عومەر عەلی محەمەد
ئایا ریفراندۆم لەم بارودۆخە سیاسیە ناھەموارەدا کوردستان بەرەوکوآ دەبات؟ ئەمە پرسیارێکە ھەتا ئێستا سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و پارتە دەسەڵاتدارەکان نەیانتوانیوە وەڵامێکی تێروتەسەل بدەنەوەو ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و پارتە سیاسیەکان دڵنیا بکەنەوە لە ئەنجامەکەی، لێدوانەکانی مەولود چاوش ئۆغڵۆ لە کەناڵی TRT ی تورکی لەسەر ریفراندۆم و ھەرێمی کوردستان جێگەی تێڕامان و بیرکردنەوەیەکی سیاسیی گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا کە پێشتر بەرپرسە باڵاکانی تورکیا ھەر لە سەرۆک کۆمارەوە ھەتا بەرپرسەکانی تر دژایەتی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم راگەیاندبوو، بەڵام ئەمجارەیان لە رێگەی وەزیری دەرەوە لێدوانەکان ئاڕاستەیەکی تر وەردەگرێت ئەویش پشتیوانی کردنە لە ریفراندۆم بەڵام بەومەرجەی کە ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی قوبروسی باکور لەژێر ھەژموونی تورکیادا بێت و تورکیا ئازاد بێت لە بەکارھێنانی خاکی ھەرێمی کوردستان بۆ لێدانی پارتی کرێکاران و بەڕێکەوتنێکی نوآ ھێزەکانی تورکیا لە ھەرێم دا بمێنێتەوەو ژمارەیان زیاد بکرێت و ئەمەش لەگەلڕ دەسەڵاتی داھاتووی دوای ریفراندۆم بێت لە ھەرێمی کوردستاندا.
ئەو بارودۆخەی ئێستا لە ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، ھاوشێوەی ئەو بارودۆخەیە کە لە ساڵی ١٩٧٤ سوپای تورکیا ھێرشی کردە سەر دورگەی قوبرس، ئەویش بەمەبەستی پارێزگاریکردن لە کەمینە تورک نشینەکەی کە نزیکەی ٢٥%ی دانیشتوانی پێکدەھێنا، پاش نزیکەی ١٠ سالڕ لە گرژی و ئاڵۆزی لەگەلڕ یۆنانیە قوبروسیەکان نەیانتوانی بگەنە رێکەوتن و سەرئەنجامیش لە ساڵی ١٩٨٣دا کۆماری قوبروسی باکوری تورکیا رایگەیاند بە سەرۆکایەتی رەوف دنکتاش، بەڵام ھیچ وڵاتێکی جیھانی و نەتەوە یەکگرتووەکانیش دانیان نەنا بەم دەوڵەتەدا بێجگە لە تورکیا، بەم ھۆیەشەوە گەمارۆیەکی جیھانی خرایە سەر ئەم دەوڵەتە نوێیە و کەس مامەڵەی لەگەڵدا نەکرد، دواجار بە ناچاری چووە باوەشی تورکیا و لەڕووی سیاسەتی دەرەوەو لەڕووی ئابوریشەوە چوە ژێر ھەژموونی تورکیا و دراوەکەشی بو بە لیرەی تورکی، لەو کاتەوە ھەتا ئێستاش ئەو حاڵەتە بە ئاڵۆزی ماوەتەوەو تەنھا کۆماری دان پێدانراولە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە کۆماری قوبروسە کە یۆنانیەکان رابەرایەتی دەکەن.
لەم بارودۆخەی ئێستاشدا تورکیا بەردەوام جەخت لەسەر پاراستنی کەمینەیەکی تورک دەکاتەوە کە لە کەرکوک و تەلەعفەر و زۆرجاریش لە ھەولێر ھەن، کە ئەمەش ھاوشێوەی ئەو مافەبوو کە بەخۆیدا ھێرش بکاتە سەر باکوری قوبروس و داگیری بکات، لەلایەکی تریشەوە مەسەلەی ولایەتی موسلڕ لەلای دەوڵەتی تورکیا و حکومەتە یەک بەدوایەکەکانی کێشەیەکی مێژوویی و ستراتیجیە، لەم کاتەشدا کە عێرق لەدوای شەڕی داعش لەم ناوچەیەدا تووشی پاشاگەردانی بووەو دۆخەکە زۆرتر ئاڵۆزبووەو بە بڕوای ھەندێک لە شارەزایانی بواری سەربازی داعش راستە شارە گەورەکانی لە دەست داوە، بەڵام شێوازی تر ھەڵدەبژێرێت بۆ روبەڕوبوونەوە لەگەلڕ سوپای عێراق و بەمەش تورکیا دەیەوێت سود لەم دەرفەتە وەربگرێت.
لەلایەکی تریشەوە بوونی پەیوەندیەکی ستراتیجی لە نێوان پارتی دیموکرات وبوونی سەدان کۆمپانیای جۆراو جۆرو رێکەوتنی ستاتیجی نەوت و گاز بۆ ٥٠ ساڵی ترلە گەڵ حکومەتی ھەرێم و سنورێکی جوگرافی فراوان کە ھێڵی گەرمی روبەرَوبونەوەیە لەگەڵ پارتی کرێکارن وا دەکات کە تورکیا بە گرنگی سەیری ھەرێمی کوردوستان بکات و بیەوێت لەگەڵ گۆڕانکاریە نویًَیەکاندا مامەڵەی لە گەڵدا بکات و بە بەرژەوەندی خۆی بشکێتەوە ، دەوڵەتی تورکیا زیاتر رێگە بۆ ئەوە خۆش دەکات کە زیاتر لە ھەرێمی کوردستاندا باڵادەست بێت و بەو جۆرەی کە خۆی دەیەوێت مامەڵە لەگەلڕ ئەنجامی ریفراندۆمەکەشدا بکات، لەبەرئەوەش کە ئەم ریفراندۆمە ھەتا ئێستا کۆدەنگی لەسەر نیە و جێگەی مشتومڕ و دید و بۆچوونی جیاوازە، کەواتە لەم بارودۆخەدا ئەگەر سیاسەتەکانی تورکیا بەم شێوە مامەڵە لەگەلڕ ھەرێمی کوردستاندا بکات ئەگەری ئەوە ھەیە کە کوردستان دابەش بکات و جارێکی تر دوو ئیدارەیی لە ھەرێمی کوردستاندا سەرھەڵبداتەوە، چونکە بەشێک لە پارتە سیاسیەکان بەتایبەتی ئەوانەی زۆنی سەوز زۆربەیان رازی نین بەو چارەنووسەی ھەرێمی کوردستان، لەلایەکی تریشەوە حکومەتی ناوەندی و ئێرانیش رێگە نادەن ھەرێمی کوردستان ببآ بە قوبرسی باکور بۆ تورکیا و بەمەش ئەگەری ئەوە ھەیە ھەرێمی کوردستان ببێتە شوێنی ململانێیەکی نوآ لە نێوان تورکیا و ئێران و قوربانیەکەشی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەبێت و بۆ دەیان ساڵی تریش خەونی دەوڵەتی کوردی پاشەکشە دەکات و جارێکی تر دەگەڕێینەوە بۆ خاڵی سفر.