تۆ بڵیی تەمەن لەناو گۆڕان تاوان بێت؟

لەلایەن ستاندار Posted on 643 جار بینراوە

  حەمە ئازاد بەرزنجی

هەڵبژاردنەکانی ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان سەرکەوتوانە کۆتاییان هات، بە شێوازێکی دیموکراسیانەی شەفاف . لە بەردەم دادوەر و کامێرای میدیاکاران و بە پەخشی ڕاستەوخۆ . بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج بو هیچکام لەو بەڕێزانە ، دەنگی ڕەهای جڤاتی نیشتمانی نەهێنا . وە وەک دەوترێ بێجگە لەم بەڕێزانە چەندان هەڵسوڕاوی دی بزوتنەوەی گۆڕانیش خۆیان کاندیدکردبو دواتر کشاونەتەوە. بەسەرنجی ئێمەش کارتە سپییەکان دەنگی کشاوەکان بون .

ئیتر ئەمەیە پڕۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردن و دیموکراسیە . بەشداردەبیت ، بەردەوام دەبیت ، دەکشێیتەوە ، دەنگی زۆر یان کەم دەهێنی ، پڕۆسەکەشت بەدڵ دەبێ یان نا و لەوانەیە  ڕەخنەشی لێبگری . ئەمانە هەرهەموی ڕوداوە ئاساییەکانی ناو هەر هەڵبژاردنێکن . بەڵام ئەوەی کە نا ئاساییە و نامۆیە  ئەوەیە کە بزانی دەرناچیت خۆت یان کەسانی دی هانبدەی تانەی نابەجی لە پاکی پرۆسەکە بدەیت . وەک ئەوەی تەزویرکراوە ، ‌غەدرکراوە ، کاندید بەزۆر  داوای کشانەوەی لێکراوەو ترسێنراوەوپڕٶسەکە  نا یاساییە . گەنج  بۆ دەرنەچوەو ژنی بۆ  تیانیە . بەمەرجێ چەند ڕۆژێکیش بوار واڵا بوە لەبەردەم هەمواندا بەگەنج و پیر و ژن و پیاوەوە  بۆ خۆ کاندیدکردن .

لەناو هەمو پڕۆسەیەکی هەڵبژاردنیشدا چ نیشتمانی ، سیاسی، یان لەناو ڕێکخراوە مەدەنیەکانشدا بێت، کەسانی چالاک ناچالاک، گەنج بەتەمەن ، دەوڵەمەند هەژار ، لاو بەساڵاچو، ژن پیاو ، لەسەرخۆ هەڵەشە ، بەئەزمون کەم ئەزمون ، چەندی و چەندانی دی دەبینرێن . گەر بوار لەبەردەم هەرهەمواندا وەک یەک یەکسان بو ، ئەوە دەبێ ئەنجامەکەی هەرچیەک بێت ،بە سنگێکی فراوانەوە قبوڵبکرێ و هەموان پشتگیری لە دەرچوان بکەن و پیروزباییان لێبکەن و ببنە پەناو پشتیان .

ئەوە جێگەی زیاتر هەڵوێستەیە مەسەلەی (تەمەنە)کەیە. (( جا نازانم تۆ بڵیی تەمەن لە ناو گۆڕاندا  تاوان بێت ! )) . چونکە ڕەخنەکان بەزەقی زیاتر ڕو لەتەمەنەکەیە نەک بوارەکانی دی . لەوانە لەتواناو هەڵسوکەوت ، خەبات و هەڵوێست و بیروباوەڕیان . بە ئاشکرا یەکێ لە ڕەخنەگرەکان کە بەڕێزی خۆیشی گۆڕانخوازێکی ناسراو وچالاک و بەتوانایشە. زۆر بەزەقی و بەئاشکرا دەبێژێ (( سیاسیەکانی دوای ناوەڕاستی حەفتاکان دەبێ ڕۆڵیان نەمێنی. )).خۆ ئەم دەستەواژەیە بەگوێرەی هەندێ  لەوانەی کەلەهێڵی ڕاست لایان داوە تەواوە . ئەی ئەوانی دی تۆ دەبێ تەڕو وشک پێکەوە بسوتێنی ! ئەی بیرو ڕاو هەڵوێستی سیاسیان ، ئەی تواناو هەڵسوکەوت .  هەردەبێ تەمەنەکە پێوەربێت . ئەی خەباتی ڕاستەقینەی چەند ساڵە، هزرو دەم و دەست و داوێن پاکی ئەی هەستو خوێنی تازەگەری و گەنجانە ڕۆیشتن بەناو دەماری خوێنەکاندا.

گەنجێتی و پیری بە بیرە بەباوەڕە ، بەپلانی نوێ و گەنجانەیە لە پێناوی دواڕۆژی گەنج و لاو و پیری وڵاتەکەمان .  گەنجێتی : گەنجانە بیرکردنەوەیە بڕوابونە بەدواڕۆژێکی پرشنگدار و پێشکەوتوتر و هەوڵدانە بۆی . گۆڕانکاریە لە باوە سواوە نەگۆرەکان بەرەو باوێکی گۆڕاوی نوێ . گۆڕانیش خۆی لە خۆیدا باوەگۆراوەکانەو ، تەمەنیشی تەنها هەر هەشت ساڵە . بەواتایەکی دی ئەوی لەناو گۆڕاندا کاردەکات تەمەنی خەباتی لە هەشت ساڵ کەمترە ، ئیتر بە چ پێوەرێک هەڵسوڕاوەکانی پیر دەکرێن . وەئەو بەڕێزانەی کە ئێستا گۆڕانخوازن گەر خەباتی کۆنیان هەبێ و لە هەر پارتو لایەنێکی دیەوە هاتبن وازیان لەساڵانی خزمەت وهەمو دەسکەوت وبەرهەمی چەندان ساڵەی خەباتی  خۆیان هێناوە و گێچیان سفرکردۆتەوە و ئامادەن کەلە (٢٥-٧-٢٠٠٩ ) ه وە خەباتی نوێیان بۆ هەژماربکرێ . وەلەو باوەڕەشدام کەسیان کیسەیان بۆ خەباتە کۆنەکەیان هەڵنەدوریوە تا کیسەی نوێ بەدورین بەن .

چۆن چونە قوتابخانەو فێربونی زانست هەر لەقۆناغی منداڵیەوە تا چونە ناو زانکۆ ، پلە دوای پلە خوێندکار ئاستی زیاتر بەرزدەبێتەوە تا تەواوکردن و وەرگرتنی بڕوانامەی زانستی . ئاوا لەم سۆنگەیەوە دەتوانم ڕێگە بەخۆم بدەم کە بڵیم : کە تەمەن و مومارەسەی کار باڵاترین بڕوانامەی تاقیکردنەوەی ژیانە کە مرۆڤ وەریدەگرێ .

وڵاتێکی گەورە و گرانی وەک  ئەمریکا بەو هەمو تەکنۆلۆژیاو پێشکەوتنەوە، ( ئەنجومەنی پیرانی ) هەیە . ئیتر نازانم بۆ لای ئێمە هەڵکشان لەتەمەندا شورەیی بێت و کارکردن لە بوارەکانی سیاسی و ئیداری و کۆمەڵایەتدا نەنگی بێت .

ئەوی ڕاستی و گومان هەڵنەگرە لە هەندێ بوارو شوێنکاردا ، تەمەن و توانای بەدەنی ڕۆڵی کاریگەریان هەیە لە هەڵبژاردنی کاراکتەرەکان . هەر بۆ نمونە بواری وەرزش . لەگەڵ تێبینی ئەوەشدا ڕێنموییکەر و ڕا‌هێنەرەکانیان هەر کەسانی بە ئەزمون و بەتەمەنن . بۆیە دەبێ زۆر بە بەرچاوڕونانە  بواری وەرزش و یانەی وەرزشی لە کایەی سیاسی و دەوڵەتداری و بەڕێوەبردنی وڵاتدا جیابکەینەوە . لەکەم یانەی وەرزشیدا تەمەنی یاریزانەکان لە ( ٣٥ ساڵ ) بەرەوژورتر بێت . بۆیە لەم ڕوانگەیەشەوە دەتوانین بڵێین : ( نەکاک عومەر دەبێتە میسی ونە گۆڕانیش دەبێتە یانەیەکی وەرزشی وەک بەرشلۆنە ) تاکو ئەوی تەمەنی بگاتە سەرو ( ٣٥ ساڵ ) کۆتایی بەگرێبەستەکەی بهێنرێت و ڕەوانەی ماڵەوە بکرێ .

دەبێ گەنج ڕێگەی لێنەگیرێ و بێتە کایەو بواری زۆربەی کارەکانەوە و لە بواری کارەکەیدا مومارەسەبکات و پسپۆری بەدەست بهێنێ . وەوەک رایەکی تایبەتی خۆم گەر پێم بوترێ کێ بە شیاو و کێ هەڵدەبژێری بۆپلەیەکی ئیداری  وەک وەزیر ئەوسا بێ دودڵی و دڕدۆنگی یەکسەر دەبێژم : دەرچوی زانکۆ بێت ، لەیەکێ لەبەڕێوەبەرایەتیەکانی ئەو وەزارەتە یان نزیک لە بوارو پسپۆڕییەکەی کاری کردبێ و قاڵبو و شارەزای یاساو ڕێساکانی ئەو وەزارەتە بێ و لایەنی کەم (١٠ ساڵ) خزمەتو کاری کردبێ ئەوسا  شایانی ئەو پۆستەیە . ئەمە ماکی سەرەکی تاکی سەرکەوتوی ئیدارییە و بێگومان پێچەوانەکەشی ڕاستە .

وە ناشبێ بەراوردێک هەیە بکرێ و تەڕ و وشک پێکەوە بسوتێنرێ .  ئەویش لە بەراوردکردنی هەندێ لەشۆڕشگێرەکانی دوێنێ و بازرگانە چاوچنۆکەکانی ئەمڕۆ . وە ناشبێ  شۆڕشگێڕەکانی هەر هەمو حزبەکانی دوێنێ بە هەمان تەرازو وپێوەر بپێوین ، کە کارو چالاکی و فایلی زۆربەشیان ڕون و ئاشکراو دیارن .

تۆ بڵێی لەم گێژاوی ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابورییەی ئێستادا کە وڵاتەکەمان و ناوچەکەو تەنانەت جیهانیشی پیا تێپەڕ دەبێ ، جەخت لە  گەنجێتی خۆمان و گەنجی کەم ئەزمون وسەرکێش و کاری سەرەڕۆیی و سەری خۆ هەڵگرتن بکەینەوە و پێویستمان بە ڕێنیشاندەرو ڕێنماکەرو خاوەن ئەزمون و ڕێڕونکەرێکی دڵسۆز نەبێ . پێویستمان بە هاوبیرو هاوڕێکانی کاک نەوشێروان و تەنانەت دەقی  ئامۆژگاریەکانی خودی خۆیشی نەبێ .

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.