بەرگریكردن لە برسیكەرانی خەڵك و وێرانكەرانی وڵات

لەلایەن ستاندار Posted on 585 جار بینراوە

برزۆ مەجید*

هەموو ئەو نەهامەتی و دۆخە ناهەموارانەی گەلەکەمان تووشی بووە و ژیان و بژێوی بەوپەری خراپی گەیشتووە، لە سایەی ئەو حوکمڕانییە خراپ و شکستخواردوە بوە کە لە چەند ساڵی رابردەوەوە تاوەکو ئێستا بەردەوامە. حوکمڕانییەک کە پارتی و یەکێتی لە نێوخۆیاندا بەشیان کردوەو، تەنها بۆ چەواشەکاری و جوانکاری رێگەی بەشداربوونیان بە حیزبەکان تر داوە. حوکمرانییەک; سەروەری یاسا، عەدالەتی کۆمەڵایەتی، دیموکراسی، ئازادی و شەفافیەت تێیدا هەژارترین بنەما بووە.

لە هەر کوێیەکی ئەم دونیایە بوایە حکومەتێک هاوشێوەی ئەوەی هەرێم، ئەم هەموو شکست و گەندەڵییەی تێدا رووبدات بە سەرۆک و جێگر و بەرپرسەکانی دەبوایە دەستیان لە کار بکێشایەتەوە یاخود بەشێکیان هەر دادگایی بکرانایە. کە دەست لە کار ناکێشنەوە و دۆخی هەرێم و خەڵکەکەی رۆژ بە رۆژ لەسایەی ئەوانەوە خراپتر دبێت، ئەوا لە جیاتی ئەوەی هەوڵی خۆ چاککردن و چاکسازی بدەن، دێن بە بەڵێنی ناڕاست بۆ باشکردنی بژێوی خەڵک و بە بەرنامەی وەهمی چاکسازی، خەڵک چەواشە دەکەن.
ئەم هەموو سەرچاوەی; سامانی سروشتی، سامانی ئاو، خاکی بە پیت و جوانی سروشت کە لە هەرێمەکەماندا هەن، تەنها ئەگەر بە عەقڵێکی باش و دەستێکی پاک مامەڵەیان لەگەڵ بکرابوایە، ئێستا دەبوایە یەکێک بین لە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی ناوچەکە. جا نەک هەر ئەوە نەکراوە، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی حزبی و بنەماڵەیی خۆیان، زۆر بێ ویژدانانە و نازانستیانە هاتوون مامەڵەیان لەگەڵ ئەم سەرچاوانەی داهات کردووە. بۆیە دەبینین هەمیشە مەترسی ئەوە هەیە کە لە چرکە ساتێکدا فرۆکەخانەکانمان یاخود جوڵەی بازرگانی خاڵە سنورییەکانمان بە هەر هۆیەک بێت لەکار بوەستن، مەترسی ئەوە دێتە گۆڕێ کە ئەم حکومەتە نەتوانێت بۆ یەک مانگ ژیانی ئاسایی درێژە پێبدات، کە بە دڵنیاییەوە دیسان هەر زەرەرمەندی یەکەم خەڵک دەبێت نەوەک حیزبەکان و بنەماڵەکانی خۆیان ، چونکە ئاشکرایە لە چەند ساڵی رابردوودا، لە جیاتی لە خەمی دروستکردن و پتەوکردنی ژێرخانی ئەم هەرێمە بن، تەنها لە خەمی زامنکردنی ژێرخانی حیزبی و بنەماڵەکانیان بوونە.

هەموومان دەزانین بەهۆی نەزانی و گەندەڵی ئەم حکومەتەوە، تاکە سەرچاوەی سەرەکی داهات لە بواری نەوت و گازە، بەڵام شکست و گەندەڵییەکانی ئەم سێکتەرە و ئیمزاکردنی گرێبەستە ناشەفاف و نهێنییەکان لەگەڵ ووڵاتان و قۆرخکردن و قەتیسکردنی مامەڵەی بازرگانی نەوت و گاز بۆ چەند کەسێکی حیزب و بنەماڵە ، وایکردووە ئەم سەرچاوە گرنگەی داهات هەمیشە روو لە مەترسی بێت. دوا جوڵەی گوماناوی لەم بارەیەوە، ئیمزاکردنی گرێبەستە لەگەڵ کۆمپانیا روسیەکان، کە ئەمە لە کاتێکدایە تاوەکو ئێستا نە پەرلەمان و نە خەڵکی کوردستان، یەك بڕگە و ماددەی گرێبەستە پەنجا ساڵیەكەی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی تورکیایان نەبینیوە. حکومەتێك ئەوەندە بێباك بێت و بە بێ شەرم رێککەوتن و گرێبەستی نەوتی لە پەرلەمان و خەڵکی بشارێتەوە، ئەی گرەنتی چییە ئەو گرێبەستانەی کە لەم چەند رۆژەی دواییدا لەگەڵ کۆمپانیا روسیەکاندا ئیمزایان کردووە، هەمان چارەنوسی ئەوانەی پێشوی نابێت کە لەگەڵ تورکیاو تەنانەت ئەوانەشی کە لەگەڵ داناغازدا کراوە، نابێت !

جیاوازییەکی دیار لەنێوان ئەو رێککەوتنانەی کە لەگەڵ تورکیا و روسیادا کراون ئەوەیە کە نوێنەری یەکێتی بە ئاشکرا و بە رەسمی بەشداری لە کۆبوونەوەکان و ئیمزا كردن و گرێبەستەکانیان کردووە.

پێشتر و لە ئێستاشدا، بەشێک لە بەرپرس و پەرلەمانتارانی یەکێتی جار جارە رەخنەیان لە رێککەوتنەکەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ تورکیا دەگرت، بەڵام جگە لە قسەی سەر شاشەکان هیچی ترمان نەبینی، لە هەمان کاتیشدا بەشێکی تر لە بەرپرسە باڵاکانی ئەو حیزبە رایاندەگەیاند کە ئەوان ئاگاداری تەواوی مەلەفی نەوتن. جا ئەوە زۆر کاری ئێمە نییە کەوا بزانین یەکێتی ئاگای لێیە یاخود نا ! بەڵام لەوەی روسیا و ئەنجامدانی رێکەوتنەکان یەکێتی بە روونی بەشدارە، بەشدارییەکەش لەکاتێکدایە کە پەرلەمان با نایاسایی بەدەست شەریکەکەی لە حکومەت کە پارتییە پەکخراوە، حکومەت ئیفلیجە،بۆیە سەرەڕای ئەوەی یەکێتیش بەقەد پارتی بەرپرسیار دەبێت،پرسیاری ئەوەش دەکرێت کە چۆن لە دۆخیکی سەرگەردانی یاسایی و سیاسی ئاوادا یەکێتی لەگەڵ پارتی بەشدار دەبێت !

سەبارەت بە دۆخی ناهەمواری خەڵکیش، هەر ئەو حکومەتەیە كە دروستی کردوە. وێڕای ئەوەش، هەمیشە ئەم دۆخە ناهەموارە لەلایەن پارتی و یەکێتی ئیستغلال کراوە بەوەی بەردەوام و هەر رۆژەی بەڵێنێک دەدەن بۆ باشکردنی بژێوی خەڵک و دڵیان خۆش دەکەن، لەلایەکی تریشەوە، نە بەڵێنەکان جیبەجێ دەکەن، نە گەندەڵییەکان دەوەستێنن.
چاکسازی و باشکردنی بژێوی خەڵکیش بە نەزەری و بە پرۆگرامی کۆمپیوتەری ناکرێت، چونکە ئەم حکومەتە گەندەڵیەکان و خراپکردنی ژیانی خەڵکی بە کردار کردوە، بۆیە هەر بە کرداریش چاک دەبێت.
ئازایەتی دەوێت بتوانی بەرگری لە حكومەتێك بكەیت كە پیلان و بەرنامە سزای سیاسی، ئابوری، دارایی و كارگێری ھەموو كوردستان و بە تایبەت ھەر سێ پارێزگای سلێمانی، كەركوك و ھەڵەبجە دەدات.
ئەرکی حیزب ، خەلک و پەرلەمانتاران بریتییە لەوەی هەرێمەکەمان  و دامەزراوە و خەڵکەکەی بپارێزن و چاودێری حکومەتەکەی بکەن و بەر بە گەندەڵییەکانی بگرن، نەوەک بەشان و باڵی نوێنەرەکانیاندا هەڵبدەن لە نێو حکومەتێکی شکستخواردوودا، ئەمە ئەسڵی چەواشەکارییەکەیە.

*سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.