كوردستان بەرەو كوێ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 767 جار بینراوە

كامەران مەنتك

مانیفێستی قۆناغێكی نوێ ب-1-
-چی بكەین؟
1- دۆخی ناوچەكە
ناوچەكە لەسەر هەر سێ ئاستی ناوخۆی و هەرێمی و جیهانیدا هانگاوی زۆر مەترسیدار دەنێ و تا دێت قەیرانەكان چڕتر دەبێتەوە، كوردستان كەوتۆتە چەقی ئەو ململانێیە مەترسیدارە، سەرباری ئەوەی بەدرێژایی سنوورەكانی باشوورو رۆژئاوای كوردستان بۆتە سەنگەری بەرەنگاربوونەوە ، لە لایەن هێزە هەرێمایەتیەكانەوە كار لەسەر ئەوە دەكرێت كە خاكی كوردستان بە گشتی بكرێتە گۆڕەپانی ئەو شەڕە مەترسیدارەی، كە چاوەڕوان دەكرێت، ئەگەر ئەو پلانەی دوژمنان سەركەوێت، ئەوا زیان و قورباینەكانی كوردستان زۆر زیاتر دەبێت لەوەی، كە لەجەنگی یەكەمی جیهان روویدا، كاتێك كوردستان بەدرێژایی سنوورەكانی نێوان ئێران و عوسمانیەكان بووە گۆڕەپانی شەڕو ئەوەی ئاگاداری ئەو قۆناغە بێت دەزانێت چ كاولكاریەك بەسەر كوردستان داهات!

لەسەر ئاستی سەربازی ئێستا باشووری كوردستان لە خۆ گەرم كردندایە یۆ جەولەیەكی تری شەڕێكی چارەنووسساز، لە ناوچەكانی شەنگال هێزەكانی حەشدی شەعبی، كە هێشتا نەشئەی سەركەتنەكانیان بەسەر داعش مەستی كردوون، رووبەروون لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە، رزگاركردنی موسڵ و راكردنی پاشماوەكانی چەكدارەكانی داعش بۆ بەرەكانی گەرمیان و ناوچەی حەویجە، ئەگەری ئەوە دروست دەكات، كە ئەمجارەیان دەروازەیەك بۆ داعش لە شاری كەركووك بكرێتەوە بەرەی شەڕ بچێتە ئەو ناوچەیە، وەك ئەوەی بڵێن، بەرامبەر وێران بوونی شاری مووسڵ، پێویستە شاری كەركووكیش وێران بكریت، ئەمە سەرباری ئەوەی لە مووسڵەوە هێزەكانی حەشدی شەعبی دەكەونە سەر سنووری پایتەختی هەرێمی كوردستان، واتە سێ خاڵی سەرەكی بۆ بەرەیەك كەوتنی نێوان هێزەكانی پێشمەرگەو هێزەكانی حەشدی شەعبی(حكومەتی ناوەند) ئامادەكراوەو لە قۆناغەكانی كۆتاییدایە، ئەمە بە واتایەكی تر رێك گەڕانەوەیە بۆ قۆناغی بەر لەهاتنی داعش، كاتێك حكومەتی عێراق هەستابووەوە سەرپێی خۆی لەرێگای هێزەكانی دیجلەوە هەڕەشەی لە هەرێم دەكرد، بەڵام ئەمجارە چوارچێوەی هەڕەشەكانی هەموو سنوورەكانی باشووری كوردستانی دەگرێتەوە، دۆخی سوپای عێراقیش ،بەبەراورد لەگەڵ ئەو قۆناغە زۆر باشتر بووە، دەتوانین بڵێین ئەو شەڕانەی حكومەتی عێراق لەگەڵ داعش ئەنجامیدا، وەك مەشقكردنێكی سەربازی سەركەوتوو دەبێت بۆ تاقیكردنەوەی بەختی خۆیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان، زۆر خوێندنەوە بۆ ئەو دۆخە دەكرێت و هەوڵدەدرێت هێزە نێو دەوڵەتیەكان وەك رێگریكەرێك بۆ بەرپابوونی ئەو شەڕە گەورەیە نیشان بدرێت، بەڵام بەگوێرەی تیووری ریالیستی، خۆ لادان لەو رووبەرووبوونەوەیە شتێكی ئێجگار ئاستەنگ و نا موومكنە!

2- سیناریۆیەكی مەترسیدار
جۆرە سیناریۆیەكی زۆر مەترسیدار هەستی پێدەكرێت، لەنێوان هێزە هەرێمایەتیەكان، بە پلەی یەكەم لەنێوان توركیاو ئێران، بێگومان سوریاو عێراقیش فاكتەری گرنگن لەو سیناریۆیە، كەرێك پێچەوانەی ئەو سیناریۆیە كە لە ساڵی 2014 پراكتیزە كرا، واتە لێدانی رۆژئاوای كوردستان و دواتر لێدانی هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەمە بە هۆی خۆ تیهەڵقورتاندنی هێزە نێودەوڵەتیەكان خۆڕاگری قارەمانانەی شەڕوانەكان، سەركەوتنی بە دەست نەهێناو هێزەكانی داعش لەبەردەم كۆبانی چۆكی داداو لەبەر دەرگای هەولێر وەستێنرا، بەڵام لە قۆناغی ئێستادا پێدەچێت ئەمجارەیان لە هەرێمی دەست پێبكرێت بۆ لێدانی رۆژئاوای كوردستان، ئەمەش لەبەر دوو هۆی سەرەكی:

أ- هەرێم لە دۆخێكی پەرتەوازەیی و ناتەبایی ترسناكدا دەژی
ب- رۆژئاوای كوردستان كەوتۆتە قۆناغی سەركەوتنی سەربازی

بۆیە سیناریۆی ئەم قۆناغە لە هەرێمی كوردستانەوە دەست پێدەكات، شەڕە گەورەكان دەگوزارێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان لەماوەیەكی كەمی دادێت، سەرەتای تەقینەوەو رووبەرووبوونەكان دەست پێدەكات، رەنگ بێت مەسەلەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بە تایبەتیش ئەو ناوچانانەی كە هێزەكانی پێشمەرگە دوای هاتنی داعش رزگاریان كرد، لە پاڵ مەسەلەی ریفرادۆم، بیانگەو خاڵی گرنگ بن بۆ ئەو رووبەرووبوونەوانە.

3-پارادۆكسی هەرێمی كوردستان
هەرێمی كوردستان، لە لایەك بەهۆی پێگەی جۆپۆلەتیكی و دەوڵەمەندی بە سەرچاوەكانی وزە، خاڵی هێزە لە مەسەلەی كوردی بە شێوەیەكی گشتی، لە لایەكی تر، بەهۆی ئەو ناكاراییەو ئەو ئەقلیەتە سیاسیە بەرژەوەندیە تەسك خوازو دواكەوتووەی ئیدارەی ئەو بەشە دەكات، بۆتە خاڵێكی گەورە بێ هێزی مەسەلەی كوردو تەنانەت هەڕەشە بۆ سەر خەباتی روگاریخوازی كورد بە شێوەیەكی گشتی، حزب و هێزەكانی باشوور لە مەترسی قۆناغە تێنەگەیشتوون و بەتەواوی دركیان پێ نەكردووە، پارتی بە پلەی یەكەم و یەكێتیش وەك پاشكۆیەك و هاوپەیمانێكی هەلپەرستی پارتی، لەو رووبەرووبوونەوە مەترسیدارە بە پلەی یەكەم پشت بە سەرچاوەكانی وزە(نەوت و گاز) دەبەستن، پێیان وایە ئەو گرێبەستانەی ئەنجامیان داوە لەگەڵ هێزە هەرێمی و كۆمپانیا گەورەكانی جیهان، دەتوانێت بیانپارێزێت، بەمەش بەتەواوی پشتیان لەخەڵكی كوردستان كردووەو هێزی نەتەوەییان لا تەریك، یاخود كەم بایەخ كردووە، لەكاتێكدا، كە راستە ئەو سەرچاوانە فاكتەری سەرەكی ململانێكانن، بەڵام ئەوەی ئاسانكارییانەی، كە ئەوان پێشكەشیان كردووە لە نرخ و شێوازی گرێبەستەكان، ئەوا دەوڵەتە داگیركەرەكان ئامادەیی زۆر لەمەشیان زۆر زیاتر تیایە پێشكەش بەو هێزو كۆمپانیایانە بكەن، بۆ نمونە لەمەسەلەی ویلایەتی مووسڵ ، وەك نوێنەری بەریتانیا لە كۆنگرەی لۆزان دركاندی، توركەكان كاغەزی سپیان دەدایە كۆمپانیا ئینگیزەكان بۆ وەبەرهێنانی نەوتی ئەو ناوچەیە بەرامبەر ئەوەی مەسەلەی ویلایەتی مووسڵ لەبەرژەوەندی ئەوان یەكلایی بێتەوە! كەواتە ئەو سەرچاوانە لەو قۆناغەدا نابنە هۆی زامن كردنی مانەوەو پاراستنی كورد، لەكلتێكدا بەرەوەی ناوخۆی كورد بەو شێوەیە دڵ تەزێنە پەرتەوازە بووبێت، بۆیە پێویستە لە هەموو حاڵەتەكاندا هێزەكان بگەڕێنەوە بۆ خەڵكی كوردستان، چونكە تاكە هێزێك، كە جێگای متمانە بێت و بتوانێت هەرێم لەو قەیرانە بپەڕێنێتەوە، یەك بوون و كۆك بوونی هێزی خەڵكە.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.