لە کەسایەتی کاریزمیەوە بۆ بەھێزی دامەزراوەکان کامیان دەوڵەت دروستدەکەن..
د. رەعد رەفعە ئەحمەد
بابەتی ئەوەی بۆ بنیاتنان و دروستکردنی دەوڵەت کەسایەتی کاریزمی گرنگترە یاخود دامەزراوەی بەھێز بابەتێکی جەدەلیە و بەردەوامیش بەو شێوەیە دەمێنێتەوە، بەو مانایەی ھەردوو بۆچون بەڵگەی و ئەزمونی خۆیان ھەیە کە وەک بنەمایەک بۆ راستی تێگەیشتنەکانیان دەیھێننەوە، پسپۆرانی پەرەپێدانی مرۆیی دەڵێن گشت گۆڕانکاریە گەورەکانی جیھان کەسایەتیە گەورەکان ھۆکاری بوونە کە رێژەیان لە ٢% کۆمەڵگە تێپەر ناکات. کەواتە بەبۆچونی ئەوان ٩٨% خەڵکی گوێرایەڵ وشوێنکەوتوی کەمینەکەن. دەتوانین بڵێین ئەو تێگەیشتنە لە راستی نزیکترە، بەبەلگەی ئەوەی ئەگەر بەخێرایی چاوێک بخشێنین بە مێژوودا کاتێک دەبینین پێغەمبەران وفەیلەسوف وسیاسی وپاشاو میر وسەرکردەکان رۆڵی بەرچاویان ھەیە لە گۆڕانکاری گەورەی مێژوویی وچارەنوسازی چاک وخراپ. ھەر ئەم جۆرە بۆچونانە پاڵی بە زۆرێک لە توێژەرو چاودێرو ھاوڵاتیان ناوە کە باوەڕی تەواویان ھەبێت بە کەسی کاریزمی بۆ گۆڕانکاری ئیجابی وئەنجامدانی پرۆسەی چاکسازی وبەدیھێنانی ئامانجە گەورەکان.
بەھەمان شێوە ھەر ئەو بۆچونە وای لەو خەڵکە کردوە کە گۆڕینی باری خراپ وگەندەڵی وستەم ودیکتاتۆریەت بەلادانی گەندەڵکاران وستەمکاران ودیکتاتۆرەکان فەراھەم دەکرێت. بۆچونێکی پێچەوانەی ئەو رایەی سەرەوە ھەیە کە دەڵێت:
گۆڕانکاری ریشەیی لە سیستەم وبەسیستەم دەکرێت نەک لەکەس وبە کەسەکان. بەمانایەکی تر؛ ئەگەر دەتەوێت چاکسازی راستەقینە ئەنجام بدەیت پێویستە دامەزراوەکان چاک بکەیت وکەسەکان لەخودی خۆیان چاک دەبن ومەرج نیە کەسەکان لە پۆست وپایەکانیان لابدرێن وبەڵکو پێویستە سیستەمەکە بگۆڕدرێ. ھەڵگرانی ئەم بۆچونە نمونەی ووڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکا دێننەوە کە کۆمەڵێک فەرمانبەرو بەرپرسی تەکنۆقرات ووڵاتەکە بەڕێوەدەبەن کە ھەر حزب وکەسێک سەرۆک بێت دامەزراوەکان سیاسەتەکانیان ناگۆرێت. لێرەدا دەتوانین ھەردوو بۆچون جارێک بەراست لێکبدەینەوە وجارێکی تر بەھەڵە؛ چونکە بەدلنیایی ھەردوو رایەکە بەشێکی راستیان ھەڵگرتووە. بۆنمونە: بۆچونی یەکەم تا ئەو کاتەی راستە کە کەسایەتیەکان خۆیان لە ژیاندامابن وچاکسازی راستەقینە لە گشت بوارەکان ئەنجامدەدەن، بەڵام ھەر کاتێک لەژیاندا نەمان ئەوکات لەبەر نەبونی دامەزراوەو سیستەمێکی باش دیسان ووڵات ودەوڵەت دەکەوێتەوە قەیرانەکان بگرە بەسەختر. نمونەی ئەو سەرکردە چاکساز وبەھێزانە زۆرن لە مێژوودا؛ ھەر وەک عومەری کوڕی عەبدولعەزیز وسەلاحەددینی ئەیویی کە سەڕەای ئەوەی لەسەردەمی دەسەڵاتی خۆیان نمونەیەکی جوانی بەھێزی حوکمڕانیان پێشکەش کرد بەڵام لەدوای خۆیان سیستەمیان بەجێنەھێشت بەشێوەک بتواندرێ ئەو حوکمڕانیە لە ئەزمونی کەسیەوە بگۆڕێت بۆ ئەزمونی دامەزراوە. ئەگەر زۆر نزیکتر بێینەوە نمونەی راپەرینەکەی ١٩٩١ جەماوەری کوردستانیش زۆر بەزەقی ئەوەمان بۆ دەخاتە روو کە گۆڕینی کەسەکان بەبێ گۆڕینی سیستەم ودامەزراوە ھەمان ئەنجامی دیکتاتۆریەت وستەم وگەندەڵی لێ دەکەوێتەوە ھەرچەندە بەناوی نەتەوەو حزب وبنەماڵەی تریش بێت. نمونەی بۆچونی دووەم تا ئەو کاتەی راستە کە سیستەمەکە کەسانی پاک وخاوەن پرەنسیپ و چاکسازو سەرکردەی دڵسۆز بەڕێوەی ببنەن یان سەرکردە کاریزماکان سیستەمی باش وبەدامەزراوەیی دەوڵەت دابھێنن وسەقمگیری بکەن. نمونەی جۆرج واشنتن –کەبەباوکی دامەزرێنەری ئەمریکا دادەنرێ- کاتێک لەساڵی ١٧٨٩ بەکۆی دەنگ بووبە سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ئەوەی دەستوریش رێگای پێ دەدا بۆ جاری سێیەم خۆی بپاولێرێ بۆ سەرۆکایەتی بەڵام ئامادە نەبوو بۆجاری سێیەم ببێتەوە بەسەرۆک، ئەمە لەکاتێکدا کە خۆی یەکەم کەس بوو پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکای دروستکەردو داھێنا. نمونەی سەلبی زەقی ئەڵمانیاش ھەیە، کاتێک ووڵات سیستەم ودامەزراوەشی ھەبوو بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھیتلەر توانی دامەزراوەکان بۆ بەدیھێنانی خەونە تایبەتیەکانی خۆی بەکاربھێنێ و جیھانیش بەرەو نەھامەتی ببات. دوو نمونەی سەرکەوتوی سەنگافورەو مالیزیاش ھەن کاتێک ووڵاتەکانیان سیستەم ودەوڵەت زۆر لاواز بوون تێیدا؛ کەچی ھەردوو کەسایەتی گەورەی وەکو لی کوان یو ومەھاتیر محمد توانیان سیستەم ودامەزراوە دروست بکەن ودەوڵەتەکانیشیان ببنە ریزبەندی ووڵاتە ھەرەپێشکەوتوەکانی جیھان. ھەربۆیە کیسنجەر لەباسی کەسایەتی لی کوانیو دەلێت: ئەم کەسایەتیە بۆی سەلماندین کە کەسەکان دەتوانن لە بارودۆخ گەورەتر وبەھێوتربن.
لەکۆتاییدا ئێستا پێویست دەکات ئێمە لەسەر دوو تەوەری بنەڕەتی کاربکەین بەتایبەت کە باسی پرۆسەی گەیشتن بە مافی چارەنووس دەکەین، ئەوانیش بریتین لە گۆڕینی ئەو دەموچاو و ئەقڵانەی کە دۆخی کوردستانیان بە ئێستا گەیاند، لە پاش ئەوەش دەست بکەین بە بیناکردنی سیستەمێکی دامەزراوەیی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، بەبێ ئەو ھەنگاوانە ئێمە لە بازنەیەکی داخراو دەسوڕێینەوە ناتوانین شتێکی ئەوتۆ بۆ بەرەو پێشبردنی کوردستان بھێنینە کایەوە.