆش بەرە ماڵی بەختیار کەوتمە ڕێ. بەر لە راپەرین چەند مانگێک بوو من سەربازی ھەڵاتووبوم. کاتێک ساڵی ١٩٩٠ خوێندنم لە زانکۆی موستەنسریە لە بەغدا تەواوکرد، سەدام سەرقاڵی داگیرکردنی کوەیت بوو. من دوای خوێندنەکەم ماوەیەکی کەم لە بەغدا سەربازبووم و لە شەقامی مەغریب لە گەڵ پێنج شەش دۆستی ئازیزدا لە ژوورێکدا بەیەکەوە دەژیاین. لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕی دەرپەراندنی سوپای عێراق لە کوەیت من وازم لەسەربازیی ھێنا و چوومەوە بۆ ماڵی باوکم لە ھەولێر. ھەورامانی براشم لەھەمان ماوەدا سوپای بەجێھێشتو گەرایەوە بۆ ماڵەوە. برایەکی تریشم، ئارپاک، کە ناوی بۆ خزمەتی سەربازیی و چوون بۆ ریزەکانی سوپا ھاتبووەوە، ھەر لە ئەسڵەوە نەچووە پێشەوەوە و ئەویش وەک ئێمە لە ماڵەوە مایەوە. لە پڕێکیشدا کامەرانی برام، کە ئەودەم خوێندکاربوو لە زانکۆی تەکنۆلۆژیی لە بەغدا، زانکۆی بەجێھێشتو و گەڕایەوە بۆ ماڵی باوکم. ئێمە چوار برابووین ھەریەکێکمان بۆ ھۆیەک لە حکومەتی عێراق قاچاغ بووبووین. کامەرانی برام گێڕایەوە لە زانکۆی تەکنۆلۆژیی لە بەغدا بەعس داوای لە قوتابیەکانیان کردبوو کە وێنە و پەیکەرە گەورەکانی سەدام حوسەین بپارێزن نەکو کەسانی ”موخەریب“ و ”غەوغائی“ بێن و تێکیان بدەن. ئێمە، ھەر چوار براکە، زیاد لە چەند مانگێک لە ماڵی باوکمدا بە دزیییەوە ماینەوە. توانای چوونە دەرەوەمان نەبوو، تەنانەت چوونە دەرەوە بۆ سەر یەکێک لە شەقامەکانیش، بەتایبەتی ھەورامانی برام و من نەماندەتوانی لە ھیچ شوێنێکدا دەربکەوین چونکە ھەردووکمان سەربازیی ھەڵاتووبوین. ئەو گەڕەکەی ماڵی ئێمەی لێبوو کۆمەڵێک بەعسی خراپی لێبوو، دەترساین خەبەرمان لێبدەن و بمانگرن. لەو ڕۆژانەدا یاسایەک بۆ ئەو کەسانە دەرکرابوو کە ریزەکانی سوپایان بەجێدەھێشت کە لەبەردەمی ماڵەکەی خۆیاندا گولەباران بکرێن و دایک و باوکی کوژراوەکەش پارەی فیشەکەکان بدەن.

بەڵام تا شەڕەکە لە بەرەکانی جەنگ لە کوەیت گەرمتر دەبوو، کۆنترۆڵی بەعس لەسەر شارەکان لاوازتر دەبوو، ئێمە دەمانبیست کە ژمارەیەکی زۆر لە سەربازە کوردەکان لە کوەیتەوە بە پێ ھاتونەتەوە بۆ کوردستان و بەشێکی زۆریش لەو سەربازە کوردانەی کە لەشارەکانی تری عێراقدا دانرابوون، گەڕاونەتەوە کوردستان. بۆ بەھێزکردنی بەرەکانی جەنگ بەعس تا دەھات بەشی زۆری ھێزەکانی خۆی بەرەو کوەیت دەنارد و بەم شێوەیە تا دەھات کۆنترۆڵی شارەکانی لەدەست ئەدا. بۆردومانی وێرانکەرانەی ھێزە نێودەوڵەتییەکانیش بەعسی زیاتر لاوازدەکرد. لێدانی عێراق لە ئاسمانەوە چەند خەستتر ببوایەتەوە ئێمە زیاتر دەمانوێرا بەشەوان بێینە دەرەوە و پیاسەیەکی ناو گەرەکەکان بکەین. دۆخێکی سەیربوو: وێرانبوونی زیاتری وڵاتەکە مانای ئازادیی زیاتربوو بۆ جوڵە و ھەڵسوکەوتی ئێمە. چەندە ئەو دونیایەی بەعس بە دوو دەیە دروستیکردبوو خاپوردەکرا، ئێمە ئەوەندە زیاتر ھەستمان بە ئازادیی دەکرد و بە كردەوەش ئازاد دەبووین.

بەعس کە زانی ژمارەی ئەوانەی ریزەکانی سوپایان بەجێھێشتوە زۆر گەورەبووە و ھەروەھا ژمارەی ئەوانەش کە ھەر لە بنەرەتەوە نەچوون بۆ خزمەتی سەربازیی، لێبوردنێکی گشتیی لە کۆتایی مناگی دووی ساڵی ١٩٩١ دەرکرد. بەعس دەیویست لەرێگای ئەم لێبوردنەوە ریزەکانی سوپاکەی ڕێکبخاتەوە. من سودم لەو لێبوردنە وەرگرت و بە ئۆتۆمۆبێل ھەولێرم بەجێھێشت بە مەەبستی ئەوەی بچم بۆ سلێمانی و لەوێشەوە سەرھەڵبگرم بۆ ئێران و لە ئێرانیشەوە بۆ شوێنێکی تری دونیا دوور لە بەعس و مێژو و کوشتن و بڕین و سێبەرەکانی. بازگەکانی بەعس لەکاتی لێبوردنی گشتیدا داوای شوناسنامەیان نەدەکرد و داواشیان بکردایە مرۆڤ دەیتوانی بڵێت کە سودی لەو لێبوردنە وەرگرتوە و بەدوای یەکە سەربازییەکەی خۆیدا دەگەڕێت. من لەباتی ئەوەی راستەوخۆ بچم بۆ سلێمانی، سەرەتا چووم بۆ کەرکوک بۆ ماڵی دۆستێکم کە کاتی خۆی لە پێشمەرگایەتیدا بەیەکەوە بووین. ھەم ئەو دۆستەشم و ھەم چەند ھاوڕێکەی تریشمان وەکو من بەتەمای بەجێھێشتنی عێراقبوون. من دوو شەو لە کەرکوک لەماڵی ئەو دۆستەمان مامەوە، ئەو دوو برای ھەبوو سەر بە گروپە مارکسییەکانی ئەوکاتە بوون، ئەگەر بەھەڵەدا نەچووبم سەر بە رەوتی کۆمۆنیست بوون. ئەو دوو برایە باسی خۆئامادەکردنیان بۆ بەگژاچوونەوەی بەعس دەکرد و دەیانوت خەریکی ھێنان و دابەشکردنی چەکن لە ناو کەرکوکدا. من زۆر حەوسەڵەی گوێگرتنم لەو جۆرە بابەتانە نەمابوو، دوای ئەو ھەموو ساڵە لە شەڕ و شۆڕش و کوشتن و بڕین، باوەڕم نەدەکرد بەعس بەو برادەرانە بروخێنرێت. جگه‌ له‌وه‌ من هینده‌ ماندوو و نائومیدبووم بیرم ته‌نها لای ئه‌وه‌بوو چۆن رۆحی خۆم و ئه‌و سالانه‌ی ته‌مه‌نم كه‌ ماومه‌ له‌ به‌عس و عێراق و جه‌نگه‌كان رزگاربكه‌م. ده‌مویست سه‌ره‌تایه‌كی تازه‌ له‌ شوێنێكی تازه‌ی ئه‌م سه‌رزه‌منیه‌ گه‌وره‌یه‌دا ده‌ستپێبكه‌م.

دوای دوو رۆژە مانەوە لەگەڵ دۆستەکەمدا لەسەر ئەوە رێکەوتین کە من چووم بۆ سلێمانی لەوێوە مشوری رێگای ھەڵاتن بۆ ئێران بخۆم و ئەمان لە چۆنیەتی گرتنەبەری ئەو ڕێگایە ئاگادار بکەمەوە.

بەر لە نیوەرۆکەی رۆژی ٦ مانگی سێ لە کەرکوکەوە سواری ئۆتۆمۆبێل بووم بۆ سلێمانی. ھەر کە گەیشتینە بازگە سەرەکییەکەی کەرکوک رایانگرتین و نەیانھێشت ھیچ ئۆتۆمۆبێلێک بەرەو سلێمانی بکەوێتەڕێ. نزیکەی دوو سەعاتێک ڕاگیریان و نەشیان دەھێشت لە ئۆتۆمۆبێلەکان بێینەخوارەوە. دەنگۆی ئەوە ھەبوو لەو ناوچانەی دەکەونە سەر ڕێگای سلێمانی و کەرکوک شەڕ و پێکدادان ھەبێت. دواتر دوو ھەلیکۆپتەر لە لای سلێمانیەوە ھاتن و بەسەر بازگەکەدا بەرەو ناو شاری کەرکوک تێپەڕین. نیوسەعاتێک دوای ئەوە سەربازەکان ھاتن و پێیان وتین کە دەتوانین بڕۆین. قەرەباڵغیەکی زۆر لەسەر رێگاکە دروستبووبوو، دەیان ئەگەر نەڵێم سەدان سەیارە بەرێوەبوون. کەس نەیدەزانیی چی ڕوویداوە، بەڵام تا لە سلێمانی نزیکدەبووینەوە زیاتر ھەستمان بەوەدەکرد کە شتێک ڕوویداوە. لەناو ئۆتۆمۆبێلەکەوە دەمانبینی خەڵک لە ئۆردوگاکاندا بە چەکەکانیانەوە ھاتونەتە سەربانی خانوەکانیان و دەستیان بەرەو ئاسمان بەرزدەکەنەوە. ئێمە نەمدەزانی ئەوانەی چەکەکانیان بەرەو ئاسمان بەرزکردۆتەوە جاشن یان پێشمەرگەن، خەڵکی ڕاپەڕیون یان پیاوە چەکدارەکانی بەعسن. دۆخێکی تەواو ناخۆش بوو، مرۆڤ لەوە ئەترسا ئۆتۆمۆبێلەکان بدەنە بەر دەستڕێژ. بەڵا تا دەھات لە بازگە سەرەکییەکەی سلێمانی نزیکدەبووینەوە. کە چوینە پێشەوە بینیمان بازگەکە نەماوە، نە سەربازەکانی لێمابوو، نە چەکداری تری لێبوو و نە ھیچ کەسێکی دیکەش. ئەو ناوە چۆڵ و ھۆڵ بوو. ھەندێک خانو و ئۆفیسیی سەربازیی ھەبوون ھەموویان سوتێنرابوون. ئاگر لە بازگەکە خۆشی بەردرابوو، دووکەڵێکی زۆر لەو ناوەدا دروستبووبوو. ئوتۆمۆبێلەکەمان بەناو دووکەڵ و گومانەکانمادا تێپەڕیی و بەرەو ناو شار کەوتەرێ. کە لە گەراجی بەغدای جاران دابەزیم بە پێ بەرەو ناو شار بەڕێکەوتم، دۆخی ناو سلێمانی کەمەکێک شڵەژاو دیاربوو، مرۆڤ بە ئاسانی ھەستی بەوەدەکرد. کە گەیشتمە شەقامی مەولەوی چەندان موسەلەحە و زیلی سەربازیی، کە پڕبوون لە چەکدار، بەناو شەقامەکەدا دەرۆیشتن. بە فولکەکەی بەردەمی سەردا دەخولانەوە و ئینجا بە شەقامی پیرەمێردا بەرەو سەرەوە دەڕۆیشتن. بەعس ترسێکی گەورەی لێنیشتبوو، ئەوە دواھەمیان نمایشی ھێزەکانی خۆی بوو، دەیویست لەو ڕێگەیەوە خەڵک بترسێنێت. یەکەێک کەمەکێک ورد سەیری بکردایە ترسی سەر ڕوخساریی چەکدارەکانی بە ئاشکرا دەبینی. بەڵام ھێشتا شتێک بەناوی ڕاپەڕینەوە لە سلێمانیدا ئامادەنەبوو. من لەبەردەرکی سەراوە بەرەو سەرەوە بەڕێکەوتم. تا گەیشتمە بەر دەرگای ماڵی بەختیار عەلی چەندجارێکی دیکە موسلەحەکان و زیلە پر لە چەکدارەکانم بینی. لەدەرگای ماڵی بەختیارم دا، دایکی بەختیار دەرگاکەی کردوە، چوومە ژوورەوە و بەسەرھاتی ھاتنەکەم و ڕێگاکەم بۆ بەختیار و باوکی گێڕایەوە.

 

یاده‌وارییه‌كانی ڕاپه‌ڕین: شه‌وی به‌ر له‌ ڕاپه‌رین له‌ سلێمانی

(به‌شی دووهه‌م)

شه‌وی به‌ر له‌ ڕاپه‌ڕین له‌ سلێمانی شه‌وێكی سه‌خت و درێژ و پڕ چاوه‌روانیكردن بوو. من ماوه‌یه‌كی درێژ بوو به‌هۆی هه‌ڵاتن له‌ سه‌ربازیی و گه‌ڕانه‌وه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر، به‌ختیارم نه‌بینیبوو. ئه‌وكاته‌ی من قوتابی بووم له‌ زانكۆ موسته‌نسریه،‌ به‌ختیار سه‌ربازی هه‌لاتووبوو. هاتبوو بۆ به‌غدا و له‌گه‌ڵ مندا ماوه‌یه‌ك له‌ شوێنی كاره‌كه‌ی مامم له‌ ناوچه‌ی به‌یاع ده‌ژیا و دواتر له‌و ژووره‌دا ده‌ژیا كه‌ له‌ شه‌قامی مه‌غریب له‌ ئه‌عزه‌مه‌یه‌ له‌ به‌غدا، هه‌مانبوو. ئه‌و ژوره‌ی من له‌ شه‌قامی مه‌غریب وه‌ك ژووری لانه‌وازانی لێهاتبوو، زۆربه‌ی براده‌ر و دۆسته‌ نزیه‌كه‌كانم كه‌ له‌ سلێمانییه‌وه‌ ده‌هاتن بۆ به‌عدا له‌وێ له‌و ژووره‌ له‌ لای من ده‌مانه‌وه‌. له‌وانه‌ش بۆ نموونه‌ شێرزاد حه‌سه‌ن و محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمان و گۆران بابه‌ عه‌لی و عه‌تا قه‌ره‌داغی. گێڕانه‌وه‌ی حیكایه‌ته زۆره‌‌كانی ئه‌و ژووره‌ هه‌ڵده‌گرم بۆ فرسه‌تێكی تر، ئه‌وه‌ی حه‌زده‌كه‌م لێره‌دا زۆر به‌ خێرایی هێمایه‌كی كورتی بۆ بكه‌م ئه‌و دۆخه‌ پر هه‌ژارییه‌بوو كه‌ ئه‌مه‌ ئه‌وده‌م له‌ به‌غدا‌ تیایدا ده‌ژیاین. به‌عس له‌دوای كۆتاییهاتنی شه‌ڕی ئێران و عێراق و له‌دوای دابه‌زینی نرخی نه‌وت و ده‌ستبه‌ردانی وڵاتنی خه‌لیج له‌ هاریكاریكردنی عێراق، به‌ره‌و ئیفلاسێكی مالیی ته‌واو ده‌چوو. جه‌ند ملیۆنێك سه‌رباز له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ گه‌رابوونه‌وه‌ و كه‌سی كار و پاره‌ و بژێوی نه‌بوو، به‌عس پێشتر ئه‌و چه‌ند ملیۆن كرێكاره‌ میسریی و سودانییه‌ی له‌ عێراق ده‌ركرد، به‌ڵام هێشتا ده‌ره‌قه‌تی كێشه‌ و گرفته‌ گه‌وره‌كانی دونیای دوای وه‌ستانی جه‌نگه‌كه‌ نه‌ده‌هات، داگیركردنی كوه‌یت به‌شێك بوو له‌ هه‌وڵه‌كانی به‌عس بۆ ده‌ربازبوون له‌و ئیفلاسبوونه‌‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ڕووبه‌ڕووی بووبووه‌وه‌‌.

دۆخی ژیانی ئێمه‌ له‌ ساڵی ١٩٨٩ و ١٩٩٠دا له‌ به‌غدا هێجگار زه‌حمه‌ت و ناله‌بار بوو. به‌عس پرۆسه‌یه‌كی به‌رفراوانی به‌ خه‌سخه‌سه‌كردنی كه‌رتی ده‌وڵه‌تی ده‌ستپێكردبوو، نوخبه‌ حوكمڕانه‌كه‌ی به‌عس، به‌تایبه‌تی كه‌سوكاره‌ نزیه‌كه‌كانی سه‌دام حوسه‌ین خۆی، زۆربه‌ی كارخانه‌ و كه‌رته‌ گشتییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئابوریی عێراقیان به‌ پاره‌یه‌كی كه‌م به‌خۆیان فرۆشتبووه‌وه‌. حكومه‌تیش ده‌ستی له‌ دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان به‌ردابوو، هاریكاریی ده‌وڵه‌تیش بۆ به ‌نزم راگرتنی نرخی خۆراك هه‌ڵگیرابوو. هه‌موو ئه‌مانه‌ وایانكردبوو نرخی شت و مه‌ك به‌ خێرایه‌كی گه‌وره‌ به‌رزببه‌ته‌وه‌، به ‌راده‌یه‌ك‌ بۆ ئێمه، كه‌ له‌و ژوره‌ی شه‌‌قامی مه‌غریبدا ده‌ژیاین،‌ زه‌حمه‌تبوو بتوانین له‌ رۆژێكد سێ ژه‌م خواردن بۆ خۆمان ده‌سته‌به‌ربكه‌ین. من ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ وه‌ك قوتابی وه‌رمده‌گرت به‌شی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌كرد پێیبژیم، هه‌ورامانی برام ئه‌وكات سه‌ربازی یه‌ده‌ك بوو، موچه‌كه‌ی له‌ موچه‌ی هه‌موومان باشتربوو، ئه‌و هاریكاریی من و هه‌ندێك له‌ كه‌سانی تری ناو ژووره‌كه‌ی ده‌كرد. به‌ختیاریش هیچ ده‌خل و بژێوێكی جێگیریی نه‌بوو، جار نه‌جارێك كاری كرێكاریی ده‌كرد. بۆیه‌ رۆژێكیان له‌گه‌ڵ به‌ختیاردا بڕیارمان دا گوڵه‌ مێخه‌ك بفرۆشین. مێخه‌كه‌كانمان به‌ده‌سته‌ و به‌ وشكی له‌ سلێمانییه‌وه‌‌ بۆ ده‌هات و ئێمه‌ شه‌وانه‌ له‌ ژووره‌كه‌دا ده‌مانخسته‌ ناو ته‌شته‌ ئاوه‌وه‌. به‌یانیان كه‌ هه‌ڵده‌ستاین‌ مێخه‌كه‌كان گه‌شابوونه‌وه‌ و بۆنیان به‌هه‌موو كون و قوژبنێكی ما‌ڵه‌كه‌دا بڵاوبووبووه‌وه‌‌. بۆنی مێخه‌كه‌كان به‌راده‌یه‌ك به‌هێزبوون دوای ماوه‌یه‌ك دار و دیواری ماڵه‌كه‌مان‌ له‌ دووری ده‌یان مه‌تره‌وه‌ بۆنی مێخه‌كی لێده‌هات. به‌ینانیان زوو له‌گه‌ڵ به‌ختیاردا مێخه‌كه‌كانمان هه‌لده‌گرت و ده‌چووین بۆ مزگه‌وته‌كه‌ی ئیمام موسای كازم له‌ كازمیه‌ بۆ فرۆشتنیان. به‌یانیان زوو مێخه‌كه‌كانمان ده‌كرده‌ ناو عه‌لاگه‌ی نایۆلۆنه‌ و له‌ ماڵ ده‌چووینه‌ ده‌ره‌وه‌. هه‌ر كه‌ سواری پاسه‌كان ده‌بووین بۆنی مێخه‌كه‌كان به‌ناو هه‌موو پاسه‌كه‌دا بڵاوده‌بووه‌وه‌.‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌و به‌یانییه‌ زووه‌ له‌ناو ئه‌و پاسانه‌دابوون سه‌یری ئێمه‌یان ده‌كرد و نه‌یانده‌زانی ئه‌و بۆنه‌‌ چییه‌ له‌ خۆمان و له‌ عه‌لاگه‌كانمان هه‌ڵده‌ستا. دوای ماوه‌یه‌ك وامان لێهات هه‌م من و هه‌م به‌ختیار به‌رده‌وام بۆنی مێخه‌كمان لێده‌هات، بۆنی مێخه‌ك له‌ جله‌كانمان و له‌ قژ و ده‌ست و په‌نجه و پێلاوه‌كانمان ده‌هات. من ئه‌وده‌م قوتابی به‌شی ماسته‌ر بووم له‌ زانكۆی موسته‌نسریه،‌ له‌ زانكۆ و له‌ ‌ناو‌ پۆلیشدا هه‌ر بۆنی مێخه‌كم لێده‌هات. ئه‌وی سه‌یر بوو كڕیاری مێخه‌كه‌كان بوو، زۆربه‌ی هه‌رزۆری ئه‌و كڕیارانه‌ئه‌و ژنه‌‌ شیعه‌ به‌ته‌مه‌نانه‌ بوون كه‌ بۆ سه‌ردانی ئیمام موسا له‌ هه‌موو كون و قوژبنێكی عێراقه‌وه‌ بۆ به‌غدا هاتبوون. به‌ده‌گه‌مه‌ن نه‌بوایه‌ كه‌سێكی گه‌نج مێخه‌كی نه‌ده‌كڕی. من دوای ته‌واكردنی خوێندن و تا بووشم به‌سه‌رباز هه‌ر مێخه‌كه‌كانم ده‌فرۆشت، به‌لام دوای ئه‌وه‌ ئیتر بۆم بۆنه‌كرا و به‌ختیاریش گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ سلێمانی.

وه‌ك ووتم رۆژی به‌ر له‌ راپه‌ڕین من له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ به‌ره‌و سلێمانی هاتم و شه‌وی به‌ر له‌ راپه‌ڕینیش یه‌كه‌م شه‌و بوو دوای ماوه‌یه‌كی درێژ من و به‌ختیار سه‌رله‌نوێ یه‌كتری ببینیه‌وه‌ و پێكه‌وه‌بین. ئێمه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ی باس و خواسی رووداوه‌كانی ئه‌و ماوه‌یه‌دا بووین كه‌ له‌یه‌كدی جیابووبووینه‌وه‌، باسی ئه‌و كتێب و نووسینانه‌مان ده‌كرد كه‌ خوێندبوومانه‌وه‌ و نووسیبومانن، یان خه‌ریكی نووسینیان بووین. ئه‌و باسی دۆخی خۆی له‌ سلێمانی و من باسی ئه‌و ترسه‌ قووڵه‌ی خۆم و براكانم ده‌گێرایه‌وه‌ كه‌ له‌ ماڵی باوكم له‌ هه‌ولێر تیایدا نووقمبووبین، باسی خواستی سه‌رهه‌ڵگرتن و هه‌ڵاتنم ده‌گێرایه‌وه‌، بۆ چه‌نده‌هه‌مین جاریش، باسی سوتانی بازگه‌ سه‌ره‌كییه‌ی مه‌دخه‌لی سلێمانی و چه‌كدارانی سه‌ر بان و ناو ماڵانی ئۆردوگاكانی سه‌ر ڕێگای كه‌ركوك سلێمانیم ده‌گێرایه‌وه‌، كه‌ هه‌موویان جه‌ند كاتژمێرێك پێشتر بینیبووم. ئینجا سه‌رله‌نوێ باسی ئه‌و زیل و موسه‌له‌حه‌ پڕ چه‌كدارانه‌ی كه‌ به‌عس عه‌سر و ئێواره‌ی به‌ر له‌ ڕاپه‌ڕین له‌ شه‌قامه‌كانی سلێمانیدا بۆ ترساندنی خه‌ڵك نمایشی ده‌كردن. ئێمه‌ له‌ باسكردنی ئه‌و شتانه‌دابووین له‌پڕ له‌ ده‌رگای ماڵی به‌ختیار درا. وه‌ك هه‌میشه‌ دایكی به‌ختیار ده‌رگاكه‌ی كردوه‌ و كوڕێكی هاوته‌مه‌نی خۆمان، كه‌ ناسراوی به‌ختیار بوو، وابزانم له‌ دووریشه‌وه‌ منی ده‌ناسیی، هاته‌ ژووره‌وه‌. دوای دانیشتنێكی كه‌م كوره‌كه‌ راسته‌وخۆ چووه‌ ناو باسه‌كه‌یه‌وه‌:

– به‌یانی له‌ سلێمانی راپه‌رین ده‌ستپێده‌كات. شانه‌ی چه‌كدار دروستكراوه‌‌ و له‌ كاتژمێری سفردا له‌ زۆر شوێنه‌وه‌ په‌لاماری به‌عس ئه‌درێت.

دوای ئه‌وه‌ باسی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ ناوچه‌ی رانیه‌ به‌ته‌واوی ڕزگاربووه‌ و پلانیش هه‌یه‌ له‌ شوێنه‌كانی تردا ڕاپه‌ڕین بكرێت و هه‌موویان ڕزگاربكرێن. كور‌كه‌ سه‌ر به‌یه‌كێك له‌ ڕێكخراوه‌ ماركسییه‌ چه‌په‌ زۆره‌كانی ئه‌وكاتی ناو سلێمانی بوو. دوای ته‌واوكردنی قسه‌كانی رووی له‌ من و به‌ختیار كرد و ووتی، من هاتووم بزانم ئێوه‌ ده‌تانه‌وێت سبه‌ینێ به‌شداربن له‌ ڕاپه‌ڕینه‌كه‌دا یان نا. ئێمه‌ش هه‌ردووكمان بێبیركردنه‌وه‌ و دوودڵیی رازیبوونی خۆمان نیشاندا. دوای ئه‌وه‌ ئه‌و كه‌وته‌ باسكردنی ئه‌و پلانه‌ی كه‌ داینابوو. به‌ من و به‌ختیاری ووت من ئێستا ده‌ڕۆم و كه‌مه‌كێكی تر دێمه‌وه‌ و دوو ده‌مانچه‌تان بۆ ده‌هێنم. ئێوه‌ پێویسته‌ سبه‌ینێ هێرشبكه‌نه‌ سه‌ر مه‌عهه‌ده‌ فه‌نیه‌كه‌ی سلێمانی له‌ گه‌ڕه‌كی به‌ختیاریی. ئه‌ركی ئێوه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و مه‌عهه‌ده‌ كۆنترۆڵبكه‌ن و ده‌ستبگرن به‌سه‌ر شته‌كانی ناویدا. مه‌عهه‌دهكه‌‌‌ پریه‌تی له‌ رۆنیۆ و تابیعه‌ و كاغه‌ز و كه‌ره‌سته‌ی جاپه‌مانیی.

دوای ئه‌و قسانه‌ و رازیبوونی ئێمه‌ به‌ پلانه‌كه‌ ئیتر ئه‌و دۆسته‌ خواحافیزی كرد و ڕۆیشت. ئه‌و شه‌وه‌ تا ده‌مه‌و به‌یان من و به‌ختیار چاوه‌ڕوێی هاتنه‌وه‌ی ئه‌و‌ بووین، له‌ خه‌یاڵی خۆشماندا چه‌ندانجار چۆینه‌تی هێرشبردنه‌كه‌ی خۆ‌مان بۆسه‌ر مه‌عهه‌ده‌كه‌ به‌ شێوازی جیاواز داده‌ڕشت و لێكئه‌دایه‌وه‌. به‌ده‌م قسه‌كردن و باسكردنیشیه‌وه‌ تا هێزمان تێدابوو پێده‌كه‌نین، ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجاربوو له‌ ژیانماندا ئه‌ركێكی سه‌ربازیی له‌و شێوه‌یه‌مان پێبسپێردرێت. ئێمه‌ هه‌ر چاوه‌ڕوانی هاتنه‌وه‌ی ئه‌و دۆسته‌بووین به‌ ده‌مانچه‌كانه‌وه‌ و بیریشمان ‌لای چۆنیه‌تی ده‌ستگرتن به‌سه‌ر مه‌عهه‌ده‌كه‌دا بوو، كاتێك هه‌ستمانكرد ته‌واو ماندو و خه‌واڵووبووین. به‌وشێوه‌یه‌ ئێمه‌ شه‌وی به‌ر له‌ راپه‌رینمان به‌ چاوه‌روانی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و دۆسته‌وه‌ برده‌سه‌ر. ئه‌و‌ رۆیشت و نه‌هاته‌وه، ئێمه‌ش له ‌ده‌وروبه‌ری به‌ره‌به‌یاندا نووستین‌.

 

یاداوەرییەکانی راپەرین: لە سجنەکەی سلێمانییەوە بۆ بەردەمی مۆزەخانەی گشتیی

(بەشی سێھەم)

یەکەمین رۆژی راپەرین لە سلێمانی، بەیانییەکەی زوو، من و بەختیار لە خەو ڕابووین، کە دەستمان کرد بە نانخواردنی بەیانیی ھێشتا بەشێک لە چاوەروانییەکانی شەوی پێشومان تێدامابووەوە، بەڵام ئەو دۆستەی کە بەنیازبوو دەمانچەکانمان بۆ بێنێت نەگەرایەوە. دوای نانخواردن ھەردووکمان لە ماڵ چووینە دەرەوە، ئێستا نایەتە یادم کاتژمێری چەند بوو، بەڵام سەرلەبەیانیەکی زوو بوو. کە ھاتینە دەرەوە نیازمان وابوو بەرەو مەعھەدەکە بکەوینەڕێ، سەرەتا کە گەیشتینە فولکەی ”کاوەی ئاسنگەر“ لەسەر ڕێی توی مەلیک، بینیمان بارەگا گەورەکەی حیزبی بەعس، کە ھاوکات بارەگای جەیشی شەعبیش بوو، ئەگەر بەھەڵەدا نەچووبم ناوی بارەگای شەھید عوسمان بوو، وە لە پاڵ فولکەکەدا بوو، ئازاد کرابوو. دووکەڵ لە ھەندێک لە پەنجەرەکانی بیناکەوە دەھاتە دەرەوە. چەند کەسێک لەسەر بانی بنکەکەوە بە ئاسماندا تەقەیان دەکرد و کەسانی تریش بە شتومەکی بەتاڵانبراوی ناو بیناکەوە بەرەو دەرەوە دەھاتن. ھەبوو کورسییەکی پێبوو، ھەبوو قەنەفەیەکی ڕادەکێشا، ھەبوو کاغەز و فایل و ئەلبومیان بەدەستەوەبوو. سەیرترین دیمەنی ئەو باینییە دیمەنی پیاوێک بوو موبەریدەیەکی زۆر گەورەی خستبووە سەرپشتی خۆی و بە تاقی تەنھا خەرکی گواستنەوەی بوو. ئەو پیاوە لەژێر قورسایی ق قەبارەی موبەریدەکەدا ھێندە چەمابووەوە سنگی خەریک بوو بەر زەویی سەرجادەکە دەکەوت. لەگەڵ بەخیتاردا سەیرێکی پیاوەکەمان کرد و ھەردووکمان دەستمانکرد بە پێکەنین.

ئێمە لەسەر شەقامەکە ماینەوە و نەچووینە ناو بارەگاکە، بەڵام خەڵکانێکی زۆر ھەم دەچوونە ژوورە و ھەم دەھاتنە دەرەوە. دوای چەند چرکەیەک ڕاوستان لەبەردەم ئەو بینا ڕاگارکراوەدا درێژەمان بە رێگەکەمان دا بەرەو مەعھەدەکە. لەسەر ھەمان ئەو شەقامە کە ئێستا بەناو بەشی سەرەوەی زانکۆی سلێمانی جاراندا تێدەپەڕێت ڕۆیشتین. ئێمە چەند زیاتر بەو ئاراستەیە بڕۆیشتینایە ھێندە زیاتر دەنگی تەقەی تفەنگ، بەتاک و بە ریز، زیاتری دەکرد. دیاربوو لە دەوروبەری گەڕەکی مامۆستایان و گردەکەی ریعایە و ناوچەکانی دەوروبەری شەڕبوو. دواتر زانیمان ئەریوانی عومەر دەوڵەت لەو ناوەدا شەھید بوو. لەگەڵ بەختیاردا گەڕاینەوە بۆ فولکەکەی کاوەی ئاسنگەر و بە شەقامەکەدا چووینە خوارەوە بەرەو سجنە سەرەکییەی سلێمانی. ھەرزوو دەرگای سجنەکەمان بە کراویی بینی، خەڵک لەسەر شەقامەکەوە دەچوونە ناو سجنەکە و لەناو سجنەکەشەوە چەندان دەھاتنە دەرەوە. ھەندێک لە زیندانەییەکان تازە دەھاتنە دەرەوە، یەکێکیان کە لە نیزکەوە بینیمان بەتانیەکی سەربازی سەوزی پێبوو کە چوارگۆشەی سپیی تێدابوو، کوڕێکی گەنج بوو بە بیجامەوە ھاتبووەدەر و رادیۆیەک و جانتایەکی بچووکی پێبوو. کەمەکێک ڕیشی ھاتبوو، چلکن دیاربوو. من پێشتر زۆرجار سەرم لەو سجنەی سلێمانی دابوو. لە کۆتایی ھەفتاکاندا، کاتێک مامە بورھانم لە بەغداوە ڕایکرد و بوو بە پێشمەرگە لە ریزەکانی یەکێتیدا، رژێمی بەعس خێزانەکەی مامیان و یەکێک لە مناڵەکانیان گرت و لەو زیندانەدا سجنیان کردن. ئەو ڕۆژگارە بەعس کەسوکاری ئەو کەسانەی دەگرت کە دەچون دەبوون بە پێشمەرگە، ھەندێک لەو ئافرەتانەی کە دەگیران سکیانپڕبو و لەناو زیندانەکانی بەعسدا مناڵەکانیان دەبوو. من ھەفتەی جارێک ژەمێک نان و کەبابم بۆ ئامۆژنم دەبرد و لەبەردەرگای زیندانەکەدا ئەمدایە دەستی پاسەوانەکان تا بیدەن پێی. دواتر کە ئامۆژنم بەربوو ھەواڵی نان و کەبابەکانم لێپرسیی، لە وەڵامدا ووتی ھیچ ژەمە خواردنێکی لەوجۆرەی بەدەست نەگەیشتوە.

رۆژی یەکەمی ڕاپەڕین و لەو بەیانیە زووەدا ئەو زیندانە ئازادکرابوو، بەھەمان شێوەی بارەگاکەی سەرەوە، خەڵک شت و مەکی ناو زیندانەکەیان دەھێنایە دەرەوە و دەبرد. من و بەختیار کەمەکێک وەستاین و لە نزیکەوە سەیری دیمەنەکەمان دەکرد، کاتێک لە شۆستەکەی ئەو بەری زیندانەکەوە تەرمی کەسێکمان بینی بە کوژراوی بەجێھێڵدرابوو، چوینە ئەوبەر بۆئەوەی لە نزیکەوە بیبینین. کواژراوەکە. پیاوێک بوو تەمەنی دەوروبەری چل ساڵێک دەبوو. ئەوانەی لەوێدابوون کەسیان کوژراوەکەیان نەدەناسیی، بەڵام کۆمەڵێک پێنج دنیاریی و دە دیناریی خزێنرابووە ناو کونی لوت و بەینی ددانەکانی پیاوە کوژراوەکەوە، بیست و پێنج دینارییەکیش لەسەر سکی و لەبەینی دوو قۆپچەی کراسەکەیدا بەجێھێڵدرابوو. دیاربوو بکوژەکان ویستبویان پەیامێک لەدوای خۆیانەوە بەجێبھێڵن: ئەم پیاوە لە پێناوی پارە و مادەدا خۆی بەبەعس فرۆشتوە. ئەوە یەکەمین و دواھەمین کوژراوی ئەو رۆژە بوو کە ئێمە بینیمان.

دوای ماوەیەک سجنەکەمان بەجێھێشتو بە شەقامەکەدا چووینە خوارەوە بۆ بەردەرکی سەرا. سەر شەقامەکە و ناو کۆڵانەکانیش زۆر قەرەباڵع بوو، خەڵکێکی زۆر ھاتبوونە دەرەوە و بەو ناوەدا دەسوڕانەوە. لەسەر شەقامەکە ئۆتۆمۆبێلێکی پۆلیسی نەجدمەمان بینی کەوتبووە دەستی خەڵکەکە، ناو ئۆتۆمۆبێلەکە پربوو لە کوری گەنج و ھەموو دەرگاکانی ئۆتۆمۆبێلەکەیان کردبووەوە، بەدەرگای لای شۆفێرەکەشەوە. لە ھەریەکێک لەو دەرگایانەوە کەسێک یان دوو کەس ملی ھێنابووە دەرەوە، تەنانەت دەرگای لە دەرگای لا شۆفێرەکەدا کەسێک لە دیوی دەرەوە لەپاڵ شۆفێرێکەدا دانیشتبوو گۆرانی دەوت و خۆی با ئەدا. ھەموو ئەوانەی لەناو ئۆتۆمۆبێلەکەدابوون گۆرانیان ئەوت. ھەرگیز لە ژیانمدا دیمەنی لەو جۆرەم نەدیبوو، ئەو ھەموو زەلامە چۆن لەناو ئەو ئۆتۆمۆبێلەدا شوێنیان بووبووەوە. دەنگی گۆرانیگوتن و دیمەنی خۆبادانی سەرنشینە زۆرەکانی ناو ئۆتۆمۆبێلەکە سەرنجی ھەموو ئەوانەی ڕاکێشابوو کە لەسەر شەقامەکە بوون، ئۆتۆمبۆبێلەکە ھێندە پڕ و قورس بووبوو خەریک بوو بەشی ژێرەوەی لە زەویەکە ئەخشا. ئەمیش رێک وەک ئەو پیاوەی لێھاتبوو کە موبەریدە گەورەکەی خستبوە سەر پشتیی و سنگی خەریکبوو بەر زەویەکە دەکەوت. ئۆتۆمۆبێلەکە بەخێراییەکی زۆر خاو بە شەقامەکەدا بەرەو بەردەرکی سەرا دەچووە خوارەوە و خەڵکێکی زۆریش لە پێشەوە و لەدوایەوە دەڕۆیشتن. ئێمەش لەگەڵ خەڵکەکەدا بەرەو بەردەرکی سەرا کەوتینەڕێ. لەبەردەرکی سەرا دەنگی تەقەی لای بیناکەی حەسیب سالحی جاران، سلێمانی پاڵاسی ئێستا، دەبیسترا. لەناو قەرەباڵغیەکەی بەردەرکی سەرادا چەند کەسێک دەیانگوت ھیچ نییە ھەمووی یەک دوو کەسێکن لەناو بیناکەدا ماونەتەوە و بەرگریی دەکەن، ئێستا ئەوانیش دەکوژرێن. بەردەرکی سەرا زۆر قەرەباڵغ بووبوو، پڕبوو لە کوڕی گەنج، ژن و ئافرەتی گەنجی لێنەبوو. کاتێک ئێمە گەیشتینە بەردەمی بیناکەی حەسیب ساڵح، ئەوێش ئازادکرابوو. چەندکەسێک لەبەردەمی بیانکەدا حیکایەتی دۆشکەبەدەستێکیان دەگێڕایەوە کە گوایە بەتاقی تەنھا لەسەر بیناکە بەرگرییەکی زۆری کردوە، بەڵام خەڵک لە خوارەوە بۆی چوون و کوشتویانە.

لەگەڵ بەختیاردا لە حەسیب ساڵەحەوە بەرو خوار و ڕوو لە شەقامی سالم، کەوتینە ڕێ. لەلای کارگەی جگەرەکە و ناوەندی وەتەن و کانێسکان، کۆمەڵێک دەزگای ئەمن و ئیستیخباراتی بەعس ھەبوو کە بەدرێژایی ساڵانی ھەفتا و ھەشتا ترس و بیمێکی زۆریان لەو شەقامەدا چاندبوو. من منداڵ بووم کە بەعس باوکمیان گرت و لە یەکێک لەو بینایانەدا ماوەیەک ھێشتیانەوە. تا ئێستاش لە بیرمە چۆن بە مەبەستی خۆپاراستن لەو ژمارە زۆرە لە سەرباز و ئەمن و ئیستیخبارات لەو شەقامەدا، من چەندان جار ڕێگاکەی خۆمم گۆڕیوە و بەو بەشەی شەقامی سالمدا نەڕۆشتووم. ئەو بەیانییەی ڕاپەڕین ئەو شەقامە و ھەموو بیناکانی ڕژێم ڕزگارکرابوون. خەڵکێکی زۆر نووسین و فایل و مەلەفیان بەدەستەوە بوو کە ھەموویان لەو بینایانە ھێنابووە دەرەوە. کاتێک کەمەکێک چووینە خوارتر و گەیشتینە بەردەمی مۆزەخانەی سلێمانی، کە لە خوار قوتابخانەی سەناعەی سلێمانییەوە بوو، کورێکی دەمامکدار و چەکدارمان لێپەیدابوو کە ھەم بەختیار و ھەم منی دەناسیی. رووی تێکردین و ووتی تکایە ئێوە ھەوڵبدەن مۆزەخانەکە بپارێزن. بەر لەوەی ھیچ بڵێین کڵاشینکۆفێکی پێداین بۆ پاراستنی مۆزەخانەکە. من کڵاشینکۆفەکەم لێوەرگرتوو لەگەڵ بەختیاردا لەبەردەم دەرگای مۆزخانەکەدا وەستاین. مۆزەخانەکە دوو دەرگای ھەبوو، یەکێکیان لەسەر شەقامە گشتییەکە بوو، ئەمەیان ئەوە بوو کە من و بەختیار تیادا بە کڵاشینکۆفەکەوە ڕاوەستاین. دەرگاکەی تریان لە کۆمەڵانە فەرعیەکەی خوارەدا بوو، لەوێدا پیاوێکی بەساڵاچوو بە تێڵایەکەوە ڕاوەستابوو. لای ئێمەوە ھیچ کەسێک ھەوڵی نەدا بچێتە ناو مۆزەخانەکە، بەڵام لە کۆمەڵانەکەدا پیاوە تێڵابەدەستەکە ژمارەیەک خەڵکی لە مۆزەخانەکە دوور خستەوە. ئێمە زیاد لە سەعاتێک لەوێدا ماینەوە، بیرم دێت من بە بەختیارم ووت نەمانی دەسەڵات لەشارەکەدا دەشێت دەرگا لەسەر فەوزا و کوشتن و بڕینێکی زۆر بکاتەوە، چونکە لە ساتەوەختی شۆشکردندا تەنھا شۆڕشگێڕەکان چالاک نابن، بەڵکو تاوانبار و چەورە و شەقاوە و پیاوکوژەکانیش چالاکدەبن. شۆڕش لەیەککاتدا دەرگا لەسەر چالاکبوونی ئەم دوو گروپە دەکاتەوە. بەختیار وتی ”لێگەڕێ خەڵک ئازادبێت، دوای ماوەیەکی تر ماکس ڤێبەر بەخۆی دەزگا بیرۆکراسییەکانییەوە دەگەڕێتەوە“. ھەروەھا وتیشی “ئەم ساتەوەختەی ئێمە لە ئێستا تیایدا دەژین ساتەوەختێکی مارکۆزەییە، لە ھێربێرت مارکۆزەوە، درەنگ یان زوو دەچینەوە ناو دونیاکەی ماکس ڤێبەر“. من قەناعەتم بە قسەکان نەبوو، بەڵام چونکە شیعریەتێکی زۆریان تێدابوو لێیان بێدەنگبووم. دوای تێپەڕینی ئەو ماوەیە ئەو کوڕ دەمامکدارەی کڵاشینکۆفەکەی دا بە ئێمە گەڕایەوە و کوڕێکی چەکداریشی لەگەڵ خۆی ھێنابوو. کوڕە چەکدارەکە لە شوێنێکەی ئێمەدا وەستا و ئێمەش کڵاشینکۆفەکەمان دایەوە بە دۆستە دەمامکدارەکەمان.

لەو ماوەیەدا کە ئێمە لەبەردەرگای مۆزەخانەکەدا بووین، خەڵک تا دەھات بەرەو خوارەوە دەڕۆیشت، ھەندێک چەکدار و زۆرینەش بێچەک. سەربازگە سەرەکییەی ناو شار ئازادکرابوو، بەڵام لە ئەمنە سورەکە شەڕ بوو. دەنگی تەقە لەو ناوەدا بەگەرمی دەبیسترا. من و بەختیار دوای بینینی ئەو ھەموو دیمەن و ڕووداوە دەگمەنانە تەواو ماندوو بووبووین، بڕیارمان دا بچین بۆ ماڵی مامۆستا شێرزاد حەسەن لە گردەکەی عەلی ناجی. بەڵام ھەر زوو لە بڕیارەکە پەشیمان بووینەوە و بەرەو بەردەرکی سەرا و شەقامی پیرەمێرد بەڕێکەوتینەوە. نزیک عەسر گەیشتینەوە ماڵی بەختیار لە توی مەلیک.

 

یاداوەرییەکانی ڕاپەڕین: سەختترین شەوی تەمەن

(بەشی چوارھەم)

ڕۆژی یەکەمی ڕاپەڕین تێپەڕیی و سلێمانی ھەمووی ڕزگاری نەبووبوو، ڕاستە سەربازگە گەورەکە و بڕێکی زۆر لە بنکە و شوێنە گشتییەکانی بەعس و ژمارەیەکی زۆر لە بینا و شوێنە قایمەکانی رژێم، ھەموویان ڕزگارکرابوون، لە ڕاستیدا وێران و تاڵانیش کرابوون، بەڵام ئەمنە سورەکە مابوو. ئەمەنە سورەکە لە ڕۆژی یەکەمی ڕاپەڕیندا بووبوو بە گرنگترین پێگە و دەزگایەک بەعس لە سلێمانیدا به‌ده‌ستییه‌وه‌ مابێت. ئەم زیندانە گەورەیە تەنھا کۆمەڵێک بینا و ناوچەیەکی تەواو قایمکراو و سەخت نەبوو، تەنھا شوێنێک نەبوو بەعس بە وردەکارییەکی زۆر و بە ھەندەسیەکی سەربازیی ھێجگار قایم بۆ داپۆشین و شاردنەوەی تاوانەکانی ناوی دروستیکردبوو، بەڵکو لە ڕۆژی یەکەمی ڕاپەڕینیشدا، دوای ئازادکردنی بەشێکی زۆری شار، بووبوو بە شوێنی کۆبوونەوەی بەعسییە گەورەکانی شار و ئەو تاوانبارانەی دەیانزانی ھیچ کەسێک ئامادەنییە لە تاوانەکانیان خۆشنابێت. بەشی زۆری بەعسییە زۆرخراپەکانی سلێمانی، ڕاپۆرتنووس و موعتەمەد و تاوانبارە ناسراوەکان، سەرە گەورەکانی دەسەڵاتی بەعس لە سلێمانیدا، ھەموویان لەو بینایەدا بۆ خۆپارستن کۆبووبوونەوە. ئەم دواھەمین گوردانەی بەعس چاوەڕوانی ئەوەی دەکرد دەوڵەت بەھانایانەوە بێت و لەدەستی یاخیگەران ڕزگاریان بکات. پێیان وابوو گەر ماوەیەک خۆیان ڕاگرت و درێژەیان بەبەرگریکردن دا، ئەوا ھاریکاریی حکومەتیان دەگاتێ و دەتوانن ڕزگارببن و دەست بەتاوانەکانیان بکەنەوە. بۆیە بەعسییە گەورەکانی ناو سلێمانی، ئەو شەوە تابەیانی، شەڕیان کرد، بەرگریان لە خۆیان و لە بینای ئەمنە سورەکە و لە ژیانی خۆیان، کرد.

وەکچۆن ئەو شەوە بەعسییەکانی ناو ئەمنە سورەکە لە ترسێکی قووڵدا دەژیان و نەیاندەزانی چ چارەنووسێک چاوەڕوانیان دەکات، دەژین یان دەمێننەوە، دەوڵەت بەفریایان دەگات یان لە بیریاندەکات، بە کۆمەڵ دەکوژرێن یان بە کۆمەڵ ڕزگاریاندەبێت؟ ئاواش بەشێکی زۆری سلێمانی لە ترسێکی ھاوشێوە بە ترسی بەعسییەکانی ناو ئەمنە سورەکەدا دەژیا. لانیکەم من و بەختیار کە شەو لە لە ژورێکی ماڵەکەی ئەواندا بەتەنھا دانیشتبووین، ئەو ترس و دڵەڕاوکێیەمان ھەبوو. ئەو شەوە دەنگی فیشەک و گرمەی تەقەکردن لە سلێمانی نەبڕا، تەقەکردن و گرمەگرمێکی زۆریش. لە ماڵی بەختیارەوە لە توی مەلیک دەنگی تەقەکان بە ئاسانی دەبیستران. کەس نەیدەزانی ئەو ھەموو تەقەیە چییە؟ ھەرکەسە و جڵەوی بۆ خەیاڵ و یاداوەریی خۆی شلکردبوو: تۆ بڵێی بەعس ھاتبێتەوە بۆ سلێمانی؟ بڵێی ھێزی سەربازیی بەھانای بەعسییە گەمارۆدراوەکانی ناو ئەمنە سورەکەوە ھاتبن و ئێستا خەریکی گرتنەوەی ھەندێک لە شوێنە ئازادکراوەکان بن؟ ئەگەر بەعس ھاتبێتەوە دەشێت سبەینێ چی چاوەڕوانی ئەم شارە بکات؟

دەبێت ئەوە بڵێم ئەو بەعسەی ئێمە لەو شەوەدا بیرمان لێدەکردەوە بەعسی دوای پەلامارەکانی ئەنفال و بەعسی دوای داگیرکردنی کوەیت و ئەنجامدانی تاوانە گەورەکان بوو. لەدوای ئەنفالەوە تاوانێک نەمابوو بەعس نەتوانێت ئەنجامیبدات، یان نەکرێت چاوەڕوانی ئەوە بین ئەنجامیبدات. بیرمان لەوە دەکردەوە ئەگەر بەعس سلێمانی بەدەری ھەڵەبجە و قەڵادزێش نەبات، دەکرێت چاوەڕوانی ئەو چارەنووسە بین کە سوپای عێراق بەسەر شاری کوەیتی پایتەخی وڵاتی کوەیتدا ھێنای. ھێزەکانی عێراق دوای داگیرکردنی کوەیت و لە ماوەیەکی کورتدا ئەو شارەیان بەتەواوی ڕووت و قووت کردەوە و ئەوەی قابیلی دزین و تاڵانکردن و وێرانکردن بوو لەو شارەدا دزرا و تاڵانکرا و وێرانکرا. بەعس کولتوری کوشتنی ئاشکرا و بەرچاوی بۆ ناو شەقام و گەڕەکەکانی کوەیتیش گواستەوە بە سەدان کەسی لەناو شەقامەکانی ئەو شارەدا کوشت. ئەو شەوە ھەم من و ھەم بەختیار دەترساین سلێمانی لەباشترین دۆخدا چاوەڕوانی ھەمان چارەنووس بێت و لە خراپتریندا چارەنووسی ھەڵەبجە و قەڵادزێ. لەدوای ئەنفالەوە ھەموو شتێک لە بەعس چاوەرواندەکرا، سنورێک بۆ ئەنجامنەدانی تاوان لە لای بەعس نەمابۆوە. جگە لەمە ئەو بەعسەی ئێمە لەو شەوەدا چاوەڕوانیبووین بەعسێکی تەواو زەلیل و ئیھانەکراو بوو، بۆیە بەعسێکی وێرانکەرتر و کوشندەتر بوو. دوای دەرکردنی بەعس لە کوەیت و سەپاندنی ڕێکەوتنە پڕ زەلیلیی و ئیھانەکردنەکەی ئەمریکا لە ناو خێمە سەربازییەکەی ناو شاری سەفوان دا، بووبوو بە دڕندەیەکی بریندار. من وام ھەستدەکرد بەعس ئەمجارە بگەڕێتەوە زۆر دڵرەقانەتر و وێرانکەرانەتر لە بەعسی ئەنفال بەردەبێتە ژیانی خەڵک، تۆڵە لەھەموو شتێک و لەھەموو کەسێک دەکاتەوە، گەر پێویستیشی کرد پەلاماری سێبەرەکانی خۆشی ئەدات. لە شەڕی ڕاونانی عێراق لە کوەیتدا ئەمریکییەکان تەنھا ٧٩ سەربازیان کوژراو و ٢١٣ سەربازیان بریندار و ٤٤ سەربازی ونبوویان ھەبوو، بریتانیا تەنھا ١٣ سەرباز و فەرەنسا ٢ سەرباز و وڵاتە عەرەبییە بەشداربووەکانیش بەسەر یەکەوە ١٣ سەربازیان لەدستدابوو. بەڵام ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی عێراق لەنێوان ٢٠٠ بۆ ٧٠٠ ھەزار کەسبوو. جەنگەکە زیانی ٢٣٠ ملیار دۆلاری لە عێراق و ١٦٨ ملیار دۆلاری لە کوەیت دابوو. سەدھەزار جار فڕۆکەی ھێزە شەڕکەرەکان بە ئاسمانی بەغدا و شارەکانی تری عێراقدا فڕیبوون و ٨٨ ھەزار تەن بۆمبا و باروتیان لە ئاسمانەوە بەسەر عێراقدا بەردابووەوە. ئەمە جگە لەوەی کە جەنگەکە وێستگە سەرەکییەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا و پاڵاوگە سەرەکییەکانی نەوت و یەکە پیشەسازییە جۆرەبەجۆرەکان و ھەموو سیستمی پەیوەندیکردنی تەلەفۆنات و سیستمی دابەشکردنی ئاو و ژمارەیەکی زۆر لە پرد و جادە و ڕێگا ھەرە سەرەکیی و گرنگەکانی عێراقی، وێرانکردبوو. لەم جەنگەدا بەعس بەھەموو مانایەک تەواو زەلیل و ئیھانەکراو بوو، ھاتنەوەی ھێزێکی لەو بابەتە بۆ شارێک کە دژی ڕاپەڕیبێت بەبێ کارەساتی گەورە کۆتایی نەدەھات. تەقەکانی ئەو شەوە ھەموو ئەو ترسانەی لە دڵی مندا دروستکردبوو.

بەڵام ئەمە تاقە سەرچاوەیکی ترس نەبوو لە دڵی مندا، سەرچاوەیەکی تری ترس ئەوەبوو کە شتێک بەناوی نیزام و ئاسایش و یاسا و دەزگای ڵێپرسینەوە لە شارەکەدا نەمابوو، دەزگا و نیزام و یاساکانی بەعس ڕۆیشتبوون بەڵام لە شوێنیان ھیچیتر دروستنەبووبوو. شکاندنی سجنە سەرەکییەکەش ھەموو ئەوانەی لەسەر خراپەکاریی و دزیی و جەردەیی و کوشتن و بڕین گیرابوون ئازادکردبوو. ترس لە شەقاوە و بەڵتەجیی و چەورە و دز و پیاوکوژان لەو ساتانەدا ترسێکی واقیعییە. لە ساتەوەختی شۆڕشگێڕانەدا ئەوانەی ھانا ئارێنت ناوی ”مۆب“، یانی شەقاوەیان لێدەنەێت، دەبنە بکەرێکی ئازاد و چالاک. ھەموو شۆڕشەکانی دونیا لە قۆناغی یەکەمیاندا دەستی شەقاوە و چەورەکانیان ئازادکردوە، زۆرجاریش بەشێک لە شۆڕشگێڕەکان خۆشیان لەو ساتانەدا دەبن بە چەورە و شەقاوە. بەکورتیی، ترسی من لەو شەوەدا، لەپاڵ ترس لە گەڕانەوەی بەعس، ئەو ترسەبوو کە تۆماس ھۆبز بەرامبەر بە ”دۆخی سروشتیی“ ھەیەتی. دۆخی باڵادەستی شەقاوەکانی بەر لە دروستبوونی دەوڵەت و بەر لە ھاتنەکایەی دەسەڵاتی سیاسیی، دۆخێک تیایدا ئەگەری بەرپابوونی جەنگی گشت دژ بە گشت ئەگەرێکی گەورەیە و ئەوەی بەھێزە دەتوانێت ئەوەی لاوازە لەناوببات.

بەکورتی تەقەکانی ئەو شەوە کورەی ئەو ھەموو ئەو ترسانەی لەناو مندا داخستبوو، بیرم نەماوە ئایا بەختیار ئەو ترسانەی منی بە ھەمان ڕادە ھەبوو یان نا، بەڵام ھەردووکمان لە دۆخی دڵەراوکێ و دوودڵییەکی ھێجگار گەورەدا دەژیاین. من کەمجار لە ژیانمدا بە ئەندازەی ئەو شەوە ترساو و دوودڵ و پڕ لە دڵەڕاوکێ بووم، ترس لە ژیانی خۆم و ھاوڕێ و دۆستەکانم بەتەنھا نا، کە بێگومان ترسێکی ڕەا و بەجێیە، بەڵکو ترس لە ژیانی ھەزاران ھەزار ئینسان و ترس لە ئەگەری وێرانکردنی سەرتاسەریی شارێک. وەک پێشتریش ووتم لەدوای ئەنفالەوە ترس لە بەعس بەھیچ شێوەیەک ترسێکی سادە نەبوو، ترس لە بەعس ترسێکی وجودی قووڵ و وێرانکەر بوو. لەھەمووشی ناخۆشتر ئەوەبوو مرۆڤ لەو شەوەدا نەیدەزانیی پێویستە چی بکات؟

وەک ئەو ھەموو دڵەڕاوکێ و دوودڵیی و ترسە بەس نەبێت، لە پڕێکدا لە دەرگای ماڵی بەختیار درا، نزیکەی سەعات دە یان یازدەی شەو بوو. باوکی بەختیار دەرگاکەی کردەوە، کوڕێک ھەواڵی بەختیاری پرسی. لەوکاتەدا من و بەختیار لە پەنجەرەکەوە سەیری دەرگاکەمان دەکرد. کە کورەکە ھاتە ژوورەوە بەختیار ناسیەوە و بەرەوڕووی چوین و دواتر لەگەڵیدا ھاتینەوە ناو ژوورەکە. ئەو کوڕە رەنگ و ڕووی تەواو شڵەژابوو، دەنگی پڕبوو لە لەرزین و لەبەرچاوی مندا وەک مرۆڤێکی تەواو تێکشکاو دەردەکەوت. باوکی بەختیار بەجێیھێشتن و میوانە ناوەختەکە کەوتە قسەکردن. باسی ئەوەیکرد کە ئەو ئەندامی یەکێک لە گروپە چەپەکانی ناو سلێمانییە و چەند سەعاتێک لەمەوپێش لەگەڵ ھەندێک لە ھاوڕێکانیدا ھێرشیانکردۆتە سەر ئەمنە سورەکە. شەڕێکی قورسیان کردوە و لەئەنجامدا یەکێک لە ھاوڕێکانیان، کە کچێکی گەنجە، شەھید بووە. لە بەختیاری پرسیی: ئایا دەتوانن تەرمی ئەو کچە بھێنن و تا بەیانی لە باخجەکەی ماڵی بەختیاردا دایبنێن. بەیانی زوو لەگەڵ ھاوڕێکانمدا دێتەوە و تەرمەکە دەبەنەوە. من و بەختیار کە گوێمان لەو داوایە بوو تەواو شڵەژاین. داواکە ھێندە نائاسایی بوو نەمانزانی چۆن وەڵامی بدەینەوە. لە سەرێکەوە بەلامانەوە گرنگ بوو بەشداریەکمان لە ڕووداوەکانی ئەو شەوەدا ھەبێت، بەڵام ھاوکات بەجێھێشتنی تەرمی کچێکی گەنج لەو باخچەیەدا، بەبێ ئەوەی بزانین ئەو کچە کێیە و چییە، شتێکی ھێجگار ناماقووڵ بوو. ئێمە نەک تەنھا کچەکەمان نەدەناسیی، بەڵکو ھیچ سەرەداوێکیشمان لەبەردەستدا نەبوو بۆئەوەی بزانین ئەو بەسەرھاتەی کوڕەکە دەیگێڕێتەوە ڕاستە یان نا. بەھەر دیوێکدا دەمانھێنا دۆخەکە زۆر نائاسایی و ناماقوڵ بوو. چۆن لێگەڕێین تەرمی ئەو کچە کواژراوە لەبەردەم پەنجەرەی ئەو ژوورەدا بەجێبھێڵدرێت کە من و بەختیار تیا دەنووستین. لەم قسانەدابووین باوکی بەختیار لەدەرگای ژوورەکەی دا و ھاتە ژوورەوە. کاک عەلی پیاوێکی ھێمن و لەسەرخۆ بوو. ئەو لەژیانی سیاسیدا تەنھا تێکۆشەرێکی ئازا و جەربەزە نەبوو، بەڵکو پیاوێکی دونیادیدە و عاقڵیش بوو. کە حیکایەتەکەمان بۆ گێڕایەوە، کەمەکێک بێدەنگ بوو، سەیرێکی ئێمە و کوڕەکەی کرد و ووتی:

– نابێت ئەو تەرمە لەم باخچەیەدا دابنرێت، ئەوە مزگەوتێک لە تەنیشت ماڵەکەمانەوەیە، تەرمەکە دەبەین بۆ ئەو مزگەوتە.

من کەمجار لە ژیانمدا ھستمکردوە قسەکردن دەتوانێت مرۆڤ بەڕەھایی ڕزگاربکات، وەک ئەو جارە کە باوکی بەختیار ئەو پێشنیارە ماقوڵەی کرد. قسەکانی کاک عەلی ھەم بەختیار و ھەم منی نەک تەنھا لە ئیحراجییەکی زۆر گەورە ڕزگار کرد، بەڵکو چارەسەرێکی زۆر ماقوڵیشی بۆ تەرمی کچە کوژراوەکە دۆزیەوە. پێدەچوو کوڕەکە بە قسەکانی باوکی بەختیار نائومێدبووبێت، بۆیە خواحافیزیی کرد و ڕۆیشت.

ئەو شەوە تا بەیانی من و بەختیار خەومان لێنەکەوت. تەقەکانیش لەدەرەوە ھەر بەردوامبوون. ھەندێک شەو ھەن مرۆڤ تیایاندا دە ساڵ پیردەبێت، ئەو شەوە یەکێک بوو لەو جۆرە شەوانە.

 

یاداوه‌رییه‌كانی ڕاپه‌ڕین: كۆكوژیه‌كه‌ی ناو ئه‌منه‌ سوره‌كه‌

(به‌شی پێنجه‌م)

شه‌وی یه‌كه‌می راپه‌رین به ‌هه‌موو ترس و دووودڵیی و گومانه‌كانییه‌وه‌ تێپه‌ڕی، ئه‌و شه‌وه‌‌ر سه‌خته‌كه‌ كۆتایی هات و سبه‌ینێیه‌كی نوێ ده‌ستیپێكرد. من و به‌ختیار ئه‌و سه‌رله‌به‌یانیه‌ش پێكه‌وه‌ هاتینه‌ده‌ر. كه‌سمان نه‌مانده‌زانی دوای كه‌مێكی تر به‌سه‌ر چ دۆخێكدا ده‌كه‌وین؟ چ شارێك ئه‌دۆزینه‌وه‌ و روومان به‌ رووی‌ چ دونایه‌كدا ده‌ته‌قێته‌وه‌. ته‌قه‌كانی شه‌وی پێشو خه‌یالی ئێمه‌ی به‌ره‌و هه‌موو ئه‌گه‌رێكی خراپ و ناپه‌سه‌ند جوڵاندبوو، به‌ ئه‌گه‌ره‌ هه‌ره‌ هه‌ره‌ خراپه‌كه‌وه‌: ئه‌گه‌ری هاتنه‌وه‌ی به‌عس‌ بۆ سلێمانی و داگیركردنه‌وه‌ی شوێنه‌ ئازادكراوه‌كان، ئه‌‌گه‌ری ڕزگاربوونی ئه‌من و ئیستیخبارات و جاسوسه‌كانی به‌عس، هێنانی هێزی زیاتر و كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی هه‌موو فه‌زا‌كانی شار. خه‌یاڵی ئێمه‌ پڕبوو له‌ وێنه‌ی خراپه‌كارییه‌ زۆره‌كانی به‌عس، یاداوه‌ریشمان پر بوو له‌ وێنه‌ی گرتن و راونان و كوشتن. ئه‌و به‌یانییه‌ كه‌ هاتینه‌ ده‌ره‌وه‌ به ‌دوورمان نه‌ده‌زانی بكه‌وینه‌ ناو‌ مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌كانیناو یه‌كێك له‌و‌ وێنه‌ ترسناكانه‌وه‌. جگه‌ له‌مانه‌، كه‌ ده‌رگاكه‌مان كرده‌وه‌ و چووینه‌ ده‌ره‌وه،‌ به‌شێكی زۆری‌ ترس و دووڵییهه‌كانی شه‌وی رابردووش، به‌سیناریۆ تاڵه‌كانی ناو خه‌یاڵمانه‌وه‌، هێشتا له‌ناو له‌ش و زمان و روانینه‌كانماندا بوو.

كه‌ گه‌یشتینه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كه‌ی ئه‌ودیوی ماڵی به‌ختیار، بڕیارماندا بچینه‌ فولكه‌ی كاوه‌ی ئاسنگه‌ر و له‌وه‌وه‌ سه‌ریرێكی بینا گه‌وره‌كه‌ی حیزبی به‌عس و جه‌یش شه‌عبییه‌كان بكه‌ین و بزانین ئایا به‌عس هاتۆته‌وه‌ ناو ئه‌و بینایه‌ یان نا.. كه‌ فولكه‌كه‌مان تێپه‌ڕاندوو له‌ بیناكه‌ نزیكبووینه‌وه‌ نه‌ سه‌ربازه‌كانی سوپا و نه‌ چه‌كداره مه‌ده‌نییه‌‌كانی به‌عس و نه‌ زیلی سه‌ربازیی و نه‌ ئۆتۆمۆبێلی نه‌جده‌ و نه‌ هیچ شتێكی دیكه‌مان بینی كه‌ هێما بۆ هاتنه‌وه‌ی به‌عس بكات. هیچ شیێكی به‌عس له‌و ناوه‌دا نه‌مابوو‌، بیناكه‌ خۆشی هێمایه‌كی زیندوو بوو كه‌ ده‌سه‌لاتی به‌عس له‌ناویدا نه‌ماوه‌. كاتێك زیاتر چووینه‌ پێشه‌وه‌، وه‌ك رۆژی پێشوو، ‌ چه‌ندكه‌سێكمان بینی له‌ناو بیناكه‌وه‌ ده‌هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌، كۆمه‌ڵێك كاغه‌ز و پانكه‌یه‌ك و یه‌ك دوو مێزی بچووكیان پێبوو. ئیتر ته‌واو دڵنیابووین كه‌ به‌عس نه‌گیشتۆته‌وه‌ ئه‌م به‌شه‌ی سلێمانی. دوای ئه‌وه‌ به‌ شه‌قامی توی مه‌لیكدا چووینه‌ خواره‌وه‌ تا گه‌یشتنیه‌ به‌رده‌می سجنه‌كه‌، دۆخه‌كه‌ له‌و‌ێش ته‌واو وه‌ك دۆخی دوێنێ وابوو، له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه‌وه‌ هه‌ندێك كه‌س ده‌چوونه‌ ناو سجنه‌كه‌ و له‌ناو سجنه‌كه‌شه‌وه‌ هه‌ندێك كه‌سی تر‌ ده‌هاتنه‌وه‌ ده‌ره‌وه‌. له‌ به‌رده‌ركی سه‌را و له‌ شه‌قامی مه‌وله‌وی و لای بیناكه‌ی حه‌سیب ساڵحیش هه‌مان دۆخی دوێنێمان بینییه‌وه‌. له ‌هیچ یه‌كێك له‌و شوێنانه‌دا به‌عس بوونی نه‌مابوو، خه‌ڵكێكی زۆریش هاتبوونه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ سه‌یركردنی ئه‌و شوێنانه‌. ئێمه‌ ئیتر له‌وه‌ دڵنیابووین به‌عس نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ سلێمانی‌، جونكه‌ ئه‌گه‌ر هاتبایه‌وه‌ ده‌بوایه به‌ر له‌هه‌موو شتێك هه‌م سه‌را و هه‌م ده‌وروبه‌ر‌ی حه‌سیب ساڵحیان كۆنترۆڵ بكردایه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و شوێنانه‌‌ سێنتراڵترین شوێنی شاره‌كه‌ن.

له‌گه‌ڵ به‌ختیاردا بڕیارماندا سۆراخی هه‌ندێك له‌ هاوڕێ نزیكه‌كانمان بكه‌‌ین‌. یه‌كه‌م جار سه‌ردانی ‌ ماڵی گۆران بابه‌ عه‌لیمان كرد و دواتریش له‌گه‌ڵ گۆران خۆشیدا چووین بۆ ماڵی به‌رزان فه‌ره‌ج. گۆران و به‌رزان دوو هاوڕێی زۆر نزیكی ئه‌مه‌ بوون. گۆران باسی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی لای ماڵی خۆیانی بۆ ده‌كردین. باسی كوشتنی ئه‌ریوانی عومه‌ر ده‌وڵه‌تی گێڕایه‌وه‌، باسی شه‌ڕ و ته‌قه‌ زۆره‌كانی ئه‌و به‌شه‌ی ناو ساری گێرایه‌وه‌، هه‌روه‌ها باسی ئه‌وه‌ی گێرایه‌وه‌ كه‌ چۆن جه‌ند كه‌سێك له‌ خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی ئه‌وان ڤیدیۆی ماڵی موحافیزی سلێمانیان دزیی بوو. له‌ سلێمانی سالانی هه‌شتادا یه‌كێك له‌ ره‌مزه‌ سه‌ره‌كییه‌‌كانی ده‌وله‌مه‌ندبوون ئه‌وه‌بوو له‌ ماڵه‌وه‌ ڤیدیۆت هه‌بێت. له ‌هه‌موو سلێمانی سالانی هه‌شتادا دا ته‌نها چه‌ند ماڵێكی زۆر كه‌م ڤیدیۆیان هه‌بوو، كڕینی ڤیدیۆ نه‌ك ته‌نها پاره‌یه‌كی زۆری ده‌ویست و زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری خه‌ڵك ئه‌و پاره‌یه‌یان نه‌بوو، به‌ڵكو پێویستیشی به‌ رازیبوونی دائیره‌ی ئه‌من هه‌بوو. بۆیه‌ دزینی ڤیدیۆكه‌ی ماڵی موحافیز هه‌واڵێكی گرنگ بوو.

دوای ئه‌وه‌ی ماڵی به‌رزان فه‌ره‌جمان به‌چێهێشت، ئیتر هه‌ر چوارمان، به‌رزان و گۆران و به‌ختیار و من، چوینه‌ شه‌قامی سالم و سه‌رمان له‌ مۆزه‌خانه‌كه‌ دایه‌وه‌، وه‌ك دوێنێ دوو چه‌كدار له‌به‌رده‌میدا وه‌ستابوون بۆ پاراستنی. ‌خه‌ڵكێكی زۆر به‌سه‌ر شه‌قامه‌كانه‌وه‌ بوو. له‌ نزی سه‌عات یه‌كی دوانیوه‌ڕۆدا بڕیارمان دا بچین بۆ ماڵی شێرزاد حه‌سه‌ن له‌ گرده‌كه‌ی عه‌لی ناجی. له‌و كاته‌سدا هێشتا ده‌نگی ته‌قه‌كردن هه‌ر ده‌بیسترا، به‌تایبه‌تی له‌ ده‌وروبه‌ری ماڵی مامۆستا شێرزاد كه‌ زۆر له‌ ئه‌منه‌ سوره‌كه‌وه‌‌ نزیكبوو. كه‌ له ‌ده‌رگای ماڵی كاك شێرزادمان دا، باجی ئامین، ناسراو به‌ ئامینی جۆڵا، دایكی كه‌ژاڵ خانی هاوسه‌ری كاك شێرزاد، ده‌رگاكه‌ی لێكردینه‌وه‌. كه‌ ئێمه‌ی بینی باوه‌شی پیاكردین و ئه‌ملاو ئه‌ولای ماچكردین. باجی ئامین ژنێكی هێجگار میهره‌بان و دڵفراوان و ئازا و ئیشكه‌ر بوو. ئێمه‌ی خۆشده‌ویست و وه‌ك دۆست و هاوڕێی زۆر نزیكی مامۆستا شێرزاد مامه‌ڵه‌ی ده‌كردین. كه‌ چوینه‌ژووره‌وه‌ مامۆستا شێرزاد و خێزانه‌كه‌ی و منداڵه‌كانی هه‌موویان له‌ ماڵ بوون. دوای چاك و چۆنی كه‌وتینه‌ قسه‌ و گێرانه‌وه‌ی ئه‌زموونی ئه‌و ڕۆژ و نیوه‌ی راپه‌ڕین بۆ یه‌كتری. من باسی ترس و دوودڵیی و به‌دگومانییه‌كانی شه‌وی پێشوم بۆ مامۆستا شێرزاد كرد و ئه‌ویش به‌ سه‌رله‌قاندنه‌وه‌ شتێك له‌ ترس و دوودڵییه‌كانی ئه‌و شه‌وه‌ی خۆی بۆ ئێمه‌ گێڕایه‌وه‌. به‌ختیار حیكایه‌تی ئه‌و پیاوه‌ی گێرایه‌وه‌ كه‌ موبه‌ریده‌ گه‌وره‌كه‌ی له‌ له‌سه‌ر پشی خۆی دانابوو. گۆران باسی دزینی ڤیدیۆكه‌ی ماڵی موحافیزی گێڕایه‌وه‌. نایه‌ته‌ بیرم به‌رزان چی گێڕایه‌وه‌، به‌ڵام من جارێكی تر =یكایه‌تی ئۆتۆمۆبێلی نه‌جده‌كه‌م گێرایه‌وه كه‌ پڕپڕبوو له‌ نه‌فه‌ری دڵخۆش.‌ ئه‌و رۆژه‌ له‌ماڵی مامۆستا شێرزاد هه‌موومان پێده‌كه‌نین و ده‌تریقاینه‌وه‌. باجی ئامین یه‌ك دوو جار هاته‌ ئه‌و ژووره‌ی ئێمه‌ هه‌موومان تیایدا كۆبووبووینه‌وه‌، كه‌ ئێمه‌ی ده‌بینی دڵخۆشین و پێده‌كه‌نین، به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كه‌وه‌ ده‌رگای ژووره‌كه‌ی پێوه‌ئه‌دا و ده‌ڕۆشت.

من مامۆستا شێرزادم له‌ ڕێگای به‌ختیاره‌وه‌ ناسیی. به‌درێژاییی سالانی هه‌شتا، ئێمه، ئه‌و چه‌ند براده‌ره‌ی له‌و كاته‌دا‌ له‌ماڵی مامۆستا شه‌رزاد كۆبووبووینه‌وه‌، به‌ ئیعجابێكی زۆره‌وه‌ سه‌یری مامۆستا شێرزادمان ده‌كرد. ئه‌و بۆ ئێمه‌ هه‌م‌ چیرۆكنووسێكی به‌توانا بوو، دوو كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی «ته‌نهایی» و «گوڵی ڕه‌ش»ی بلاوكردبووه‌وه‌، هه‌م ئینگلیزیزانێكی باش بوو، هه‌م پیاوێكی هێجگار قسه‌خۆش بوو، هه‌م به‌ جل و به‌رگ و ستایه‌ڵی ژیانیدا كه‌سێكی مۆدێرن و تازه‌گه‌ر بوو. ڕێكه‌وتیش نه‌بوو یه‌كه‌مین نووسینی جدیی و راسته‌قینه‌ی من لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی درێژ بوو له‌سه‌ر چیرۆكی «گوڵی ره‌ش»ی مامۆستا شێرزاد كه‌ ساڵی ١٩٨٨ له‌ رۆژنامه‌ی «هاوكاری»دا بڵاوبووه‌وه‌.

ئێمه‌ كه‌ ده‌گه‌یشتینه‌ مامۆستا شێرزاد به‌رده‌وام گوێمان له‌ قسه‌ و باس و حیكایه‌ته‌كانی ئه‌و ده‌گرت. كاك شێرزاد قسه‌كه‌رێی باشه‌، ورد ده‌دوێت و هه‌ستكردنی به‌ ته‌فاسیله‌كان سه‌رسوڕهێنه‌ره‌، به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێت به‌سه‌رهاته‌‌كانی تێكه‌ڵ به‌ تێز و تیوره‌ی فیكریی ناكات، ڕێك له‌ ناو ورده‌كارییه‌كانی ژیانه‌وه‌ قسه‌ده‌كات، هیچ ئایدیۆلۆژیایه‌كیش به‌ری به‌بینینی نه‌ده‌گرت. زۆربه‌ی جار كه‌ باسی باوكی و باسی ژیانی مێردمنداڵیی خۆی و باسی خۆشه‌ویستیی و خه‌یاڵه‌ كوژراوه‌كانی خۆی ده‌كرد، ئه‌مه‌ ده‌بوراینه‌وه‌ له‌ پێكه‌نیندا. كه‌م كه‌سم دیوه‌ له‌ ژیانمدا ئه‌و هه‌موو تراژدییه‌ی ناو ژیانی خۆی به‌و شه‌وازه‌ كۆمیدییه‌ بگێڕێته‌وه‌. به‌لام ئه‌و دوا نیوه‌ڕۆیه‌‌ له‌ ماڵی ئه‌وان‌ ئێمه‌ هه‌موومان قسه‌مان كرد، هه‌ریه‌كێكمان باسی شه‌و و رۆژی یه‌كه‌می راپه‌رینی كرد له‌و گۆشه‌نیگایه‌وه‌ كه‌ ڕووداوه‌كانی تیادا بینیبوو.

خاڵێكی هاوبه‌شی ئه‌و دوانیوه‌ڕۆیه‌ ئه‌وه‌بوو هه‌موومان زۆر دڵمان خۆشبوو، یه‌كه‌میان جاربوو ژیانمان له‌ده‌ره‌وه‌ی جه‌بر و فشار و ئاماده‌گییه‌ كوشنده‌كانی به‌عسدا ببینین و ئه‌زموون بكه‌ین. ئێمه‌ نه‌وه‌یه‌ك بووین به‌عس هه‌موو بوونمانی داگیركردبوو، هاتنی به‌عس و منداڵیی ئێمه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ترسناك به‌یه‌كدی تێكه‌ڵبوون. مێردمنداڵیی و گه‌نجیمان له‌ناو شه‌ڕ و كوشتاره‌ زۆره‌كانی ئه‌و سیستمه‌ تۆقێنه‌ردا به‌سه‌ربرد. نه‌مانی به‌عس رووداوێكی هێجگار گرنگیی ناو ژیانی ئێمه‌ بوو، ره‌نگه‌ گرنگترین رووداوێك بێت.

ئێمه‌ له‌ گه‌رمه‌‌ی قسه‌كردندا بووین دوو پێشمه‌رگه‌ری خزمی باجی ئامین هاتنه‌ ژووره‌وه‌ بۆ ماڵی كاك شێرزاد، تاقم و مه‌خزه‌نه‌ فیشه‌كێكی زۆریان به‌ستبوو، یه‌كی كلاشینكۆفێكیشان به‌ شانه‌وه‌ بوو. ئێمه‌ له‌به‌ریان هه‌ستاینه‌وه‌ و ته‌وقه‌مان له‌گه‌ڵكردن. یه‌كمجاربوو پێشمه‌گه‌ر له‌ناو شاردا ببینین، هه‌ردووكیان له‌ ئه‌منه‌ سوره‌كه‌وه‌ هاتبوون. كه‌ هه‌واڵی ئه‌منه‌ سوره‌كه‌مان لێپرسین، وتیان ته‌واوبووه‌ و ئه‌وێش ڕزگاركرا. به‌ڵام هێشتا جار‌نه‌جارێك ده‌نگی ته‌قه‌ی فیشه‌ك هه‌ر ده‌هات. من له ‌یه‌كێك له‌ پێشمه‌رگه‌كانم پرسی ئه‌ی ئه‌و ته‌قانه‌ چین‌. له‌ وه‌ڵامدا ووتی هیچ نییه‌، هه‌ندێك كه‌س هێشتا له‌ناو بینای ئه‌منه‌ سوره‌كه‌دا ماون و ته‌سلیم نه‌بوون، ئه‌وه‌ دیاره‌ یه‌كه‌ یه‌كه‌ دێنه‌ده‌ره‌وه‌ و خه‌لكه‌كه‌ش راسته‌وخۆ ده‌یانكوژن.

ده‌مه‌و عه‌سر له‌گه‌ڵ مامۆستا شێرزدا هاتینه‌وه‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌ره‌و ئه‌منه‌ سوره‌كه‌ كه‌وتینه‌ ڕێ. به‌رده‌می ده‌رگای سه‌ره‌كیی ئه‌منه‌ سوره‌كه‌ قه‌ره‌باڵغ بوو، خه‌ڵكێكی زۆری لێكۆبووبووه‌وه‌، له‌ناویاندا چه‌ندان ژن و جه‌ندان پیاوی گه‌نج و به‌ته‌مه‌ن ده‌بنیران. یه‌كه‌م جار بوو له‌ رۆژه‌كانی ڕاپه‌ڕیندا ژنان و كچان به‌و ژماره‌یه‌ ببینم. ئێمه‌ له‌ ده‌رگا سه‌ره‌كییه‌وه‌ چوینه‌ ژووره‌وه‌. ڕۆژێكی باراناوی بوو، هه‌ندێك له‌ جۆگه‌له‌ بارانه‌كان سوربوون، دیاربوو دڵۆپه‌ بارانه‌كان به‌ خوێنی كوژراوه‌كان تێكه‌ڵبووبوون. ده‌بوایه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك بڕۆیت خوێنه‌كه‌ به‌ر جله‌كانت و پێلاوه‌كانت نه‌كه‌وێت. بیرۆكه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ خوێنی مرۆڤێكی كوژراو به‌ جله‌كانته‌وه‌یه‌ بیرۆكه‌یه‌كی سه‌خت بوو. من كه‌ یه‌كه‌مجار لاشه‌ی كه‌سه‌ كوژراوه‌كانم بینی له‌سه‌ر یه‌ك هه‌ڵچنرابوون و چه‌ند مه‌ترێك له‌زه‌ویه‌وه‌ به‌رزبووبوونه‌وه‌، نه‌مزانی ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یبینم ته‌پۆڵكه‌یه‌كی بچووكه‌ له‌ لاشه‌ی كه‌سانی كوژراو. دیمه‌نه‌كه‌ هێنده‌ غه‌ریب و سه‌یر و ناماقوڵ بوو، چاوه‌كانم و هه‌سته‌كانم ده‌ره‌قه‌تی وه‌رگرتنیان نه‌ده‌هاتن. ڕێ‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ وابوو نه‌مبینیبێت. هیچ ره‌گه‌زێكی ئه‌و دیمه‌نه، یان دیمه‌نی له‌و شێوه‌یه‌، پێشتر‌ له‌ناو خه‌یاڵ و یاداوه‌ریی و چاوه‌ڕوانییه‌كانی مندا بوونی نه‌بوو، چ جای ئه‌وه‌ی به‌ راستیی له‌به‌رده‌متدا بێت و راسته‌وخۆ بیبینیت. دوای شۆكبوونی سه‌ره‌تا و كاتێك كه‌مه‌كێك وردتر ڕوانیم و وردبوومه‌وه‌ زانیم ئه‌وانه‌ی ده‌یانبینم، لاشه‌ی كه‌سانێكی زۆر و كوژراون و دراون به‌سه‌ر یه‌كدیدا. ئه‌و ته‌پۆڵكه‌یه‌ی كه‌ بینیم ته‌پۆڵكه‌یه‌ك بوو له‌ كه‌سی كوژراو دروستكرابوو. من راسته‌وخۆ دۆخی ده‌رونیم ته‌واو تێكچوو، تا ده‌هات خوێنی ناو جۆگه‌له‌ بارانه‌كانیش زیادی ده‌كرد، له‌ شوێنێكیشدا مێشكی پژاوی كوژراوێكم بینی بارانه‌وه‌كه‌ ده‌یبرد. ئاگام له خۆم و له‌‌ هاوڕێكانم نه‌ما. كاتێك سه‌رنجم له‌سه‌ر ته‌پۆڵكه‌كه‌ وه‌رگێرا و سه‌یرێكی ناو ساحه‌كه‌م كرد، چه‌ندان ته‌رمی ترم بینی، له‌ پڕێكدا سه‌رێكی بڕاوم بینی، له‌ولاوه‌ سه‌رێكی ترم بینی به‌ بلۆك پانكرابووه‌وه‌، گوێم لێبوو یه‌كێك ده‌یگوت ئه‌مه‌یان سه‌ری مه‌عاون موحافیزه‌.

من ته‌واو دڵم تێكهه‌ڵهات و خه‌ریكبوو بڕشێمه‌وه‌. من ته‌واو دڵم تێكهه‌ڵهات و خه‌ریكبوو بڕشێمه‌وه‌. نه‌مده‌زانی كه‌وتومه‌ته‌ ناو چ سه‌رزه‌مینێكه‌وه‌، بروام نه‌ده‌كرد مرۆڤ بتوانێت ئه‌و شتانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ مرۆڤی تر.بكات. ئه‌وده‌م هێشتا داعش له‌ هیچ شوێنێكه‌وه‌ بوونی نه‌بوو، سری بڕاوی مرۆڤ به‌راده‌ی ئه‌مڕۆ نه‌بووبوو به‌ دیمه‌نێكی ئاسایی. هێشتا ئینته‌رنێت و تۆره‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كان پڕنه‌بووبن له‌ وێنه‌ی مرۆڤی كوژراو، له‌ لاشه‌ی ئه‌تككراو، له‌ خوێنی رژاو له‌ هه‌موو به‌شه‌كانی دونیادا. بینینی ئه‌و دیمه‌نانه‌ له‌ناو ئه‌منه‌سوره‌كه‌دا له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو چاوه‌روانییه‌كانی مندابوو.

سه‌یری ده‌وروبه‌ری خۆمم كرد مامۆستا شێرزاد و به‌ختیار و گۆران و بارزانم بینی، جه‌ند مه‌ترێك له‌دوای منه‌وه‌ بوون، هه‌ستمكرد دۆخی ئه‌وانیش له‌ دۆخی من باشثر نییه‌. به‌ په‌له‌ چوینه‌ده‌ره‌وه‌ و هه‌ریه‌كه‌مان به‌لایه‌كدا رۆیشت. ورده‌كارییه‌كانی دوای ئه‌وه‌م له‌یاد نه‌ماوه‌، به‌لام له‌بیرمه‌ من و به‌ختیار به‌یه‌كه‌وه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ ماڵی به‌ختیار. دیمه‌نی كوژراوه‌كانی ناو ئه‌منه‌ سوره‌كه‌ له ‌به‌رچاومان بزرنه‌ده‌بوو. نه‌مانده‌زانی بیر له‌ چی بكه‌ینه‌وه‌ و چی به‌یه‌كتری بڵێین. به‌بیرم دێت، له‌ رووی پرنسیپه‌وه‌، نه‌ من نه‌ به‌ختیار، له‌و ساته‌دا كوشتنی هه‌ندێك له‌و تاونبارانه‌مان پێ خراپ نه‌بوو. بیرم به‌ختیار ووتی هه‌ندێكیان شایانی ئه‌وه‌ن زیاد له‌ جارێك بكوژرێن، منیش له‌ وه‌ڵامدا ووتم هه‌ندێكیان شایانی ئه‌وه‌شن تا به‌رده‌رگای جه‌هه‌نه‌م بیانبه‌یت و له‌وێ ته‌سلیم به‌ پاسه‌وانه‌كانی جه‌هه‌نه‌میان بكه‌یت. ئه‌وه‌ی ترسناك بوو كوشتنی بێ داگایی و كوشتنبوو له‌ رق و تۆڵه‌وه‌، هیچ یه‌كێك له‌مانه‌ قابیلی قبووڵكردن نه‌بوو. زۆرێك له‌و تاوانبارانه‌‌ ده‌بوایه‌ بگیرانایه‌ و دادگایی بكرانایه‌، حیكایه‌تی چه‌وساندنه‌وه‌ی خه‌ڵك و سوكایه‌تییه‌ زۆره‌كانیان به‌و شاره‌ بگێڕایه‌ته‌وه‌، ده‌بوایه‌ پاڵنه‌ری به‌ به‌عسیبوونیان باسبكردایه‌‌ و به‌خه‌ڵكیان بگوتایه‌ چی ئه‌وانی به‌ره‌و ئه‌و هێزه‌ تۆقێنه‌ره‌ بردبوو. ده‌بوایه‌ به‌شێك له‌ مێژووی به‌عس له‌سه‌رده‌می ئه‌و كه‌سه‌ چالاكانه‌ی ناو ریزه‌كانی به‌عسه‌وه‌ ببیستین.

كارادانه‌وه‌ی دڵڕه‌قانه‌ی خه‌ڵك له‌ ئه‌منه‌ سوره‌كه‌ كاردانه‌وه‌بوو به‌رامبه‌ر به‌ زیاد له‌ بیست ساڵ حوكمڕانیی تۆقێنه‌رانه‌ی به‌عس، به‌تایبه‌تی به‌عسی دوی تاوانه‌ و په‌لاماره‌ وێرانكه‌ره‌كانی ئه‌نفال، به‌عسی چه‌كی كیمیاویی و ئۆردگای زۆره‌ملێ و كوشتنی زیاد له‌ سه‌د هه‌زار مرۆڤ و روخاندن و وێرانكردنی زیاد له‌ چوار هه‌زار گوند. ئه‌وانه‌ی له‌و ڕۆژه‌دا ده‌كوژران وه‌ك به‌شێك له‌و سوپا گه‌وره‌یه‌ی تاوانه‌كانی به‌عسیان ئه‌نجامدابوو، ده‌كوژران.

به‌شێكی تری ئه‌و كارادانه‌وانه‌ش درێژه‌دان و دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و كولتوریی تۆڵه‌یه‌ بوو‌ كه‌ تا ئه‌مڕۆش له‌ كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا ئاماده‌یه‌، به‌ڵام من ئه‌و كاتیش پێموابوو به‌شێكی ئه‌و دڵره‌قیی و قه‌سوه‌ته‌ پابه‌ستی ئه‌و ترسه‌ كه‌م وێنه‌یه‌ی شه‌وی یه‌كه‌می راپه‌ڕین بوو، ترسی هاتنه‌وه‌ی به‌عسییه‌كان بۆ سلێمانی. ئه‌م ترسه‌ ترسێكی هێجگار گه‌وره‌ و قووڵ بوو، هه‌موو شاری به‌ ره‌نگی خۆی ره‌نگرێژ كردبوو. كوشتنی ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ناو ئه‌منه‌ سوره‌كه‌دا ته‌سفیه‌ی حیسابات بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و ترسه‌دا، كۆتاییهه‌نان بوو به‌و ترسه‌ كه‌ گرێدراوی ئه‌گه‌ره‌كانی هاتنه‌وه‌ی به‌عس بوو بۆ سلێمانی. به‌م مانایه‌ ڕه‌هه‌ندێكی ره‌مزیی گرنگ و هه‌وڵدانێكی سایكۆلۆژیی گه‌وره‌ بۆسه‌ر كه‌وتن به‌سه‌ر ئه‌و ترسه‌دا، له‌و كوشتنه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌ی ناو ئه‌منه‌ سوره‌كه‌دا ئاماده‌بوو.

دوای چه‌ند رۆژێك كه‌ گۆران بابه‌ عه‌لیم بینییه‌وه‌ به‌ درێژیی بۆی گێڕامه‌وه‌ كه‌ دوای سه‌ردان له‌ ئه‌منه‌ سوره‌كه‌ دوو ڕۆژ نانی بۆ نه‌خوراوه‌ و نه‌نوستووه‌. هاوڕێكانی تریش ئه‌زموونێكی له‌و بابه‌ته‌یان هه‌بوو. له‌راستیدا دیمه‌نه‌كانی ناو ئه‌منه‌ سوره‌كه‌ هه‌موومانی تووشی شۆكێكی گه‌وره‌ كردبوو، به‌ڵام سه‌ختی ساته‌وه‌خته‌كه‌ خۆی و گرنگیی ڕه‌هه‌نده‌ ئازادیخوازه‌كه‌ی، دۆخی نه‌مانی به‌عس و ڕزگاربوون له‌ پیاوه‌كانی و مه‌له‌فه‌كانی و هێزه‌كانی، هاتنه‌كایه‌ی سه‌ره‌تای خه‌ونبینین به‌ دروستكردنی دونیایه‌كی ته‌واو نوێوه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌راده‌یه‌ك گه‌وره‌ و ئه‌فسانه‌یی ‌بوون، مه‌ودایه‌كی ئه‌وتۆی بۆ تێڕامانی ورد له‌و دڵره‌قیی و توندوتیژییه‌ په‌نهانه‌ی ناو كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ نه‌هێشته‌وه‌. من له‌ یه‌كه‌مین وتاری ناو یه‌كه‌مین ژماره‌ی گۆڤاری ره‌هه‌نددا، كه‌ پێنج ساڵ دوای ڕاپه‌ڕین نووسیم، بۆ یه‌كه‌مجار له‌سه‌ر هه‌ندێك له‌ ره‌گوڕیشه‌كانی توندوتیژیی له‌ دونیای ئێمه‌دا وه‌ستام و هه‌ندێك سه‌رنجم له‌سه‌ر نووسی.

 

یاداوه‌رییه‌كانی راپه‌رین: مێژوویه‌ك ته‌مه‌نی یه‌ك رۆژ بوو

(به‌شی شه‌شه‌م)

رۆژی دووهه‌می ڕاپه‌ڕین یه‌كه‌مین رۆژی نه‌مانی ته‌واوه‌تی به‌عس بوو له‌ سلێمانیدا، گرتنی ئه‌منه‌ سوره‌كه‌ گرتنی دواهه‌مین قه‌ڵا‌ی ئەو رژێمە ترسانکە بوو له‌و‌ شاره‌‌دا. به‌درێژایی مێژووی دوو ده‌یه‌ی رابوردووی بەر لە ڕاپەڕین، ئه‌وه‌ یه‌كه‌مین ڕۆژێک بوو سلێمانی‌ ساتێكی خاڵیی له‌ به‌عس بژیی. یه‌كه‌م جاربوو ئه‌و شاره‌ هه‌وایه‌ك هه‌ڵبمژێت به‌عس پیسی نه‌كردبێت و ھەستێکی گەورە بە ئازادیی لە هه‌ناویدا ئامادەبێت. كه‌وتنی ئه‌منه‌ سوره‌كه‌ کەوتنی دواهه‌مین به‌تالیۆنی سوپا ئیمپراتۆریه‌ته‌كه‌ی به‌عس بوو له‌ سلێمانیدا، تانك و زرێپۆشه‌ سوتاوه‌كانی به‌عس له‌و ساته‌دا‌ ته‌نها هێمای تێكشكانی ئامێره‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی به‌عس نه‌بوو، به‌ڵكو هێمای كۆتاییهاتنی سه‌رده‌مێك و ده‌ستپێكردنی سه‌رده‌مێكی تر بوو. لەو ڕۆژەدا ئەوەی قوربانیی بەعس بوو، ئەوەی بەعس ژیانی کردبووە کولانەیەکی تاریک و شێوازه‌ هه‌ره‌ ساده‌كانی ئازادیی لێسه‌ندبووه‌وه‌، ھەموویان لەسەر شەقامەکان بوون و خۆیان لە فەزایەکی تەواو نوێدا دەبینیەوە. لە ھەمان کاتدا هه‌واڵی راپه‌رینی شاره‌كانی تری كوردستان و رزگاربوونی زۆر شوێنی تری نیشتیمان ده‌گیشته‌ سلێمانی و ئێمه‌ش تا ده‌هات دڵمان خۆشتر و ئه‌و باوه‌ڕه‌مان‌‌ به‌‌هێزتر ده‌بوو كه‌ ده‌شێت دونیایه‌كی تازه‌ دروستبكه‌ین، زۆر پاكتر و ئینسانیتر له‌وه‌ی به‌عس به‌ بیست ساڵ كوشتن و بڕین و ڕاونان و بێده‌نگكردن و ترساندن بۆ ئێمه‌ی دروستكردبوو. ڕۆژی رزگاركردنی ئه‌منه‌ سوره‌كه‌ رۆژی خه‌ونبین بوو، له‌و ڕۆژانه‌ ده‌چوو كه‌ كۆمه‌ڵگاكان ده‌توانن و ده‌وێڕن تیایاندا خه‌یاڵی خۆیان تازه‌بكه‌نه‌وه‌ و بیر له‌ شتی نوێ بكه‌نه‌وه‌. له ‌زۆر ڕووه‌وه‌ مێژووی ئێمه‌ له‌و ڕۆژه‌دا ته‌مه‌نی ته‌نها یەک رۆژ بوو، ئەو ڕۆژەش رۆژی پاككردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌بوو له‌ به‌عس. مرۆڤ ئەو ھەستەی تیادابوو کە کەوتۆتە ناو زەمەنێکی تازەوە و پێوستە شتەکان ھەموویان سەرلەنوێ ناوبنێتەوە. دەسکاریی ھەموو شتەکان بکات، لە دەسکاریی زمانەوە بۆ دەسکاریی پەیوەندییەکان و لەوانیشەوە بۆ دەسکاریکردنی ڕوانینەکان و لێکدانەوەکان.

هه‌موومان دڵمان به‌و وەرچەرخانە گەورەیە‌ خۆش بوو، نه‌مردین و رۆژێكی بێ به‌عسمان له‌ ته‌مه‌نی خۆماندا بینی، لەوە تێگەیشتین چ مانایەکی ھەیە قورسایی سیستمێکی تۆتالیتاریت لەسەر نەمێنێت، ژیان ده‌شێت چ تامێكی هه‌بێت كاتێك ترس شاده‌ماره‌كانی نه‌گرتبێت. وه‌ك باسمكرد ئێمه‌‌ به‌ ده‌رونێكی ته‌واو برینداره‌وه‌ له‌ ئه‌منه‌ سوره‌كه‌ چووینه‌ ده‌ره‌وه‌ و دیمه‌نی كۆكوژیی به‌عسییه‌كان و وێنه‌ی له‌شه‌ كوژراوه‌كان بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ له‌ یاداوه‌ریماندا مایه‌وه‌، به‌ڵام ھاوکات ئومێدێكی ته‌واو تازه‌شمان له‌ناودا دروستبووبوو. من وام هه‌ستده‌كرد خوێنێكی تازه‌ به‌ ده‌ماره‌كانی مێژووی ئێمه‌دا و به‌ناو ده‌ماره‌كانی خۆشمدا ده‌ڕوات. ئومێدی ئه‌وه‌م هه‌بوو بتوانین ده‌ستكاریی ژیانی خۆمان و ژیانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ بكه‌ین كه‌ تیایدا ده‌ژین. شتێك دروستبكه‌ین پێچه‌وانه‌ و ناكۆك به‌وه‌ی به‌عس بۆ ئێمه‌ی دروستكردبوو، هه‌موو تواناكانیشمان بخه‌ینه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ نه‌هێڵین له‌ به‌عس بچین و نەھێڵین ئەزموونی بەعسئاسا لە دونیای ئێمەدا دووبارەببێتەوە.

من كه‌م جار له‌ ژیانمدا، وه‌ك رۆژی دوای گرتنی ئه‌منه‌ سوره‌كه‌ و رزگاربوونی سلێمانی له‌ به‌عس، گۆڕانی وا قووڵ و ھەمەلایەن و به خێراییەکی‌ گەورەی لەو شێوەیەش،‌ به‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ و دۆخی ده‌رونییمدا هاتبوو. له‌ماوه‌ی كه‌متر له‌ هه‌فه‌ته‌یه‌كدا هه‌موو شته‌كان گۆڕان، ئەو دونیایەی من پێوەی دەرگریبووم نەما. وەک پێتریش باسمکرد من چه‌ند رۆژێك پێشتر له‌ هه‌ولێره‌وه‌ چووبووم بۆ كه‌ركوك و له‌ كه‌ركوكیشه‌وه‌ بۆ سلێمانی به‌ ئومێدی هه‌ڵاتن و سه‌رهه‌ڵگرتن به‌ره‌و سه‌رزه‌مینێكی تر، بە مەبەستی خۆ ڕزگاکردن لە بەعس وەک نەعلەتێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی. هه‌فته‌یه‌ك له‌وه‌و پێش من گه‌نجێكی تێكشكاوبووم و له‌گه‌ڵ چوار برامدا له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌‌ ھەرە كوشنده‌كانی به‌عسدابووین لە ماڵەکەی خۆماندا لە ھەولێر. كه‌چی لە ڕۆژی ‌دووهه‌می ڕاپه‌ڕیندا كه‌وتمه‌ ناو دونیایه‌كی ته‌واو تازه‌وه‌، دونیایه‌ك‌ جیاواز لە دونیای پێرێ و بەسەرپێرێ، دونیایەک به‌بێ به‌عس و بەبێ ترس و فشار و تاوانەکانی. ئەگەرچی ساته‌وه‌خته‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی دروستبوونی ئه‌و دونیا تازه‌یه‌ له‌ ئه‌منه‌ سوره‌كه‌دا ساته‌وه‌ختی هێجگار ترسناك و خوێناوی بوون، پربوون له‌ توندوتیژیی و لاشه‌ی كوژراو، ئەوەندەی مۆدێلی قەسابخانەیەکی نیشانئەدەین ئەوەندە مۆدێلی کۆمەڵگایەکی تەندروستی نەدەداینێ، به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانە، بەھەموو قورساییەکانیانەوە، ھێشتا‌ نه‌یانده‌توانی ڕێ له‌و بوركانی ئومێده‌ بگرن كه‌ له‌ناوماندا ته‌قیبووه‌وه‌ و پریشكه‌كانی تەنانەت بهسەر‌ روخسار و جوڵە هه‌ڵسوكه‌وتمانه‌وه‌ دیاربوو.

من لەو ڕۆژانەدا خەیاڵم لای تێزە فیکرییەکانی فرانز فانۆن بوو. فانۆن پێی وابوو کۆڵۆنیاڵیزم چونکە کردەیەکی ھێجگار توندوتیژە بۆیە بەرەنگاربوونەوەشی کردەیەکی توندوتیژ دەبێت. لە چەند مانگی یەکەمی دوای ڕاپەڕیندا من جارێکی دیکە چەند فەسڵێکی کتێبی ”چەوساوەکانی سەرزەویی“ فانۆنم خوێندەوە، بەتایبەتی ئەو بەشانەی کە باس لە توندوتیژیی کۆڵۆنیاڵیی و دژەکۆڵۆنیاڵی دەکات. لەو کتێبەدا فانۆن پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە توندوتیژیی دژەکۆڵۆنیاڵیزم تەنھا ئامرازێکی سیاسیی نییە بۆ دەرپەڕاندن و دەرکردنی داگیرکەران لە وڵاتەکاندا، واتە تەنھا ئامرازی بەدەستھێنانی سەربەخۆیی سیاسیی نییە، بەڵکو ئامرازیی لە ڕەگوڕیشە ھەڵکەندنی داگیرکارییشە لەناو دڵ و دەرون و سایکۆلۆژیای تاکەکەسەکانیشدا. فانۆن وەزیفەیەکی سایکۆلۆژیی گرنگ بە توندوتیژیی دژە کۆڵۆنیالی دەدات و وەک مەرجێکی پێویست و سەرەکیی دروستبوونی مرۆڤێکی ئازاد و خاڵیی لە خڵتەکانی کۆڵۆنیاڵیزم مامەڵەیدەکات. فانۆن تا ئەو شوێنە دەڕوات کە بڵێت بەبێ کوشتنی کەسانی سەر بە ھێزە داگیرکەرەکان کەسی داگیرکراو بەسەر گرێی خۆ بەکەمزانیندا زاڵ نابێت و ناتوانێت داگیرکەران لەناو پێکھاتەی سایکۆلۆژیی خۆیدا دەبکات. لای فانۆن کوشتنی ئەویتری داگیرکەر ھەنگاوێکی گرنگی دروستبوونی کەسایەتییەکی ئازاد و سەربەخۆیە لە دونیایەکدا پاککرابێتەوە لە کۆڵۆنیاڵیزم و داگیرکاریی. ئەگەرچی من ھەرگیز باوەڕم بە تێزەی فرانز فانۆن نەبووە و ھەمیشە وەک تێزێکی پەڕگیر وێنامکردوە، بەڵام لەو ڕۆژگارەدا شتێک لەو ژێرخانە سایکۆلۆژییەکەی نیشانئەدام کە ئەو توندوتیژییە گەورەیەی ناو ئەمنە سورەکەی لێکەوتەوە. بەکورتیی، ئەگەرچی وێنەکانی ناو ئەمنە سورەکە وێنەی ترسناک بوون و تا ڕۆژی ئەمڕۆش وردەکارییە تۆقێنەرەکانیان لە یاداوەریی و خەیاڵی مندا ماونەتەوە، بەڵام لەو لە ڕۆژی دووھەمی ڕاپەڕین و ڕزگاربوونی سلێمانیەدا، ئەو وێنانە توانای ئەوەیان نەبوو ئێمە لە خەونبینین و بیرکردنەوە و ھەوڵدان بۆ دروستکردنی دونیایەکی نوێ پاشگەزبکەنەوە. ڕووداوی ناو ئەمنە سورەکەمان وەک یەکێک لە ڕووداوە ناشیرینەکانی ناو ھەموو شۆڕشەکانی دونیا دەبینیی، کەم شۆڕش ھەیە لە دونیادا بێ ڕووداوی ناشیرین و ترسناک، ئەوەی گرنگ بوو ھاتنەکایەی دروستبوونی سەرەتای نوێ و خەونی نوێ و پرۆژەی نوێ بوو.

ئەو شەوە لەگەڵ بەختیاردا دیسانەوە چوینەوە بۆ ماڵی ئەوان، زۆرمان قسە کرد و بیرمان لەزۆر شت کردەوە، دواجار بەو باوەڕە گەیشتین کە پێویستە گۆڤارێک یان بڵاوکراویەک دەربکەین لەگەڵ ئەو وەرچەرخانە گەورەیەدا بگونجێت. ئێمە لەو ڕۆژانەدا خۆمان وەک نەوە تازە و گەنجەکەی ناو ڕۆشنبیریی کوردیی دەبینیی، ھەم من و ھەم بەختیار و ھەم ھەندێک لە ھاوڕێکانی ترمان ھەندێک نووسینمان بڵاوبووبووە کە ھێمایان بۆ نوێبوونەوەی ئەو ڕۆشنبیریە دەکارد، بەڵام ھێشتا لەسەرەتای سەرەتاکاندا بووین. ئەو شەوە بڕیارمان دا گۆڤاری ئازادیی دەربکەین، گۆڤارێک ھەم درێژکراوەی ئەو عەقڵانیەتە تازەبێت کە خەریکبوو لای ئێمە گەڵاڵەدەبوو، عەقڵانیەتی تازەکردنەوەیەکی سەرتاسەریی ڕۆشنبیریی کوردیی، ھەم ھەڵگری وزە و حەماسەت و ئیرادەی گەورەی ئەو ساتەوەختە بێت کە لەناویدا بووین. دوو ھەفتەیەک دواتر ژمارەی یەکەمی گۆڤاری ئازادیی وەک یەکەمین گۆڤاری دونیای ڕاپەڕین و نەمانی بەعس لە کوردستاندا کەوتە بەردەستی خۆێەران. بەڵام ئەو شەوەی ئێمە بڕیاری دەرکردنی ئەو گۆڤارەمان دا ھیچ پێداویستییەکی دەرکردنی گۆڤارێکمان نەبوو، وەک ھەمیشە نە پارەمان ھەبوو، نە کەرەستەکانی چاپکردنمان ھەبوو، نە شوێنێکی تایبەتمان ھەبوو تیایدا کۆببینەوە، نە کەسمان دەناسیی ھاریکارمان بێت…ھتد. ئەوەی ھەمانبوو ئومێد و خەون و ئیرادەی ئیشکردن بوو. بڕیارماندا ئەم مەسەلەیە لەگەڵ چەند دۆست و ھاوڕێیەکی نزیەکدا باسبکەین.

ئەو شەوە ئیتر زۆر زووتر لە شەوەکانی ترخەومان لێکەوت، سلێمانی نە تەقەی تیامابوو، نە بەعس، نە ترس، دوای ساڵانێکی درێژی ژێردەستەیی و ئیھانەکردن یەکەم جاربووسلێمانی ببێتەوە بە شارێکی ئازاد و ئاسودە. ھەندێک شەو ھەن مرۆڤ تیایاندا بەقەد دەساڵ و زیاتریش بەختەوەر و پڕ ئومێد دەبێت، ئەو شەوە یەکێک بوو لەو شەوە دەگمەنانە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.