جیاوازی من و دیکتاتۆرەکان

لەلایەن ستاندار Posted on 303 جار بینراوە

مەریوان وریا قانع

“کاک مەریوان من نازانم جیاوازی تۆی بەناو ڕۆشنبیر و دیکتاتۆرە داگیرکەرەکانی کوردستان چین؟ بەڕاستی میلەتێک تۆ ڕۆشنبیرەکەی بیت ئەبێت خاک بکات بەسەریا. ”

ئەم دوو ڕستەیە نووسینی خوێنەرێکە کە خۆی لە بواری بازرگانی نەوتدا کاردەکات و لە کەنەدا دەژیی، سەرنجی خوێنەرەکە وەڵامێکە بۆ ئەو سێ ڕەخنەیەی من لە چاوپێکەوتنەکەی بارزانیم لەگەڵ فۆرن پۆلیسی گرتبوو. ئەگەرچی چاوپێکەتنەکەی بارزانی لەزۆر ئاستدا قابیلی ڕەخنەکردنە، بەڵام ڕەخنەکانی من لەسەر ئەم سێ خاڵەبوون. یەکەم بارزانی ھیچ پلانێکی بۆ ئەگەری گەمارۆدانی ھەرێم لەلایەن دەوڵەتە دراوسێکانەوە نییە، ئەو لە وەڵامی رپرسیاری ئەو ڕۆژنامەنووسەدا دەڵێت ئێمە ئامادەین ئینتیحارێکی دەستەجەمعیی بکەین و لەبرسا بمرین. کە لێی دەپرسن باشە وڵاتە گەورەکانی دونیا لەگەڵ ڕیفراندۆمەکەدا نین و ئەوان ئەو ھەڵوێستی لەگەڵدانەبوونەیان بە ئاشکرا دەربڕیوە، بارزانی بە لۆژیکی بیرکردنەوە بە تەمەنی، Wishful thinking, ئینکاری ئەو ڕاستییە سادەیە دەکات و دەڵێت ئەو وڵاتانە ززۆر توند دژی نین. کە لێشی دەپرسن باشە چۆن بەغدا، بە مانایەکی دیکە عەرەب، بە جیابوونەوە ڕازیدەکەن، بارزانی لە دەڵێت بە موفاوەزات، کە بەبۆچونی من ئەمەش وەھمێکی سیاسیی گەورەیە و لە قسەی کەسێک دەچێت لەم ناوچەیەدا نەژیابێت. بەرامبەر بەم سێ بۆچوونەوە لەشکرێک میدیاکار و ھەوداری پارتی کەوتنە پەلاماردنی من. ئەو نووسینەی سەرەوەی ئەو خوێنەرە نەوتفرۆشە کە لە کەندا دادەنیشێت، یەکێکیانە. من لێرەدا زۆر بە کورتی بۆ ئەو خوێنەرە و بۆ زۆرانێکی تری ڕووندەکەمەوە کە جیاوازیی نێوان من و دیکاتۆرەکان چییە، بەتایبەتی جیاوازی نێوان کەسێکی وەک من و ئەو دەسەڵاتدارە ستەمگەرانەی ھەرێمەکەی ئێمە بەڕێوەەبەن، چونکە ئێمە ئەمانە لە ھەموو دیکتاتۆرەکانی تری دونیا باشتر دەناسین.

جیاوازیی نێوان من و دیکتاتۆری وڵاتان، بەتایبەتی وڵاتەکەی خۆمان، ئەوەیە من نەوت نادزم و ئەوان ئەیدزن، من یاری بە بژێوی خەڵکەوە ناکەم ئەوان ئەیکەن، من کەسم نەکوشتوە و کەس ناکوژم، ئەوان بە ھەزارانیان کوشتوە و ئامادەشن ھەزارانی تر بکوژن..من ماڵی کەسم وێران نەکردوە، ئەوان ماڵی ھەزارەھا کەسیان وێرانکردوە، من کەسم لە ھیچ ماڵ و شەقام و گوند و شارێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە ڕاونەناوە ئەوان ئەمەیان بەرامبەر بە سەدەھا، ئەگەر نەڵێم ھەزارەھا، کەس کردوویانە..من بە نیازی ئەتکردن و سوکایەتیکردن سەر و برۆی کەسم نەتاشیوە و شاربەدەرم نەکردوە، ئەوان کردویانە، من زیندانی تایبەتم نییە کوڕی مێردمنداڵی ١٥ ساڵی تیا لاقە بکرێت، ئەوان ھەیانە و کردویانە. من لە ژیانمدا کەسم نەفڕاندوە و وون نەکردوە و ڕاونەناوە، ئەوان بە دەیان و سەدان کەسیان والێکردوە. من لە خانوەیەکی ئاساییدا دەژیم و ڕۆژانە ھەشت سەعات کاردەکەم بۆ ئەوی بژیم، ئەوان بێ کارکردن و بەبێ ھیچ ھونەر و توانا و دەستڕەنگییەک ھەم خۆیان و ھەم کوڕەکانیان و ھەم کوڕی کوەکانیان و ھەم ئەو منداڵانەشیان کە دوای پەنجا ساڵی تر لەدایکدەبن ملیۆنێرن… من قەڵەمێک و لاپتۆپێک و ھەندێک کتێبم ھەیە، ئەوان سوپای تایبەت و کوشک و سەرا و فڕۆکەی تایبەتیان ھەیە. من پیاوێکم درۆ ناکەم و ئەوەی قەناعەتم پێیبێت بە ویژدانێکی ئاسودەوە دەینووسم، ئەوان ھەموو گیانیان درۆ و دووڕویی و بوغز و ئێرەیی بەردەوامە. من لەشکری ھیچ وڵاتێکم نەھێناوەتە سەر کوردستان ئەوان ھەرجارەو لەشکری وڵاتێکیان ھێناوە. من کچێکم ھەیە و لە قوتابخانەیەکی ئاساییدا دەخوێنێت، ئەوان مناڵەکانیان دەنێرنە قوتابخانەی تایبەت و دواتریش بۆ زانکۆ ھەرە ھەرە گرانەکانی دونیا. من بە پێ و بە پاسکیل دەچم بۆسەر کارەکەم، ئەوان بە دەیان ئۆتۆمۆبێلی جام ڕەش و بە لەشکرێک پاسەوانەوە بۆ ھەموو شوێنێک دەچن. من بۆ ھەر شوێنێکی دونیا بچم لە ئوتێلێکدا دەنووم کرێکەی لە پەنجا دۆلا زیاتر نییە، ئەوان لەو ئوتێل و کۆشکانەدا دەنوون کە کرێکەیان چەندان ھەزار دۆلارە. بێگومان جیاوازی تر زۆرن کە من لێرەدا نامەوێت باسیانبکەم، بەڵام ھیوادارم ھەم بۆ ئەو خوێنەرە و ھەم بۆ ھەندێک کەسانیتر کە لەچەند رۆژی ڕابردوودا ھێرشێکی سیستماتیکیان کردە سەر من ئەم کۆمەڵە قسەیە بەس بێت. ھاوکات لەبەر ھەموو ئەم ئاکارانەی باسمکرد من باوەڕم وایە دەسەڵاتدارنی ھەرێێم ھەرچی شتێکیان بۆبکرێت ناتوانن سەربەخۆییەک بەدەستبھێنن کە لانی ھەرەکەمی ماف و کەرامەت و ڕێز بۆ مرۆڤی ئێمە دەستەبەربکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.