گۆڕان نەدەبوایە وەڵامی مەسعود بارزانیی بداتەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 697 جار بینراوە

کەمال چۆمانی

گۆڕان نەدەبوایە بە بەیاننامەی رەسمیی وەڵامی مەسعود بارزانیی بداتەوە، چونکە ئەوەی مەسعود بارزانی لە پارلەمانی ئەوڕوپا گوتی، گەورەترین لۆبیی بو بۆ بزوتنەوەی گۆڕان. گۆڕانی وەک هێزێکی مەدەنیی وێنەکرد کە بە راستی بڕوای بە بنەماکانی دیموکراسیی و حوکمی قانون هەیە. تا ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان نەیتوانیوە هێندە جوان باسی خۆی بکات لە دەرەوە بەوپێیەی بەرپرسانی گؤڕان لە وتارەکانیاندا لە دەرەوە، دەترسن دونیابینیی خۆیان بەتەواوی رونبکەنەوە و هێشتاش هەندێکیان لەو بازنە تەسکەی کوردایەتیی و بانگەشەکانی ناسیۆنالیزمی کوردیی رزگاریان نەبوە.
– ئەوەی بارزانی پێیوایە گۆڕان بەشداریی شەڕی داعشی نەکردوە، نەک نابێتە جێی رەخنە لای ئەوڕوپییەکان، بەڵکو ئەوڕوپییەکان بەتەواوی داکۆکیی لە هەبونی هێزی وا دەکەن کە میلیشیا و سوپای نیشتیمانیی لێک جیابکەنەوە.
– بارزانی پێیوایە گۆڕان کۆدێتای کردوە کە ویستویەتی قانونی سەرۆکایەتیی بگۆڕێت، بەڵام ئەوە باشترین رێکاری دیموکراسییە کە ئەوڕوپییەکان خۆیان بڕوایان بە یەکلاییکردنەوەی کێشەکانە لە پارلەمان نەک لە دیوەخان.
– هەمو ئەو رەخنانەی لە مەسعود بارزانیی گیراون لەسەر خۆسەپاندن، خۆی دوپاتیکردنەوە و لە زمانی خۆیانەوە ئەوڕوپییەکان بیستیان کە چۆن خۆی سەپاندوە. بارزانی دەبوا بیزانیایە قسە بۆ ئەندام پارلەمانەکانی خۆیان ناکات بەڵکو قسە بۆ یەکێک لە دیموکراسییترین پارلەمانەکانی دونیا دەکات.
– بارزانی گوتی کە گۆڕان بارەگاکانی پارتیی سوتاندونە و خەڵکیان کوشتوە، بەڵام لە سەرەتادا خۆی گوتی کە گۆڕان بەشداریی شەڕی داعشی نەکردوە، واتا هێزی چەکداری نییە. ئەی گۆڕان چۆن ئەو خەڵکانەی کوشتن و بارەگای سوتاندن؟ ئەی بارزانی بۆچی رێی دادگای نەگرت لە بزوتنەوەی گۆڕان لە کاتێکدا خۆی دەتوانێت بە یەک ئاماژە پارلەمان دابخات؟
بۆیە پێم وایە، بزوتنەوەی گۆڕان باشتر بو لە زاری وەزیری پێشمەرگە و راگەیاندنی خۆیەوە وەڵامی بارزانییان بدابایەوە نەک بەیاننامەی رەسمیی، چونکە ئەو لێدوانانەی بارزانیی پێشتر لەسەر زاری سەرۆ قادر و جەماعەتەکەی گوتراون و پێویست بە وەڵامدانەوەی رەسمیی نەدەکرد.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.