پێشڕەو بابەشێخ
ئەگەر بە مێژودا بچینەوە وسەرنج بدەین دەبینین, هاوتەریبی ژیانی مرۆڤ ئەوا دەستوریش بە مانا كرداریەكەی نەك وەك زاراوە, بونی هەبوە و بوەبە ڕێگە نیشاندەری مرۆڤ و مرۆڤایەتی , لەسەرۆكی خێزانێك بۆ سەرۆكی هۆز و دواتریش بۆ شێوازی دەوڵەتداری ئەم قۆناغە كۆنانەی مێژوی مرۆڤایەتی . بەشێوەیەك پەیڕەوكردنی یاسا باوەكانی ئەو قۆناغە بە جۆرێك بوە لە دەستوری ژیان بۆ ئەو سەردەمە خۆی بینیوەتەوە . ئیتر بە پێشكەوتنەكانی ژیان و ژیاری مرۆڤایەتی گۆڕانكاری گەورە ڕویداوە تابگات بەوەی دەستور ببێ بە دایكی یاساكان ,بەوەش دەستور بوە بە ڕێككارێكی كۆمەڵایەتی وسیاسی و ئابوری . جا لەلایەن كەسەكانەوە دەرچوبن یا كۆمەڵگاكان گرنگ پەیڕەوكردن و پەیڕەو كەرانێتی . ئەوەی من لێرە مەبەستمە خودی دەستور نیە, بەڵكو گەڕانەوەیەكە بۆ خودی بیروڕاكانی نەوشیروان مستەفا لە شێوە دەستورێكی نوسراو و بینراو و بیستراو. لەهەر كاتێك و لەهەر قۆناغێك بگەڕێیت یا چاوێك بگێڕیت و گوزەرێك بكەیت بە شێوازی ژیان و هەڵسوكەوت و ئاكارو وتەو لێدوان و نوسین و نوسراوەكانی كاك نەوشیروان , بێ سڵەمینەوە و دوو دڵی چیت دەوێت بۆ سیاسەت و دەوڵەتداری , شێوەو جۆری خەبات و كاری پەرلەمانی و شێوازی حوكمڕانی دروست , بەدەستی دێنیت و دەتوانیت وەك مەشخەڵێك بۆ ڕوناكی ڕێگایەكی ئەنگوستە چاو بەكاریبێنیت . مەشخەڵی بیری نەوشیروان مستەفا بۆ ئەبەد درەوشاوەیەوكزبونی نیە ,چونكە ئیتر بوە بە دەستورێك بۆ ئەبەد دەمێنێتەوە بەوەی :
1– ئێستاش هەموان وا هەست دەكەین تۆ هەر لێرەی,چونكە وتەكانت و ئاكارەكانت وەك دەستورێكی نوسراوی بزوتنەوەیەك بەردەوام نیشانەیەكەو نوكە تیژەكەی ڕوو لە ڕێگا ڕاستە كە دەكات و ڕێگا ڕاستەكە ون ناكات.بەشێوەیەك لە قیبلە نمایەك دەچێت هەڵە ناخوێنێتەوە و نیشاندەری ئامانجەكانە .
2– خوێندنەوەمان بۆی بوەتە شێوە دەستورێك كە لادان لێی توشی هەڵدێرو بەلاڕێدابردنمان دەكات ,چونكە خۆی لە دڵسۆزی و خۆنەویستی و ماندونەبون و پشودرێژی و بەردەوامی خەبات دەبینێتەوە لە شێوەی خەباتی شۆڕشی چەكداری و شۆڕش و خەباتی مەدەنی و دیموكراسی .
3- دەستورەكەی نەوشیروان مستەفا تەنهاو تەنها بۆ بزوتنەوەیەك نیە, هەر لەبەر ئەوەش خەڵكانێك لەدەرەوەی بزوتنەوەكەوە خۆیان بە كاروانچی ڕێباوەڕەكەی نەوشیروان مستەفا دادەنێن . دەستورێك جێبەجێكردن و پەیڕەوكردنی ببێ بەهۆی هێنانەدی دادی كۆمەڵایەتی و یەكسانی ماف و ئازادی ڕادەربڕین و ژیانی وەك یەك و یەكسان لە سەر بنەمای سودی هاوبەش لە داهات و سامانی گشتی و نەهێشتنی جیاوازی چینایەتی لە نێو كۆمەڵگادا .
4- كاركردن بەدەستورەكەی نەوشیروان مستەفا ,واتە هێنانە پێشی نەوەی نوێ لە بڕیاردان و دەسەڵات و حوكمداری , دەستگرتنی منداڵێكی هەژار و منداڵێكی دەوڵەمەند لەسەر یەك بنەما كە بریتیە لە توانا و لێهاتوویەكانی تاك نەك بنەمای كوڕی ئەم و ئەو .
5-دەستورو ڕێباوەڕەكەی نەوشیروان مستەفا لە كوردستان واتە بەگژداچونەوە , بەگژداچونەوەبۆ بە بنەماڵەیی كردن و هێنانە پێشی كوڕ و كوڕەزا و برازا , واتە بەگژداچونەوەی دەسەڵاتی پشتاوپشت و بیروباوەڕی كۆنی خێڵەكی و هۆزگەرایی . بەشێوەیەك توانی لەمەدا و لەسەردەمی زێڕینی ئەوپەڕی دەسەڵاتی خۆیدا بەبەر چاوی کوڕی خۆیی و نزیكەكانی خۆی كوڕە هەژارێك یا كەسێكی بێ پشتی بنەماڵەیەكی دەسەڵاتداری هەرێم بگەیەنێت بە گەورەترین و باڵاترین سێ دەسەڵاتەكە كە پەرلەمانی كوردستانە . لەمەشدا ڕێچكە شكێنی تێدا بوو كە تەنها لە دەستورەكەی دۆستی هەژاران ئەمە جێگای دەبێتەوە .
6- دەستورێك كە بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی هەر حزبێك ببێ بەفریادڕەس بۆ ترس لە دولەتبون و دەستەگەری و ململانێی نابەجێ و بێ بنەما . دەستورەكەی نەوشیروان مستەفایە ,كە ناهێڵێت ململانێیەك بێتە كایەوە كە حزب و بزوتنەوەكە بەرەو كەناری دابەشبون و دوو بەرەیی و دەستەگەری ببات .
7- دەستورەكەی كاك نەوشیروان , خاڵیە لە هەڵپەكردن بۆوەرگرتنی پۆست و پلەی حزبی و حكومی بەشێوەیەك ڕێبازەكەی ئەو فەرموو كردنی بۆ وەرگرتنی باڵاترین ئۆرگانی بزوتنەوەكە لە نێوان هەڵسوڕاوان هێنایە كایەوە. كە ئەمە دەكرێت ببێ بە بنەما بۆكاری لەمەودوای هێزی سیاسی تریش .
8- دەستورەكە بەشێوەیەك داڕێژراوە ئیتر تاكی كورد بۆ كاركردن لە حزب بیر لەوە نەكاتەوە ببێ بە مشەخۆری سەر حزب . بەڵك و لەسەر ئەرك و گیرفانی خۆی بیروباوەڕەكەی خزمەت بكات,كە لەو حزبەدا دەیبینێتەوە , بەشێوەیەك تاكی كورد ئیتر شەرم لەوە بكات كاری سیاسی و حزبی و تەنانەت حكومیش بۆ خۆ دەوڵەمەند كردن بێت و لە كارێكی ئاسایی و ڕێگە پێدراوی كایەی حزبایەتی لە كوردستان ببێ بە كارێكی نامۆ و قێزەون لەناو كۆمەڵگادا .
9- دەستورێكە بۆ خۆشگوزەرانی و ژیانی وەك یەكی هەموو چینەكان لە ڕێگای بەشینەوەی داهاتی نەتەوەیی بە یەكسانی .دەرفەتی كاركردن بۆ هەموان و بە پێی پسپۆڕی و كاردابەشكردن بڕەخسێندرێت نەك تاقمێك لە ڕێگای حزب و بەكارهێنانی حكومەت ببن بە ملیاردێر و ڕێژەی بێكارییش لەبەرزبونەوەدا بێت . ئیترلە هەركاتێك هەر كەسێك و هەرلایەك بیانەوێت خۆشگوزەرانی و دادی كۆمەڵایەتی و خەباتی پەرلەمانی و مەدەنی بكەن بە بنەمای بناغەی دەوڵەتی هاوڵاتی و دیموكراسی و پێشكەوتوی سەردەمیانە ,بێ سڵەمینەوە گەڕانەوە بۆ دەستورەكەی نەوشیروان مستەفا باشترین ڕێنیشاندەری دەبێت بۆ بنیادنانی دەوڵەتێك ببێ بە هی هەموان و هەموان خۆیان بەخاوەنی ئەو دەوڵەتە بزانن .