نەوشیروان مستەفا وەک بتشکێن

لەلایەن ستاندار Posted on 819 جار بینراوە

ئارام قادرحەمەسور

بۆچی هەموان گریان کاتێک نەوشیروان مستەفا کۆچی دوایی کرد؟ ئەم پرسیارە لە ڕۆژی ناشتنی کاک نەوشیروان و ڕۆژانی پرسەکەی لە هەولێرو سلێمانی جێگەی تێڕامانن، ڕۆژی ناشتنی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا کەم وێنەبوو، پرسیاری هەموان بۆچی گریان پێمان دەڵێت کاک نەوشیروان کێ بووە و چۆن ژیاوە، ئەو وەک ابراهیم چەکوشەکەی خستە سەرشانی و بەبێ ترسان لەباوکەسیاسیەکانیی دەسەڵات بتە حەرامە سیاسییەکانی شکاند، زۆر جار بەتەنیا بتەکانی دەشکاند، بێ ئەوەی هاوکاری بکرێت، ئەو لەجیاتی زۆرینەمان ئەم کارەی دەکرد.

ئەوە وەڵامی پرسیاری بۆچی هەموان گریان دەداتەوە، نەوشیروان مستەفا لەجیاتی هەژاران و زوڵم لێکراوان شەڕی دەسەڵاتی کرد، لەجیاتی ئێمە بەرامبەر جووت حیزب(یەکێتی و پارتی)وەستایەوە، لەجیاتی ئێمە ڕەخنەی دەکرد و بەرگریشی دەکرد،بۆیە ڕاگەیاندنەکانی دەسەڵات بەردەوام خەریکی شکاندنی کاک نەوشیروان بوون چونکە هەنگوینەکەی دەسەڵات بەس بۆخۆیان حەڵاڵبوو، هەندێکمان دەمانزانی لەجیاتمان ئەم کارە دەکات ، هەندێکیش دوای مردنی زانیان ئەوە نەوشیروان مستەفا بوو لەجیاتی هەموان بەرگری دەکرد و هەڕەشەی لەدەسەڵاتی گەندەڵ دەکرد، نەوشیروان مستەفا بەشێک بوو لەناخی زۆرینەمان ، بەشێکی ئەرکی سیاسی ئێمەی دەکرد، ئەو وەک کۆژان و کۆشادی لەگەڵمان بوو.

بەڵام ئەو بۆ خەڵک ژیا نەک خۆی، دەیتوانی سەدان ڤیللای هەبێت و کوڕەکانی بکاتە وەزیر، بەڵام نەیکرد،چونکە بۆ خەڵک دەژیا، هات گەنجە هەژار و پەراوێزخراوەکانی خاوەن شەهادەی پشتگوێخراوی گەورەکرد، ئەو پاسەوانێکی پاکی کردە سەرۆکی پەرلەمان، خێڵ و هۆزی لە خۆی دوور خستەوە، ژیانێکی سادەژیا وەک زۆرینەمان، ‌ئەوەی ویستی بیناسێت ناسینی ئاسان بوو،یەکەم بینینی سەرسامی دەکردی، دەت پرسی چۆن پیاوێک لەوگردەوە بە ڕاگەیاندنەکەی دژی دوو هێزی گەندەڵی گەورەی خاوەن درۆ و درا و چەک وەستاوە و دەرگای بۆ هەموو کەسیش کراوەیە؟!!

دوای مردنی دوو ڕوویی بەشێکی کۆمەڵگا دەرکەوت، ئەوانەی گریان و تا ئێستاش بۆی پەرۆشن هەمویان گۆڕان نەبوون، زۆرینەی کۆمەڵگابوو، ئیسلامیەکی هاوڕێم دژایەتی نەوشیروان مستەفای دەکرد بەتوندی بەڵام دوای مردنی بەمنی گوت لەگەڵ بینینی هەرڤیدیۆیەکی ئەو سەرکردەیە گریاوم، پێشمەرگەیەکی دێرین گوتی ساسەت مرد، بەڵێ سیاسەت کەلای زۆرینەمان بریتی بوو لە دزی و پارە و نەوت و ڤیللاو چەکدارو ڕیزە سەیارە ولوتبەرزی، نەوشیروان مستەفا هات سیاسەتی ئاشتکردەوە بەکۆمەڵگا نیشانی داین کە سیاسەت دەکرێت ڕووی ئەخلاقیشی هەبێت، دەکرێت بۆ خەڵک بژیت، دەکرێت ژیان بکەین بۆ سیاسەت نەک سیاسەت بکەین بۆ ژیانی شەخسی.

بەهەموو ماناکان نەوشیروان مستەفا دیوە جوانەکەی سیاسەتی نیشان داین، نەوشیروان مستەفا گاندی بوو لە فەلسەفەی ناتوندو تیژیدا و گیڤاڕابوو لەشۆڕش و حەزنەکردن لەکورسی دەسەڵات و ماندیلابوو لە خۆشەویستی بۆ خەڵک، جیا لەمانە نەوشیروان مستەفا نوسەرێکی وردبین و گەورەبوو، سیفاتی سەرکردە کاریزمایەکانی دوونیای تێدابوو بەزیاترەوە، ئێستا زۆرینە بەدوای کتێب و ئایدیاکانی نەوشیرواندا دەگەڕێن، فیزیکی ئەو مردووە بەڵام ئایدیاکانی زیندوون، ئاخر دەکرێت مرۆڤەکان بمرن بەڵام ئایدیاو پڕانسیپەکان نامرن، ئەم پڕەنسیپانە دەبنە چەکوشی ڕەخنەو دووبارە بەهێزتر بەکاردێنەوە بۆ شکاندنی بتە حەڕامە سیاسییەکان، هەر چەند کاک نەوشیروان زۆرینەیانی شکاندن و حەڵاڵی کردن، بەڵام بتە تازەکان لەدروستبوندان، بتەکانی سوڵتانیزمی سیاسی و دەسەڵاتی خێڵ و بنەماڵەو دزینی داهاتی نیشتمان و خواردنی دەسەڵات بۆ دوو حیزب و نەبوونی یاساو دیموکراسی و….هتد بەردەوام بەر چەکوشی ڕەخنە کەوتون و دەبێت بشکێندرێن.

ئەو لەناو ئەم گەلە گورگەی دەسەڵاتدا نە دەخەوت، تەنانەت بێدەنگیەکەشی دەسەڵاتی تۆقاندبوو، بەپاکی لەدایک بوو و بەپاکی مرد، زۆرینە سەر کردەکان بەبینینی ڕۆژی ناشتنەکەی سەرسام ببون، حەسودیان بەم هەموو ئازایەتی و خۆشەویستیە دەبرد، لەناخی هەمویاندا هەوڵدان بۆ بەنەوشیروان بوون هەیە،بەڵام زۆر زەحمەتە، ئەو بەبێ بونی پارە بەهەزاران بۆی گریان، لەبەرئەوەی دژی ناعەدالەتی وەستایەوە و وەک زۆرینەمان ژیا، ئێستا ئایدیاکانی دەتوانرێت بکرێتە بەربەستی دەسەڵاتی گەندەڵ و بەرەو خۆشبەختی بمانبات، هەموان گریان چونکە ئەوەی لەجیاتی هەموان دەدوا وبەرگری دەکرد مرد، هەموان دەستیان بەرزکرد بۆ تەرمەکەی چونکە لەجیاتی دەستی هەموان بەچەکوشەکەی بتەکانی دەسەڵاتی دەشکاند، مردن نەوشیروان مستەفای گەورەتر کرد و ئایدیاکانی دەکرێت وە ڤاکسین بدرێتە دەسەڵات بۆ ئەوەی دەسەڵاتێکی عەدالەت و یاسا سەروەر دروستبکرێت، وە ببێتە بنەما بۆ دروستبوونی پایەکانی دەوڵەتی کوردستانیی خۆی حەزی دەکرد دەوڵەتێکی کوردی دروست ببێت ببێتە قیبلە بۆ پارچەکانی تر، ئەو هۆشیاری سیاسی فێر کردین و گوتی ((نا)) پیرۆزترین گوتنە دژی ستەمکاران، نیوسەدە بەم شێوە پاکژیان و پاکدەست و جورئەت بەرزو ئەخلاق کرداربیت، شایەنی ئەوەی بۆت بگرین، بزوتنەوەی گۆڕان چرایە و پڕەنسیپەکانی کاک نەوشیروان وزەی چراکەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.