ریفراندۆم لەنێوان دواخستن و نەخێردا

لەلایەن ستاندار Posted on 601 جار بینراوە

پیشرەو بابەشیخ

ئەوەی ئێستا و لەم هەرێمەی لەمەڕ خۆمان دەگوزەرێ وباس وخواسی هەموانە مەسەلەی ڕیفراندۆم و دواخستن و بەڵێ و نەخێرە . پرسی ریفراندۆم بوە بە میوانێکی ناوەخت و ناچاری هەموان ,بەشێوەیەک لە کۆڕوکۆبونەوە ودانیشتنە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئاینیەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شوێنی پرسە هەستیارو ژیاریەکانی ژیانی تاک بەتاکی هەرێمی لە بڕین ونەبونی موچەو ئاوو کارەبا و ئازادی رادەربڕین وبێ کاری و پەککەوتنی بازاڕی گرتۆتەوە .دۆخە سیاسی و یاساییەکەش لەولاوە بوەستێ , کەژیانی هاولاتی کوردی تا ئەوپەڕی بێ ئومێدی بردوە. ئەوەی من دەمەوێت قسەی لەبارەوە بکەم و لەبازنەی شیکردنەوەکەم بێت ریفراندۆمە لە نێوان دواخستن و نەخێردا , بەهەبونی دیاریکەرانی دیاریکردنی کاتێک بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ٢٥ /٩ / ٢٠١٧ کە خۆی لە بەڵێ دا دەبینێتەوە . دەکرێت بەم شێوەیە شیکردنەوە بۆ دوبەرەی جیاواز لەسەر ڕیفراندۆم بکەین بەرەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ٢٥ /٩ و بەرەی دواخستنی ڕیفراندۆم :

یەکەم / دیاریکردنی وادەی ڕیفراندۆم بە بڕیارێکی تاکەکەسی و حزبی بوە و بێ گەڕانەوە بۆ ڕای میلەت کە پەرلەمانی کوردستانە بڕیاری لەسەر دراوە , بەلەبەرچاوگرتنی پەکخستنی پەرلەمان و دۆخی ئێستای هەریم و باری هەرێمی و نێودەوڵەتی بوە هۆکارێک دوو بەرەی جیاواز دروست ببێت .

دووەم / بەرەی پەکخستنی پەرلەمان و دیوەخان و بەرەی بەڵێ کە پارتی وهاوئاوازەکانی سەرکردایەتی دەکات و داوای دەنگی بەڵێ دەکات لە ٢٥ /٩ بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵک و پەرلەمان وبێ چاککردنی دۆخی ئێستای هەرێم .

سێ یەم/ بەرەی داواکاری بۆ دواخستن ,کە بزوتنەوەی گۆڕان سەرکردایەتی دەکات و کۆمەڵی ئیسلامی و بەشێک لە یەکێتی و یەکگرتوو و ئازادیخوازان و ڕوناکبیران و یاسا دۆستان لەگەڵ ئەم بەرەیەدان . کە دەتوانین بڵێین بەرەی بە یاساییکردن وپەرلەمانیکردن و چاککردن و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناهەمواری هەرێم دەکات .بەشێوەیەک داوا دەکەن ئەم کارتە بەهێزە نیشتمانیە نابێت وابە ئاسانی بسوتێنرێت بێ بەدەستهێنانی هیچ ئەنجامێک بۆ سەربەخۆیی وبە دەوڵەتکردنی کوردستان .

چوارەم / بەرەی گۆڕان و دواخستن کەبەرەی ڕەتکردنەوەی مزایەدەی سیاسیە ,کار بۆ ئەوە دەکەن هەر پرسێکی نیشتمانی وەک ڕیفراندۆم دەبێت لە مزایەدەی شەخسی و حزبی بێتە دەروببێ بە پرسێک کە ,بەیەک دەنگی وکۆدەنگی ناوخۆیی و پاڵپشتی و لۆبیکردنی دەرەکی و ئازادیخوازان و مرۆڤدۆستانی دونیا و وڵاتە زلهێزوئەوروپیەکان و تەنانەت هەرێمیەکانیش ببن بە پاڵپشت و داکۆکیکار بۆ مافی چارەنوسی گەلێک .

پێنجەم / دواخستنی ڕیفراندۆم گەڕانەوەیە بۆ کۆدەنگی وهەڵبژاردنی داهاتو وخۆئامادەکردنی زیاتر بۆپڕۆسە نیشتمانیەکە , لەهەمان کاتدا بڕیاری یەکلاکەرەوەی بەڵێ و نەخێر رازیبونە بەودۆخە و ڕازیبون و داننانە بە واقیعی داسەپاو . نەخێر بەشداریکردنە لەو هەڵومەرج وبارودۆخە دروستکراوەی هەرێم لەڕوی سیاسی و ئابوری و بۆشایی یاسایی .

شەشەم / لەپڕۆسەی هەر ڕیفراندۆمێک دوو هەڵبژاردەی بەڵێ و نەخێر دەبن بە هەڵبژاردەی دەنگدەر ,بەشداریکردن و دەنگدان بەهەریەک لەمانە بەشداریکردن و شەرعیەت پێدان وڕازیبونە بە ڕیفراندۆم و چونە ژێرباری بڕیاری تاکە کەسی و تاک حزبی و دیوەخانە بێ چاککردنی دۆخەکە.

حەوتەم/ بەڵێ ونەخێر هەردوکیان دەنگدانە و ڕازیبونە .بۆ ئێستا دواخستن نەخێریش دەگرێتەوە لە داهاتودا, بازنەی دواخستن فراوانترە , جونکە لەدواجاردا بەڵێ و نەخێر لەخۆی دەگرێت و دەتوانرێت بە هەبونی کات بۆ هەر بیروباوەڕێک کاری لەسەر بکرێت چ بە بەڵێ و چ بە نەخێر تەنانەت بایکۆتکردنیش لەلایەن هەر تاکێکەوە.

هەشتەم / باوەڕم وایە بەرەی پەکخستنی پەرلەمان و بەڵێ ی ڕیفراندۆمی ٢٥ /٩ گەورەترین کاردەکات بۆ ئەوەی گروپێک هەبن بە نەخێر دەنگ بدات , بۆ ئەمەش پاڵپشت وهاوکار دەبن , چونکە لەدواجاردا داننانە بە بڕیاروڕاسپاردەکانی بەرەی بەڵێ وسەرکەوتنی پرۆسەکەیە ئەگەر بەنەخێریش بێت , دەربازکردنیانە لەدۆخی دروستکراو. ئەوەی بۆ ئێستا پێویستە کاری لەسەر بکرێت دواخستنی ڕیفراندۆمە بۆ کاتێکی ئاسایی و یاسایی .گرنگە ئامانجی ڕیفراندۆم ئاشکرا بێت وخۆی لە سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەت دا ببینێتەوە. بۆ ئێستا ئەو شێوازی ڕیفراندۆمە هیچ لێکەوتێکی گەورەو دەسکەوتێکی نیشتمانی و نەتەوەیی بەدەست ناهێنێت , لە ڕاپرسیەک دەچێت کە دەتوانرێت بۆ هەر وەرزێک ڕیفراندۆمێکی هاوشێوە ئەنجام بدرێت . دواجاریش ڕیفراندۆم و ڕاپرسی وەرزی ئامانج کورتە و جگە لەدەسکەوتی کەسی وحزبی و خۆ بە پاڵەوان کردن و خۆدزینەوە لە قەیرانەکان و داپۆشین و پەردەپۆشکردنی شکستەکانی ڕابردوو هیچی تر نیە . بێ ئاگا لەوەی ئەم جۆرە ڕیفراندۆمە کەسیانە خەرمانی شکستەکان گەورەتروبە بەرەکەت تر دەکات .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.