کێ ببێتە رێکخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان؟

لەلایەن ستاندار Posted on 547 جار بینراوە

كەمال چۆمانی

ئەوانەی لە خەمی گۆڕان دان، بەتایبەتتەریش ئەوانەی لە داهاتودا دەیانەوێت سەرکردایەتیی بزوتنەوەی گۆڕان بکەن، پێشی هەمو شتێک، دەبێت هەوڵبدەن کەسێک بۆ رێکخەری گشتیی هەڵبژێرن کە بزوتنەوەکە بەهێزدەکات نەک چاوەڕێبن کەسێکی لاواز و بێتوانا ببێتە رێکخەر تا ویستی خۆیان بسەپێنن و داهاتوی خۆیان جێگیربکەن. لە داهاتودا بزوتنەوەیەکی بەهێز و کاریگەر وەربگرن چاکترە نەک بزوتنەوەی پەڕپوت و پڕ لە ململانێ کە یەکێتیی و پارتیی و خەڵکی تریش بتوانێت ئاسان کاریگەریی بەسەردا جێبهڵێت. هەرچەندە زۆربەی گەنجەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دابەشبونەتە سەر دو بەرەی جیاواز کە هەریەکەیان لەلایەن کۆنە مەکتەب سیاسییەکی پێشوی یەکێتییەوە سەرپەرشتییان دەکرێت، یان نزیکایەتییان هەیە، بەڵام گرنگە گەنجەکان هیچ کام لەو دو بەڕێزە بە نەیاری خۆیان دانەنێن بەڵکو هەوڵبدەن ئەوە هەڵبژێرن کە بزوتنەوەکە لەو قۆناغە بەسەرکەوتویی تێدەپەڕێنێت نەک کەسێک لە بەرانبەر ناوخۆی گۆڕان و یەکێتیی و پارتیی و بەغداد و ئێران و تورکیا و دەرەوە لاواز و بێ روئیا بێت.

دیسان، دەبێت لە هەڵبژاردنی رێکخەری گشتیی و خانەی راپەڕاندن پشتیوانیی کەسێک بکەن کە؛ توانای سیاسەتکردنی بەرانبەر پارتیی و یەکێتیی هەبێت، تەندروست و پڕ وزە بێت، روئیای بۆ حوکمڕانیی هەرێم رون بێت، لە مەسەلەی سیاسەتی نەوت رایەکانی رون بن، پەرێزێکی پاکی هەبێت، لە مامەڵەکردندا جدیی و لێهاتو و خاوەن قەرار بێت، ترسی لە دەوروبەری نەبێت بەڵکو دەوروبەری وەک پشتیوان و هاوکار ببینێت، پیاوی تەکەتولبازیی نەبێت، خاوەن جەماوەر بێت و جەماوەر خۆشیانبوێت.

پارتی و یەکێتی -بەتایبەتتریش یەکێتیی چونکە پارتی هێندە کاریگەریی لەسەر گۆڕان نابێت- وەک کاراکتەرێکی بەهێز تەماشای بکەن نەک وەک نێچیرێکی سازش، لە فیکری کاک نەوشیرواندا ئاگادار بێت و پەیوەستبونی زۆری هەبێت پێیەوە، لەڕوی دیپلۆماسییەوە توانادار بێت، پەیوەندیی باشی لەگەڵ هێزەکانی دی هەبێت و توانای قەناعەتپێهێنانی ئەوانیدی بەهێز بێت، مادام کەسەکە لە کۆنە یەکێتییەکان دەبێت پێویستە لەناو هێزی پێشمەرگە و ئاساییش و پۆلیسدا خۆشەویست بێت، بڕوای بە بنەماڵەکردنی بزوتنەوەی گۆڕان نەبێت، کاری بازرگانیی نەکات و بزنس تێکەڵ بە سیاسەت نەکات، بڕوای بە بەدەزگاییکردنی ئۆرگانەکانی گۆڕان هەبێت، توانا و هۆشیاریی سیاسیی و مەعریفیی باشی هەبێت تا لە سیاسەتی ناوخۆ و ناوچەکە و جیهاندا بتوانێت گۆڕان بباتە پێشەوە، لەسەر ریفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆ و کوردایەتیی رای رونی هەبێت و پشتیوانیی بە حوکمڕانیی چاک بێت نەک ناسیۆنالیزمی درۆیینە، و زۆر لێهاتویی دیکەش. بێگومانیش ئەو کەسە زەحمەتە لە ئێستای گۆڕاندا هەبێت، بەڵام دەکرێت دەنگ بەوانە بدرێت کە زۆرترین ئەو خاڵانەی سەرەوەی تێدایە و بۆ رێکخەری گشتیی و خانەی راپەڕاندن کاندید دەبن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.