سیاسەت بەزمانی دیوەخان

لەلایەن ستاندار Posted on 1059 جار بینراوە

د. ئارام رەفعەت

بەرخەکەی کابرای جولەکە و دەوڵەتەکەی کاک مەسعود….
دەوڵەتەکەی کاک مەسعود و ئەعساب ساردییەکەی ئەردۆغان لە بەسەرهاتی جووەکەی خۆشناوەتی و ئاغاکەی دەچێت….
دەگێڕنەوە جوویەکی خۆشناوەتی لەبەهارەوە بەرخێکی دابەستبوو بەنیازی سەربڕینی لەزستاندا، بۆ ئەوەی بیکاتە قەڵییە و زستانەکەی پێ بەسەر بەرێت…
بەرخەکە هێندە قەڵەو و جوان دەبێت ئاغای گوندەکە تەماحی تێوە دەکات و دەیەوێت بە فێڵێک لێی بسەنێت.
رۆژێکیان کابرای جوو لەدیوەخان دەبێت و ئاغاش پێی دەڵێت فڵانی ئەوە زستان هاتووە و بەفر باریوە و کاتی سەربڕینی بەرخەکەتە، بەرخەکەت بۆ سەر نابڕیت؟
کابری جووش دەڵێت چیت عەرزکەم، هەموو دراوسێکانم چاوییان لەسەر ئەوەیە بەرخەکەم سەر ببڕم پارچە گۆشتێکییان بدەمێ..
ئەگەر گۆشتەکە بەسەر هەموو دراوسێکانمدا دابەش بکەم هیچم بۆ نامێنێتەوە، ئەگەر بیدەمە هەندێکیشیان ئەوانی تر لێم زیز دەبن.. بۆ یە نازانم چٶن بەرخەکەم سەر ببڕم..
ئاغا دەڵێت ئاسانە، تەکبیرێکت بۆ دەکەم و نهێنییەکت پێ دەڵێم، بەڵام نهێنییەکە هەر لەنێوان من و تۆدا دەبێت و کەسی تر نایزانێت..
خاوەن بەرخەكەش دەڵێت نهێنییەکەت چییە؟
ئاغا دەڵێت بەیانی زوو بەدزییەوە سەری ببڕە و با کەس هەستی پێ نەکات، دواتریش لای خەڵک بڵێ بەرخەکەیان دزیوم..
کابرای جوو دەڵێت تەکبیرێکی باشە، بەقسەت دەکەم
شەو ئاغا پیاوەکانی خۆی دەنێرێت و بەرخەکەی دەدزن و هەر ئەو شەوە سەری دەبڕن.
کاتێ بەیانی جووی داماو لەخەو هەڵدەستێت دەبینێت بەرخەکەیان دزیوە…
بەهەڵەداوان خۆی بە ماڵی ئاغادا دەکات و دەڵێت ئاغا فریام کەوە بەرخەکەیان دزیووم..
ئاغای فێڵبازیش دەڵێت ئافەریم وەبرێ، وەبرێ (وابڵێ، وابڵێ).
کابرای جوو دەڵێت ئاغا وەڵڵا بەراستیمە بەرخەکەیان دزییوم..
ئاغاش دەزانێت بەرخەکەی جووەکە لەکوێیە و لەمەنجەڵی ئاغا ژن دایە،
هەرچەند جووەکە هاوار دەکات ئاغا هەردەڵێت وەبرێ، وەبرێ…

پێدەچێت نهێنییەکی هاوشێوەش لەنێوان کاک مەسعود و ئەردۆغاندا هەبێت…
ئەردۆغان پەلاماری سێبەری خۆشی دەدات ئەگەر باسی دەوڵەتی کوردی بکات…
کەچی کاک مەسعودی هاوپەیمانی هەموو ساڵێک لەگەڵ تاوانەوەی بەفردا تا کۆتایی جۆزەردان دەڵێت دەوڵەتی کوردی دادەمەزرێنم…
بەڵام ئەردۆغان نە بای پێدا دێت و نە باران…
پێدەچێت ئەردۆغان هەمووجارێک بەکاک مەسعود بڵێت وەبرێ، وەبرێ…
ئاخر ئەردۆغان بۆ ئەعسابی سارد نەبێت..
ئەو دەزانێت بەرخەکەی هەرێم لەکوێیە، بۆیە بەخەیاڵیدا نایەت…
پارەی نەوتی هەرێم لە بانقەکانی ئەردۆغاندایە… بانقەکانی هەرێمیش بەتاڵن…حکومەت ئیفلیجە… پەرلەمان داخراوە… حیزبەکان پەرتەوازەن و هەرێم چەند پارچەیە…خەڵکیش بێ ئیرادە کراوە…
کاک مەسعودیش بەردەوام بالۆرەی دەوڵەتی کوردی دەڵێتەوە…
ئەردۆغانیش بەخەیالێدا نایە،
وەک بڵێی بەکاک مەسعودی گوتبێت وەبرێ، وەبرێ…

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.