دواین زانیاری دەربارەی كێبڕكێی كاندیدانی (ڕێكخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندن)ی بزوتنەوەی گۆڕان

لەلایەن ستاندار Posted on 697 جار بینراوە

ستاندەر

كێبڕكێ لە نێوان بەرپرس‌و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەندام بوون لە خانەی ڕاپەڕاندن تووند بووەتەوەو ژمارەی كاندیدان زیادی كردووە، گەنجێك بەنیازە خۆی بۆ ڕێكخەری گشتی كاندید بكات.

هاوكات قادری حاجی عەلی‌و عوسمانی حاجی مەحمود زۆرینەی ئەندامانی خانەكەیان بۆ ئاڕاستەكەی خۆیان مسۆگەر كردووە، ئەمەش بەوتەی دوو سەرچاوەی باڵا كە ئاگاداری وردەكاریی ململانێكانن.

25ی ئەم مانگە جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆبوونەوەیەكدا بە دەنگدان ڕێكخەری گشتی‌و 5 كەسی دیكە وەك ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن هەڵدەبژێرێت، خانەكە بە ڕێكخەرەوە 7 كەسن، ئەمڕۆش د.ڕەئوف عوسمان بووە یەكەم ئەندامی خانەكە دوای ئەوەی بە سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەكە هەڵبژێردرا.

بەپێی ئامارێك لە ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان، تائێستا 10 كەس فۆڕمی خۆكاندید كردنیان گەڕاندوەتەوە بۆ ئەندام بوون لە خانەی ڕاپەڕاندن، ژمارەیەكی زیاتریش فۆڕمیان وەرگرتوەو ژنیشیان تێدایە، بەڵام هێشتا نەیان گەڕاندوەتەوەو تا سبەینێ كاتژمێر 4ی ئێوارە مۆڵەتیان هەیە بۆ گەڕاندنەوەی فۆڕمەكان.

هەوڵدرا ناوی ئەو 10 كەسەی دەستبكەوێت كە تائێستا فۆڕمی خۆكاندید كردنیان گەڕاندوەتەوە بۆ ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان، بەڵام تەنها 4 ناوی دەستكەوت، ئەوانیش هەریەكە لە؛ عوسمانی حاجی مەحمود، ئاسۆ ڕەحیم، ئاسۆ مەحمود‌و دلێر عەبدولخالق-ن.

ئەوەی تائێستا ڕوونە جگە لە ئەندام بوونی ڕەئوف عوسمان سەرۆكی جڤاتی گشتی لە خانەی ڕاپەڕاندن، هاوكات پۆستی ڕێكخەری گشتی بۆ عومەری سەید عەلی یەكلایی بووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی قادری حاجی عەلی بڕیاریدا خۆی كاندید نەكات‌و لە پڕۆسەكە كشایەوە.

بەوتەی دوو سەرچاوەی ئاگادار، عەدنان عوسمان هەڵسوڕاوی گەنجی بزووتنەوەكە بەنیازە خۆی بۆ پۆستی ڕێكخەری گشتی كاندید بكات، بۆئەوەش ڕای كەسە نزیكەكانی وەرگرتووە، پەرەگراف بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر چەند جارێك پەیوەندی بە ناوبراوەوە كرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.

دوای ئەوەی بەرپرسانی گۆڕان لە ئاستی باڵادا بوون بە دوو بەشەوەو هەریەكە لە عومەری سەید عەلی‌و قادری حاجی عەلی وەكو كەسی یەكەمی دوو ئاڕاستەی جیاوازو ناكۆك دەركەوتن‌، دوای كشانەوەی قادری حاجی عەلی كە عوسمانی حاجی مەحمود پاڵپشتییەتی‌و سەربەیەك ئاڕاستەن، ئێستا كێبڕكێی نێوان ئەو دوو ئاڕاستە جیاوازە لەسەر ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنە.

“هەریەكەیان دەیەوێت زۆرینەی خانەكە سەربە ئاڕاستەی خۆی بێت، كاك قادرو كاك عوسمان زۆرینەیان مسۆگەركردووەو حساباتی وردیان كردووە‌و دەنگی زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانییان بۆ ئەو كەسانە مسۆگەر كردووە كە پاڵپشتیانن”سەرچاوەیەكی باڵای گۆڕان وای وت.

بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن، بە پێی ئەركەكانی پێكدێت لە: ڕێكخەری گشتی، سكرتێرەكانی كاروباری جڤاتی نیشتمانی، فراكسیۆن، ژورەكان، باژێڕەكان، خەڵك و سەرۆكی جڤاتی گشتی. پاڵێوراوان خۆیان بۆ یەكێك لەم پۆستانە كاندید دەكەن‌و بەدەرچوونیان ڕاستەوخۆ دەبنە ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن.

سەرچاوەیەكی دیكەی گۆڕان، تەئكیدی لە تووندبوونەوەی كێبڕكێكان كردەوە، وتی”هەندێك لە پۆستەكان كە بەرپرسەكەی دەبێتە ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن، لە یەك كاتدا چەند كەسایەتییەكی بەهێز خۆیان بۆ كاندید كردووە.”

هەریەكە لە؛ جەلال جەوهەر، جەمال حاجی محەمەد، شۆڕش حاجی، محەمەد تۆفیق ڕەحیم، شەماڵ عەبدولوەفا، عەبدوڵا مەلانوری‌و د.ئیسماعیل نامیق بەشێكن لەو كەسانەی خۆیان كاندید دەكەن بۆ خانەی ڕاپەڕاندن.

بەپێی دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان، هەڵبژاردنی ڕێكخەری گشتی لەناو جڤاتی نیشتمانی‌و دوو ساڵ جارێك دەبێت‌، هەر كەسێك تەنها بۆ سێ خولی هەڵبژاردن بۆی هەیە، بۆ هەمان پۆست، خۆی كاندید بكات.

هەروەها خانەی ڕاپەڕاندن كە بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیار و ڕاسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەكەیە، بەهەمانشێوەی ڕێكخەری گشتی، ئەندامەكانی لە ناو جڤاتی نیشتمانی‌ هەڵدەبژێردرێن بۆ ماوەی دوو ساڵ‌و تەنها بۆ سێ خولی هەڵبژاردن بۆیان هەیە بۆ هەمان پۆست، خۆیان كاندید بكەن.

ئامادەركردنی پەرەگراف

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.