هەدەپە: كاتێك ئەردۆغان دەڵێ تورکیا دەوڵەتى یاسایە و دادگا سەربەخۆیە، ئەوە درۆ و گاڵتەجاڕییە

لەلایەن ستاندار Posted on 748 جار بینراوە

ستاندەر

هەدەپە لە وەڵامى لێدوانێکى ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیادا، کە لە لوتکەى گروپى ٢٠دا ڕایگەیاندبوو، سەڵاحەدین دەمیرتاش “تیرۆریستە” ڕایگەیاند، دەمیرتاش تیرۆریست نییە و مێژوو دەیسەلمێنت کێ تیرۆریستە. ڕاشیگەیاندووە “ئێمە حسابى ئەو قسە بێ سنوور و بێ حسابانە لە ڕێگەى سیاسى و یاساى نێودەوڵەتییەوە، لە سەرۆکى گشتى ئاکەپە دەپرسینەوە”. ئەمڕۆ پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) ڕاگەیاندراوێکى ٥ خاڵیى بڵاوکردەوە و تیایدا وەڵامى ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا دەداتەوە، کە لە لوتکەى جى ٢٠دا لە ئەڵمانیا ڕایگەیاندبوو “دەمیرتاش تیرۆریستە”.

لە ڕاگەیاندراوەکەى هەدەپەدا هاتوە:

١ – سەڵاحەدین دەمیرتاش تیرۆریست نییە و ئەو هاوسەرۆکى گشتیى هەدەپەیە و ئیرادەى ملیۆنەها مرۆڤە. ئەو پەرلەمانتارە. پێش ئێستاش پاڵێوراوى پۆستى سەرۆکایەتیى کۆمار بوو و کەسێکى خاوەن کەرامەت و بەشەرەفە. ئەو سیاسەتمەدارێکە کە بە تێکۆشانى خۆى، بیروبۆچوونى خۆی لە دڵ و ناخى گەلانى تورکیا و جیهاندا جێى بووەتەوە و بۆیان بووەتە هیوا.

٢ – ئەردۆغان بەو قسانەى ڕاستەوخۆ دەستوەردان لە سیستمى دادوەرى دەکات و کاریگەری و گوشار لەو دۆسیەیانە دەکات کە هێشتا ئەنجامەکانیان دیار نییە. ئەردۆغان هەروەها بە شێوەیەکى ئاشکرا هەڕەشە لە دادگا و دەستوور دەکات.

٣ – جگە لەوەش، ئەردۆغان پێش ئەوەى کە دەمیرتاش بە “تیرۆریست” تاوانبار بکات دەڵێت “تورکیا دەوڵەتى یاسایە” و دواتریش دەڵێت “لەلاى ئێمە دادگا سەربەخۆیە”، ئەوە درۆیە و گاڵتەجاڕییە.

٤ – دەبێت هەرگیز سەرۆک کۆمارێک بەو شێوەیە قسە نەکات و ئەوە قبوڵ ناکرێت. ئێمە قسەکانى ئەردۆغان ئیدانە و شەرمەزار دەکەین. مێژوو نیشانى دەدات کە کێ تیرۆریستە.

٥ – ئێمە بە ڕاى گشتیى ڕادەگەیەنین، ئێمە حسابى ئەو قسە بێ سنوور و بێ حسابانە لە ڕێگەى سیاسى و یاساى نێودەوڵەتییەوە، لە سەرۆکى گشتى ئاکەپە دەپرسینەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.