ناهەقمانە دژی ریفراندۆمەكەی بارزانی بین؟

لەلایەن ستاندار Posted on 814 جار بینراوە

شێرزاد شێخانی

ئەو كارتەی لەرۆژی ریفراندۆمدا دەنگی لەسەر ئەدرێ پرسیارێك لەهاوڵاتیان ئەكات(ئایا لەگەڵ سەربەخۆیی یان نا)..كەواتە خودی پرۆسەكە،پرۆسەیەكی دیموكراتیانەیە بۆ زانینی رای جەماوەر لەبارەی مەسەلەیەكی چارەنوسسازی وەك سەربەخۆیی كوردستان،مرۆڤیش لەهەر پرۆسەیەكی دیموكراتیدا ئازادە لەدەربڕینی رای خۆی ئەمەش یەكێكە لەكۆڵەگەكانی دیموكراسیەتی راستەقینە.

ئێمەی بەشێك لەنوسەرو رۆژنامەنوسو رۆشنبیرانی ئەم هەرێمە بەو چەمكەی دیموكراسییەوە ئازادین لەگەڵ یا دژی ریفراندۆم بین، چۆن رۆشنبیرانی پارتی ولایەنگرانی ئازادن لەپشتگییری كردنیان بۆ ریفراندۆمەكەی بارزانی، ئێمەش ئازادین لەدژایەتیكردنی.هەر لایەك روئیای خۆی هەیە لەسەر مەسەلەیەكی وا چارەنوسسازدا.

ئەو چیینە رۆشنبیرە دژ بە ریفراندۆم لەسۆنگەی پەرۆشیان بۆ ئاییندەی میللەتەكەیان كەوتونەتە سەر هەڵویست وەرگرتن لەریفراندۆم، بەئاشكراش راوبۆچونی خۆیان نوسیوەو پەیامی خۆیان گەیاندوە،بەوەی پێویستە بەر لەهەر پرۆسەیەكی وا مەترسیداردا زەمیینەیەكی گونجاو بێتە ئاراوە بۆ ئەوەی میللەت دوچاری باجێكی گەورە نەبێ وەك ئەوەی مەسعود بارزانی ئاماژەی پێدا كە بەیانی دەرگاكانی لێ بگیرێو لەبرسا بمرێ.

ئەوانەی دژی ریفراندۆمن خەڵكی ئەم وڵاتەن،رەنگە كەسانی وایان تیا بێت بەقەدەر تووكی سەری هەر سەركردەیەكی پارتی خەباتی شاخو شارو  ژێرزەمینەكانو زیندانەكانی بەعسو رژێمە دیكتاتۆرەكانی دژ بەكوردی هەبێ. لەجیاتی ئەوەی رێز لەراوبۆچونیان بگیرێ، كاكە مەسعود دەزگایەك دروست ئەكات بۆ روشاندنو تیرۆركردنی كەسایەتیەكانیان، ئەم ئەركەش ئەسپێرێ بە كۆمەڵێك رۆشنبیرانی دەربار كە قێزەوەنترین كەسایەتیان هەیە لەناو میللەتەكەیاندا.

مرۆڤی كورد تەنها چاوێك بە لیستی ناوی ئەو 88 كەسەدا بخشێنێ كە پارتی ئەیەوێ كەسایەتییەكانیان تیرۆر بكات،بەراودردی بكات لەگەڵ ناوی ئەو 14 ئەندامەی ژووری عەمەلیاتەكەی پارتی، هەقیقەتی مەسەلەكەی زۆر بەرونی بەرچاو ئەكەوێ كە ئەمانە كێن ئەوانیش چ مەخلوقێكن.

لەجیاتی ئەوەی مەسعود بارزانی وەكو  سەركردەیەكی پەرۆشی مافی میللەتەكەی بۆ سەربەخۆیی،بنێرێ بەدوای ئەو 88 ناوەو لەگەڵیان دابنیشێ و لێیان تێبگات، ئەچێت ژووری عەمەلیات دائەمەزرێنێ وەكو ئەوەی حەربی ئیستیقلالەكەی ئەو لەگەڵ رۆشنبیرانی وڵاتەكەی خۆی بێت،نەوەك لەگەڵ دوژمنانی مافی چارەی خۆنوسینی میللەتەكەی!.

لەجیاتی ئەوەی لێژنەی ئاشتەوایی لەگەڵ میللەتو لایەنە سیاسیو رۆشنبیرەكان دروست بكات بۆ ئەوەی زەمیینەیەكی لەباری یەكگرتو بێنێتەدی بۆ پشتگییری میللەت لەریفراندۆمەكەی، هانا بۆ كۆمەڵێك لەقەڵەمفرۆشانو كەسایەتی روشاو ئەباتو بەسەفتە دۆلاریان ئەداتێ بۆ ئەوەی بەیانی باسی عەرزو ناموسی ئەو رۆشنبیرانە بكەن كە هەر ئەمانەن ئەبنە هەوێنی دامەزراندنی دەوڵەتە سەربەخۆكەی كوردستانەوەو ئەبنە ئەداتی پتەوكردنی كایەكانی دەوڵەتداری لەم دەوڵەتە چاوەڕوانكراوەدا.

ئاخر ئێمە ناهەقمان نیە دژی دەوڵەتێكو سەربەخۆییەك بین كە بەمشێوەیە دەست پێبكات و ئەو دەموچاوە ناشرینانەی پارتی ببنە نوخبە بەڕێوەبەرەكەی..بەڵێ ئەمە ئەو دەولەتە سەربەخۆیەیە كە ئێمەومانان دژایەتی ئەكەین.

عەرەب قسەیەكی جوانیان هەیە كە ئەڵێ” جام ئاوەكەی ناوخۆی لێ ئەتكێ“.

دەمێكە وتراوە هەر كەسێك لەپارتی نزیك ببێتەوە بە ئاگرەكەیەوە ئەسوتێ، پارتی بەهۆی سیاسەتەكانیەوە ئەوەندە ناشرین بوە لەبەرچاوی میللەتەكەی كە شانازییەكی گەورەیە ئەمرۆ كەسێك لەبەرەی میللەتەكەیدا بێتو لەبەرامبەر دیكتاتۆریەتو فاشییەتی ئەو حزبەدا هەڵوێست وەربگرێ، بەم پێیەش شانازییەكی زۆر گەورەیە بۆ منی خاوەن قەڵەمێكی بچوك، ناوم بچێتە تەنیشت ناوی گەورەترینو جوانترین مرۆڤەكانی ئەم سەردەمە..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.