شێرزاد شێخانی
پارتی ئەعسابی تێكچوە..لەترسی هەڵسانەوەو كاردانەوەی قاعیدەی یەكێتی ناوێرێ راستەوخۆ شەڕی لەناوبردنی نەیارەكانی بكات، لەرێگەی كۆیلەو ئەلقەلەگوێیەكانیەوە ئەم شەڕە ئەكات.لەم زەمەنەشدا كۆیلە زۆرو زەوەندن كاتێك سەروەتو سامانی میللەت ئەكەوێتە دەستی زاڵمانەوە ویژدان كڕینیش ئاسان ئەبێ.
جوانی ئەو یەكێتیە لەچیدایە ئەگەر شانازخان دەربكرێ، عادل موراد بێدەنگ بكرێ، لاهور شێخ جەنگی تەحجیم بكرێ؟.
سەروەری وقوربانیەكانی یەكێتی چییان بەسەرادێ كاتێك كەسانێك ئەیكەن بەكلكی پارتیو بە خزمەتكاری دەربارەكەی؟.
ئەوانەی ئەمڕۆ بەنەغمەی پارتیەوە هەڵئەپەڕن، یان پێشتر لەناو یەكێتیدا (خەت مایل) بونە، یان ئەسڵەن هیچ مەبادئێكیان نەبوە، چونكە ئەمرۆ زۆر بەئاشكرا سەودا بەمەبادیئەكانیان ئەكەنو لەبازاری لەنگەی پارتیدا هەراجی ئەكەن!.
ئەوانەی ئەمڕۆ لەهەوڵی بێدەنگ كردنی سەركردەو كادیرانو ئەندامانی یەكێتین لەبەرامبەر پارتیدا، قەت چاویان گیڕاوە بە دروشمە سەرەكیەكەی یەكێتی لە (دیموكراسی ومافی مرۆڤ)، ئەی هەر دیموكراسیەت نیە ماف ئەداتە مرۆڤ بۆ دەربڕینی رای ئازادی خۆی؟.
ئەمرۆ شاناز، دوێنێ لاهور، پێرێ عادل،سبەی دەیانو سەدانیتر ناویان ئەچێتە ناو لیستی رەشی پارتیەوەو وردە وردە تەسفیە ئەكرێن، یەكێتیەكەی شاخ وزیندانەكانی بەعسو رێكخستنە نهێنیەكانیش،ئەبێتە حزبێكی بچوكی هاوتای ئەو حزبانەی سەرە مانگان ئەچنە بەردەم بارەگای پارتی لەمەسیف بۆ وەرگرتنی بەشە ئازوقەو موچەی مانگانەی فەراشەكانی بارەگاكانیان.