گۆڕان یەک بەش و یەک بڕیاڕە

لەلایەن ستاندار Posted on 605 جار بینراوە

برزۆ مەجید

کێشە یەک لەدوا یەکەکانی هەرێمی کوردستان، هەر لە کێشەی سیاسی، یاسایی، ئازادی رادەربڕین، دارایی و ئابوری، بە پلەی یەکەم پارتی لێیان بەرپرسیار بووە. دوا کێشە گەورەو زیانبەخشەکانیش، کە بریتین لە کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم، پەکخستنی دامودەزگا شەرعیەکان و بڕینی مووچەی خەڵک، سەلمێنەری بەرپرسیار بوونی پارتین لەم بارەیەوە.

بۆ سەرجەم کێشەکان، بە تایبەت بۆشایی یاسایی سەرۆکی هەرێم و ئاسایی بوونەوەی پەرلەمانی کوردستان و چاککردنی بژێوی خەڵک، بزوتنەوەی گۆڕان بەر لە دروستبوونییان پرۆژەو پلانی خۆی خستۆتەڕوو. لە دوای دروستبوونیشیان، گۆڕان تێڕوانین و پلانی چارەسەری هەر هەبووە.

خاڵی جەوهەری چارەسەریش بەلای گۆڕانەوە، بریتی بووە لەوەی; کە ئەم دۆخە لەلایەن پارتی و دوور لە هەموو عورفێکی سیاسی و یاسایی تێکدراوە، بۆیە هەر دەبێ پارتی ئەو دۆخە چاک بکاتەوە و دواتریش لەلایەن حیزبەکانی ترەوە (یاخود بەشێک لە حیزبەکان) سنورێک بۆ پارتی دابنرێت بۆ ئەوەی ئەم پێشێلکاریانە دوبارە نەکاتەوە لە پرۆسەی سیاسی.

“ئیشكالێكی گەورەیە بۆ پارتی كە ئەگەر تاوەكو ئێستا لەوە نەگەیشتبێت كە ھەوڵەكانی پارتی بۆ خۆ بە حیزبی قائید كردن و دەستبەسەرداگرتنی ھەموو جومگەكانی ئەم ھەرێمە، لەلایەن ئێمەوە قبوڵكراو نیەو رەتمان كردۆتەوەو رەتیشی دەكەینەوە”.

بزوتنەوەی گۆڕان لەبەر رۆشنایی بەرنامە و گوتاری سیاسی خۆی، کە بەرنامە و گوتار گەلێکن لەسەر بنەمای سەروەری یاسا ، بە مەرجەعکردنی دام و دەزگا شەرعییەکان و شەفافکردنی سەرچاوەکانی داهات بنیاتنراون، ھەموو پڕۆژە چارەسەرەكانی خستۆتەڕوو. بێگومان ئەم بنەمایانەش، هەموو ئەو بنەمایانەن کە سەرجەم هەڵسوراوان و ئۆرگانەکانی گۆڕان باوەڕیان پێی هەیە و کاری لەسەر دەکەن. بڕیارەکانی گۆڕانیش لەسەر ئەم بنەمایانە دراون، کەواتە ئەو پرەنسیپ و بەرنامانەی گۆڕان لە سایەیاندا ئەم بڕیارانە دروست دەکات و سەرجەم ئۆرگان و هەڵسوراوەکانی هەوڵی سەرخستنی دەدەن، گۆڕان یەك بەشەو، بەرنامە سیاسییەکانیشی گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتوە، بۆیە ئەوە کورتبینی و تێنەگەیشتنە لە هەر لایەکەوە بێت کە گرەو لەسەر دووبەشی بڕیاری گۆڕان بکات.

سەبارەت بە مەسەلەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی، پێشتریش ڕامان گەیاندوە; لە بیست و پێنج ساڵی ئەم حکومڕانییەدا کە پارتی بەرپرسیاری یەکەم بووە لێی، سەرجەم ئەو پایانەی کە دەبنە هۆی دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە جیاتی دروستکردن وێران کراون.

ئیشکالێکی زۆر گەورەی ئەم مەسەلەی ریفراندۆم و سەربەخۆییەش ئەوەیە; کە پارتی هەوڵی داوە جڵەوی مەسەلەکە لەدەست خۆی بێت و خۆی مامەڵەی تێدا بکات. ئەمەشیان بێگومان هۆکاری خۆی هەیە، یەکێک لە هۆکارەکان بێدەنگی و پاسیڤ بوونی بەشێک لە حیزبەکانی هەرێمی کوردستانە لەبەرامبەر پارتی. بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان لەبەر رۆشنایی ئەو خەباتە دور و درێژەی نەتەوەکەمان کە بۆ سەربەخۆیی و ئازاد بوون لە دەستی دیکتاتۆرەکان داویەتی و لە روانگەی قەناعەتی تەواوی خۆی کە لە بەرنامە سیاسییەکەی خۆی جێگای کردۆتەوە، باوەڕی تەواوی بە مەسەلەی سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان و بەدیهێنانی سەرجەم ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان هەیەو كاریان بۆ دەكات، بەڵام بۆ ئەوەی ئەم مەسەلەیەش وەکو مەسەلەکانی تر لەلایەن ئەم دەسەڵاتەی هەرێمی کوردستان و، بەتایبەت پارتی زیانی پێ نەگەیەنرێ و مزایەدەی پێوە نەکرێت، گۆڕان رایگەیاندوە و دوپاتیشی دەکەینەوە; کە ئەم مەسەلە ستراتیژییە مێژوییە دەبێت لە رێگای دام و دەزگا شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان و لە دۆخێکی ئاسایی و بە پشتیوانییەکی گەورە و تەواوی خەڵکی کوردستان بەرێوە بچێت. بۆیە لەمەیاندا هیچ حیزبێک و لایەنێک ناتوانێ روحی نیشتمانپەروەری بە ئێمە بفرۆشێتەوە. بۆیە ئەگەر پارتی یان هەر هێزێکی تر دەیەوێت تۆمەتی دژە ریفراندۆم و دژە سەربەخۆیی وەکو پرۆسە رەسەنەکە، بۆ بزوتنەوەی گۆڕان یان بەشێک لە خەڵکی کوردستان ببەخشێتەوە، ئەوا ئەوەشیان بۆ داپۆشینی کەم و کورتییەکانی خۆیان و زیان گەیاندنەکانی خۆیانە بەم دۆسیە گرنگە.

بۆیە دووپاتی دەکەینەوە; بەڵێ گۆڕان بۆ سەرجەم مەسەلەکان یەک بڕیار و یەک بەشە، ئەم یەک بەشی و یەک بڕیارییەش لە سۆنگەی باوەڕبونی سەرجەم ئۆرگان و هەڵسوراوەکانە بە دەستور و بەرنامەی سیاسی گۆڕانەوە، بە پێچەوانەی دۆخی ناوخۆی هەندێک لە حیزبەکانی تر کە ئێمە بەکاری خۆمانی دانانێین بلێین چەند بەشن و بۆ یەک بەشن و بۆ دو وبەش نینە، بەتایبەت بۆ پارتی نامانەوێ لە ئێستادا بێینە ناو ئەو وردەکاریە کە پارتی چەند بەشە و چەندی پەیوەندی بە زاڵبونی بنەماڵە لە نێو ئەو حیزبە و شتی ترەوە هەیە.ھەروەھا ئیشكالێكی گەورەیە بۆ پارتی كە ئەگەر تاوەكو ئێستا لەوە نەگەیشتبێت كە ھەوڵەكانی پارتی بۆ خۆ بە بە حیزبی قائید كردن و دەستبەسەرداگرتنی ھەموو جومگەكانی ئەم ھەرێمە، لەلایەن ئێمەوە قبوڵكراو نیەو رەتمان كردۆتەوەو رەتیشی دەكەینەوە. ئەم ھەرێمە دەبێ ھی ھەمووان بێت و دامودەزگا شەرعیەكان لەبەر رۆشنایی سەروەری یاسا بەڕێوەی بەرن.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.