نامەیەك بۆ بەڕێز مەسعود بارزانی

لەلایەن ستاندار Posted on 1317 جار بینراوە

شێرزاد شێخانی

بەسڵاویكی شۆڕشگێڕانەوە

بەڕێزم: ئەم نامەیەم وەك پێشمەرگەیەكی دێرین بۆ سەركردەیەكی دێرین ئەنوسم، نەوەك نوسەرێك بۆ سەرۆكی حیزبێك،چونكە بەڕاشكاوی پێتڕائەگەیەنم كەوا من نەیارێكی سەرسەختی سیاسەتەكانی جەنابتانم لەبەڕێوەبردنی هەرێمەكەماندا، ئەمەش بەمافێكی رەوای خۆمی ئەزانم لەوڵاتێكدا كە خۆتو حزبەكەشت هەمیشە بانگەشەو پروپاگندەی ئەوە ئەكەن كە وڵاتێكی دیموكراسییەو رێز لەئازادیەكانی مرۆڤ ئەگرێو مافی هەمو تاكێكە رای ئازادی خۆی دەربرێ.لەم سۆنگەیەوە هەڵوێستم وەرگرتوە لەبەرامبەر ئەو پرۆسەیەی جەنابتو حزبەكەشت ناوتان ناوە پرۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی..

پێش هەمو شتێك ئەمەوێ بەبەریزتان رابگەیەنم كەوا من یەكێك بوم لەو گەنجانەی لەسەرەتای ژیانمدا لەشۆڕشی ئەیلولدا بەسەركردایەتی باوكی بەڕێزتانەوە بەشداریم كرد لەپێناو دەستەبەركردنی مافی میللەتەكەم، كاتێك شۆرشەكەش هەرەسیهێنا،جارێكتر رێگای شاخم گرتەبەر لەشۆڕشی نوێشدا شەڕەفی بەشداریكردنم پێ بەخشرا،لەدوای راپەڕینەوەش هەمیشە قەڵەمەكەم خستوتە خزمەت دۆزی رەوای میللەتەكەمەوە.هەر لەپەرۆشی میللەتەكەشمەوە ساڵانێكە كەوتومەتە سەنگەری بەرگریكردن لەمیللەتەكەم كە بیستو شەش ساڵە بەدەست سیستەمێكی سەقەتی بەڕێوەبردنی هەریم ماڵوێرانو سەرگەردان بوە، ئەمەشم بەئەرك زانیوە،چونكە ئەو خەباتەی منو هەزاران هەزار كەسی ئەم میللەتەم بۆمان كرد نەئەبو ئەمە بەرهەمەكەی بێتو بەدەستی براكانی خۆمان بچەوسێینەوە و زوڵمو زۆرداری دەسەڵات ژیانمان لێ تاڵ بكات.

بەڕێزم: نامەوێ درێژە بەباسی ئەم ماڵوێرانییە بدەم كە حزبەكەی بەڕێزتانو حزبەكانیتری حوكمران بەسەر میللەتەكەمیاندا هێناوە،قەناعەتم وایە ئەم حزبانەش هەر یەكەو بەقەدر قەبارەی خۆی بەرپرسیارە لەو نەهامەتیانەی توشی میللەتەكەمان هاتوە بەحزبەكەی خۆشمەوە،هەڵبەت خەباتی زیاتر لە30 ساڵیشم لەریزی حزبەكەمدا شەفاعەتی ئەوە ناكات پاكانەی بۆ بكەم. ئینجا رێگام بدە بگەڕێمەوە سەر ئەسڵی مەبەست.

ماوەی دو مانگێكە میللەتەكەمتان بەوە سەرقاڵ كردوە كەوا ریفراندۆم ساز ئەكەن و مەبەستتان وەدیهێنانی سەربەخۆیو دامەزراندنی دەوڵەتی كوردییە لەم هەرێمەدا.پێش هەمو شتێك ئەمەوێ‌ پێترابگەیەنم كەوا ئەم دەوڵەتە چاوەروانكراوە خەونی دێرینی هەمو تاكێكی بەشەڕەفی ئەم میللەتەیە، هەر یەكەو لەمەوقیعی خۆیە خەباتی بۆ كردوە،منو تۆش بەو خەونەوە بەشێكی زۆری ژیانمان بۆ تەرخانكردوە،وا زەن نەكەن بەڕێزم كەسێك بەخۆی بڵێ كورد پێی خۆش نەبێ ئاڵای كوردستان بەسەربەرزی لەتەك ئاڵای وڵاتانی دونیادا لەسەر بینای نەتەوە یەكگرتوەكاندا نەشەكێتەوە،هیچیش بەلامەوە گرنگ نیە كام سەركردە ئەم ئامانجەمان دێنێتەدی، هیچیش بەلامەوە گرنگ نیە ئەم ریفراندۆمە كێ وچ حزبێك رێكی ئەخات،مەبەستەكەشی چیەو چی نیە جارێ ئەیخەمەوە لایەكەوە، با بەهێمنی ئەم رایەی خۆمت بۆ بخەمە سەر كاغەز بەشكو ئەمە خوایە چاوێكت پێ بكەوێ، یاخود خوا بیكات تۆزیك هەستی كوردانەی راوێژكارەكانت بجوڵێ ئەم نامەیەی من بگەیەنن بەتۆوە،ئەویش نەك لەپەرۆشییان بۆ میللەت،بەڵكو وەك خەمخۆرییەك بۆ جەنابت تا توشی هەڵەیەكی گەورەی مێژویی نەبیت.

بەڕێزم: مەعلومە لای جەنابتان وەزعی ناوخۆمان لەچ بارێكدایە لەلێكترازانو دوور كەوتنەوەی لایەنەسیاسیەكان،خۆ ئەگەر بەرژەوەندی تاكەكەسیو چاوچنۆكی وتەماعی هەندێ سەركردەی حزبەكان نەبێ، گومان لەوەدا نیە حزبەكەی جەنابت لەبەرەیەكدایە،سەرجەم حزبەكانیتری كوردستانیش لەبەرەی دژدان بۆ ئەم ریفراندۆمە.لەولاشەوە میللەت بەعام برسیكراوە،خۆ ئاگاداریشی كە روبعە موچەكەشیان بە روحكێشان دەست ئەكەوێ، هیچ مەنتیقی تێدانیە میللەتێكی برسی وتووڕە لەخۆتان ببەنە سەر سندوقی دەنگدانو داواشی لێبكەن ئێوە بكاتە سەروەری ئەم دەوڵەتە چاوەڕوانكراوە. ئەمە مەنتیقێكی زۆر سەقەتە كە راوێژكارەكانت بۆت رتوشی ئەكەن،نابێ ئەوەشت بیر چوبێتەوە كە هەر ئەو راوێژكارانەی نزیكی خۆت بون ئەو پەندەیان پێكردی كاتێك بەشكستی لەسەفەرەكەی برۆكسل تۆیان گەڕاندەوە هەرێمەوە.

وەزعی ئیقلیمیشت لەبەرچاوە،ئەوەتا ئێران ئاوی خواردنەوەشمان لێ ئەگرێتەوەو هەڕەشەی سەربازیشمان لێئەكات، تەسەوركە جەناب بەیانی سنوركانیشمان لێ دابخاتو تۆپ وفرۆكەكانیشی بڕژێنە سەر ناوچەكانمان ئەو كاتە كێ هەیە فریامان بكەوێ؟.

لەنزیك خۆشمانەوە هەڵوێستی بەغداشمان بیست كە چۆن هەمو لایەنەكانیان دژی جیابونەوەن،خۆ مەترسی شەڕی حەشدی شەعبیش فەرامۆش ناكرێ،ئەو حەشدەی ئێوە بەدوژمنی سەرسەختی خۆتانی ئەزانن.ئەمەش بخەرە لایەكەوەو بیر لەوە بكەرەوە ئەگەر بەیانی لەبەغدا پچراین میللەتەكەمان چی بەسەر دێت، نەخۆشخانەكانمان دەرمان لەكوێ ئەهێنن، تۆ بڵێی دەسەڵاتدارانی بەغدا ئاوا دەستەوەستان بوەستن لەبەرامبەر پارچەپارچەكردنی خاكی وڵاتەكەیان كە سەرجەم وڵاتانی دونیا لەگەڵ یەكێتی خاكەكەیەن بە ئەمریكاو روسیاو یەكێتی ئەوروپاشەوە.

توركیا كەی ئەوەندە نەرمونیان بوە لەبەرامبەر دروستبونی دەوڵەتی كوردی لەبن هەنگڵیدا،توركیایەك كە ئێستاش كار بۆ ئەوە ئەكات تەنانەت زمانی كوردیش لە میللەتەكەمان قەدەغە بكات، تۆ بڵێی بەوە رازی بێت 25 ملیۆن كوردی خۆی بكاتە هاوسنوری هەرێمەكەی جەنابتەوە؟.توركیا دەمێكە خەون بە گێڕانەوەی ویلایەتی موسڵەوە ئەبینێ، ئەویش بۆ نەوتەكەیەتی نەوەك بۆ شتیتر، تۆ بڵێی لەبەر چاوی ڕەشی كوردو مافەڕەواكەی پشتگییری لەدەوڵەتبونی كورد بكات؟.تۆ بڵێی بەستنەوەی بەشێك لەخاكی عیراق بەتوركیاوەو بە(قوبرس )كردنی هەرێمی كوردستانو رژاندنی سوپای توركیا بەسەر خاكی هەرێمدا ئاوا بە ئاسانی تێپەڕێو نەعیراقو نە ئەمریكاو نە وڵاتانی عەرەبیش هیچ هەڵوێستێكیان نەبێ لەبەرامبەر فرۆشتنی بەشێك لەخاكی عیراق بە توركیاوە؟ ئەمە چ مەنتقێكەو چۆن بیركردنەوەیەكە؟.

كاتێك ریفراندۆم لەناوچە دابڕاوەكاندا نەكرێت، بە چ زەمانەتێك ئەتوانن سبەی ئێوە خاوەنداری ئەو ناوچانە بكەنەوە، دەركردنی ناوچە دابڕاوەكان لەپرۆسەی ریفراندۆمدا راكێشانی سنورێكی تازەیە بۆ هەرێم، ئەو كاتە  سنوری نێودەوڵەتی كوردستانە سەربەخۆكەمان ئەبێتە مەخمورو كفری وكەلارو گوڵاڵە، نێوەی خاكی خۆمان بەخۆڕایی ئەبەخشینەوە عیراقی عەرەبیو جارێكتر بەخەونیش ئەم ناوچانە نابنەوە ناوچەی كوردستانی!.باشە بەڕێز كاتێك شۆڕشەكانی كورد بەگشتی لەسەر كێشەی سنوری ئەم ناوچانەوە هەرەسیانهێناو لەناوچون،ئێستا چۆن ئەكرێ ئەم ناوچە دابڕاوانە بكەینە قوربانی دەوڵەتێكی بێ سەروبەری خەیاڵی، ئەمەشیان چ مەنتیقكە؟. چۆن بەیانی وەڵامی مێژوو نەوەكانمان ئەدەنەوە ئەگەر ئێوە ئەم بەشە فراوانەی خاكەكەشمان لەكیس بدەن وەك سەرانی حزبەكەت فەرمویانە(لەسەر خاكی دو گوندیش بیت دەوڵەت رائەگەیەنین”!قەدرو قییمەتی ئەو دەوڵەتە  گوندییە لەچیدا ؟.

ریفراندۆم پرۆسەیەكە تەواو قانونیە،چۆن بەبێ پەرلەمانو رای جەماوەر ئەتوانن بەپینەوپەڕۆو بەبێ یاسا تێیپەڕێنن؟ مەوقیفتان چی ئەبێ بەرامبەر دەوڵەتانی دونیا كاتێك بەبێ پەرلەمان ئەم كارە ئەكەن؟ كێ رێز لەو ریفراندۆمە ئەگرێ كە بەبێ یاساو بەتەزویركردنی ئەنجامەكانی كۆتایی پێبێت؟.حیكمەت لەو عینادییەی بەڕێزتان چیە لەسەر ریفراندۆمێك كە تەنانەت خەڵكی سادەی خۆشمان باوەڕیان پێ نیە،چ جای وڵاتانی ئیقلیمو وڵاتانی دونیا؟.

بەڕێزم: مێژو پێمان ئەڵێ، كاتێك میسر لەشەڕی 5ی حوزەیراندا توشی شكستێكی گەورە هات،سەرۆكەكەیان جەمال عەبدولناسر دلێرانەو ئازایانە هاتە سەر تەلەفزیۆن دانی بەشكستی خۆی ناو دەستی لەكار كێشایەوە، بەڵام میللەتەكەی لەخۆشەویستیەوە نەیانهێشت بڕوات، ئەویش سەرلەنوێ سوپاكەی هەڵساندەوەو دوای چەند ساڵێك گەورەترین سەركەوتنی سەربازییان لەشەڕی تشریندا بۆ میللەتەكەی تۆمار كرد..ئیمام خومەینی دوای ملیۆنان قوربانی لەرۆڵەی میللەتەكەی لەجەنگی دژی عیراق هاتەوە هۆش و وازی لەعینادی هێناو وەك خۆی وتەنی(پەرداخە ژەهرەكەی)خواردو شەڕی راگرت..

گەورەییە بۆ تۆو  بنەماڵەكەشت بێیتەوە سەر تەلەفزیۆنەكانو ئازایانە بڵێی،لەبەر بەرژەوەندی میللەتەكەمو لەبەر هەڵوێستی وڵاتان دەستبەرداری ئەم پرۆسەیە ئەبم،هەر لەو عانەشەوە هەڵوێستێكی كوردانە بنوێنەوە بۆ ئەخیرجار یەك دەستپێشخەری راستەقینەی نیشتمانی رابگەیەنە بۆ ئاشتبونەوەی گشتی،چادرێكی گەورە لەنزیك پردەكەی(دێگەڵە)هەڵدەو لەگەڵ سەركردەكانی یەكێتیو گۆڕانو سەرجەم حزبەكاندا ئاشت ببەوەو ئاڵای كوردستان لەسەر پردەكە هەڵدەو ئەو سنورە وەهمیە بڕوخێنە.دواتریش چادرێك لەپشت سەیتەرەكەی پردێ هەڵخەو لەگەڵ سەرانی بەغداو لایەنەكانیدا دانیشەو لەسەر ئاییندەی هاوبەش رێكبكەوەو بودجەمان بۆ بگێڕەوە با خەڵك لەمە زیاتر برسی نەكرێنو پرۆژەكان بكەونە سەر ئیشو كریكارو رەنجدەرانمان كاریان دەستكەوێ نانو قوتی منداڵەكانیان پەیدا بكەنەوە.بەم بودجەی بەغداشو بەداهاتی نەوتەكەشمان ئەم هەرێمەمان هەڵسێننەوە،پەرلەمان بگەڕێتەوە،حكومەتێكی تازەی ئیشكەر دروست بكەن، كۆتایی بەم ماڵوێرانییەی میللەت بێننو كەرامەتی ئینسانی بۆ مرۆڤی كورد بگێڕنەوەو پرۆسەی سیاسی راستبكەنەوەو دیموكراسی گەشە پێبدەن،باوەڕ بكە بەڕێزم بەیانی نا دو بەیانی میللەت خۆی ئەڕژێتە سەرشەقام و داوای سەربەخۆیی ئەكات.خۆ بیرتان نەچوە چۆن لەراپەڕینە مەزنەكەی بەهاردا میللەت پێش پێشمەرگەو حزبەكان لەپێناو ئازادیدا راپەڕی،هەر ئەو میللەتەشە دەوڵەتت بۆ دروست ئەكات بەسكی تێرەوە،هەر میللەتە بەڕێزم دەوڵەتی راستەقینە دروست ئەكات،نەوەك هەندێ سەركردەی چڵكاوخۆری حزبەكانو هەندێ نوسەری دەربارو كادیرە درۆزنەكانی رێكخراوە حزبیەكانتان كە بەوەهم دەوڵەتت بۆ دروست ئەكەن..

بەڕێزم:لەكۆتاییدا ئەمەوێ پێت بڵێم سەركردەی مەزن ئەو سەركردەیە كە پارێزگاری لەگیانو خوێنی رۆڵەكانی میللەتەكەی ئەكات، نەوەك بیانخاتە ناو شەڕێكی خوێناوییەوە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە..سەركردەی مەزنیش كاتێك ئەبێتە رەمز، كە نانو ئازادی و ژیان بۆ میللەتەكەی دابین ئەكات، نەوەك پێیان بڵێ بڕۆن بمرن لەبرسان..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.