كورد و گەمەی دوای ئازادكردنی موسڵ

لەلایەن ستاندار Posted on 902 جار بینراوە

هیوا سەید سەلیم

بە ئازادبوونی یەكجارەكی شاری موسڵ رێكخراوی تیرۆرستی داعش دوا فیشەكی دەولەتی خۆی لەو شارە دەتەقێنێت، بەڵام ئەگەر ئەمەیان بۆ داعش شكستێكی سەربازی بێت بە تایبەت كە ئەوان لەسەر زاری خەلیفەكەیان ئەبوبەكر بەغدادی لەو شارە بانگەوازی دەوڵەتی خەلافەتیان كردبوو، ئەوا بۆ هێزە ئەمنیەكانی عێراق و هاوپەەیمانان سەركەوتنی سەربازی گەورە دەبێت، بەڵام ناتوانین بڵێین كۆتایی یاریەكەیە، چونكە هێشتا لە خودی ئەو پارێزگایە شوێنێكی وەك قەزای تەلعفەر ماوە كە لە تیرۆرستانی داعش ئازادبكرێت، چاوەڕوان دەكرێت ئازادكردنی ئەو شارە لە رووی سەربازیەوە ئاسان بێت هۆكترەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە هەموو لایەكەوە گەمارۆدراوە، بەڵام لە رووی پێكهاتەی خەڵكەكەی كە زۆرینەی توركمان وە لە هەمان كاتدا توركیاش هێزێكی لەو ناوچەیە جێگیركردووە كە بە بێ خواستی هێزە عێراقیاكان هاتونەتە ئەو ناوچەیە، دەتوانین بڵێین هاوكێشەكان لە كاتی ئازادكردنی تەلەعفەر ئاڵۆز دەبن، بەوەی دەپرسین كە ئایارۆڵی هێزە توركیەكە لە ئازادكردنی تەلەعفەرچی دەبێت، داعشە گەمارۆدراوەكان لە تەلەعفەر چیان بەسەر دێت، پێشمەرگە چ رۆڵێكی دەبێت كە ئێستا لە چەند لایەكەوە لە بەرەكانی شەڕ نزیكە، ئەمانە هەموو پرسیار گەلێكن سەبارەت بە یەكلاكردنەوەی سەربازی شاری تەلەعفەر، لەگەل هەموو ئەمانەش موسڵی دوای داعش ئایندەكەی زۆرروون نیە، بەوەی ماوەیەكیتر هاوڵاتیانی موسڵ دەگەڕێنەوە سەر وێرانەیەك كە هەرگیز باوەڕیان نەدەكرد باجی ئەو پێشوازیە گەرمەی تیرۆستانی داعش بەم جۆرە بدەن بە زیانێكی گیانی زۆر و وێرانەیەكی گەورەی شارەكەیان كە ساڵانێكی زۆری دەوێت بۆ ئاوەدانكردنەوەیی و گيرانەوەی ژیان تێیدا.

شاری موسڵ دوای سێ ساڵ لە حوكمڕانی داعش لە لایەن ئەو هێزانە ئازاددەكرێت كە خەلكی موسڵ كردبوویانە بیانووی درووستبوونی داعش، بۆیەش پێشوازیانكرد لە داعش تا لە هێزە عێراقیەكان دەربازیان ببێت، سوونیەكان و لەناویشاندا موسڵاویەكان هەمیشە ئەو قەوانەیان لێدەدایەوە كە خراپی مامەڵەی بەغدا لەگەل خەڵكی ئەو ناوچانە و مامەڵەی ناشایستەی هێزە ئەمنیەكان دوای رووخانی رژێمی سەدام هۆكاربوون بۆ سەرهەلدانی رێكخراوی تیرۆرستی داعش، لە ئێستادا كە لەسەر ئەرز بەغدا بە هێزەوە دێتەوە موسڵ و تیرۆرستانی داعش ڕاودەنێت، وە لە هەرێمێكی دراوسێی ئەو شارەش كار بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ دەكرێت، پێدەچێت جارێكی تر موسل بكرێتە چەقی یەكلاكردنەوە زۆرێك لە ململانێ ئیقلیمی و ناوخۆیەكان، چونكە بوونی ئەو هەموو هێزە كە لە راستیدا ناكۆك بەیەكەوە لەو ناوچەیە فاكتەری نەرێنی دەبێت بۆ ململانێی نیوان پێكهاتەوەكان و هەروەها لایەنە سیاسیەكان.

هەموو ئاماژاكانیش دوا سەردانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ شاری موسڵ كە گوایە بۆ پیرۆزبای هێزە ئەمنیەكان بووە، ئەوەمان پێدەڵێن كە بەغدا بەو سەركەوتنە زۆر لەخۆبایی دەبێت، هەر بۆیە لەسەردانەكەی عبادی نەتەنها هیچ یەك لە بەرپرسە ئیداریەكانی شاركەی لەگەل نەبوو، بگرە وەك جارانیش دوای سەردانی بۆ شاری موسڵ ناهاتە هەرێم چایەكی شیرین یان قاوەیەكی عەڕەبی لەگەل بەرپرسانی ئەو هەرێمە بخواتەوە، ئەمە خەسڵەتی هەموو ئەو هێزانەیە كە بەسەركەوتنی سەربازی تووشی لەخۆبایبوون دەبن دەبێت، كە لەوانەیە بەشێكی ئەو لەخۆبایبوونی عەبادی و بەرپرسانی بەغدا بگەڕێتەوە بۆ هەلوێستی هاوپەیمانەكانیان بە تایبەت ئەمەریكا، كە هەمیشە جەغت لەوە دەكەنەوە (لەو قۆناغە پێشینەی كاری ئەوان بۆ كۆتایهێنان بە شەڕی داعشە) كە ئەمەشیان ئاماژەیەكە بۆ ئێمەی كورد كە دەمانەوێت پێش یەكلابوونەوەی كۆتایی گەمەی موسڵ بچینە ناو پرۆسەی ریفراندۆم، كە ئەمەشیان هەردوو دیوی ئەرێنی و نێگەتیڤی هەیە، دیوە ئەرێنیەكەی ئەوەیە كورد چاوەڕوانی ئایندەی موسڵی دوای داعش نەكات، بگرە لە ناوچە كوردستانیەكانی ئەو پارێزگایە راپرسی بكات، بە تایەت لە قەزاكانی شەنگال و مەخموور، بەڵام دیوە نێگەتیفەكەی ئەوەیە ئەو ناوچانە بە بەڵێ دەنگ بۆ ئەو ڕاپرسیە نەدرێت، ئەمەش وەك كاردانەوەیو ناوچانە لە بەرامبەر ئەو هەموو زوڵمەی لە سایەیی ململانێ حزبیەكان لێیان كرا، بە تایبەت لە شەنگال كە تا ئێستاشی لەگەڵ دابێت خەڵكەكەی لە هەرێمی كوردستان تۆراون و ناڕازین، هەمووشمان دەزانین كە لەرووی ئیداریەوە تا ئێستاش هەریەك لە قەزاكانی (شەنگال و مخموور) سەربە پارێزگای موسڵن.

ئەوە ئەو رۆژەیە كە ترسمان لێی هەبوو، بۆیە هەمیشە دەوترا دەبێت كورد بۆ ئایندەی دوای موسڵ خۆی ئامادە بكات و كێشەكانی چارەسەربكات و ناو ماڵی خۆی ڕێب كخات، چونكە مەترسیەكانی دوای ئازادكردنی موسڵ زیاتر لە گەمەیكی سیاسیە، غروری هێزی سەربازی بەغدا لە لایەك و مانەوەی هێزەكانی توركیا لەو ناوچەیە بۆ خەرمانی ئێمەی كورد مایەی هەڕەشەن.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.