ئامانج هەرتەلی
ئەم پەندەی سەرەوە ئاماژە بۆ جوتیار دەکات، کاتێک لە پایزدا زەوی دەکێڵێت و تۆ دادەچێنێت، لەکاتی کێڵاندا هۆهۆی لێخوڕینی گاکان لەکاتی جوتدا، بۆیە پێی دەڵێن هۆ هۆ حسابن نیە، کۆکۆ حسابە، کۆکۆ مەبەستی کاتی دروێنە و هەڵگرتنی خەرمانە.
ئێمە ۲٦ ساڵە گوێمان ئاخنراوە بەهۆ هۆی ئەو دەسەڵاتی کوردی بەدرووشمی شۆڕش و خەبات، خەباتێک تا ئەمساتە بەرهەمەکەی بریتی بوبێت لەم دۆخە، ئەبێ بەرهەمەکەی چ بوبێت؟ ئەبێت مانای شۆڕش و کوردایەتی لەفەرهەنگی ئەم دەسەڵاتە چ بگەیەنێت؟
ئەم حوکمە ۲٦ ساڵەیەی کوردی لە چارەگە سەدەیەکدا خەرمانەکەی بریتی بوە لە نەهامەتی گەورە، دەست هەڵگرتن لە خاک و تاڵان کردنی گیرفانی میللەت، دابین نەکردنی کارەبایەک شایستە بەگەل، مۆڵدانی ئەنفال چیان، قۆرغ کردنی مووچەی فەرمانبەران، لێدان و تیرۆر کردنی ڕۆشنبیرانی کوردستان، دزینی نەوتی کوردستان، نەبونی سیاسەتێکی ڕاست گۆیانە لەگەڵ دۆست و دوژمن، ڕاکێشانی دەستی دووژمن و جێگیرکردنی مۆڵگەکانی لەناو هەرێم، داخستنی پەرلەمان، داگیرکردنی سەرۆکایەتی هەرێم، بانگەشە کردن بۆ دژی گەلی کورد، داخستنی سنور بەسەر پارچەکانی تر، ڕادەست کردنی شەنگال و ئەنفال کردنی خەڵکەکەی.
ئەوە تێمان دەگەیەنێت ئەم دەسەڵاتدارانە لەسەردەمی لەجیهانی پێشکەوتندا ناژین، ئەمانە تێکەڵی مرۆڤایەتی نین، ئەمانە کارلێکیان نیە لەگەڵ ئەوجیهانەی پێی دەوترێت ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ، بەڵکو حوکمی ئەمانە لەجەنگەڵە،
لێرە کەپێی دەوترێت هەرێم ژیانی هیچ تاکێک پارێزراو نیە، ئارامی ژیانیان نەهێشتوە، لێرە ئەوەی بیانەوێت دەیکەن ئەگەر هیچ داب و نەریتێکیش ڕێگایان پێنەدات، لەم جەنگەڵە نە عورفی کۆمەڵایەتی، نە یاسا و نەهیچ شتێکی ڕێگە پێدراو کارناکات، تاکە شتێک کەکار دەکات حەزی شەخسیە، ئەو حەزەی بە ئارەزووی دڵ چ خواستێکی هەبوو دەبێت ببێت.
بۆیە ئەم جەنگەڵە لەهیچ جەنگەڵێکیتریش ناچێ، لەناو هەموو گرووپ و خێڵێکی جەنگەڵدا هەتا لەنێو جیهانی ئاژەڵیشدا، یاسایەک هەیە بۆ ڕێکخستنی ژیان و دابینکردنی خۆراک و ئارامی، لەهەموو جەنگەڵێک پیرۆزیەک هەیە کە هیچ کەسێک بە ئاشکرا ناوێرێت دەستی بۆ بەرێت، ئەو پیرۆزیە لەکەدار بکات، کەچی لەم هەرێمەدا، کامەشتێ لەهەموی پیرۆزترە، ئەوەیان زیاتر ناشیرین دەکرێت، بەئاشکرا زیاتر لە ناودەبرێت، لێرە ئەوەی یاسایە کارناکات، هەمویان لەدەرەوەی یاسان، شەرم لەهیچ عورفێک ناکەن، ڕێز لەهەرچی دابو نەریتی کۆمەڵاتیە ناگرن.
شانازی بەوەوەنەکەن کەهەیە، بەڵکو ئەوەی خەڵک سوودی لێوەر گرتوە بەرهەمەکەی ئێوەنین، ئەوە بەرهەمی نەوت بەرامبەر بەخۆراک و لەسەدی ۱۷ی بوجەی عیراقە، پیاوەتی و گەورەی و خەرمانی ئێوە، دوای بڕینی لەسەدی ۱۷ی بوجەی هەرێمە لەبەغداد، ئەنجامی دەسەڵات داریتان ڕوبعی موچە و بڕینی نەوتی ماڵان و گرانکردنی نرخی سوتەمەنی بوو. بوژانەوەی خەڵکی هەرێم بەندبوە بەبەغداد، ئەوکاتەی پابەندی هەولێر بون، ئەوەیە ئەنجامی.
ئێوە ئەگەر باوڕتان بەمیللەت نیە، میللەت سیقەی زەڕەیەک نەماوەپێتان، ئەگەر حەزتان لەکۆکردنەوەی پارەی میللەتە، میللەتیش لەچاوەڕوانی پارەکانتانە کاتێ خۆتان لەسجن و پارەکانیشتان بەکاشی دەگەڕێتەوە، ئێوە ئەگەر لەمامۆستاکانتان سەدام و قەزافی پەند وەرناگرن، ئیدی پێم وانیە حاڵی ئێوە لە ئەوان باشتربێت، ئەگەر ئێوە چاوتان لەوەبێ گۆڕتان گوڵباران بکرێ و خەڵک خۆڕسکانەبێ، ئەمەنابینن، ئەگەر ئێوە دەتانەوێ میللەت قڕکەن، لەخەیاڵی خراپدان چونکە هەردەسەڵاتداران ڕۆیشتون و میللەت هەربەپێوە وەستاو بوە.
لەم کوردستانە دەسەڵاتدارانی ماندوون لە هۆهۆی خەباتی ئەوکوردایەتیەی بۆتە کۆکەرەوەی دینار و دۆلار و پڕکردنی بانکەکانی جیهان، بەڵام کۆکۆی خەباتیان بۆ میللەت ئەوەیە کەدەی بینین، خەرمانێکی بەتاڵ، زەویەکی بەیارە بۆ میللەت. ئیدی هۆهۆی خەباتان تورێکی قوڕاوی ناهێنێ بۆ ئەم میللەتە کاتێک کۆکۆتان نەهێشتنی ئازادی و برسی کردنی خەڵک.