کەی دەوڵەتی کوردستان دۆڕا؟

لەلایەن ستاندار Posted on 941 جار بینراوە

مسعودعبدالخالق*

ئەو پرسیارە زۆر دووبارە دەبێتەوە (ھەروەک کاک مسعودیش لە کۆبونەوەی مامۆستایانی ئاینی دووبارەی کردەوە) ئەگەر ئیستا کاتی ڕیفراندۆم نیە ئەدی کەی کاتیەتی ؟  وەلامەکەی :

جاری ئەو ریفراندۆمە بۆدەولەتی کوردستانی نیە وەک خۆشیان بەھەمو لایەکی عیراقی ودەولیان ووتوە (دەلین ئیلزامی نیە)، ئەوەی خوارەوە ھەنگاوەکانی دۆڕاندنی دەولەتی کوردستانی بوو لەکاتە زیڕینەکانی دوای ٢٠٠٣ :

بەگشتی (گەندەڵی وکوردایەتی) و(دزی و دەوڵەت دروست کردن) و(تالانی و شارستانی)پێکەوە ناکرێن، ھەریەکیان دەکرین وئەوەبوو دەسەڵاتی کوردی گەندەڵیەکەی ھەلبژاردو لێشی سەرکەوتووبوو لەکۆکردنەوەی مال وسامانیکی بێ ڕکابەر لەجیھان .
لەو رۆژەی عیراق ڕووخا سەرکردایەتی کورد بێگوێدانە پرسی دەولەتی کوردستانی و(ریفراندۆمە سەرکەوتوەکەی ٢٠٠٥) خەریکی چاکردنەوەی عیراق بوون ،بەتایبەتی چاکردنەوەی سوپاو ھەتا چەک بۆکڕینی ترسناک .
ئەوانەیان ھەمو کردوە بێ پرس وڕاو ھەردەم ئیمەمانان دەنگمان بەرزکردەوە کورە دەخیل وامەکەن، ئەگەر نیازی دەولەتی کوردستانیتان ھەیە وامەکەن ، بەوانەش نەوەستان ریکەوتنی ژیر بەژیری (پ د ک)و (حزبی دەعوەو ھەم ڕیکەوتنی بارزانی ومالیکی لە ٨ /٨/ ٢٠١٠  پێکھاتبوو لە ٧ مادە) وریکەوتنی تازەی (بارزانی وعەبادی لە ٢٢ /٧/ ٢٠١٦ کە تائیستاش بەردەوامە) ، ئەوە دوا کارت بوو لەدەست سەرکردایەتی کورد کە ھەرزان فرۆش کرا پیکھاتبوو لە٨ مادە  حەوت مادە ئەرکی قوڕس خراوەتە سەر کوردو پیشمەرگە بنیردریتە موسل، مادەی ھەشتەم بۆ کورد بوە ئەویش لەجیاتی داوای دەولەتی کوردستانی یان گێڕانەوەی مادەی ١٤٠ تەنھا داوای ٤١٥ ملیۆن دۆلاری کردوە.
دوا گورزی زۆر سەخت لە پرۆژەی دەولەتی کوردستان (کە زیاتر لەو نوسینە مەبەستە) ئەوەبوو عیراقیان لەبەندی ٧ دەرھینا …ئەو پرۆسەیە مانای گەڕانەوەی سیادەی کوردستان بۆ باوەشی عیراق، لەوەش خراپتر ٣ حزب(پارتی – مەکتەبی سیاسی یەکیتی – یەکگرتوو)   لە رۆژی ٢٨/٦/٢٠١٣ بەیانی خۆشحالیان دەربڕی ئەوەی خوارەوە ھەندێ بڕگەیەتی : (رۆژی (٢٧)ی حوزەیرانی ٢٠١٣ رۆژێکی مێژووییە بۆ عیراقییەکان..) (بەم بۆنەیەشەوە مەکتەبی سیاسیی وێڕای پێشوازیکردن و دەربڕینی خۆشحاڵی بۆ پەسەندکردنی ئەو بڕیارە، پیرۆزبایی لە گەلانی عیراق دەکات..) (ئەم بڕیارە گرنگەی ئەنجومەنی ئاسایش ئەگەرچی درەنگ کەوت و زۆری خایاند، بەڵام بایەخەکەی ھەمەلایەنە و زۆر بواری ھەستیار لە ژیانی عیراقییەکان دەگرێتەوە و دەروازەیەکە بۆ قۆناغێکی نوێ، بەم پێیەش لەسەر ئاستی ھەرێمایەتی و ناوچەیی کێشە و گرفتەکانی لەگەڵ دەوڵەتاندا بە دانوستان و گفتوگۆ چارەسەردەکات بەبێ ناوبژیوانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش، لەسەر ئاستی  نێودەوڵەتی عیراق دەگەڕێتەوە بۆ پێگە و پلەوپایەی خۆی لە نێوەندە جیاجیاکاندا) (ھەروەھا دەربازبوون لە بەندی حەوت، زامنی گەڕانەوەی سەروەری تەواو و بێ کەموکوڕیی عیراقی فیدراڵ دەکات و وەک دەوڵەتێکی فیدراڵی خاوەن جێگە و پێگە لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە دەیخاتەوە نێو گۆڕەپانی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، کە بێگومان ئەمەش رەنگدانەوەی باشی لەسەر رەوشی ناوخۆی وڵات و چارەسەری گیروگرفتەکانی و پتەوکردنی ھەنگاوەکانی دیموکراسی دەبێت،..) .
ئیمە (بەتایبەتی لەگەل یەکیتی پەرلەمانتاران)لەو کاتی زۆر ناڕازی بووین داوامان لەسەرکردایەتی کورد کردبوو ھەوڵی ئەوە نەدەن عیراق لەبەندی ٧ دەربچیت، چونکە زەبری زۆر گەورە وەبەر پرۆژەی دەولەتی کوردستانی  دەکەوێت، وەلامیکی زۆر مەشھوری ئەوکاتی کاک مسعود بارزانی ئەوەبوو دەیووت : بۆیە ھەول دەدەین عیراق لە بەندی ٧ دەرکەین چونکە ئەگەر عیراق لەبەندی ٧ بمینیتەوە ھەمو کات پۆلیسیکی نیودەولەتی دەتوانی پشتی ملی سەرۆک وەزیران بگریت و بیبات ،ئیمەش لەوەلامدا (بەکراوەیی )ووتمان باوابیت باشترە بۆ ئیمەی کورد بەڵام ھیچیان بەگوی نەکردین، لەوەش خراپتر ھەولیاندا رێکەوتنی ئەمریکی وعیراقیش مۆر بکریت لە ١٧/ ١٢ /٢٠٠٨ کراو پێکھاتبوو لە (٢٩) مادە، ئەو ریکەوتنەیە وادەکات ئەمریکا لای یەکپارچەیی عیراق بکات تا رادەی شەڕ کردن لەگەل کوردستان،  گەیشتە ئەو ڕادەیەی لەسالی ٢٠١٠ نامیلکەیەکمان لە ژیر ناوی (چارەنوسی کوردستان لەدوای دەرچوونی عیراق لەبەندی ٧) دەرکرد ،ئەوەی خوارەوە بەشێکیەتی :

سەرەنجامی ئەو بڕیارانە لە رێکەوتننامەی ئەمریکی-عێراقی

سەرکردە کوردەکانی ئیستامان زۆر بە پەرۆشەوە بەدوای ئەوە بوون خەڵکی تر ئیقناع بکەن بۆ ئەوەی رێکەوتننامەی ئەمریکی عێراقی مۆر بکرێت ئینجا عیراق لەبەندی ٧ دەربچیت، با بزانین سودە ستراتیژیەکانی چیە؟ یا زیانی چیە؟.

ئەو ڕێکەوتاننامەیە لە ١٧/ ١٢ /٢٠٠٨ مۆرکرا، پێکھاتبوو لە (٢٩) مادە، لە دیباجەکەی باسی عێراقی فیدراڵی و دیموکراسی دەکا، بەڵام لە مادەکانی تر ئەو داکۆکیە کەمترە، لەبارەی سەلبیاتی ئەو ڕێکەوتننامەیە لەسەر کورد ھەندێک سەرەنجامی سیاسی باسکراوە، بەڵام سەلبیاتە یاساییەکانی باس نەکراوە، لێرەدا بەکورتی باسی دەکەین:

بەپێی ماددەی (٢٥)ی رێکەوتنامەکە ھەموو ئەو بڕیارانەی بنیات نراوە لەسەر بڕیاری ژمارە (٦٦١)ی ساڵی ١٩٩٠ ھەڵدەوەشێتەوە[١] ، دەقی ئەو بڕیارانەش کە لە کۆتایی ئەو نووسینە تۆمارکراوە بریتیە لە (٦٥) بڕیارە ھەڵدەوەشێنێتەوە، وەک دەردەکەوێ (١٥)یەمینیان بڕیاری (٦٨٨)ە ھەڵدەوەشێتەوە، ئینجا کۆمەڵێک بڕیاری تریش ھەیە لەوە کەمتر نیەو ھەڵوەشاوەتەوە بەھۆی مادەی (٢٥)ی رێکەوتنامەی عێراقی- ئەمریکی وەک بڕیاری ٩٨٦ی ١٤/٤/١٩٩٥ کە بەشی کوردستان دیاری کرابوو لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکان بڕیارەکانی تریcomfortable وھەردوو ھێڵی٣٦، ٣٤دژەفڕین… ھەرھەموووی ھەڵدەوەشێتەوە، کە تاکە رەھەندی نێودەوڵەتیە باری یاسایی ھەرێمی کوردستانی لەسەر بنیات نرابێ بە فیدراڵیشەوە.
عێراق لە بەندی حەوتەم رزگار دەکاو سەروەری تەواوی جارانی پێ دەداتەوە، تا پێش بڕیاری  ٦٦١ی ١٩٩٠، بەوەش جارێکی تر پایەی عێراق دەگەڕێنێتەوە نێو دەوڵەتی لە ھەر٦٥بڕیار رزگاری دەکا.
بچوککردنەوەی کێشەی کورد لە دۆزێکی نێودەوڵەتی و بڕیاری نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ رێکەوتنی دوو دەوڵەتی..!دوایش بۆ نێو بەڵێنی دەستورو ڕەحمەتی بەرپرسانی عیراقی**.
لەجیاتی تەعەھودات تەنیا نامەیەکی مالیکی (سەرۆک وەزیران)بۆسەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش نێردراوە لە ٧/١٢/٢٠٠٨ .
کەواتە لەوەی سەروو گەیشتینە ئەنجامێکی ساف کە بارودۆخی یاسایی ھەرێمی کوردستان و سیستەمی فیدرالیمان رەگ و ریشەی نێودەوڵەتی بڕاوە، گەڕاینەوە سەر متمانەی بەرپرسانی بەغداو مادە دەستوریەکانی، ئەوەش جێی دڵنیایی نیە لەبەر ھۆیەکی زۆر سادە، چونکە:

ئەزموونی ٨٨ ساڵی دەسەڵاتدارە جیاجیاکانی عێراقمان بینیوە، ئینجا ھەردەم عێراق پاڵێوراوە بۆ (ئینقلاب)، با ئەوانەی ئێستاش باش بن ھیچ زەمانێک نیە ئینقلاب ناکرێت. یاخود بالی توند ڕەوی عروبی لە ھەلبژاردنەکان نایباتەوە وەک ئەزمونی ئیستای موسل دیسان بێ بەشت دەکات لە ھەمو مافێک و دوور نیە کارەساتەکانت بەسەر دووبارە بکاتەوەو عیراق ببێتەوە ھەڕەشە لەسەر ئاسایشی نێو دەولەتی .
چ لە دۆخی ئیستا چ لە ئەگەری ئینقلابا ئەو مادانەی کە کورد لە دەستورا پشتی پێ دەبەستێ شایەنی گۆڕان و ھەموارکردنن، تەقەلایەکی زۆریش وا ھەیە ھەر لەمادەی ١٤٢ی دەستور ئەو بوارەی بەکراوەی ڕەخساندوە، واتە فاکتەری ناوەکی عێراق یارمەتی دەر نیە.
٣ –  وڵاتانی دەوروبەر بەو دۆخەی ئیستا قایل نین و خوازیاری دەوڵەتێکی مەرکەزی بەھێزن تیایدا ئەزموونی ھەرێم نەمێنێت و ناسنامەیەکی عروبی بدرێتە دەولەتی عیراق کەتیایدا کورد پلە دوو بێت .

٤- لەسەر ئاستی عەرەبیش لە جامیعەی عەرەبی*و وڵاتانی تری عەرەبی و لەسەر ئاستی میلیش رای گشتی وەک خاڵی سێیە.

کەواتە ھەڵەیەکی ستراتیژی مەزن کراوە، دەولەتی کوردستانی و ریفراندۆم کەوتەوە موافەقەی عیراقی ، پیش دەرچوونی عیراق لە بەندی ٧ ئەو موافقەی عیراقی نەدەویست .

[١]ئەوەی خوارەوە دەقی مادەی (٢٥)ە: رێوشوێنەکان بۆ کۆتاییھێنان بە جێبەجێکردنی بەندی حەوتەم لەسەر عێراق بە داننان بەمافی حکومەتی عێراق کە داوا نەکرێت ویلایەت و سەرپشککردنی ھێزەکانی فرەنەتەوە نوێ بکرێتەوە بەپێی بەندی حەوتەمی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ژمارەی ١٧٩٠ (٢٠٠٧) کە ئەویش دەسەڵاتپێدانێکە ماوەی کارپێکردنەکەی رۆژی ٣١ی دیسەمبەر/ کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٨ کۆتایی دێت.

وەک ئاگادارکردنەوەیەک بۆ ئەو دوو نامەیەی ئاراستەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کراون و ھاوپێچی بڕیاری ژمارە ١٧٩٠ کراون.

نامەیەک لە سەرۆک وەزیرانی عێراق و نامەیەک لە وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە مێژووی ٧ و ١٠ ی دیسەمبەر/ کانوونی یەکەمی ٢٠٠٧ لەسەر یەک کە ھاوپێچی بڕیاری ١٧٩٠ کراون.

بە ئاماژەدان بە بەشی سێیەم لە راگەیاندنی بنەماکان سەبارەت بە پەیوەندی ھاوکاری و دۆستایەتی درێژخایەن کە سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و سەرۆک وەزیرانی عێراق رۆژی ٢٦ی نۆڤەمبەر/ تشرینی دووەمی ٢٠٠٧ ئیمزایان کرد کە بۆ مێژوو داواکاری عێراقی تۆمارکرد بەمەبەستی درێژکردنەوەی ئەو ماوەی دەسەڵاتپێدانە لە سەرەوە ئاماژەی پێکراوە بۆ ماوەیەکی کۆتایی کە لە مێژوویەکدا کۆتایی دێت کە لە ٣١ی دیسەمبەر / کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٨ تێپەڕ نەکات.

ھەروەھا بە دانپێدانان بەو بەرەو پێشچوونە گەورە و ئیجابیانەی عێراق و بە بیرھێنانەوەی ئەوەی رەوشی عێراق جیاوازییەکی بنەڕەتی ھەیە لەگەڵ ئەو رەوشەی لە ئارادابوو کاتێک ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری ژمارە ٦٦١ی ساڵی ١٩٩٠ی پەسەند کرد، بەتایبەتی کە ئەو مەترسییەی حکومەتی عێراق لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دروستی دەکرد نەماوە: ئەوا ھەردوولا لەو بارەیەوە تەئکید دەکەنەوە لەسەر ئەوەی لەگەڵ کۆتاییھاتنی کارکردن بە ویلایەت و دەسەڵاتپێدانی ھێزەکانی فرە رەگەز بەپێی بەندی حەوتەم کە لە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ژمارەی ١٧٩٠ دا ھاتووە، لە رۆژی ٣١ی دیسەمبەر / کانوونی یەکەمی ٢٠٠٨ دا، پێویستە عێراق پێکەی یاسایی و نێودەوڵەتی خۆی بەدەستبھێنێتەوە کە پێش پەسەندکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ژمارە ٦٦١ (١٩٩٠) ھەیبوو، ھەروەھا دووپاتی دەکەنەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان باشترین ھەوڵی خۆی دەخاتە گەڕ بە مەبەستی یارمەتیدانی عێراق بۆ ھەنگاونانی پێویست بۆ ھێنانەدی ئەو کارە بە ھاتنی رۆژی ٣١ی دیسەمبەر/کانونی یەکەمی ٢٠٠٨.
* لەمیساقی جامیعەی عەرەبی تەنھا داکۆکی لە مافی چارەنوسی عەرەب کراوە بۆ غەیرە عەرەب دیاری نەکراوە.لە مادەی (١)ی میساقەکەش ناسنامەی ئەندام بوون بە مەرجی عەرەبیە ھیچ پێگەیەک بۆ غەیرە عەرەبی تیا نیە .

 

*تێبینی: ئەو شیکاریە لەچوارچێوەی پرۆژەیەکی فراوانە بۆ دەستنیشانکردنی رێگای بەردەم سەربەخۆیی کوردستان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ بەربەستەکان کە لەبەشەکانی تر دێینە سەریان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.