هەنگاوەکانی ڕۆژئاوا…

لەلایەن ستاندار Posted on 663 جار بینراوە

د. خامۆش عومەر عەبدوڵـڵا

دوای شۆڕشی گەلانی سوریا لە ساڵی 2011، کوردیش دەرفەتێکی دەگمەنی لە ڕەوتی ڕووداوەکان بۆ هاتە پێشەوە، توانی لەماوەیەکی کەمدا زۆربەی ناوچە کوردیەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ئازاد بکات و، حکومەتی دیفاکتۆ دروست بکات و، خۆی ڕێک بخاتەوەو دام و دەزگاکان بونیاد بنێت، ئەو هەنگاوانەی ڕۆژئاوا بۆ تورکیا دڵخۆشکەر نەبوو، بۆیە هەر لەسەرەتاوە بەڕاشکاوانە دژایەتی خۆی بۆ ستاتیۆی ڕۆژئاوا دەربڕی، سەربارەی هەموو هەموو هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەکیەکان، ڕەوڕەوەی شەمەندەفەری ڕۆژئاوا سەرکەوتوانە بەبێ وەستان وێستگەکان دەبڕێت.

لەنوێترین هەنگاویشدا لە کۆبونەوەی (28/7/2017)ی ڕمێلان، ئەنجومەنی دامەزرێنەری فیدرالی باکوری سوریا (یاسای دابەشکردنی ئیداری، و یاسای هەڵبژاردن)ی پەسنکرد و، کاتی هەڵبژاردنی دیاریکرد.

فیدرالی باکوری سوریا بەپێی یاساکە دابەش دەکرێت بۆ سێ هەرێم:

1-هەرێمی جەزیرە: ناوچەی قامیشلۆ و حەسەکە لەخۆدەگرێت.
2-هەرێمی فورات: ناوچەی کۆبانی و ڕەقە لەخۆدەگرێت.
3-هەرێمی عەفرین: ناوچەی عەفرین و شەهبا لەخۆدەگرێت.

فدرالية-روج-افا-1

ئەو هەنگاوەی ڕۆژئاوا هیچی کەمتر نیە لە بڕیاری ژمارە (22)ی (4/10/1992)ی پەرلەمانی کوردستان (باشور)، کە جاڕی ڕاگەیاندنی یەکێتی فیدرالی تاک لایەنەی پەسندکرد، ئەمڕۆش مێژوو دەرفەتی ئەوەی بۆ کوردانی ڕۆژئاوا ڕەخساندووە کە هەرێمی باکور ڕابگەیەنن و، قۆناغێکی تر لە قۆناغەکانی بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان ببڕن.

“بێگومان مومارەسەکردن و پیادەکردنی ئەو بڕیارانە، ئاوا ئاسان نابێت، بەڵکو بە دڵنیاییەوە لەمپەر و کۆسپ و تەگەرەی دەرەکی و تەنانەت ناوخۆیشی دێتە پێشەوە، بۆیە کوردستانیانی ڕۆژئاوا دەبێت سەرباری هەموو ئەو بارودۆخانەی دێتە پێشیانەوە مکوڕ بن لەسەر هەنگاوەکانی بونیادنانی هەرێمی باکور و دام و دەستگاکانی”

قۆناغی یەکەمی بەدەستهێنانی سەروەری بە بونیادنانی دامەزراوەکان دەست پێدەکات، ڕەوایەتی ئەو دامەزراوانەش لەڕێگەی سەندوقەکانی دەنگدان دەبێت، بۆیە لە کۆبونەوەکە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن ڕاسپێردرا بۆ ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی کۆمۆنەکان لە (22)ی سپتمبەری و، هەڵبژاردنی ئیدارە خۆجێیەکان (ئەنجومەنی گوند، شارۆچکە، شار، ناوچەکان) لە (3)ی نۆفمبەری 2017، و دیاریکردنی (19)ی یەنایری 2018 بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی هەرێم و کۆنگرەی گەلان (پەرلەمان).

مؤتمر5

ئەو بڕیارانەی کۆبونەوەی ڕمێلان چەند خاڵێکی گەش لەخۆدەگرێت:

1- گەل سەرچاوەی دەسەڵاتەکانە: هاوڵاتیان لەڕێگەی دەنگدانەوە لە بچوکترین پێکهاتەی ئیداریەوە کە بە گوند دەست پێدەکات و بە کۆنگرەی گەلان (پەرلەمان) کۆتایی پێدێت، نوێنەرەکانیان دیاری دەکەن.

2- کۆتای نەتەوەو ئاینەکان: دان پیانان بە کەمینە و ئاینە جیاوازەکان بە توخمێکی سەرەکی دادەنرێت بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەو بارەیەوە ڕێژەی (40%)یان بۆ دیاریکراوە، ئەو ڕێژەیە وایان لێدەکات هەست بەوە نەکەن کە پەراوێزخراون و، لەهەمان کاتیشدا وا دەکات بەشدارێکی کارای دەسەڵات بن.

3- کۆتای ژن: نیوەی کۆمۆن و ئیدارە و پەرلەمان پێکدێنێ، (ئەگەر بەهەڵەدا نەچوبم ئەوەندەی من بەرچاوم کەوتبێت و خوێندبێتمەوە یەکەمجارە نیوەی کورسی لە دەسەڵاتی یاسادانان بۆ ژنان تەرخان بکرێت)، نوێنەرایەتی ژنان لەسەر ئاستی ناوچەککە و تەنانەت لە وڵاتانی پێشکەوتووش ڕێژەیەکی کەمە، بەڵام لە ڕۆژئاوا ژنان سەلماندیان لە بەرخودان و قوربانیدان هیچیان کەمتر نیە لە پیاوان، بۆیە دیاریکردنی نیوەی کورسی پەرلەمان دیاریەک نیە پێیان بەخشرابێت، بەڵکو مافێکی ڕەوای خۆیانە.

مؤتمر

بێگومان مومارەسەکردن و پیادەکردنی ئەو بڕیارانە، ئاوا ئاسان نابێت، بەڵکو بە دڵنیاییەوە لەمپەر و کۆسپ و تەگەرەی دەرەکی و تەنانەت ناوخۆیشی دێتە پێشەوە، بۆیە کوردستانیانی ڕۆژئاوا دەبێت سەرباری هەموو ئەو بارودۆخانەی دێتە پێشیانەوە مکوڕ بن لەسەر هەنگاوەکانی بونیادنانی هەرێمی باکور و دام و دەستگاکانی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.