ئارام قادر حەمەسور
بێگومان ڕۆژهەڵاتناسەکان لەباسکردنی کەسایەتی تاکی کوردیدا زۆر شتیان گوتووە، پێیانوابووە کورد گەلێکی میواندۆست و دەمبەخەندەو ڕو خۆش و ئازایە، گەلێکی قارەمانە، لەگەڵ چەندین سیفەتی تری کەسایەتی کوردیی، ئێمە لێرەدا قسە لەسەر تاکی کوردی دەکەین لە ئەمڕۆی واقعی هەرێمی کوردستاندا.
ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری لە قەیراندایە، سیستەمی حکومڕانی زۆر لاوازەو نەیتوانیوە لە ماوەی 26ساڵدا خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ هاو نیشتمانییانی دابین بکات، ئەمڕۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی لە مەترسیدایە بەهۆی لاوازی سیستەمی سیاسی و فەشەلی سیستەمی ئابوری و یاساییەوە، لەدوای ڕاپەڕینەوە تاک توشی تێکچونی سایکۆلۆژی بووە بەهۆی بێئومێد بوونی لە سیستەمی سیاسی، تاک توشی چەندین کارەساتی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری و سایکۆلۆژی کراوەتەوە.
شۆکبون واتا پرسیار کردن و هەڵوێست وەرگرتن لەسەر ئەو ڕوداوانەی مایەی مەترسین بۆ تاک و کۆمەڵگا، ئێمە کەم شۆک دەبین بۆیەکەم پرسیار دەکەین و کەم هەڵوێست وەردەگرین کەم دەفکرین، ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی کۆمەڵگایەکی دەستەمۆ بە سیستەمە سیاسییەکە، تۆ کە شۆک نەبووی ئەکتیڤ نامێنیت و دەجوڵێندرێیت نەک خۆت بجوڵێیت، تۆ خۆت نامێنیت بەڵکو ئەو دەبیت، ئێمە دەبێت لەڕێگەی شۆک بوونەوە خەریکی فەلسەفاندن و فکراندن بین، حیزبێک یان دووان چارەگە سەدەیەکە سوکانی سیاسەت و ئابوری ئەم هەرێمەیان لایە ئێستا فەشەلیان هێناوە ، بەڵام تاکی ئێمە هێشتا متمانەی پێیان هەیەو ئامادەیە دەنگیان پێبدات!، بە ئەزمونی فاشیلی چارەگە سەدەیەک حکومڕانی شۆکنابێت! ڕۆژنامەنوس تیرۆر دەکرێت شۆکنابێت، داهاتی ئەم هەرێمە لەگیرفانی چەند خێزانێکدایە و هەر شۆکنابێت، ئای چەند کارەساتە تاکێک بڵێت بەپەلە چارەگەموچەکەمان هات! شەڕی براکوژی شوکی ناکات، بازرگانی لەگەڵ داعشی بیرچۆتەوە، ئێمە کێشەی بیرچونەوەی دوێنێمان هەیە بۆیە بەردەوامین لەسەر شۆکنەبوون، تۆ ئەو هەموو ڤیلا جوانانە نابینیت کە برادەرانی باوکت داگیریان کردوون تۆش چاوەڕێی پێنج سەد هەزاری شەهیدانەکەی باوکتی کە ڕزگاری بە ئێمە بەخشی بە خوێنەکەی، بەڵام دەوروبەر هەر شۆکنابن!.
مرۆڤ دەبێت شۆک ببێت بەو چاوەڕوان نەکراوانە، نابێت ڕێگە بدات دووبارە ببنەوە، چونکە ناکرێت کەمینە خەنی و زۆرینە گەنی بن، ئەمە دەستکەوتی بێدەنگی و شۆکنەبونمانە، دەبێت لە خۆمان بپرسین بۆچی ؟چۆن؟ بەچی؟ ئەم جیاوازییە چێنایەتیە دروستکراوە؟ ئەم پرسیارانەن دەسەڵات دەترسێنن، بۆ دروستکردنی سێستەمێکی ساسی دادپەروەر دەبێت شۆک ببین لە بەرامبەر ناشیرینیەکانی دەسەڵات.
بەشێکمان شۆک بووین و باجی شۆکبونمان داوە لە سەر ڕەخنەو پرسیارەکان کە ئاڕاستەی دەسەڵات کراوە، چونکە لێرەدا دەسەڵات چۆتە ناو تەوای ژیانی ئێمە، ئێمە دەبێت دووبارە وانەکانی شۆک بوون فێر ببینەوە لە ڕێگەی گوتاری ڕۆشنبیران و پەروەردەی خێزان، دەبێت واز لەو پەندە گاڵتەجاڕانە بێنین کە زیاتر دەستەمۆمان دەکەن و یاخیبوون دەکوژن وەک، دەست بەکوڵاوی خۆت بگرە با نەیبات، یان ئاگرە سورە لەخۆم دوورە، ئەوانە ڕوحی یاخیبوونی جەمعی دەکوژن، تەنانەت ئاینیش دەڵێت زوڵم مەکەو زوڵمیش قبوڵ مەکە.
شوکنەبونمان دەمانکاتە هەنگوینی دەسەڵات، گەنجان دەبێت پێشڕەوی شوک بون بن، ئەوەی ئەمڕۆ بوونی هەیە باجی بێدەنگی و شۆکنەبونمانە بە گشتی، نیو موچە بەمانگێک نادرێت کەچی هیچ شۆکبونێکی جەمعی دروستناکات! بەڵام زۆرترین قسەی ماڵ و بازاڕو کۆبونەوەکان موچەیە، دەسەڵات تا ئەمڕۆش دەزانێت شۆکبوونی جەمعی بوونی نییە، دەزانێت یاخی بوونی گەورە دروست نەبووە، شۆکبوونی جەمعی دەسەڵات دەستەمۆ دەکات و دەیترسێنێت، هەموو ناڕەواییەکانی چارەگە سەدەیەک دەبێت وامان لێبکات شۆک بێن و دەنگیان پێنەدەینەوە و سزایان بدەین، چونکە مرۆڤ بە دەسەمۆکراوی زۆر ناشیرینە، وەک کامۆ گوتی من یاخیم کەواتە من هەم. گەلێکی یاخی و شۆکبوو دەسەڵاتێکی دادپەروەری دەوێت.