ڕێفراندۆم و ئایندەیەکی نادیار…

لەلایەن ستاندار Posted on 619 جار بینراوە

بایز ڕەشید ئەمین

شکستی دەوڵەتمەداری دەسەڵاتدارانی هەرێم بە رونی دیارە هەرلە قەیرانە ئابوری و سیاسی و یاسایی و کێشەی خاک و تێکچونی دیمۆگرافیەوە تا دەگاتە سەر ناپەسەند بەکارهێنانی سەرچاوە نیشتیمانیەکانی هەرێم لە وزە، ئاو، پێگەی جیۆپۆلەتیکی و سەرچاوەکانی تر. دەسەڵاتدارانی هەرێم لە پرۆسەی دەوڵەتداریدا شکستیان خواردوە هەر لە دامەزراندنی سیاسەتێکی گشتی سەرکەوتو لە سەر ئاستی ناوخۆ تا دەگاتە سەر سیاسەتی دەرەکی کە هیچ دۆستێکی متمانەپێکراویان بنیات نەناوە. بە شێوەیەک شکستیاخواردوە کە لە روی دیبلۆماسیەوە ژمارەی نەیارانی هەرێم لە زیادبوندایە و رۆژانە نیگەرانی خۆیان بەرامبەر هەڵسوکەوتی سیاسی هەرێم نیشاندەدەن.

لەو کاتانەدا بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکانیان پرسی ریفراندۆم دەکرێتە بابەتی گەرمی رۆژ کە لە بۆشایی پەکخستنی پەرلەمان و حکومەتدا، هەرێم بەرەو قەیرانی گەورەتر دەبات. ئەو ریفراندۆمە هیچ بنەمایەکی یاسایی لە روی یاسای گشتی ناودەوڵەتیەوە نیە، ئەمەش پرسە نیشتیمانیەکان بەئاقارێکی نالەباردا دەبات.

ریفراندۆم بە ئامانجی سەربەخۆیی مافێکی ئاسایی نەتەوەکانە کە دەتوانن لەم رێگەیەوە پرسی مافی چارەی خۆنوسین بە رێگەی ئاشتیخوازانە یەکلایی بکەنەوە، گەلی کورد لەم هەرێمەدا مافێکی رەوای خۆیەتی کە سودی لێوەربگرێت و دواجار سەربەخۆیی رابگەیەنێت. بەڵام سەرکەوتنی هەنگاوێکی لەمجۆرە، پەیوەستە بە پرسی ناوخۆیی و ناوچەیی و ناودەوڵەتیەوە. بە شێوەیەک پرسە ناوخۆیی و ناوچەیی و ناودەڵەتیەکان پەیوەستیان بەیەکترەوە هەیەو راستەوخۆ کار لە یەکتر دەکەن. کاتێک ناوخۆی هەرێم لە رویی یاساییەوە لە ژێر پرسیاردابێت ئەوا لە روی یاسای ناودەوڵەتیشدا بێپشتیوان دەمێنێتەوە.

یاسای گشتی ناودەوڵەتی کە لە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتوەکان پەسەند دەکرێت کە لە سەر بنەمای پەیماننامەی نێوان نەتەوەکان و یاسی داب و نەریتە ناوچەییەکان سەرچاوەی گرتوە، بەشێوەیەک یاسای گشتی ناودەوڵەتی تەنها پرسە یاساییەکان لە خۆدەگرێت و پەسەندیان دەکات. کە ئەمەش پێمان دەڵێت پێشێلکردنی یاسا نیشتیمانیەکانی هەرێم لە روی یاسایی و دەستوری و داب و نەریتەوە دەبێتەهۆی لە دەستدانی پشتیوانی ناودەوڵەتی لە روی یاساییەوە. دەسەڵاتدارانی هەرێم لەو ساتەوەختەدا تەواوی یاساو عورفێکیان پێشێلکردوە و لە پشت پەرلەمانەوە بڕیار دەردەکەن، بۆیە هەنگاوەکانی سەبارەت بە ریفراندۆم هیچ هێزێکی یاساییان نیە، کە لەگەڵ دیاریکردنی وادەی ریفراندۆم بەشێک لە ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش ناڕەزاییان نیشاندا، وێڕای ئەوەی وڵاتانی دراوسێ و دەسەڵاتی ناوەند بە فەرمی ریفراندۆمیان رەتکردەوە. بۆیە ریفراندۆم بێ رێکەوتن و هەماهەنگی ناوخۆیی و ناوچەیی و ناودەوڵەتی سەرگرتنی تەواو ئەستەمە.

یاسای گشتی ناودەوڵەتی بنەمای ریفراندۆمی بە ئامانجی سەربەخۆیی نەتەوەکان رێکخستوە بە شێوەیەک کە زیاتر پشتیوانی ریفراندۆمی دولایەنە دەکات کە ئەویش بە بەستنی رێکەوتنامە لە نێوان دەسەڵاتی ناوەند(نەتەوی زاڵ) و (نەتەوەی ژێردەستە) دێتەکایەوە. لەم جۆرەیاندا لەدوای دانانی رێوشوێنی یاسایی و مسۆگەرکردنی پشتیوانی ناودەوڵەتی بە شێوەیەکی ئاشتیانە پرۆسەکە بەڕێوەدەچێت. نمونەی ریفراندۆمی دولایەنە وەک ئەوەی لە باشوری سودان ئەنجام درا کە بە سەربەخۆیی کۆتایی هات و کۆمەڵگەی ناودەوڵەتی پشتیوانی لێکرد، یان وەکئەوەی لە سکۆتلاند ئەنجام درا کە دەرەنجام سکۆتلەندیەکان بڕیاریاندا لەگەڵ بەریتانیا بمێننەوە، یان وەک ئەوەی لە کەنەدا گەلی کیوبێک ئەنجامیاندا کە بە نەخێر بۆ جیابونەوە کۆتایی هات. سکۆتلەندیەکان دوای بڕیاری لەندەن بۆ دەرچون لە یەکێتی ئەوروپا بڕیاریاندا بۆ جاری دوەم ریفراندۆم ئەنجام بدەنەوە، بەڵام دوای ناڕەزایی لەندەن ژیرانە بێئەوەی هاشو هوش دروستبکەن رای خۆیان گۆڕی و وادەکەیان گۆڕی بۆ ساڵی (2019). بۆیە هەرێمیش بە هەمانشێوە پێویستە بەهەماهەنگی ناوخۆیی و ناوچەیی و ناودەوڵەتی لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە وادەیەکی نوێ دیاریبکات.

هەروەها یاسای گشتی ناودەوڵەتی لە هەندێ کاتدا زەمینەسازی یاسایی بۆ ریفراندۆمی تاکلایەنانەش فەراهەمکردوە، کە ناوەند دەتوانرێت پشتگوێ بخرێت و بێ رەزامەندی دەسەڵاتی ناوەند ئەنجامبدرێت. کە بنەمای ئەم مۆدێلە دەگەڕێتەوە بۆ پەیمانی مۆنتیڤیدۆ کە لە ساڵی (1933) ئەنجامدراوە، کە لەو سەردەمەدا بوەتە بنەمایەک بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی نیشتیمانی کە بەدەر لە خواستی دەسەڵاتی ناوەند (نەتەوەی ژێردەست) دەتوانێ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام بدات. وەک ئەوەی کە لە وڵاتی کۆسۆڤۆ ئەنجامدرا کە تاکلایەنانە بێ رەزامەندی سڕبیا لە ساڵی (2008) ریفراندۆمی ئەنجامداو سەربەخۆیی راگەیاند کە زیاتر لە (110) وڵات تاوەکو ئێستا دانیان پێداناوە، بەڵام بۆ ئەم شێوازەش چەند رێوشوێنێکیان داناوە کە بریتین لە چەند خاڵێک کە نەتەوەی ژێردەست دەتوانێ وەک بنەمایەکی یاسایی لەڕوی یاسای ناودەوڵەتی پشتیان پێببەستێت، کە رەگەزە سەرەکیەکان بریتین لە بونی دانیشتوانی هەمیشەیی، سنورێکی جوگرافی دیاریکراوی بێ کێشە لە سەر ،حکومەتێکی دانپیانراو و توانای بەستنی پەیوەندی دەرەکی، بەڵام هەرێم نەیتوانیوە ئەم چوار توخمەش دەستەبەربکات بە شێوەیەک کە وا لە کۆمەڵگەی ناودەوڵەتی بکات لە ئاست ریفراندۆمی تاکلایەنە بێدەنگ بێت. لە کاتێکدا پەرلەمان و حکومەت بونی نیەو پەیوەندی ناودەوڵەتی هەرێم لە نێوان تاران و بەغداو ئەنکەرە لە لایەک واشنتۆن و مۆسکۆ لە لایەکی تر ئەوەند نا تەندروست و نادامەزراوەییەکە نەبوەتە جێگەی متمانەی هیچ لایەک. ئەوە جگە لەوەی سلێمانی و هەولێرو شەنگال و کەرکوک خۆی لە چوار ناوچەدا دەبینێتەوە کە یەکدەنگی و کۆدەنگی لە نێوانیاندا نابینرێت.

چەندین نەتەوەی وەک باکوری قوبرس، سۆمالی لاند، ناگۆرنۆ- قەرەباغ، کۆماری ئەبخازیا، کۆماری باشوری ئۆسیستا، دەوڵەتی فەلەستین و کۆماری کۆسۆڤۆ، بەدەر لەخواستی نەتەوەی سەردەستی وڵاتەکەیان ریفراندۆمیان ئەنجامداوە و سەربەخۆیی و جیابونەوەیان لە ناوەند راگەیاندوە، بەڵام هیچکام لەو نەتەوانە گوزەرانیان بەرەو باشی نەڕۆیشتوە. لەبەرئەوەی ئەو نەتەوانە نەیانتوانیوە لە لایەن کۆمەڵگەی ناودەولەتیەوە دانپیانانی فەرمی وەربگرن و ئەندامێتیان لە نەتەوە یەکگرتوەکان جێگیربکرێت. ئەمەش لە چەندین ماف و شایستەی ناودەوڵەتی بێبەشیکردون هەر لە وەرگرتنی قەرزی دەرەکی تاوەکو دەگاتە سەر کڕینی چەک و تەقەمەنی و پێداویستیەکانی تر.

ریفراندۆم لە بنەمادا گوزارشت لە شوناس و یەکێتی کۆمەڵایەتی و رایگشتی نەتەوەیەک دەکات، کە دواجار دەبێتە توخمێکی سەرەکی دروستکردنی کۆدەنگی نیشتیمانی و نەتەوەیی و بەرجەستەکردنی هێزی نەرم کە دەکرێت بکرێتە کەرەستەیەک لە کەرستەکانی دەوڵەتمەداری. کەچی ریفراندۆمی هەرێم نەک نابێتە هۆی دروستبونی یەکێتی کۆمەڵایەتی و رایگشتی و بەرهەمهێنانی هێز، بەڵکو دەبێتە هۆی پەرتبون و زیاتر پەرتەوازەبونی باشوری کوردستان و تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی. بەمەش زەرەرمەند خەڵکە هەژارەکەی کوردستان دەبێت.

کاردانەوە نەرێنیەکانی ناوخۆو ناوچەیی و جیهانی بەڵگەی شکستی دەسەڵاتدارانی هەرێم دەردەخەن، ئەمەش لە دەرنجامی ئەو گەندەڵی و بێدادی و نابەرابەریی و یاسا شکێنیانەیە کە بنیاتیان ناوە. لە هەمان کاتیشدا لە سەر ئاستی ناودەوڵەتی دیبلۆماسیەتێکی شکستخواردو پەیرەو کراوە کە سیمای نیشتیمانی پێوەدیارنیە.

دەرەنجامی ئەم ریفراندۆمە وا دەردەکەوێ کە هەرێم بەرەو داڕمان دەبات نەک سەربەخۆیی. هەمو لێکدانەوە مێژویی، سیاسی و یاساییەکان ئاماژەی ئەوەدەدەن کە پرسی ریفراندۆم، گەلی باشور بەرەو کارەسات دەبات بۆیە گۆڕینی وادەی ئەنجامدانی ئەم ریفراندۆمە بە قازانجی گەلی کورد کۆتایی دێت. شکستی دەوڵەتمەداری دەسەڵاتدارانی هەرێم لە پرسەکانی وزەدا گەواهی ئەوە دەدەن کە پرسی ریفراندۆمیش بەهەمان چارەنوس دەچێت.

ریفراندۆمی هەرێم لەو وادەیەدا لە روی تیۆری و یاسایی و سیاسی و مێژویی و کات و شوێنەوە، لێکەوتەی مەترسیداری لێوەبەرهەم دێت. بۆیە دەستبردنی هەرێم بۆ پرسی ریفراندۆمی تاکلایەنانە لەم ساتەوەختەدا پێش پێداچونەوەو راستکردنەوەی پرسە ناوخۆیی (سیاسەتی گشتی) و ناوچەیی (هاوسەنگی نێوان تاران و ئەنکەرە) و ناودەوڵەتیەکان (دیبلۆماسیەتی دامەزراوەیی) یاریکردنە بە چارەنوسی پێنج ملیۆن هاونیشتیمانی باشوری کوردستان. .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.