قەڵەمی ئازادو چەکی ستەمکار.

لەلایەن ستاندار Posted on 602 جار بینراوە

ئارام قادر حەمەسور

بێگومان بەردەوام قەڵەم و دەسەڵاتی سیاسی ستەمکار ڕوبەڕوی یەکتر دەبنەوە، بەردەوام دوژمنایەتی یەکتر دەکەن ، چونکە عەقڵی قەڵەم و عەقڵی چەک ناکۆکن بەیەکتر، هێزێک عەقڵێکی چەکداری هەبێت ڕێزی قەڵەم نازانێت، هێزێک کەللەیەکی ڕەقی هەبێت کوا هێزی نەرم دەناسێت؟ ستەمکارەکانی دوونیا هەمویان ڕقیان لە قەڵەم و ئازادیخوازانە، لەکوێ هەبووە ستەمکار باوەشی بۆ قەڵەمە ئازاو ئازادەکان کردبێتەوە!؟ جگە لە قەڵەمفرۆش و ڕانتخۆرەکان و هاو ئاوازەکانی ستەمکارەکان.

لە کوێ قەڵەمەکان کەوتنە سەما لەوێش ئازادی لە گۆڕ نراوە، لە کوێش قەڵەمەئازادەکان دژایەتیان کراو لێیاندراو کوژران بزانن هەناسەی قەڵەمە ئازاکان بەردەوامە، چونکە کاری قەڵەمە ئازادەکان ڕەخنە کردنی دەسەڵاتی چەتەگەری و مافیاکڕاتییە، دەسەڵاتە کلیپتۆکراسییەکان بەردەوام قەڵەمەئازادەکانییان بە دووژمنی پلە یەک داناوە، بەردەوام خەریکی شکاندن و بوختانن بۆ قەڵەمەکان.

گۆبلز بەردەوام دەیگوت؛ سەرۆک هیتلەر هەر کاتێک گوێم لە وشەی ڕۆشنبیر دەبێت دەست بۆ دەمانچەکەم دەبەم، ئاخر ڕۆشنبیر گەر ئازاو ئازاد نەبێت قەڵەمەکەی ئەوە دەبێتە چەکێکی حەساری دەسەڵات، بەردەوام ڕانتخۆرەکان و ڕاگەیاندنکارەکان و نوسەران و ڕۆشنبیران بە نزیک بوونەوەیان لە بەرداخە ئاوەکەی دەسەڵات وەک شەکر دەتوێنەوەو نامێنن، ببینە هێزی ڕاکێشانی نەوت دەزگا ڕاگەیاندنەکانی چەندقەرەباڵخ کردووە، وەک موگناتیس ڕۆشنبیر و نوسەرانیان کێش کردووە تا ئاو بەئاشەکەی ستەمکاردا بکەن، ببینە ئەوانە پارە چەند ناشیرینی کردوون.

کاسترۆش بەردەوام لە جیڕەی قەڵەمی نوسەران دەترسا، ترسانی دەسەڵاتی ستەمکار لە قەڵەمە ئازاو ئازادەکان بابەتێکی دیالێکتیکە، قەڵەم و دەسەڵات بەریەکتر دەکەون، بۆیە بەزەحمەت نوسەرە ئازادەکان دەتوانن لە وڵاتی خۆیان بژین، ناچارن لە دەرەوە ڕەخنەکانیان ئاڕاستەی کەللەوشکەکەی دەسەڵات بکەن.

دەسەڵاتی جوت حیزبی کوردیش ماوەی بیست و شەش ساڵە نەیتوانیوە سیستەمێکی سیاسی گونجاو دروست بکات، نەیتوانیوە کەرامەتی مرۆڤ بپارێزێت، بەردەوام قەڵەمە ئازادەکانی ترساندوە یان تیرۆرکردووە، سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی نمونەی تیرۆرن بەدەستی دەسەڵاتی جوتحیزب،بەڵام قەڵەمەئازادەکان هەر زیاتر دەبن، ئێستاش لێدان و هەڕەشە لە نوسەران درێژکراوەی سیستەمە ستەمکارەکەیە، کاری ڕۆشنبیران بەرهەم هێنانی مەعریفەیە، کاریان ڕەخنەی ناشیرینیەکانی دەسەڵاتە، نەک گەرمکردنی دیوەخان و پیاداهەڵدانی بەرپرسە تەجمیلکراوەکان، قەڵەمی ئازا نابێتە دەروێشی سیاسیەکان، نابێت بێدەنگبێت چونکە بێدەنگی کاری ڕۆشنبیران و نوسەران نیە.

کاوێژکردن کاری قەڵەمە فاشیلەکان و عەقڵ دۆگماو نەوتاوییەکانە، ئەوان بە جیڕەی قەڵەم چەکەکانیان دەخەنە سەرپێ، ئەوان دۆڕاون ناتوانن بڵێن و بنوسن بۆ خەڵک، بۆیە چەک دەبێتە ناسنامەیان، ئەمە گاڵتەجاڕی عەقڵی ستەمکارانە، ئەم شەڕەی قەڵەم و چەک بەردەوام دەبێت هەمیشە خەتی ئازادی و خەتی ستەمکاری تۆختر دەکاتەوە، هەمیشە ناشیرینیەکانی دەسەڵاتی تەجمیلکراو لەبەردەم خۆری قەڵەمە ئازادەکان توختر دەبێت، هەمیشە قەڵەم ماسکە ناشیرین و گاڵتەجاڕو خەڵەتێنەرەکان کەشف دەکات، بۆیە هەمیشە ستەمکاران دۆژمنی قەڵەمی ئازاو ئازادن، هەمیشە خەم و کۆژان و کۆشادی خەڵک دەبێتە مەرەکەبی قەڵەمە ئازاو ئازادەکان،هەمیشە چەتەگەری و خیانەت و نەوتخۆری وستەمکاری و نادیموکراسی بونەتە فیشەکی چەکەکەی دەسەڵاتی ستەمکار، بەڵام تا ستەمکاری هەبێت قەڵەمە ئازادەکان هەر دەبن، ئەم سیاسەتی ترساندن و لێدانی دەنگە ئازادەکان لە ئێستادا پێماندەڵێت جووت حیزب چەند ستەمکارن.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.