ڕیفراندۆم و ‘یەکگرتوو’… چۆن یەکگرتوو چاڵ بۆ خۆی هەڵئەکەنێت؟

لەلایەن ستاندار Posted on 742 جار بینراوە

د. نەوشیروان حسێن سەعید

هەڵوێستی گۆڕان و کۆمەڵ لەسەر ڕیفراندۆمەکە تا ئێستا ڕوونە، هەرچی یەکێتیشە خەت ڕەجعی داناوە بۆ کاتی پێویست. هەرچەندە یەکگرتووش باس لە کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکات، بەڵام لە واقیعدا هەر لەسەرەتاوە چالاکانە بەشداربووە لە کۆبوونەوەکانی بارزانی. نەک هەر ئەوە، بەڵکو ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی یەکگرتوو بە قەناعەت و دڵخۆشییەوە لەگەڵ ڕیفراندۆمن و کار بۆ سەرخستنی دەکەن. بەڵام ئایا قەناعەت و دڵخۆشییەکەیان لە جێی خۆیدایە؟

هەرکەسێک کەمێک بە وردی موتابەعەی ئەم ڕیفراندۆمە بکات، دەزانێت گرنگترین ئەو وڵاتانەی کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پشتیوانی ڕیفراندۆم دەکەن، بریتین لە ئیسرائیل و ئیمارات و سعودیە. دیارە ئەمە لەبەر چاوی ڕەشی کورد نییە، هەریەکە و ئەجێندا و مەبەستی خۆی هەیە کە لێرەدا ناچمە سەر ئەو بابەتە.

ئاشکرایە دژایەتیکردنی ئیخوان موسلیمین یەکێکە لەو خاڵە سەرەکییانەی کە ئەم سێ وڵاتە پێکەوە کۆدەکاتەوە. ئەم سێ وڵاتە ئەوپەڕی توانای خۆیانیان خستەگەڕ بۆ لەباربردنی بەهاری عەرەبی. پارەی ئیمارات و سعودیە کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو لە کەوتنی مورسی و ئیخوان موسلمین لە میسر. هەوڵێکی زۆریشیاندا، نەهزەی تونس بە دەردی ئیخوانی میسر بەرن. ڕۆڵی سعودیە و ئیمارات لە دژی ئیخوانەکانی یەمەن و لیبیاش ڕوون و ئاشکرایە.

لە کوردستانیش، یەکگرتوو تازە وەکو باڵی ئیخوان یان درێژکراوەی ئیخوان تەماشا دەکرێت. پێشتر ڕێکخراوی مانگی سوری ‘ئیمارات’ی لە ڕێگەی ڕێکخراوی ڕابیتەی ئیسلامییەوە یارمەتی منداڵانی بێباوکی دەدا لە کوردستان، بەڵام ئێستا ڕێکخراوە ئیماراتیەکە ئەو یارمەتیە ڵە ڕێگەی دەزگای خێرخوازی بارزانییەوە دابەشدەکات. لە ڕاستیدا ئەوە هەنگاوێک بوو دژی یەکگرتوو. لەمکاتەدا ئیمارات ڕەنگە هەر ئەوەندەی پێبکرێت.

ئەگەر لەم دۆخەدا دەوڵەت دروستبێت، ئەوا یەکگرتوو دەبێتە یەکێک لە قوربانییە سەرەکییەکانی، چونکە ئەوکاتە لەپای پشتگیرییان بۆ دەوڵەتەکە، ئیمارات و سعودیە ڕۆڵی گەورەیان دەبێت لە کوردستان. یەکگرتووش وەکو درێژکراوەی فیکری ئیخوان لە کوردستان، دەبێتە ئامانجی ئەو دوو وڵاتە، جا بە ڕێکەوتن لەگەڵ بارزانی بێت یان فشار لەسەر دروستکردنی. یانی لە حاڵەتێکی وادا، پێشبینی دەکەم ‘یەکگرتوو’ وەکو حزب تەنانەت قەدەغەش بکرێت!.

کەواتە یەکگرتوو بەخۆی بزانێت یان نا، لە ئیستادا خەریکی چاڵ هەڵکەندنە بۆ خۆی. ئاخر ئەگەر دەوڵەتێک سەرەتاکەی بە بڕیارێکی بارزانی (لەکاتێکدا ماوەی یاسایی وەکو سەرۆکی هەرێم بەسەرچووە) و بێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان دەستپێبکات، ئومێدی ئەوەی لێناکرێت پاش سەربەخۆیی ببێتە دەوڵەتێکی دیموکراسی.

ئەبێت یەکگرتوو ئەگەر تەنها لە پێناوی خۆیشیدا بێت، ئەوپەڕی هەوڵبدات کە لانی کەم کاتی ڕیفراندۆم دوابخرێت تا دڵنیابوون لەوەی لە پاش دەوڵەت نابێتە نێچیرێکی ئاسان. ئێستا هەم پارتی پێویستی بە یەکگرتووە و هەم ڕەنگە تورکیاش لە حاڵەتی پێویستدا پشتگیری یەکگرتوو بکات، بەڵام کە دەوڵەت دروستبوو، ئەوکاتە بارزانی و پارتی زۆر لە ئێستا دەستکراوەتر دەبن. یەکگرتووش بێ پشتیوان دەمێنێتەوە و پارەی ئیمارات و سعودیەش زاڵمە و لە توانایدا بۆ ئەبەد یەکگرتوو وەکو حیزب بسڕێتەوە!.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.