ئاغای بێ ئیمان و ڕیفراندۆمەکەی پارتی

لەلایەن ستاندار Posted on 650 جار بینراوە

شوان سەید عەلی

دەگێڕنەوە لە سەردەمێکدا گوندێکی جولەکە نشین جیرانی گوندێکی ئیمانداران بووەو زۆربەی کاڵاو بەرھەمەکانیان بە ئیماندارەکانی گوندی ھاوسێیان فرۆشتوە, ئەم گوندە سەرچاوەی داھاتو بژێوی جولەکەکان بووە. ئاغای گوندی ئیمانداران لە لایەن جولەکەکانەوە پاردار دەکراو دۆست و گوێرایەڵی ئەوانبووەو وەکوخەڵکە ھەژارەکەی گوندی نەدەژیا. خەڵکی ئیمانداری گوند بە بەرھەمی رەنج و تێکۆشان و ماندو بوونی چەندین ساڵەیان کاروان سەرایەکی خنجیلانەیان پێکھێنابوو کە شوێنی کارو بازرگانی وپیشەسازی و خواپەرستی وحەسانەوەی ئیماندارانبووە, بەرەو ئەوە دەچوون چیتر پێویستیان بە بەرھەمی گوندی جولەکەکان نەمێنێت. جولەکەکان کە ئەمەیان بینی و زانیان ئیماندارەکان لە داھاتوەکی نزیک پێویستیان بە ئەوان نابێت” بانگی ئاغاکەیانکردوو پێیان وت: دەبێ ئەم کاروان سەرایە تێک بدەی, چونکە ڕۆژانی ھەینی خەڵکی ئیمانداری گوند لە خوا دەپاڕێنەوە تا جولەکە لەناو ببات, ئەگەر ئێمەش لەنێو بچین ئەوا ئیماندارەکان دەزانن تۆش وەک ئێمە بێ ئیمانی ئەوکات کەس نابێت پاڵپشتی تۆ بکات و کەس پارەت پێنادات…
ئاغا کە گەرایەوە دەستی کرد بە پلانەکەی و لە گوند ئاھەنگێکی گەورەی سازکردوو بەخەڵکی وت مژدەتان پێدەدەم ئەم کاروان سەرا بچوکە تێک دەدەم و یەکێکی گەورە و باشتر دروست دەکەم کەشوێنی ھەموو جۆرە کارێکی تیا ببێتەوە چیتر پێویستمان بە جولەکەکان نەبێت, ئەم کارە پیرۆزەمان لە دژی جولەکەکانەو خوا پاڵپشتمان دەکات! زۆرینەی خەڵکی گوند بەمە زۆر دڵخۆشبوون وکردیان بە ئاھەنگ… بەشێکی بچوکیش لە خەڵکەکە لە پلانی ئاغا دەگەیشتن بەڵام چەندی کردیان نەیان توانی ئیماندارە ھەژارەکان لە پلانی ئاغا تێبگەینن. ئاغا کاروان سەراکەی تێکداو ئیماندارەکان بێ کارو بێ ماڵ و بێ شوێنی خوا پەرستی مانەوە, چەند ساڵ تێپەڕین و خەڵکەکە ھەر چاوەڕوانی ئاغاکەیان دەکردو ھەزاران ئیمانداری گوند بە داخی ئەو کارەی ئاغا سەریان نایەوەو ئاغاش لەگەڵ جولەکەکان بە تەواوی ڕێک کەوتو لە جاران بشاتر دەیگوزەراند.
ڕیفراندۆمەکەی جماعەتیش کە لە دیوەخان بڕیاری لێدراوە زیاتر لە کارێکی ھاوشێوەی ئاغای بێ ئیمان دەچێت نەک پرۆسەیەکبێت بۆ دەوڵەت سازی. گەلی کورد زیاتر لە سەدەیەکە خەباتی بێ وچان دەکات لە پێناو سەربەخۆی و دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان, لەم پێناوەشدا سەدان ھەزار ھاوڵاتی کورد بونەتە قوربانی تا ھەرێمێکی دانپێداندراوی تیا ھاتوۆتە بەرھەم, ھەرچەندە ئەم ھەرێمە لە ئاست خواست و قوربانیدانی گەلی کورد نیە, بەڵام ئەوانەی بانگەشەی بە دەوڵەتکردنی ئەو ھەرێمە دەکەن ئەو کەسانەن کە بونەتە سەرچاوەی نەھامەتی و دروستکردنی شەری ناوەخۆو دوبەرەکی و بەتاڵانبردنی سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی و تێکدانی تەونی کۆمەڵایەتی ئەم ھەرێمە. ئەمانە لە بیست و شەش ساڵی ڕابردودا گەوەترین بەربەستی پێشخستنی ھەرێمی کوردستان بوونەو ڕێگایان نەداوە لە ھەرێمی کوردستان پایەکانی دەوڵەتی کوردستان بنیاتبندرێن. جگە لەوەی کە ئەم بریارەیی جەماعەت تەواو نایاسایەو پێویستی بە پەرلەمانە تا یاسا بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەربکات, ئەگەر لە پەرلەمانیش یاسای بۆ دەربکرێت لە ھەرێمێکی فیدڕاڵ کاتێ ڕیفراندۆم ئەنجام دەدرێت گەل بریار دەدات ئەو ھەرێمە ببێتە دەولەتی سەربەخۆ یان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەند بمێنێتەوە. ھەر دەوڵەتێکی نوێش بۆ ئەوەی لەڕوی نێو دەوڵەتیەوە بە دەوڵەت ھەژمار بکرێت و دانی پیا بندرێت و ببێت بە ئەندام و کورسی ھەبێت لە نەتەوە یەکگرتوەکان پێویستە چوار تایبەتمەندی ھەبن:
یەکەم: خاکی ھەبیت و سنورکەی دیاریکراوبێت.
دووەم: کۆمەڵە مرۆڤێک یان نەتەوەیەک ھەبێت لەسەر ئەوخاکە بژێت.
سییەم: دەسەڵاتی سیاسی و حکومڕانی لە دەوڵەتە نوێکە ھەبێت, کە خۆی دەبینێتەوە لە پارتی سیاسی و حکومەت.
چوارەم: سیادە واتا دەوڵەتەکە خاوەنی سەروەری خۆیبێت.
ئێمە خاکمان ھەیە بەڵام سنورەکەی دیاریکراو نیەو بەشی زۆری خاکی باشوری کوردستان لەسەر ھەرێمی کوردستان نیەو ناوچەی کێشە لەسەرن و بە ٤٨% خاکی باشوری کوردستان دەخەملێندرێن, پێویستە ئەوەش بزانین ئەم ناوچە کوردستانیانە بە سازش و ڕەزامەندی و ھەڵەی سیاسی بەشێک لە جەماعەتی ڕیفراندۆم بونەتە خاکی کێشە لەسەر. دامەزراوەی دەوڵەتیشمان پەکیان کەوتوەو حزب پەرلەمانی داخستوەو ھەرێم بێ سەرۆکەو حکومەت ئیفلیج بووەو دادگاکان لەکەدارکراون. سەروەریمان ڕێزی لێ ناگیرێت و بێ ڕەزامەندی پەرلەمانی کوردستان ئێران و تورکیا سنوری ئاسمانی و وشکانیمان دەبەزێنن و تۆپارانی گوند و دێھاتەکانمان دەکەن و لەسەر داوای حزب و بێ ڕەزامەندی حکومەت زیاتر لە ١٥ بنکەی سەربازی تورکیا لە خاکی باشوری کوردستان ھەن!
لە ھەرێمی کوردستان پایەکانی دروستبونی دەوڵەت بوونیان نیە یان ئەگەر ھەشبن لاوازن, کە خۆیان دەبینەوە لە سەرچاوەی ئابوری بەھێزی ھەمەجۆر و ئاسایشی خۆراک و ھێزی چەکداری نیشتیمانی و یەکڕیزی نیشتیمانی و متمانەی نێوان گەل و دەسەڵات.
ئەم گروپە حکومڕانە وەھای کردوە کە ھاونیشتیمانیان ھیچ لە گرنگ و بایەخی دەولەتبون نەزانن, چونکە لە ھەموو جیھاندا فەلسەفەی دروستکردنی دەوڵەت لای مرۆڤ و نەتەوەو نەژادە جیاوازەکان بۆ سێ ئامانجە کە بریتین لە( پاراستنی گیان, پاراستنی ماڵ و کەرامەتی ھاونیشتیمانیانە). ھەرکە سۆران و سەردەشت و کاوەو سورکێ و ڕێژوان دکتۆر وشیارو …ھتد ھەمو ئەو قەڵەم و دەنگە ئازایانەی داوای ئازادیان دەکرد بیرمان دەخەنەوەو دەزانین ئێمە ئەگەر قسەیەک بەدڵی دەسەڵات نەکەین چەندە گیانمان لە مەترسی دایە, کە بینەری ئەو بۆڕی و تانکەرە نەوتانە دەبین, کە بەبەر چاوی ئێمە سامانی سەرزەوی و ژێر زەویمان تاڵان دەکەن و بە شەست رۆژ روبعە موچەیەکمان بە شایستە نابینن و بە گەرمای ھاوین بێ ئاو کارەباین و بە چلەی زستان بێ نەوتین, ئەوساتانەی ھەزمەی بەنزین و ڕیزی شوفێران لە بەنزینخانەکان و فرمێسک و گریانی موچەخۆر و خانەنشینان دەبینین, شەوانە لە تیڤیەکان بینەری سواڵی ھاونیشتیمانیان بۆ نان و گریانی بریندارانی ھەڵەبجە لە بێ پارەیی بۆ چارەسەری پزیشکی دەبین وھەرکاتێکیش باسی نان و ئازادیش بکەین ڕێک تۆمەتی خاین و ناپاکمان دەدەنە پاڵ و بەلتەجیەکانیان دەکەونە گیانمان بۆمان دەردەکەوێ کەچەندە ماڵ و کەڕامەتمان پارێزراوە.
ئەم گروپە بەناوی ئابوری سەربەخۆوە میلەتیان توشی برسیەتیکرد و دەیانەوێت بەناوی ڕیفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆوە بە یەکجاری ھەرێمی کوردستان بێ ھێز بکەن و ناچاری ھەموو سازشێکمان بکەن تاوەکو تەسلیمی تورکیا بین. ھەمو ئەو فاکتەرانە پێمان دەڵێن ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بێ ئامادەسازی مەبەست لێی دروستکردنی دەوڵەت نیە و ئامانجیتری لەپشتە, کە لەوانەیە ئەم ڕیفراندۆمە ببێتە مەترسیەکی گەورە بۆ لەباربردنی ئامانجی دەوڵەتی کوردستان بۆ چەندان ساڵیتر دەولەتبوونمان دوابخات. ئەم ریفراندۆمە تامی ئاشبەتاڵ دەدات نەک دەوڵەت دروستکردن, ھەر لەبەر ئەوەیە ھاوڵاتیان لە ئێستاوە گەنم و خۆراک زەخیرەدەکەن.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.