باجی كوردبوون و كوردایەتی

لەلایەن ستاندار Posted on 4342 جار بینراوە

هیوا سەید سەلیم

زۆر دەگمەنن ئەو نەتەوانەی كە وەك نەتەوەیی كورد باجی ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان دابێت، مەگەر ئەوانە نەبێت كە لە قۆناغێك لە قۆناغەكانی مێژوو بەیەكجاری لە نێو نەتەوەكانی تر توابنەتەوە، لە كۆنەوە كوردبوون لەبەر زۆر هۆكار باجی گەورەی لەسەر بووە، هۆكاری (جوگرافی و ئاینی و مێژووی) زۆری تریش، هەڵكەوتەی جوگرافی ئەو سەرسەزمینەی ئێستا پێی دەوترێت كوردستان و چاوتێبڕینی نەتەوەكانی تر لە خاكی كوردان ، لەبەرامبەریشدا رووبەرووبوونەوەی كوردان بۆ پلانی تەماحكارانەی دووژمنان لەخاكەكەی یەكێك لە هۆكارە هەر سەركیانەی ئەو باج و قوربانیدانەیە، ئەویش لە پێناو مانەوەی نەتەوەیی كورد و نەتوانەوەی لە چوارچێوەی نەتەوە باڵادەستەكانی ناوچەكە، مەترسی دووەم لەسەر كوردبوون لە بەربەیانی مێژووە وە بگرە تا ئەمرۆشی لەگەڵ دابێت ئاین بووە، سەرهەڵدانی چەندین ئاینی گەورەی وەك (زەردەشتی و مەسیحی و ئیسلام) لە مەملەكەتی میزۆپرتامیا هۆكاربوونە كە كورد بكرێتە ئامانجی ناحەزان،  هەریەك لەو ئاینانە كراونەتە بیانوو تا لەسەر خاكی كوردان جەنگی خوێناوی ئەنجام بدرێت و باجە گەوەرەكەشی بخرێتە سەرشانی كوردان، دوای ململانێ ئاینیەكان و سەرهەڵدانی ئیمبراتۆریەتە گەورەكانی وەك رۆمی و سەفەوەی و عوسمانی و ملاملانێی ئەوانە لەسەر باڵادەستی یەكێكیان دژ بە ئەویتر، دیسان مەملەكەتی كوردان كراوەتە مەیدانی یەكلاكردنەوەی كێشەكانی ئەو هێزبەدەستانە، شەڕی چاڵدێران لە نێوان (سەفەوی و عوسمانی) دیارترین نموونەی ئەو شەرانەیە كە كورد باجی گەورەی داوەو خاكەكەی بەسەر ئەو دوو ئیمبراتۆریەتە دابەشكراوەو میللەتەكەشی كراوەتە سووتەمەنی ئەو شەڕانە.

لە مێژووی هاوچەرخیشدا جەنگە گەورەكانی وەك جیهانی یەكەم و دووەم و سیاسەتی داگیركەرانەی ولاتە زلهێزەكان لە جەنگی یەكەمی جیهانی و دژایەتیان بۆ بزوتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەكانی وەك كورد و نەتەوەكانی تر،  باجی گەورەی خستە سەرشانی كورد هەروەها كۆسپی گەورەبوون لەبەردەم كوردایەتی و گەیشتنی میللەتی كورد بە مافی رەواكانی لە نێویشیاندا مافی چارەی خۆنووسین كە   بەشێك لەو دەولەتانە پڕوپاگەندەیان بۆ دەكرد، دوای دروستكردن و داتاشینی چەند دەوڵەتێكی دەستكرد لە ناوچەكە و دابەشكردنی كوردستان لە چوارچێوەی رێكەوتنامەی سایكس بیكۆ بەسەر چواردەوڵەتی ناوچەكە،  ئەمجارەشیان داوای مافی كوردبوون و كوردایەتی بۆ گەیشتن بە مافی ئەو میللەتە لە لایەن داگیركەرانی كوردستان بە سیاسەتی ئینكاركردنی كوردان و جینۆساید و وێرانكردنی خاكی كوردان وەڵامداریەوە .

لەو گيرانەوە مێژوویەدا دامانەوەێت لەسەر خاڵێك هەڵوەستە بكەین ئەویش ئەوەیە كە چۆن لە مێژوودا كوردبوون و كوردایەتی باجی قورسی لەسەر بووە و هەر داوایەكیش لەو جۆرە لە لایەن دووژژمنانی كورد دژایەتی كراوە،  تەنانەت لە ئێستای دونیای پێشكەوتن و جیاهنگیریشدا لە دەوڵەتێكی وەك ئێران و توركیا ئینكاری بچووكترین مافی كوردبوون دەكرێت،  ئەویش خوێندنە بە زمانی كوردی، وەلێ خەریكە لە نێوخۆی خۆشماندا كوردایەتی باجی دەخرێتە سەر، ئەویش بەهۆی پیادەكردنی حزبایەتی و پەنابردنە بەر ململانێ حزبیەكان و زاڵكردنی بەرژەوەندی حزبی و شەخسی بەسەر كوردایەتی، بۆیە لە ئێستادا  داكۆكیكردن لە كوردایەتی لە هەرێمی كوردستاندا زۆر جار رووبەرووی رەخنەی توندی دەروێشەكانی حزب دەبێتەوە، بەتایبەت لە دۆخی سیاسی ئێستای هەرێمیدا،  كاتێك باس لە یەكریزی و تەبایی دەكەیت، یەكسەر تۆمەتبار دەكرێیت كە بەوەی ئەو مەرجدانانە لەبەردەم هەوڵەكان بۆ سەربەخۆیی كوردستان، لەبەرامەبەریشدا هەر رایەك كە كوردانە داكۆكی لە پرسی سەربەخۆیی بكات دەخرێتە خانەی خزمەتكردن بە لایەنێكی سیاسی، ئەوەیە كە دەڵێین رای كوردانەوە و داكۆكیكردن لە كوردایەتی راستەقینە زۆر سەخت بووە ، لەبەرامبەر ئەوەدا نابێت سل لە كوردایەتی بكەینەوە،  بگرە كوردایەتی باجی هەرچی بێت دەبێت بخرێتە سەرووی هەموو بەرژەوەندیەكانی تر .

 

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.