یارو نه‌یاره‌كانى قادرى حاجى على كێن؟

لەلایەن ستاندار Posted on 982 جار بینراوە

دیوى شاراوه‌ى كێشه‌كانى ئێستاى گۆڕان
یارو نه‌یاره‌كانى قادرى حاجى على كێن؟

سەرتیپ کەریم وەیسی

له‌ دواى وه‌فاتى نه‌وشێروان موسته‌فا، رۆژ دواى رۆژ ململانێكانى نێو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ زیادبووندایه‌، له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ له‌واده‌ى هه‌ڵبژاردنى رێكخه‌رى گشتى و خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن، پارسه‌نگى باڵه‌كان به‌هۆى قه‌ڵه‌قى هه‌ندێ له‌ به‌رپرسانى گرده‌كه‌ به‌رده‌وام گۆڕانكارى به‌سه‌ردادێت، پێشبینىیده‌كرێت هێشتا هاوكێشه‌كان گۆڕانكاریان به‌سه‌ردابێت، چونكه‌ هه‌ندێك له‌ هه‌ڵسوڕاوو به‌رپرسى نێو بزوتنه‌وه‌كه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن و جارێ نازانرێ به‌ چ لایه‌كدابچن.
له‌سه‌ره‌تا زۆربه‌ى پێشبینییه‌كان بۆئه‌وه‌ده‌چوون قادرى حاجى على، جله‌وى گۆڕان بگرێته‌ ئه‌ستۆ، به‌ڵام هه‌ر له‌ دواى وه‌فاتى نه‌وشێروان موسته‌فا گروپێك كه‌ پێكهاتبوون له‌ ( حه‌مه‌ تۆفیق ره‌حیم و چه‌ند میدیاكارێكى پێشووترى كۆمپانیاى وشه‌و میدیاكانى گۆڕان، كه‌ ئێستا پۆستیان هه‌یه‌ ) كه‌وتنه‌ دژایه‌تیكردنى قادرى حاجى على، ئه‌ویش به‌ هه‌وڵه‌كانیان بۆ جیاكردنه‌وه‌ى میدیاكانى گۆڕان و كۆمپانیاى وشه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌كه‌، به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌ لایه‌ن قادرى حاجى علیه‌وه‌ ڕه‌تكرایه‌وه‌، ئه‌ویش به‌ پشتبه‌ستن به‌ كۆمه‌ڵێك دۆكۆمێنتى به‌جێهڵدراوى نه‌وشێروان موسته‌فا، كه‌ هه‌موویان ئاماژه‌بوون بۆئه‌وه‌ى میدیاكانى گۆڕان ( كه‌ى ئێن ئێن، سایتى سبه‌ى، رادیۆى گۆڕان ) سه‌ر بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانن.
دژه‌كانى قادرى حاجى على، به‌وه‌ نه‌وه‌ستان و ڕۆژ دواى ڕۆژ ژماره‌یان زیادیكرد، گروپى( عومه‌رى سه‌ید على و حه‌مه‌تۆفیق ره‌حیم و د.یوسف و ئارام شێخ محمد، هۆشیار عبدالله‌، عدنان عوسمان و ژماره‌یه‌ك كه‌سى تر) ، به‌ هاوكارى چیا نه‌وشێروان موسته‌فا به‌رده‌وامن له‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى قادرى حاجى على، به‌ پێى زانیارییه‌كان هه‌وڵێك هه‌بووه‌ به‌ ته‌واوى هه‌ریه‌ك له‌ قادرى حاجى على و عوسمانى حاجى محود له‌ گرده‌كه‌ ده‌ربكه‌ن.
ئێستا گروپه‌كه‌ى عومه‌رى سه‌ید على و حه‌مه‌ تۆفیق ره‌حیم، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ باژێڕوانه‌كان و به‌شێك له‌ به‌رپرسى ژووره‌كان و سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان كه‌ ئه‌ندامى جڤاتى نیشتیمانى حزبه‌كه‌ن، به‌ هاوكارى چیا نه‌وشێروان موسته‌فا، ده‌یانه‌وێ قادرى حاجى على به‌ ته‌واوى ناچار به‌ پاشه‌كشه‌بكه‌ن و په‌شیمانى بكه‌نه‌وه‌ له‌ وه‌رگرتنى پۆستى رێكخه‌رى گشتى گۆڕان.
له‌ به‌رامبه‌ردا قادرى حاجى على، كه‌ تاڕاده‌یه‌كى زۆر له‌ لایه‌ن عوسمانى حاجى محمود و د.محمد على و ئیسماعیل نامیق و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسى ژوورو چه‌ند باژێڕوانێكى كه‌م و میدیاى گۆڕان و KNN، پشتگیرى ده‌كرێت، به‌رده‌وام هانده‌درێت به‌وه‌ى پاشه‌كشه‌نه‌كات له‌ وه‌رگرتنى پۆستى رێكخه‌رى گشتى.
قادرى حاجى على، چانسێكى تریشى هه‌یه‌، بۆئه‌وه‌ى بتوانێ به‌بێ دوودڵى كاندیدبوونى خۆى رابگه‌یه‌نێت، ئه‌ویش به‌هۆى بێ لایه‌نى كۆمه‌ڵێك كه‌سى وه‌ك ( جه‌لال جه‌وهه‌رو شۆڕش حاجى و موسته‌فاى سه‌ید قادرو هه‌ڤاڵ ئه‌بوبكرو چه‌ند كه‌سێكى تر)، كه‌ ئه‌گه‌رێكى زۆر زۆرى هه‌یه‌ ئه‌وانه‌، له‌كاتى یه‌كلایكردنه‌وه‌ى پۆستى رێكخه‌رى گشتى به‌لاى قادرى حاجى عه‌لیدا بچن.
قادرى حاجى على، له‌ ئێستادا زۆر به‌ هه‌ستیارى مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌ ده‌كات، نایه‌وێ هیچ جۆره‌ گرژیه‌ك دروستبێت، هه‌رچه‌نده‌ له‌ ئێستا جۆرێك له‌ پاشه‌كشه‌ى پێوه‌ده‌یاره‌ له‌ به‌رامبه‌ر دژه‌كانى، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێشبینیده‌كرێت له‌ساتى نزیكبوونه‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى رێكخه‌رى گشتى، یاخود له‌ رۆژى هه‌ڵبژاردن خۆى كاندید بكات و ببێته‌ براوه‌ى یاریه‌كه‌.
چیا نه‌وشێروان موسته‌فا، كه‌ خاوه‌نداریه‌تى كۆمپانیاى وشه‌و كۆمپانیاى گاسن ده‌كات، به‌ پێچه‌وانه‌ى هه‌موو پێشبینییه‌كان، كه‌ پێیانوابوو بێلایه‌ن ده‌بێت، نه‌یتوانى بێلایه‌ن بێت به‌ ته‌واوى پشتگیرى گروپه‌كه‌ى عومه‌رى سه‌ید على و حه‌مه‌ تۆفیق ره‌حیم ده‌كات، ئه‌مه‌ش بۆته‌ كارتێكى به‌هێز له‌ لایه‌ن كوتله‌كه‌ى عومه‌رى سه‌ید على، ئه‌مه‌ش قادرى حاجى على و هاوكارانى به‌ ته‌واوى نیگه‌ران كردووه‌.
یوسف مه‌حه‌مه‌د و به‌شێك له‌ هاوه‌ڵانى، كه‌ به‌ درێژایى خه‌باتى 8 ساڵه‌ى گۆڕان، له‌ دژى بنه‌ماڵه‌و وه‌ستاونه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت یوسف مه‌حه‌مه‌د، له‌ به‌رامبه‌ررووبه‌رووبوونه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى بنه‌ماڵه‌یى له‌ هه‌رێم به‌هۆى باجدانى له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بۆماوه‌ى دوو ساڵ ده‌چێت له‌ پۆسته‌كه‌ى دوورخراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئێستا هه‌ڵس و كه‌وت و جوڵانه‌وه‌كانیان به‌ ئاراسته‌ى به‌ بنه‌ماڵه‌كردنى گۆڕانه‌.
ئه‌م گروپه‌و به‌ تایبه‌ت یوسف مه‌حه‌مه‌د، له‌ ماوه‌ى 50 رۆژى رابردوو، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك به‌ رازیبوون به‌ ده‌سه‌ڵاتى بنه‌ماڵه‌یى له‌ نێو گۆڕان له‌ كاتى هاتنى شاندى بیانى و بڕیاردان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك پرس، گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ لاى كوڕه‌كانى نه‌وشێروان موسته‌فا، به‌بێ ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ گروپى راوێژ، یاخود ئۆڕگانه‌ فه‌رمییه‌كانى بزوتنه‌وه‌كه‌و ئه‌ندامانى جڤاتى نیشتیمانى.
جگه‌له‌وه‌ش ده‌وترێ دانانى عومه‌رى سه‌ید على، سه‌ره‌تاى رێگه‌ خۆشكردنه‌، كه‌ چیا لە ئایندەدا یەكێك بێت لە كاراكتەرە سیاسییەكانی نێو بزووتنەوەكە، بە دووریش نابینرێت رۆڵی باوكی لەنێو گۆڕان تەواو بكات و ببێته‌ رێكخه‌رى گشتى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ شوێنى عومه‌رى سه‌ید على.
له‌ هه‌ڵبژاردنى خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن كه‌ له‌ حه‌وت ئه‌ندام پێكدێت زۆربه‌ى ئه‌ندامانى گروپه‌ى عومه‌رى سه‌ید على، ناتوانن خۆیان هه‌ڵبژێرن به‌و پێیه‌ى پۆستى حكومى و په‌ڕله‌مانیان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش چانسێك به‌ گروپه‌كه‌ى قادرى حاجى على ده‌دات، كه‌ له‌ كاتى به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنى رێكخه‌رى گشتى بتوانن تۆزێك هاوسه‌نگى بگه‌ڕێننه‌وه‌.
باژێڕوانه‌كانى گۆڕان كه‌ زۆرترین سه‌روكاریان له‌گه‌ڵ سكرتێرى جڤاتى نیشتیمانى و عومه‌رى سه‌ید علی هه‌یه‌، ئه‌سته‌مه‌ بتوانن پشتیوانى قادرى حاجى على بكه‌ن، به‌ڵام هه‌ركاتێك قادرى حاجى على بیه‌وێت خۆى كاندید بكات، پێویسته‌ عوسمانى حاجى مه‌حمود له‌ هه‌وڵى رازیكردنى باژێڕوانه‌كان به‌كاربهێنێت، بۆئه‌وه‌ى ده‌نگبده‌ن به‌ ئه‌و.
یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان به‌ تایبه‌ت هێرۆخان و ماڵى مام جه‌لال، به‌ ئاشكرا پشتیوانى خۆیان بۆ عومه‌رى سه‌ید على ده‌ڕبڕیوه‌، به‌هۆى ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ به‌هێزو دۆستایه‌تیه‌ نزیكه‌ى ئه‌وان له‌گه‌ڵ عومه‌رى سه‌ید على له‌ لایه‌ك، په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ كوڕه‌كانى نه‌وشێروان موسته‌فا له‌ لایه‌كى تر.
ده‌وترێ هه‌ریه‌ك له‌ هێرۆخان و پاڤل تاڵه‌بانى، له‌كاتى سه‌ردانیكردنیان بۆ لاى كوڕه‌كانى نه‌وشێروان موستفا پێیانڕاگه‌یاندوون، كه‌ ئه‌وان حه‌قى خۆیانه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بێنه‌ پێشه‌وه‌و پۆست وه‌رگرن.
هه‌رچى پارتى دیموكراتى كوردستانه‌، له‌ نێوان قادرى حاجى على و عومه‌رى سه‌ید على به‌ دڵنیایه‌وه‌ حه‌زده‌كات عومه‌ر بێته‌ پێشه‌وه‌، چونكه‌ مامه‌ڵه‌كردنى سیاسى پارتى و یه‌كێتى له‌گه‌ڵ قادرى حاجى تاڕاده‌یه‌كى زۆرر قوڕسه‌، به‌ڵام عومه‌رى سه‌ید على به‌رده‌وام ترسى هه‌یه‌ له‌ پارتى و یه‌كێتى، زۆرجاریش له‌ رابردوو ره‌خنه‌ى له‌ گه‌نجه‌كانى گۆڕان هه‌بووه‌، به‌وه‌ى كه‌ زیاد له‌ پێویست به‌ گژ پارتى و یه‌كێتیدا ده‌چن.
زانیارییه‌كان ئه‌وه‌شده‌خه‌نه‌روو، ره‌نگه‌ قادرى حاجى على، كاندیدبوونى بۆ پۆستى رێكخه‌رى گشتى به‌ نهێنى بهێلێته‌وه‌، یاخود هه‌ر خۆى هه‌ڵنه‌بژێرێت، ئه‌گه‌ر بزانێت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ تووشى شكست ده‌بێت. جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ناكۆكییه‌كان به‌وشێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان نه‌توانێ پرسى رێكخه‌رى گشتى له‌ 25 ته‌موز، كه‌ بڕیاربوو تا ئه‌و به‌رواره‌ یه‌كلایبكرێته‌وه‌ هه‌ڵبژێرێت و دوابخرێت بۆ كاتێكى دوورتر.

* لە ماددەى 15ه‌ی دەستووری گۆڕاندا ئاماژە بەوەکراوە، لەکاتی چۆڵبوونی پۆستی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، یەکێك لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی، یان یەکێك لە ئەندامانی جڤاتی گشتی، یان کەسایەتییەکی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان لە دەرەوەی هەردوو جڤاتەکە بە دەنگدانی نهێنی و راستەوخۆ و بە زۆرایەتی رەها هەڵدەبژێردرێن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.