ھەڵبژاردنی ڕێکخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندن و شیوەنی ھەندێک برادەر بۆ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 710 جار بینراوە

سەباح محەمەد

لەدوای کۆچی نەوشیروان مستەفا، پرسی جێگرتنەوەی کاک نەوشیروان لەلای ھەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان و منافیسەکانی بووەتە پرسێکی گرنگ و دیسکۆڕس و قسەی زۆری لەسەر دەکرێت، ھەر ھەڵسوڕاوێکی گۆڕان بەپێی ھەڵسەنگاندنی خۆی کەسێکی لەلا پەسەندە کە ببێت بە ڕێکخەری ئایندەی گۆڕان، لەدەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕانیش ھەوڵی ھەندێک حزب بەدی دەکرێت، کە ئامانجیان دروستکردنی فەوزەویەتە لەناو گۆڕان و دەیانەوێت ڕێڕەوی ڕاستەقینەی بزوتنەوەکە بگۆڕن، چەند کاراکتەرێکی ناو بزوتنەوەی گۆڕانیش خەریکە دەبن بە بەشێک لە بەدیھێنانی ئامانجی ئەو حزبانە.

گومانم نیە ھەر ھەڵسوڕاوێکی گۆڕان لە ھزری خۆیدا کۆمەڵێک تایبەتمەندی دیاریکردووە کە لە کەسایەتی ڕێکخەری ئایندەدا وجودیان ھەبێت، ئەمەش حەقێکی زۆر ڕەوایە، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان دەستورێکی ھەیە، ئالیەتی ھەڵبژاردنی ڕێکخەر و خانەی ڕاپەڕاندنی دیاریکردووە، لە کۆتایدا جڤات ھەرکەسێک وەک ڕێکخەر ھەڵبژێرێت دەبێت ڕێز لەو بڕیارە بگیرێت.

خەریکە ھەندێک کاراکتەر لەناو گۆڕانیشدا پەیدا دەبن کە دەیانەوێت ھەمە کارە بن، و خۆیان ھەموو جومگەکانی بزوتنەوەکە و پۆستە حکومیەکانیش بەدەستەوە بگرن، ئەمەش پێچەوانەی پرەنسیپ و ئەجێندای بزوتنەوەی گۆڕانە، یەکێک لە ئامانجەکانی بزوتنەوەی گۆڕان کە خودی کاک نەوشیروان لە بەرنامەی ” لقاء الیوم” ی کەناڵی الجزیرە ئاماژەی بۆکرد ئەوە بوو کە پێویستە دەستی حزب لە کاروباری حوکمڕانی دوربخرێتەوە. ئەم پەتای خۆ بە قائید زانینە، پەتای حزبەکانی دەسەڵاتە و خەریکە بەشێک لە برادەران ئەو پەتایە بگوازنەوە بۆ ناو بزوتنەوەی گۆڕانیش.

بەوپێیەی کە بزوتنەوەی گۆڕان بزوتنەوەیەکی مەدەنیە، و پاشخانێکی شۆڕشگێڕی نیە ” مەبەستمان بزوتنەوەکەیە نەک کاراکتەرەکانی”، لەدوای نەوشیروان مستەفا کۆی ئەو چوارسەد و پەنجا ھەزار دەنگدەری کە دەنگیان بە گۆڕان داوە، وەک و یەک و بە یەکسانی خاوەنی گۆڕانن، گومانیشی تێدا نیە ئەوەندەی کە ھەڵسوڕاوە ئاساییەکان باجیان بۆ بزوتنەوەکە داوە، سەرکردایەتی بزوتنەوەکە ئەوەندە باجی نەداوە، لەبەرئەوە کەس ئەو مافەی نیە بەتەنھا خۆی بە خاوەنی گۆڕان بزانێت و قسە لەسەر ئایندەی بزوتنەوەکە بکات و بڕیاری لەسەر بدات.

یەکێک لە ھەڵەکانی گۆڕان ئەوەیە کە کۆمەڵێک کاراکتەری دەرخست کە خۆیان نەناسی و بەخێرایی خۆیان ون کرد، و وا ھەستیان کرد کە ئەمانە بوونەتە کاراکتەری ئەبەدی بزوتنەوەکە. ئەم کاراکتەرانە بزوتنەوەی گۆڕانیان گەورە نەکرد، بزوتنەوەی گۆڕان ئەمانەی گەیاندە ئەم ئاستە، کارێک کە پێویستە گۆڕان ئەنجامی بدات ئەوەیە کە ئەو کاراکتەرانە تەحجیم بکرێن.

ھەڵبژاردنی ڕێکخەر و خانەی ڕاپەڕاندن پرسێکی ناوخۆییە، و پەیوەست نیە بە ژیانی گشتی خەڵکەوە، تا لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە ڕای گشتی لەبارەوە دروست بکەی.

ئێمە ئەو کاتە ڕەخنە دەگرین و قسە دەکەین کە بینیمان پڕۆسەکە لەدەرەوەی دەستوری ناوخۆیی گۆڕان ئەنجامدراوە، بەڵام کاتێک ھاوڕێیەک بیەوێت خەرقی دەستوری ناوخۆیی بکات، ئەوا دەیەوێت بزوتنەوەکە توشی انحراف بکات. دەستوری گۆڕان دەقێکی جامدی پیرۆز نیە کە نەتوانرێت تەعدیل بکرێت، بەڵام تا بەستنی کۆنفڕانسی نیشتیمانی ھیچ کەسێک ئەو مافەی نیە باس لە تەعدیلی دەستوری ناوخۆیی بکات بۆ بەرژەوەندی چەند کەسایەتییەک.

ململانێی نەوەکان ململانێیەکی حەتمی و ئاساییە، ئەو ململانێیە لەسەر بنەمای تەمەن بینا نەکراوە، بەڵکو لەسەر بنەمای پڕۆژە و فکر و دونیا بینییە، کەسیش نوێنەری حەقیقی ئەم نەسلە تازەیە نیە، تێڕوانین و پڕۆژەی ھەر یەکێکمان جیاوازە لەوی تر، ئا ئەم جیاوازیانەش بزوتنەوەی گۆڕانی گەیاندووەتە لوتکە.

بیست و شەش ساڵە ئێمە گرفتی دابەشنەکردنی ڕۆڵەکان ( توزیع الادوار)مان ھەیە، نابێت و نامانەوێت بزوتنەوەی گۆڕانیش ببێتەوە بە بەشێک لە ئەزمونی ڕابردوو، ھەر ھەڵسوڕاوێک ئەدای ئەو ئەرکە بکات کە پێی سپێردراوە، بەشێکیان ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە دەنگیان پێدراوە،بەشەکەی تریشیان لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە دیاریکراون، مەرج نیە ڕاگەیاندنکارێکی سەرکەوتوو، سیاسییەکی سەرکەوتوو بێت، پێچەوانەکەشی ڕاستە.

نەوعێک لە برادەرانمان لەناو گۆڕان چەندین جار فەرمویانە کە نابێت شەڕ لەپێناو کەسێکدا یان چەند کەسێکدا بکەین، بەڵام لە ئێستادا بوونەتە بەشێک لەو شەڕە و خەریکە ڤایرۆس دەخەنە ناو جەستە و ناخی بزوتنەوەکە، و شەڕی نوێنەرایەتی دەکەن، ئەمەش پاشەکشەکردنە لە مەبدەئەکانی ڕابردوویان.

ھیچ ڕێگرییەکی سیاسی نیە لەبەردەم ھەر ھەڵسوڕاوێکدا کە خۆی کاندید بکات بۆ ھەر پۆستێک، ئەو ڕێگریانەی کە ھەیە ڕێگری یاسایی و دەستوری ناو بزوتنەوەکەن.

ئەگەر شیوەنی ئەو برادەرانە بۆ ئەوەیە کاریزمایەکی ھاوشێوەی نەوشیروان مستەفا جێگەکەی بگرێتەوە، ئەوا دەچێتە تەمەناوە، ئەگەر بۆ ئەوەشە کە ببنە مۆنۆپۆڵکەری بزوتنەوەکە ئەمەشیان خەونە، ئەگەر بۆ ئەوەشە وەک خەمخۆری بزوتنەوەکە و بە درێژەپێدەری دۆکترینی نەوشیروان مستەفا بناسێنرێن، ئەوا لە ڕیزبەندی ناوەکاندا دەکەونە کۆتایی لیستی ناوی کۆی دەنگدەرانی گۆڕان، چونکە دۆکترینی نەوشیروان مستەفا دۆکترینێکی ئینسانی و نەتەوەیی و ئەخلاقیە و پێویستی بە کردارە نەک قسە.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.