پرد…

لەلایەن ستاندار Posted on 837 جار بینراوە

پشکۆ ناکام

…..بەکار هێنانی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان وەک تاکتیک بۆ گەیشتن بە مەرامی تایبەتی حیزب هەردەم لەو حیزب و گروپانە ئەوەشێتەوە کە سیستەمی بنەماڵەیی تیایا بەڕێوە ئەچێت و پرنسیپێکی سەرەکی کارکردنیانە وەک ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستان لەسەر دەستی بنەماڵە و پارتی پاشکۆی ئەبینرێت ، پارلەمان کە دەستکەوتێکی نیشتمانی هەموو خەڵکی کوردستانە بە بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە کە نوێنەرایەتی نیو ملیۆن دەنگ ئەکات ئەمڕۆ لای بنەماڵە بۆتە (بارمتە) واتا دەستی بەسەرا گرتوە و ئەیەوێت بۆ مەرامی خۆی و مساوەمەکردن بە نەیارەکانی خۆی بەکاری بهێنێت ، کە بنەماڵە مەسەلەی پارلەمان وەک یەکێک لە دوا بابەتەکانە کە گرنگی پێ بات لای خۆی کردویەتی بە ” بارمتە” و کەی بیەوێت ئەڵێ ئەوە کارای ئەکەمەوە و کەی لە قازانجی خۆی نەبێت هەر بە قفڵەکەوە وازی لێئەهێنێت ، بنەماڵە کە زۆر باس لەوە ئەکات کە پارلەمان بەرهەمی خوێنی شەهیدانە (هەر چەنە مەفهومی شەهید لای کۆمەڵانی خەڵک ئەوە نیە کە لای بنەماڵەیە..) کەچی دەستی بەسەرا ئەگرێت و کەی زانی پێویستی پێیەتی بۆ تەواوکردنی بەرنامەی تایبەتی خۆی ئەڵێت فەرموون با پارلەمان بکەوێتەوە گەڕ ،!! وەک ئەوەی ئەو بەرهەمی خوێنی شەهیدانە بارمتەیەک بێت بەدەستی بنەماڵەوە کەی ویستی بۆ بەڕێ کردنی تاکتیک” ێکی خۆی لە بەرامبەر پشتگیریی کردنی بە گۆڕینەوە ئەیخاتە ساحەکەوە ، ئەو ئەڵێ ئەوە پارلەمان “ئەوە بەرهەمی خوێنی شەهیدان..” بخەنەوە ئیش بەو شەرتەی لەم چاڵەی ڕیفراندۆم دەرم بێنن، بە مانایەکی تر بەرهەمی خوێنی شەهیدان بە سوود وەربگیرێت بۆ پشتگیریی هەناگوێکی شکست خواردوی بنەماڵە کە جگە لە خۆی و زەردهەڵگەڕاوەکانی نزیکی کەسی تر بەرپرسیار نیە لێی و ئەبێ کۆمەڵانی خەڵک بە بەرهەمی خوێنی شەهیدانیشەوە باجەکەی بەن.. بەم بارمتەگرتن و گۆڕینەوەیەش بنەماڵە و پارتی پاشکۆی سەلماندیان کە بەرامبەر دروشمەکانی خۆشیان ڕاستگۆ نین ، ئاخر چۆن یاری بە خوێنی شەهیدانەوە ئەکرێت و ئەخرێتە لیستی مامەڵە پێکردن لە کاتی تەنگانەیا وەک ئەوەی ئەمڕۆ کە چۆن بنەماڵە نازانێت چۆن لە داوی ریفراندۆم-“کورسیراندۆم..” نەجاتی بێت و چۆن ئەیەوێت بە هەر نرخێک بێت باری خواربوی خۆی بە مەکرەمەی کاراکردنەوەی پارلەمان ڕاست بکاتەوە ، بنەماڵە لە بیری چوە سەرۆکایەتی پارلەمان نوێنەری نیو ملیۆن دەنگی هەرێمە ، ئایا بنەماڵە ئەتوانێت متمانە بۆ خۆی لای ئەو نیو ملیۆن دەنگە دروست بکاتەوە؟ بەبێ شک نەخێر، چونکە ئەو” متمانە”یەش قورسایی خۆی هەیە و ناکرێت وەک نەوتەکەی هەرێم مامەڵەی پێوە بکرێت و کەی و چۆن و بەچەن ویستیان بیفرۆشن و داهاتەکەشی بخەنە تەنکەی باخەڵیان..، بنەماڵە هەموو شتێک وەک پارە سەیر ئەکات بە متمانەی خەڵکیشەوە.. لە کاتێکا سەرۆکی بنەماڵە باس لەوە ئەکات کە گوایە ریفراندۆم بریاری هەموو گەلە و پشگەز بونەوەی تیا نیە ، کە بڕیارەکە هی هەموو گەلی کوردە ئیتر بۆ جێبەجێی ناکات و چ پێویستی بەو هەموو بەگ دانانە هەیە و بۆ سەری ئەو عالەمە ئەیەشێنن ! کە گەل بریاری یاوە ئیتر بۆ بەناو ریفراندۆمی بۆ ئەکەن؟ بڕۆن خەریکی دروستکردنی پاسەپۆرتی کوردی بن کە 31/ لا پەڕەیە و با لە ئابیشەوە دەست بکرێت بەبەکار هێنانی،،،یان ئەوەتا لە سەردانەکانتان بۆ ئەوروپا بۆتان دەرئەکەوێت چەن سیسایەکی نەشارەزا و چەن حیزبێکی بچوک و چەن هەنگاوەکانتان نەزانانە پێش دەست پێکردنیان بە شکست و خەلەل تەواو ئەبێت و ئەبێت ئەو” گەل” ەی بە ناوییەوە قسە و رەفتار ئەکەن و بریار ئەیەن باجە قورسەکە ی بات ، قوماری ریفراندۆمەکەی بنەماڵە نەگەشتە ئەوەی پارەی حەوزەکە بۆ خۆی بەرێت، دوا وەرەقەی لە جیاتی جۆکەر ” مڕ” بوو بەوەش پێڕەکەی پێ تەواو نەکرا ئەنجا ئەیەوێت بە ناچاری پارلەمان بکا بە جۆکەر و کۆنکەنەکەشی پێ تەواو بکات بەڵام بەم تاکتیکەیشی بە دۆڕاوی واز لە یارییەکە ئەهێنێت چونکە گەر پارلەمانیش بە ڕەزامەنێتی دەنگدەرانی گۆڕان بکەوێتوە کار ئەبێت پرۆسەی ریفراندۆم هەر لەوێوە بریاری لەسەر بدرێت یاسای بۆ دەربکرێت و ڕێ و شوێنە یاساییەکانی بگیرێتە بەر چونکە بریارەکانی گەل ئەبێت مەرجەعەکەی گەل خۆی بێت کە پارلەمانە نەک حیزب و کەس و بنەماڵە ، جا ئایا بنەماڵە رازییە بەوەی لێرەیا ” کوێخا” نەبێت،؟ بێگومان نەخێر..

…….لە کاتێکا هیچ موستەلزەماتێکی لەبار بۆ ریفراندۆم لەبەر دەستا نیە بنەماڵە دوای ئەوەی شوشەی پەنجەرەی فەشەلەکانی شکا و کەوتنە ڕوو ، ئێستا ئەیەوێت بە مامەڵە کردن بە پارلەمانەوە وەک ” بارمتە” بکاتە پەردەیەک و پەنجەرەی موسیبەتەکانی پێ بشارێتەوە کە تووشی هەرێمی کردوە ، کە هەرێم لە دە لاوە کونی تێ بوە ئیتر بە هێنانەوەی بەهانەی بەناو ریفراندۆم هیچ لەوەزعەکە ناگۆڕێت ئەگەر خراپتری نەکات ، کە ئەیشیکات..لێرەیا ووتەیەکی بەناوبانگی ” نیکیتا خرۆتشێڤ – سکرتێری حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤیەتی رەحمەتی ” م بیر ئەکەوێتەوە کە ئەڵێت (سیاسیەکان لەو شوێنەی ڕوباری لێ نیە ، بەڵێنی دروست کردنی پرد بە خەڵک ئەیەن..!.).. زۆر راستە ، ئەوەتا ێستا بنەماڵە و پارتی پاشکۆی بۆ دەرباز بوون و ڕا کردن لەو نەهامەتیانەی تووشی خەڵکیان کردوە ، ڕیفراندۆمیان کردوە بە پرد………………………………………………………………………………

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.