ئاین وەک ئامرازێکى حزبى و سیاسی

لەلایەن ستاندار Posted on 670 جار بینراوە

سەباح محەمەد

کۆمەڵگەى ئێمە خاوەنى پاشخانێکى کەلتورى و نەریتى بەرفراوانە، چ ئەو نەریتانەى کە خاوەنە ڕاستەقینەکەى کۆمەڵگەى کوردییە، چ ئەو داب و نەریتانەى کە لەدەرەوە هاوردەکراون و بەتێپەڕبوونى کات فۆڕمى کۆمەڵگەى ئێمەیان وەرگرتووە. سەرجەمى ئەو داب و نەریتانە بە باش و بە خراپەوە، بوونەتە بەشێک لەژیانى کۆمەڵگە، و لەزۆر کاتدا نەریتە باشەکان شوێنى یاساکانیان گرتووەتەوە، و بوونەتە بەشێکیش لە سەرچاوەى یاسا بەرکارەکان. هاندان بۆ بەردەوامبوون و بەرەوپێشبردنى داب و نەریتە پۆزەتیڤەکان کارێکى دروست و بەجێیە.

بەگەڕانەوە و چاوخشاندنەوە بە بیست و شەش ساڵى ڕابردووى هەرێمى کوردستان، تێدەگەین کە یاساکان بەئەندازەى داب و نەریتەکان نەیانتوانیوە سلمى کۆمەڵایەتى و سیاسى بپارێزن، بەڵکو زۆرجار ئەم داب و نەریتانە بەکردەیی ئەلتەرناتیڤى یاساکان بوون.

ئاین( کە زیاتر مەبەستمان ئاینى ئیسلامە) هەم وەک و سیستم و هەم وەک بەهایەکى کۆمەڵایەتى لەکۆمەڵگەى ئێمەدا ئامادەیە، کە دەڵێین سیستم مەبەستمان ئەوەیە کە بەشێک لەوانەى کە بڕوایان بەوە هەیە کە دەبێت ئاین و دەقە ئاینیەکان یاساى بەرکار بن، یاخود سەرچاوەى سەرەکى یاساکان بریتی بێت لە ئاین، کە دەڵێین وەک بەهایەکى کۆمەلایەتى، مەبەستمان ئەوەیە کە بەشێک بەپێچەوانەى بۆچوونى یەکەمەوە بیردەکەنەوە و پێیان وایە دین یەکێکە لە نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان و زەرورەتى بەشداریکردنى نیە لەژیانى سیاسى و ئابورى دا، بەڵکو دین پەیوەندییەکى فەردانى نێوان مرۆڤ و خالقەکەیەتى.

لەحەقیقەتدا دۆخى ناتەندروست لە کۆمەڵگەى ئێمەدا ئەوەیە کە ئەندامى حزبێک بە پۆشینى ماسکى ئاینى و لەژێر ناسنامەى ئاینەوە، بانگەوازى دەرکردنى ئەو هاونیشتیمانیانە بکات کە بەپێچەوانەى ئەو بیردەکەنەوە، و بەناپاک لەقەڵەمیان بدات.

ئاین کە کرا بە بەشێک لە درێژەدان بە ستەمکارى و میکانیزمێک بۆ پاراستنى بەرژەوەندییەکانى حزبێکى دیاریکرا و پیرۆزییەکانى لەدەست دەدات، وەکو یاسایەک سەیر دەکرێت کە دەسەڵات خۆى دەریکردبێت بۆ درێژەدان بە فەرمانڕەوایەتیەکەى.

خاڵى مەترسیدار ئەوەیە کە حزب پەنا بباتە بەر مامۆستا و زانایانى ئاینى بۆ تەحقیقکردنى ئامانجەکانى، خۆ ئەگەر ئەمان کەوتنە ژێر کایگەرى حزب، ئەوا لەسەر دەستى ئەمانە ئاین لەپەیامەکانى باتڵ دەکرێتەوە، و دەبێت بە ئامرازێک بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتێکى نامەشروع و نا دادپەروەر و گەندەڵ.

کاتێک بزوتنەوەى ڕیفۆرمى ئاینى لەسەدەکانى ناوەڕاست سەرهەڵدەدات لەسەر دەستى” مارتن لۆسەر و جۆن کاڵڤن”، دەرئەنجامى هەڵەى پیاوانى ئاینى و کڵێسا بوو، پیاوانى ئاینى لەم سەردەمەدا ئاینیان لە ئامانجەوە گۆڕی بوو بۆ ئامراز بۆ دەستەبەرکردنى بەرژەوەندییە مادییەکانى خۆیان و دەسەڵات.

لەپێناو پاراستنى شکۆ و پیرۆزى ئایندا، نابێت مامۆستایان و زانایانى ئاینى ببنە بەشێک لەپڕۆسەیەکى مەبەستدارى حزب، نابێت بە بۆچونێکى حزبیانەى تەواو و لەژێر پەردەى ئایندا ئەو مافە بەخۆى بدات کە هاونیشتیمانى لە نیشتیمانەکەى خۆى دەربکرێت، یان ئەو کەسانەى وەک ئەو بیرناکەنەوە بە ناپاک و خۆفرۆش لە لیستە حزبیەکەى ئەودا ناویان تۆماربکرێت. ” لا اکراه فی الدین” مادام لە ئایندا زۆرلێکردن نیە، کەواتە هیچ مرۆڤێک مافى ئەوەى نیە زۆر لە مرۆڤەکانى تر بکات بۆ گۆڕینى بۆچوون و قەناعەتیان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.