پارتی و هەڵوێستەکانی

لەلایەن ستاندار Posted on 806 جار بینراوە

دلێر حسێن پیرۆمەری

پارتی دوای ڕاپەرین تاکو ئێستا هەمیشە هەوڵیداوە دەسەڵاتەکانی خۆی بچەسپێنێ لەکایەکانی حوکمڕانی، بەجۆرێک دەستی بەسەر هەموو جومگەکانی دەسەڵات داگرتوە، کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن نەبونەتە هۆکار بۆ یەکلا کردنەوەو ڕاست کردنەوەی معادەلەکان وچارەسەری کێشەکان، ئەوەش دەرەئەنجامی ئەو مۆنۆپۆلە سیاسییە کەپارتی لەهەرێمی کوردستان لەهەموو پایەکانی حکومڕانی كردوویەتی، ھەر لەمۆنۆپۆلی جوگرافی و ئەمنی و ئابوری و ئیداری و پەیوەندییەکانی دەرەوە تاكو دادگاكانیش….هتد ئەوانەی ئاماژەمان پێداوەن بەقۆناغی درێژی حوکمڕانی تێپەڕیون، کەوا چەندە پارتی بەسود وەرگرتن لە پەیوەندە ئیقلیمیەکان کە بۆبەرژەوندی حیزبی و بنەماڵەی بارزانی قوستراوەتەوە بێ گوێدانە بەرژەوەندیە باڵاکانی گەل و ووڵات و ئامانجە قوربانی بۆدراوەكانی نیشتمانی، ئەوەندەش لایەنەکانی تری هەرێم ڕێگە خۆشکەر بووینە بۆ بەهێزکردنی پێگەی پارتی لەناوچەکە بەتایبەتی یەکێتی و بەشێكی ئەو حزبە چكۆلانەی كە وەكو خێوەتگای سیاسین و لەئەتڕافی ڕەشماڵی میری كۆچەری سینگیان كوتاوە، بەدەرەجەیەك یەكێتی ڕۆڵی كاریگەری ھاوكاری ئەو ڕەگ داكوتانە ناشەرعیەی بینیوە، چونکە یەکێتی لەڕابردوودا لەپەیوەندی دیبلۆماسی وحکومڕانی سەرکەوتوو نەبوو.

هەرچەندە یەکێتی لەڕووی جەماوەری و سەربازیەوە پێگەیەکی بەهێزی ھەبوو، هەرگیز پارتی و هیچ هێزێکی تر توانای خۆڕاگریان بەرامبەر یەکێتی نەبووە، ئەمەش وای کرد پارتی بەدیلی هێزی جەماوەری و سەربازی بۆ خۆی بدۆزێتەوە لەڕێ دروستکردنی پەیوەندی دیبلۆماسی لەئاستی ئیقلیمی و دەرەوەدا لەسەر مافی بەرژەوەندیە باڵاکانی حکومەت و میللەت، کەئەمەش کلیلی سەرکەوتنی پارتی بووە لەڕابردوودا، جا پەیوەندیەکان بەهەر جۆرێک بن. بۆ هەڵوێستەکانی ئێستای پارتی جیاوازە لەهەڵوێستەکانی ڕابردووی؟ بێگومان ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی دروست بونی پارتی و سیاسەتەکانی هەرگیز دۆستی تاسەر ودۆژمنی تاسەری نەبوو، هەمیشە بەپێی بەژەوندی حیزبی وبنەماڵەوە مامەڵەی کردووە بێ گوێدانە مێژوو و دەوروبەری، واتا سیاسەتێکی نەگۆڕی هەبووە کە هەمو کارێک لەپێناو مانەوەی وەک هێزی یەکەم دەکات جا کارەکان هەر چیەک بن. بیرمانە لەکاتی شەری ناوخۆ كاتێك پارتی توانی بەهاوکاری ڕژێمی بەعس لە31ئابی ساڵی 1996 هەولێر بگرێت ویەکێتی تاسنورەکانی عێراق-ئێران ڕاو بنێ، لەڕاگەیاندنەکان بەئاشکرا بەیانی ئەوەیان کرد کە یەکێتی بەلای ئەوان کۆتایی هاتوە تا کار گەیشتە ئەوەی لەلایەن کەسی یەکەمی پارتی وبارزانی بریاردرا کە ئامادەی هیچ دانیشتنێک نین لەگەڵ یەکیتی، تەنات بارزانی وەعدی شەڕەفیدا كەئەو دەستە ببڕێت ئەگەر جارێكیتر بیخاتەوە ناو دەستی جەلال تاڵەبانی، کەچی دوای چوار پێنج ساڵ لەو وەعدی شەڕەفە نەک دەستەكە نەبڕدرا بەڵکو دەستەکان بونە شۆفێری کردنەوەی قوفڵەکانی بۆڕی نەوت، لێخوڕینیان بۆ ناوەندەکانی جیهان و وەکو دوبرا بەتەبایی لەژێر ناوی (ڕێكەوتنی ستراتیجی) داهاتەکانی ھەرێمیان لەنێوان خۆیاندا دابەشی دوو كرد. دوێنیش بوو پارتی بەهۆی هاوکاری ووڵاتە زلهێزەکانی ناوچەکە بۆ پێشمەرگە، بەجۆرێک غروری لێ نیشت وای نیشاندا کە پێگەی پارتی وبارزانییە وایکردووە ووڵاتانی دونیا بێنە هەرێم و هاوکاری پێشمەرگە بکەن، بێ خەبەر لەوەی کەستراتیجی ئەمریکا و هاوپەیمانانی شەڕی داعشە،

هەرکەس ولایەنێک لەوجەنگە بەژدار بێت ئەوان لەو قۆناغە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن و هاوکاری لۆجستیشی دەکەن. ئەمانەش هۆکار بوون لەوەی پارتی دووبارە بکەوێتەوە هەمان هەڵەی مێژووی شەری ناوخۆ كەبەرامبەر یەكێتی و خودی جەلال تاڵەبانی کردیان، بەرامبەر گۆڕان و دکتۆر یوسفیش دووبارەیان کردەوە بەجۆرێک لەسەر ئاستی کەسانی یەکەم و دووەم وسێ یەم و تا کادرەکانی خوارەویان بریاریان دا کەوا گۆڕان بەلای ئەوان لەپرۆسەی سیاسی کۆتای هاتووەو دکتۆر یوسفیش هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان. پارتی و ھەڵوێست گۆڕین: ناجێگری هەڵوێستی پارتی کۆمەڵێ پاڵنەر و فاکتەر هەن کە کەوا پێویستە درکی پێ بکەین و بزانین ئەوانیش بریتین لە.

١- نەبونی متمانەی بەھاوپەیمانێتی لەگەڵ یەکێتی، بۆیەش پارتی ئەوجارە نایەوێت بەهەمان هەڵەکانی ڕابردووی دابڕوات، بەڕچاو ڕوونی نیە لە هەڵوێستی یەکێتی بەتایبەت لەمەسەلەی ڕیفراندۆم.

٢- ترسی پارتی لەناجێگیری بڕیارەکانی یەکێتیە، لەماوەکانی ڕابردوو بەتایبەت دوای نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی کەیەکێتی نەلەڕووی سیاسی نەلەڕووی بریاردان لەدۆخێکی جێگیر دانەبووە، ترسەکەی لەوەدایە لەمەسەلەی ڕێفەراندۆم یەكێتی لەنیوەی ڕێگا پارتی جێ بهێڵێ، بەتایبەت دوای سەردانی وەفدەکەی یەکێتی بۆ ئێران ئەوترسە لای پارتی بۆتە مۆتەی خەون.

٣- پارتی لەمەسەلەی دیاریکردنی کاتی ڕیفەراندۆم هەست دەکات هەڵەی کردووە، بەتایبەت دوای کاردانەوە ناوخۆیی و دەرەکیەکان، بۆیە هەوڵدەدات لەدەرەئەنجامەکەی لایەنەکانیش تێوە بگلێنی، یان هیچ نەبێت پەرلەمان ولایەنەکانی تر فریای بکەون لەئێستادا پرۆسەکەی دوابخەن، بەمەش لەئیعراجی جەماوەر نەجاتی دەبێت.

٤- لەحاڵەتی شکستی ڕیفەراندۆم تەنیا نەبێت، لەیاریەکە ڕۆڵ بەهەمو لایەنەکان بدات، بۆئەمەش لەئێستادا تاکاتی دوای ڕیفەراندۆم جۆرێک لەئاشتەوایی دروست بکات، بەتایبەت لەبانگەشەكەشدا دەنگە ناڕازیەکان بەناوی کۆ دەنگی نیشتمانی كپ بكاتەوە.

٥- پارتی هەمیشە هەوڵی داوە گۆڕان لەڕووی ستراتیژیەوە ببێتە جێ متمانەی ئەو، لەوحاڵەتە بە بەدیلی یەکێتی دەزانێت، ئامادەی هەموو پڕۆتۆكۆڵێکە لەگەڵیدا، بەجۆرێک گۆڕان گوێڕایەڵێکی باشی هاوشێوەی یەکێتی بێت بۆ پارتی، چونکە پارتی چاک ئەو ڕاستیە دەزانی مامەڵە کردن لەگەڵ گۆڕان زۆر خۆشترە وەک لەیەکێتی بەتایبەت لەڕووی بریاردان. ھەرچەندە مەحاڵە بزوتنەوەی گۆڕان بچێتە ژێر فەرمانی پارتی بەڵام بۆ ھەردوولا سەریحی لەقەرار خۆشحاڵیە، كەواتە ھەم گۆڕان و ھەمیش پارتی لەبێ قەراری و سیاسەتی دووفاقی یەكێتی بێتاقەت و نیگەرانن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.