فاشیزم لە مێنتاڵتی حزبەکانی باشوردا

لەلایەن ستاندار Posted on 480 جار بینراوە

سەباح محەمەد

حزبی سیاسی کە بە یەکێک لە پرەنسیپەکانی دیموکراسی دادەنرێت بریتییە لە ڕێکخستن و بەیەکەوەکارکردنی کۆمەڵێک لە تاکەکانی کۆمەڵگە کە یەک تێڕوانینێکی فکری ھاوبەشیان ھەیە و ھەوڵدەدەن ڕای گشتی بەلای خۆیاندا ڕابکێشن لەپێناو گەیشتن بە دەسەڵات.

لە چلەکانی سەدەی ڕابردووەوە دروستکردنی حزب دێتە ناو کۆمەڵگەی کوردی، بەڵام لەم زەمەنەوە تا ئێستاش ناتوانرێت ئەم حزبانە وەک حزبی مۆدێرن وێنا بکرێن، فاکتەرەکانیش بەشێکیان پەیوەندییان بە خەباتی ڕزگاریخوازی کوردەوە ھەیە، و بەشەکەی تریش پەیوەندی بە مێنتاڵتی خودی حزبەکەکانەوە ھەیە.
حزبەکانی باشوری کوردستان بەتایبەت” پارتی و یەکێتی” لەڕووکاردا دیموکراسین، بەڵام لە تایبەتمەندی و کڕۆکدا ھەڵگری پرەنسیپ و تایبەتمەندی فاشیەتن.
فاشیزم ھەڵگری کۆمەڵێک پرەنسیپە کە ئەمانەن” حکومەت لەسەروو ھەموو کۆمەڵگاوەیە و تەدەخول لە ژیانی تایبەتی تاکەکاندا دەکات، دژی دیموکراسییە، دژی سەرمایەدارییە، ئەرکی تاک بریتییە لە خزمەتکردنی کۆمەڵگا، ئازادییە کەسیەکان ڕەتدەکاتەوە، دژی ڕۆشنبیرانە”. لەڕووی تایبەتمەندیشەوە تەرکیز دەکاتە سەر” چڕکردنەوەی دەسەڵات لەدەستی چینێکی دیاریکراو، ئازادییە تاکەکەسیەکان سنورداردەکات وەک ئازادی ڕاگەیاندن و گردبوونەوە و کۆبوونەوە، ھەروەھا دەسەڵات دەست دەگرێت بەسەر ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و بەکارھێنانیان بەمەبەستی کاریگەری دانان لەسەر ڕای گشتی.

ئەگەر پرەنسیپ و تایبەتمەندییەکانی فاشیزم بەراورد بکەین لەگەڵ حزبەکانی باشوردا، لێکچونێکی زۆر بەدی دەکرێت لەنێوانیاندا، لەھەندێک حاڵەتدا حزبی کوردی سنورەکانی فاشیزمیش تێدەپەڕێنێت.

لەباشوردا حزب جێگەی ئەو حکومەتە دەگرێتەوە کە لە فاشیزمدا باڵادەستی پێدەدرێت و خاوەنی دەزگای جاسوسیە و تەنانەت خاوەنی پۆلیسی نھێنیشە، و دەچێتە ناو ژیانی تایبەتی ئینسانەکانەوە. ھەروەک چۆن فاشیزم دژی دیموکراسیە، پارتی و یەکێتیش دژی دیموکراسین، سەرجەم پرەنسیپەکانی دیموکراسی لای ئەم دوو حزبە لە ھەڵبژاردندا کورت کراوەتەوە، ھەڵبژاردنەکانیش پڕن لە خروقات و پێشێلکاری و توندوتیژی و ھەڕەشە. فاشیزم ڕاستەوخۆ سەرمایەداری ڕەت دەکاتەوە، ھەرچی پارتی و یەکێتییە دوو ھێزی سەرمایەدارن، بەڵام ڕێگە نادەن کەسایەتی سەرمایەدار دروست ببێت ئەگەر خۆیان پشکیان لەو سەرمایەدا نەبێت. یەکێتی و پارتیش بە ئەندازەی فاشیزم دژی ڕۆشنبیرانن، ئەو ڕۆشنبیرانەی پەنجە دەخەنە سەر لایەنە نێگەتیڤەکانیان، و بۆچوون و نوسینەکانیان خزمەت بەم دوو حزبە نەکات ئەوا ڕووبەڕووی چەندان تۆمەت دەکرێتەوە و لای ئەمان پێناسی ڕۆشنبیری لێ دەسەنرێتەوە.

لە بەڕێوەبردن و سەرکردایەتیکردنی حزب و حکومەتیشدا، لەناو پارتی و یەکێتیدا بەدرێژایی تەمەنیان چەند کەسێک بەبەردەوامی لەناو کایەکە ئامادەن، ئەم کەسانە بوونەتە ئەو چینە دیاریکراوە کە بەیەکێک لە تایبەتمەندییەکانی فاشیزم دادەنرێت. لە باشوری کوردستانیش ئازادیی ڕاگەیاندن و گردبوونەوە و خۆپیشاندان جۆرێکە لە موجازەفەکردن بەژیان، ڕۆژنامەنوسمان بینی تیرۆرکرا لەسەر چەند نوسینێک، ڕۆژنامەنوسمان بینی کە فڕێندرا و سوکایەتی پێکرا، ڕۆژنامەنوسمان بینی ناچارکرا نیشتیمان جێبھێڵێت، خۆپیشاندەران شەھیدکران، لێیاندرا، خرانە حەپس و بەڵێننامەیان پێ پڕکرایەوە.

ئەم دوو حزبە تا ئەو ئاستەی توانیویانە دەستیان گرتووە بەسەر ئامرازەکانی ڕاگەیاندندا و بەشێوەیەک ئاراستەیان دەکەن کە خزمەت بە بەرژەوەندی و ئامانجەکانیان بکات، بۆ ئەم مەبەستەش کۆمەڵێک ڕێگەیان گرتوەتەبەر وەک دروستکردنی میدیای سێبەر، و ئەتڕاکتیڤکردنی چەند ڕۆژنامەنوسێک بۆ کارکردن لە کەناڵەکانی خۆیان، و پێدانی ئیمتیازاتێکی زۆر بەو کەسانەی کە لە میدیای ئەواندا کاردەکەن.

لە فاشیزمدا حزب و سەرکردەکانی حزب خاوەنی ھێزی میلیشیا نین، بەڵام یەکێتی و پارتی و سەرکردەکانیان خاوەنی ھێزی میلیشیاو لەشکرن، لەفاشیزمدا حزب بەڕاستەوخۆ کۆمەڵگا ئاراستە ناکات بەڵکو لە ڕێگەی حکومەتەوە ئەم کارە دەکات، بەڵام پارتی و یەکێتی لەڕێگەی حزبەوە دەستیان گرتووە بەسەر کۆمەڵگادا و بە ویستی خۆیان بڕیار لەسەر ھەموو پرسەکان دەدەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.