زانیارى له‌ باره‌ى كوڕانى به‌رپرسه‌ باڵاكان قۆناغى داهاتووى كوردستان؛ شه‌ڕى ململانێى كوڕه‌كان ده‌بێت

لەلایەن ستاندار Posted on 556 جار بینراوە

زانیارى له‌ باره‌ى كوڕانى به‌رپرسه‌ باڵاكان
قۆناغى داهاتووى كوردستان؛ شه‌ڕى ململانێى كوڕه‌كان ده‌بێت
ڕۆلى منداڵى سه‌ركرده‌كان له‌ پڕۆسه‌ى دروستكردنى بڕیار

سەرتیپ کەریم وەیسی

له‌ هه‌رێمى كوردستان سه‌ره‌ڕاى هه‌ڵبژاردن و په‌یڕه‌وكردنى سیسته‌مێكى به‌ ناو دیموكراسى، منداڵ یاخود نه‌وه‌و كوڕى زۆربه‌ى سه‌ركرده‌ باڵاكان، به‌ر له‌ كۆچ و مردنى دایك و باوكیان هاتوونه‌ته‌ ناو پڕۆسه‌ى سیاسى و حكومڕانى، هه‌ریه‌كه‌یان به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان كاریگه‌ریان له‌سه‌ر ئه‌و بڕیارانه هه‌یه‌، كه‌ باوك و دایكیان ده‌ریده‌كه‌ن، زۆربه‌ى جاریش پرۆسه‌ى بڕیار له‌ لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ دروستده‌كرێت پاشان باوكیان جێبه‌جێده‌كات. سه‌ركرده‌ كورده‌كان نه‌یانتوانیوه‌ به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان باوه‌ڕ به‌خۆیان بهێنن، كه‌ ده‌بێت له‌رووى سیاسیه‌وه‌ نه‌زۆك ( وجاغ كۆێر) بن، بۆئه‌وه‌ى له‌ دواى خۆیان جگه‌ له‌ خزمه‌ت و ناوبانگ هیچى تر جێبهێلن.

لێره‌دا چه‌ند نموونه‌یه‌ك له‌ باره‌ى ڕۆلى منداڵ و كورى سه‌ركرده‌ باڵاكانى هه‌رێمى كوردستان ده‌خه‌مه‌روو:
بنه‌ماڵه‌ى مه‌سعود بارزانى، له‌ نێو بنه‌ماڵه‌ى مه‌سعود بارزانى، به‌شێكى زۆر له‌و بڕیارانه‌ى كه‌ له‌سه‌ر ئاستى نێوخۆى حزب، یاخود له‌سه‌ر ئاستى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، زۆرجاریش هه‌ندێ بڕیارى سیاسی گرینگى حزب، له‌ لایه‌ن مه‌سرور بارزانى كوڕه‌ گه‌وره‌ی بارزانیه‌وه‌ ده‌درێت. پابه‌ندبوونێكى ته‌واو به‌ قسه‌و بڕیاره‌كانى مه‌سرور بارزانى له‌ لایه‌ن ماڵباتى بارزانى و ته‌واوى ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تى و مه‌كته‌بى سیاسى هه‌یه‌، ئه‌و ڕۆڵه‌ى مناڵه‌كانى ترى ئه‌و ماڵباته‌ ده‌یگێڕن ڕۆلى لاوه‌كین و له‌ لایه‌ن مه‌سعود بارزانى و مه‌سرور بارزانى به‌سه‌ریان دابه‌شكراوه‌، زۆربه‌ى ئاماژه‌كان بۆئه‌وه‌یه‌ له‌ قۆناغى داهاتوو پارتى له‌سه‌ر ئاستى حزب داهاتووى پارتى له‌ نێوان مه‌سرور بارزانى و نێچیرڤان بارزانى بكه‌وێته‌ ده‌ست مه‌سرورى كوڕ، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئاستى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و حكومه‌تیش تێبینى بكه‌ین، ئه‌وه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و هاتنه‌ پێشه‌وه‌ى مه‌سروى كوڕ، هێمایه‌كه‌ له‌ داهاتوودا پۆستێكى گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئاستى سه‌رۆكى هه‌رێم و حكومه‌ت ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ.

مه‌سرورى كوڕ، جگه‌ له‌وه‌ى راوێژكارى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشه‌، له‌ هه‌مانكاتدا به‌ سندوقه‌ ڕه‌شه‌كه ناوده‌برێت و باوه‌ڕناكرێت بڕیار یاخود شتێكى نهێنى هه‌بێت له‌سه‌ر ئاستى حزبى و حكومى به‌ فلته‌رى ئه‌ودا تێپه‌رنه‌بێت.

بنه‌ماڵه‌ى جه‌لال تاڵه‌بانى و هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د: هه‌رچه‌ند هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د دواى مام جه‌لال زۆربه‌ى بڕیاره‌ چاره‌نووسازه‌كان خۆى ده‌یدات، به‌ڵام له‌م دوایانه‌دا نه‌خۆشى پیرى واى له‌و ئافره‌ته‌ كردووه‌، زۆرجار له‌ زۆر مه‌سه‌له‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لاى هه‌ریه‌ك له‌ پاڤل تاڵه‌بانى و قوباد تاڵه‌بانى، منداڵه‌كانى تاڵه‌بانى زۆرجار وه‌ك نوێنه‌رى دایكیان له‌ دانووستاندن و كۆبوونه‌وه‌كان له‌ نێو حزب و حكومه‌ت به‌ژدارده‌بن. ده‌وترێ زۆربه‌ى جار هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ى تاڵه‌بانى له‌ رێگاى خه‌ڵكى تره‌وه‌ له‌ زۆر مه‌سه‌له‌ قه‌ناعه‌ت به‌ دایكیان ده‌هێنن و نایانه‌وێ راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ دایكیان گفتووگۆبكه‌ن له‌سه‌ر رازیكردنی له‌مه‌ڕ بابه‌تى هه‌ستیار، چونكه‌ سروشت و ته‌بیعاتى دایكیان باش ده‌زانن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رۆلێكى گرینگ ده‌گێڕن له‌ ئاڕاسته‌كردتى سیاسه‌ته‌كانى دایكیان و پڕۆسه‌ى دانووستاندن، دوا نموونه‌ش له‌ كاتى دروستكردنى ناوه‌ندى بڕیار و كۆتایهاتنى ئه‌و ڕه‌وته‌ و پرسى رازیكردنى هێڕۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د به‌ ئه‌نجامدانى ریفراندۆم، هه‌ردوو كوره‌كه‌ى كاریگه‌رى گه‌وره‌یان له‌سه‌ر دایكیان هه‌بووه‌. پاڤل تاڵه‌بانى، زیاتر كاریگه‌رى له‌سه‌ر دایكى هه‌یه‌، هه‌رچى قوباد تاڵه‌بانیه‌ زۆرترین جار له‌ به‌ڕێوه‌بردنى حكومه‌ت و ئه‌و كێشانه‌ى دێنه‌ پێشى له‌ نێو حزب به‌هێزى ڕۆڵى دایكى به‌كارده‌هێنێت.

بنه‌ماڵه‌ى نه‌وشێروان موسته‌فا: كوڕه‌كانى نه‌وشێروان موسته‌فا به‌ تایبه‌ت چیا، له‌ ماوه‌ى دروستبوونى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان زۆرترین نزیكایه‌تی و بینینى له‌گه‌ڵ باوكى هه‌بووه‌، زۆرجار په‌یوه‌ندییه‌ گرینگه‌كانى نه‌وشێروان موسته‌فا له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كان، به‌ تایبه‌ت هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌ رێگاى كوڕه‌كانیه‌وه‌ بووه‌، جگه‌ له‌وه‌ش ده‌وترێ نه‌وشێروان موسته‌فا به‌ ناوهێنان و قسه‌كردن له‌سه‌ر كوڕه‌كانى زۆر نیگه‌ران ده‌بوو ( له‌ماوه‌ى دروستبوونى بزوتنه‌وى گۆڕان چه‌ند كه‌سێكیش له‌سه‌ر ئه‌مه‌ سزادراون ) .

له‌ماوه‌ى ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ى كۆتایش كوڕه‌كانى رۆلى گرینگیان هه‌بووه‌ له‌ راوێژیكردن له‌گه‌ڵ باوكیان له‌ باره‌ى هه‌ندێ پرسه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت چیا نه‌وشێروان موسته‌فا، زۆرجاریش له‌ پڕۆسه‌ى دروستكردنى بڕیار به‌شێوه‌یه‌كى راسته‌وخۆو ناراسته‌وخۆ ڕۆڵیان هه‌بووه‌.

كوڕه‌كانى نه‌وشێروان موسته‌فا له‌ كۆنگره‌ى یه‌كه‌مى ئه‌و حزبه‌ بوونه‌ ئه‌ندامى كۆنگره‌، دواین گرینگیدانى نه‌وشێروان موسته‌فاش، به‌ كوڕه‌كانى به‌ ناوكردنى ته‌واوى كۆمپانیاى وشه‌و گاسن بوو به‌ ناوى چیاى كوڕیه‌وه‌، ئه‌مه‌ش وایكرد ناوبراو له‌ پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى رێكخه‌رى گشتى و خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن رۆلى گرینگ بگێڕێت، به‌جۆرێك زۆرترین ره‌خنه‌ى ئاڕاسته‌ كرا له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌و لایه‌نگریه‌ى كه‌ كردى.

بنه‌ماڵه‌ى على باپیر: ئه‌گه‌رچى له‌ رووى ته‌مه‌نه‌وه‌ كوڕه‌كانى على باپیر زۆر گه‌وره‌ نین، به‌ڵام له‌ ئێستادا جۆرێك له‌ نزیكى له‌ نێوان هه‌ریه‌ك له‌ (محمد و عبدالرحمان) له‌گه‌ڵ باوكیان هه‌یه‌. له‌ ماوه‌ى رابردوو زۆرجارهه‌ریه‌ك له‌ محمد على باپیرو كوڕه‌ گه‌وره‌كه‌یى و عبدالرحمان على باپیر، له‌ لایه‌ن باوكیانه‌و سه‌رزه‌نشت و سزا دراون، به‌هۆى هه‌ندێ كار كه‌ به‌دڵى باوكیان نه‌بوو، یاخود هه‌ڵسوكه‌وته‌كانیان كاریگه‌رى هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ناو ناوبانگى باوكیان، به‌ڵام له‌ ئێستادا دواى ته‌واوكردنى خوێندنى دكتۆراو ماسته‌ر له‌ لایه‌ن كوڕه‌كانى له‌ بوارى سیاسه‌ت و په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، هه‌ردوو كوڕه‌ گه‌وره‌كه‌ى عڵى باپیر له‌ زۆر مه‌سه‌له‌ى سیاسى له‌گه‌ڵ باوكیان ده‌چنه‌ راوێژكردن، هه‌رچه‌نده‌ به‌ ڕاده‌یه‌كى به‌رچاو نه‌یانتوانیوه‌ له‌ پڕۆسه‌ى دروستكردنى بڕیارى باوكیان به‌ژداربن.

مه‌حه‌مه‌د كوڕى باپیر، كه‌ له‌ ئێستاد هاتۆته‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان و بۆته‌ مامۆستا له‌ زانكۆى كوردستان، وه‌ك ئه‌ندامى بۆردى ئه‌و زانكۆیه‌ش ده‌ستبه‌كاربووه‌، به‌هۆى ترس له‌ قسه‌ى خه‌ڵك و نه‌بوونى زه‌مینه‌ى به‌ بنه‌ماڵه‌یى له‌ نێو كۆمه‌ڵى ئیسلامى، چانسى ئه‌وه‌ى نه‌بووه‌ به‌ فه‌رمى له‌و حزبه‌ بێته‌ پێشه‌وه‌.

ده‌وترێ به‌شێكى گه‌وره‌ى هۆكارى نه‌هاتنه‌ پێشه‌وه‌ى دوو كوڕه‌كه‌ى على باپیر په‌یوه‌ندى به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ هه‌ردووكیان به‌ ته‌واوى قه‌ناعه‌تیان به‌ سیاسه‌ت و بیروباوه‌ڕه‌كانى حزبه‌كه‌ى باوكیان نییه‌. له‌م دوایانه‌شدا له‌سه‌ر پرسى ڕیفراندۆم گفتوگۆو راوێژى زۆر له‌ نێوان على باپیرو كوڕه‌كانى هه‌بووه‌، له‌و مه‌سه‌له‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانه‌بوون باوكیان وتار له‌ باره‌ى ریفراندۆم بنوسێت.

بنه‌ماڵه‌ى سه‌لاحه‌دین محمد بهائه‌دین: جیاواز له‌ سه‌ركرده‌كانى تر هه‌ریه‌ك له‌ كوڕه‌كانى سه‌لاحه‌دین محمد بهائه‌دین (ئوسامه‌، ئه‌یوب) كه‌مترین سه‌روكاریان له‌گه‌ڵ سیاسه‌تدایه‌ هه‌یه‌. ئوسامه‌ سه‌لاحه‌دین، زیاتر به‌ خوێندن و وانه‌وتنه‌وه‌ خه‌ریكه‌و جاروباریش هه‌ندێ كاروبارى ئیدارى باوكى ڕایده‌كات به‌ تایبه‌ت ئه‌و كاتانه‌ى له‌ سلێمانی ده‌مێنێته‌وه‌.

هه‌رچى ئه‌یوبى كوڕیه‌تى، كه‌ له‌ ئێستا خه‌ریكى كارى هونه‌ریه‌و به‌م دوایانه‌ش له‌ وڵاتى كه‌نه‌دا دواى مافى په‌نابه‌ریه‌تى كردووه‌، به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه‌متر له‌ ناوه‌وه‌ى هه‌رێمه‌و له‌رووى ته‌مه‌نیشه‌وه‌ بچووكه‌، زۆرجاریش ره‌فتاره‌كانى پێچه‌وانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ بیروبۆچوونى باوكى، بۆیه‌ كه‌مترین كاریگه‌رى هه‌یه‌، مه‌گه‌ر له‌بوارى كۆمه‌ڵایه‌تى نه‌بێت، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ى زۆرترین جار پێگه‌و ناوبانگى باوكى بۆ به‌رژوه‌ندى باوكى به‌كارهێناوه‌، باوكیشى حه‌زى كردووه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ بێت، نه‌وه‌كو تووشى گرفتێكى بكات.

بنه‌ماڵه‌ى كۆسره‌ت ڕه‌سول على: هه‌رچى منداڵه‌كانى كۆسره‌ت ره‌سول علیه‌، وه‌ك منداڵه‌كانى بارزانى و تاڵه‌بانى زۆرترین كاریگه‌ریان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ژیانى سیاسى باوكیان، به‌جۆرێك ڕۆڵه‌كان دابه‌شكراوه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ى ( ده‌ربازو شاڵاو). ده‌وترێ ده‌رباز له‌رووى ئابوورى و سیاسیه‌وه‌ به‌ته‌واوى ده‌ستیكردووه‌ به‌سه‌ر ماڵباته‌كه‌یدا، زۆرجاریش له‌گه‌ڵ براكه‌ى شاڵاو وه‌ك نوێنه‌رى باوكیان له‌ زۆرى دانووستاندنه‌ سیاسى و حزبیه‌كان ده‌رده‌كه‌ون.

ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سوڵ، جگه‌ له‌وه‌ى وه‌زیرى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یه‌، له‌ هه‌مانكاتیشدا له‌رووى ئابوورى و بزنسه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتیارى پڕۆژه‌كانى باوكییه‌تى. له‌ به‌رامبه‌ردا شاڵاو به‌هۆى ئه‌وه‌ى پۆستى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى هه‌یه و به‌ درێژایى هاتنه‌ پێشه‌وه‌شى له‌ لایه‌ن باوكى به‌رده‌وام وه‌ك كاره‌كته‌رێكى سیاسى و عه‌سكه‌رى له‌ نێو بنه‌ماڵه‌و حزبه‌ كه‌ى ده‌رده‌كه‌وێ، هه‌ربۆیه‌ش هه‌موو ئاماژه‌كان بۆئه‌وه‌یه‌ داهاتووى كۆسره‌ت ره‌سوڵ به‌ده‌ست منداڵه‌كانیه‌وه‌یه‌تى.

كۆسره‌ت ره‌سوڵ على، به‌هۆى ئه‌و نه‌خۆشیه‌ى كه‌ ساڵانێكه‌ به‌ ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنێ، له‌ ماوه‌ى 10 ساڵى رابردوو زۆربه‌ى گرینگیدانه‌كانى به‌ داهاتووى منداڵه‌كانیه‌تى، زۆرجار له‌ دانووستاندن له‌گه‌ڵ باڵه‌كانى نێو یه‌كێتى، یاخود پارتى جێبه‌جێكردنى به‌رژه‌وه‌ندى كوڕه‌كانى له‌سه‌ر وه‌ره‌قه‌ى دانوستاندن به‌كارهێناوه‌.

بنه‌ماڵه‌ى نێچیرڤان بارزانى: جیا له‌ سه‌ركرده‌كانى تر، له‌ماوه‌ى ژیانى سیاسى و حكومیدا نێچیرڤان بارزانى، توانیویه‌تى كوڕه‌ گه‌وره‌كه‌ى ( ئیدریس) به‌شێوه‌یه‌كى جیاواز بێنێته‌ پێشه‌وه‌، ئه‌ویش هاندانیه‌تى بۆ كاركردن له‌ بوارى كارى رێكخراوه‌یى و خێرخوازى له‌ دیارترینشیان دورستكردنى ده‌زگایى روانگه‌یه‌ بۆى. نێچیرڤان بارزانى له‌و ماوه‌یه‌دا توانیویه‌تى ئیدریسى كوڕى به‌ شێنه‌یى ئاماده‌بكات بۆ قۆناغى داهاتوو، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاشه‌وه‌ توانى سه‌ركه‌وتووبێت له‌ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ى كوڕه‌كه‌ى له‌ یه‌كێتى لاوانى دیموكراتى كوردستان و پاشان خسته‌ڕووى پاره‌یه‌كى زۆر بۆ به‌رده‌م كوڕه‌كه‌ى بۆ دروستكردنى ده‌زگاى روانگه‌. ئه‌گه‌رچى كوڕه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى له‌رووى ته‌مه‌نه‌وه‌ 20 ساڵانه‌یه‌، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌و جموجۆڵ و ده‌ركه‌وتنانه‌ى كه‌ هه‌یه‌تى، هه‌مووى ئاماژه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ى نێچیرڤان بارزانى له‌ دواى خۆى تاكه‌ به‌دیلى ئیدریسى كوڕى ده‌بێت، دووریش نییه‌ له‌ چه‌ند ساڵێكى نزیكى داهاتوو، كوره‌كه‌ى پۆستێكى حزبى و یاخود حكومى و په‌ڕله‌مانى وه‌رگرێت، جگه‌ له‌وه‌ى له‌ داهاتووشدا به‌ دڵنیایه‌وه‌ ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌ میراتگرانى بنه‌ماڵه‌ى مه‌لا موسته‌فاى بارزان.

پێمان خۆشبێت یاخود ناخۆش، دواجار پڕۆسه‌ى سیاسى هه‌رێمى كوردستان له‌داهاتوودا، ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كى دیموكراسى، یاخود دیكتاتۆرى و بنه‌ماڵه‌یه‌ به‌ڕێوه‌بچێت، به‌هۆى ئه‌و هاتنه‌ پێشه‌وه‌ى منداڵ و كوڕى به‌رپرسه‌ باڵایانه‌و ئاماده‌كردنیان به‌شێوه‌یه‌كى پلانداڕێژراو له‌ لایه‌ن باوكیانه‌وه‌، دواجار هه‌موو ئاماژه‌و بۆچوونه‌كان بۆئه‌وه‌یه‌، كه‌ قۆناغى داهاتووى سیاسه‌تكردن، یاخو به‌ڕێوبردن هه‌ر له‌لایه‌ن منداڵ و نه‌وه‌و كوڕى به‌رپرسه‌ باڵاكان ده‌بێت، كه‌ باوك و دایكیان له‌ دواى ژیانى خه‌باتى شاخ، ماوه‌ى 26 ساڵه‌ ده‌ستیانكردووه‌ به‌ كۆنترۆڵكردنى سیاسه‌تكردن و به‌ڕێوه‌بردن و حكومدارى.
زۆر به‌كه‌مى ده‌بینرێ منداڵى سه‌ركرده‌كان نه‌یه‌نه‌ پێشه‌وه‌و ڕۆڵیان نه‌بێت، ئه‌گه‌ریش نه‌هاتبنه‌ پێشه‌وه‌ش ئه‌و نه‌وه‌و كوڕانه‌، ئه‌وا به‌رده‌وام پێگه‌ سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابووریه‌كانى باوك و دایكیان به‌كارهێناوه‌.

دواجار زۆربه‌ى ئه‌گه‌رو یه‌قینه‌كان بۆئه‌وه‌یه‌، كه‌ قۆناغى داهاتوو له‌ هه‌رێم له‌ رووى سیاسه‌تكردن و حكومڕانیه‌وه‌، ده‌بێته‌ شه‌ڕى ململانێى نێوان نه‌وه‌و كوڕى به‌رپرسه‌كان، كه‌ ساڵانێكى زۆره‌ دایك و باوكیان دۆستى یه‌كتربوون، یاخود رووبه‌رووى یه‌كتر بوونه‌ته‌وه‌؟!

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.