دەسەڵاتی کوردی و لاوازی پلانی بەدەوڵەت بوون

لەلایەن ستاندار Posted on 599 جار بینراوە

عمر علی محمد

یەکێک لە سیما دیارەکانی بزاڤی سیاسی کورد بە درێژایی مێژوو بریتی بووە لە ناکۆکی و دووبەرەکی و خۆکوژی و بەدوژمن کردنی یەکتر و ئامادەبوونی گروپە جۆربەجۆرەکان لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا بۆ دەست خستنە ناو دەستی دوژمن بۆ شکاندنی ئێسقانی براکانی، ئەمەش لە چەندان شۆڕشی یەکبەدوایەک و ئەڵقە جیاوازەکانی مێژووی خەباتی سیاسی کورددا بە ئاشکرا بینراوە، لە کاتێکیشدا کە ھەلێکی مێژوویی ھەڵکەوتووە کۆدەنگی نیشتمانی دروست نەبووە لەسەر قۆستنەوەی فرسەتەکەو لەبیر بردنەوەی ناکۆکیەکان و ھەوڵدان بۆ داڕشتنی پلانێکی ستراتیجی لە پێناو بنیات نانی ئەزموونێکی سەرکەوتوو پاشان ھەنگاونان بەرەو دەوڵەت بوون، ئەمجارەشیان لەدوای راپەڕین ھەلێکی زێڕینی مێژوویی تر ھاتە ئاراوە، ئەویش بەھۆی شەڕی کوەیت و سەرەڕۆییەکانی رژێمی بەعسی عێراق و پاشانیش گۆڕانی دید و ستراتیجیەتی سیاسی ئەمریکا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دا، ئەم ھەلە مێژووییەی کە لەدوای راپەڕینەوە بۆ کوردستانی باشور دروست بوو بە درێژایی سەد ساڵی رابردوو ھەلی وا نەھاتبووە ئاراوە، چونکە لەلایەک رژێمە سەرکوت کەرەکەی عێراق لەلای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەرزشێکی نەما، لەلایەکی ترەوە کۆڕەو بوە مایەی دروستکردنی سۆزێکی نێودەوڵەتی و بەتایبەتیش ئەمریکی بۆ گەلی کورد، لەدوای ٢٠٠٣ ھەلەکە دوو ھێندە بوەوە کە کەرکوک و ناوچەکانی تریش رزگاربوون، عێراقێکی نوآ ھاتە ئاراوە کورد لەم قۆناغە نوێیەدا دەیتوانی بە دید و تێڕوانینێکی نوآ و بە ویستی خۆی لە عێراقی نوێدا سیاسەت بکات و بتوانێت داواکاریەکانی خۆی لە دەوڵەتە نوێیەکەدا بچەسپێنێت و ئەمەش بکاتە حاڵەتی دیفاکتوی کورد لە عێراقی نوێدا، واتە ھێزە سیاسیە کوردیەکانی لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ دەیانتوانی بە پلان و ستراتیجیەتێکی نوێوە مامەڵە لەگەلڕ دۆخە نوێیەکەدا بکەن، بەڵام سەدمەخابن سەرەڕای ھاتنە پێشەوەی ئەو ھەلە مێژووییە گەورەش جارێکی تر فاکتەرە ناوخۆییەکان رێگربوون لەسەر ھاتنەدی ئەو خەونە و بەجێھێشتنی قۆناغەکەو ھەنگاونان بەرەو قۆناغێکی تر، جارێکی تر فاکتەرەکانی پەرتەوازەیی و بەرژەوەندی تاک حیزبی و تاکەکەسی رێگربوون لەوەی کە بتوانێت بۆ دەرەوەی خۆیان ھەنگاوێک بێنە پێشەوە. لەم قۆناغەدا ھێزە سیاسیە کوردەکان لە جیاتی ھەنگاونان بەرەو داڕشتنی پلانێکی ستراتیجی بۆ بەھێزکردنی پێگەی کورد و چەسپاندنی مافەکانی لە دەوڵەتە نوێیەکەی عێراقدا. کورد بەرەو بەغدا گەڕایەوەو سەرقاڵی بنیاتنانەوەی عێراق بوو، لەڕووی نووسینەوەی دەستور و بنیاتنانەوەی پێگەکانی دەوڵەت و ژێرخانە ئابوریە داڕماوەکەی، لەدواجاریش ئەو دەوڵەتە گەندەڵەی لێ دروست بوو کە ئێستا دەیبینین. کە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە شەرمەزاریە بۆ ھەموو تاکێکی عێراقی بە عەرەب و ھەموو پێکھاتە نەتەوەییەکانی ترەوە ھەڵگری شوناسی ئەو دەوڵەتە بێت.

لە ساڵی ٢٠١٥شدا دروست بوونی شەڕی داعشیش لە عێراق و ئاڵۆزیە نوێیەکانی لە ناوچە سوننیەکان و شکستی سوپای عێراق لەم ناوچانە و دەستگرتنی داعش بەسەر بەشێکی زۆر لە ناوچە سوننە نشینەکانی ھەلێکی تری بۆ کورد ھێنایە ئاراوە کە ئەویش خۆی دەبینێتەوە لە گەڕاندنەوەی ناوچە جآ ناکۆکەکان و دەست گرتنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بەسەر کەرکوک و دەورەبەری کە لەڕووی ئابوریشەوە جێکەوتەیەکی گرنگ بوو، بەشداری کورد لە شەڕی داعش و چوونە ناو ھاوپەیمانیەتێکی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی تیرۆر و سەردانی بەردەوامی بەرپرسانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا بۆ ھەولێر زیاتر بوەھۆی ناسینی کورد و ھێزی پێشمەرگە و ئاشنابوون بەو نەتەوەیەی کە بەھۆی رێکەوتننامەی (سایکس بیکۆ)وە کە ھەر خۆیان ئەندازیاری بوون تووشی چ نەھامەتیەک بووە، بەڵام بەداخەوە لە جیاتی ئەوەی دەسەڵاتی کوردی لەڕووی پەیوەندی دیبلۆماسیەوە ھەوڵی زیاتر جوانکردنی وێنەی کورد و سیستمە سیاسیەکەی بدات و گەشە بە دیموکراتی بدات و بە بەرچاوی سەفارەت و قونسوڵیەکانی وڵاتانەوە ئەوە نیشان بدات کە گەلی کورد و دەسەڵاتە سیاسیەکەی نموونەی گەلێکی پێشکەوتوو و شارستانین و شایەنی ھەموو کۆمەکی یارمەتیدانێکن بۆ بەدەوڵەت بوون، دەسەڵاتی کوردی لە ساڵی ٢٠١٥دا جارێکی تر ئەم ھەلەشی لەدەستداو گەورەترین زیانی بە کورد و ھێزە سیاسیەکان گەیاند و وێنەیەکی زۆر ناشیرینی دروست کرد و وای نیشاندا کە کورد و ھێزە سیاسیەکانی زۆر بآ پلان و بەرنامەن بۆ ژیانی سیاسیان و ئەمانە ھێزگەلێکن کە ناتوانن بە یەکەوە بژین و لەگەلڕ دیموکراسی دا ھەڵبکەن و ئەمانە ھیچ رێزێک بۆ دەنگ و کەرامەتی ھاوڵاتیانیان دانانێن و خاوەنی ھیچ پلانێکی ئابوری و سیاسی نین بۆ ئایندە و ئەمانە بێجگە لە بەتاڵان بردن و برسی کردنی گەلەکەیان خاوەنی ھیچ بەرنامەیەکی تر نین، لەراستیدا ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دەست خستنە ناو قوت و مووچەی فەرمانبەران و وێرانکردنی ھەموو کەرتە جیاوازەکانی حکومەت لە تەندروستی و پەروەردە و ھەموو بوارەکانی خزمەتگوزاری، بوە مایەی دروستکردنی ئەو وێنە ناشیرینە، لەم کاتەدا کە دەسەڵات لە ھەرێمی کوردستان ئەو وێنەیەی دروست کردووە لەبەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەو دەیان سەفارەت و قونسوڵیەی کە لە ھەولێردا ھەیە. لەم کاتەدا دەسەڵاتی کوردی و بە بڕیارێکی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ٢٥ی ئەیلول دا ھاتە ئاراوە، بۆ ئەم مەبەستەش دەستەیەک لە پارتە کوردیەکان بە ئامادەبوونی خودی سەرۆکی ھەرێم سەردانی یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا دەکەن و داوای پشتیوانی لە ریفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی دەکەن، ھەموومان بینیمان کە ئەنجامی ئەو سەردانانی چی بوو، چەند بە بایەخێکی کەمەوە سەیریان کرد، ئەمەش مانای وایە کە ئەو وێنەیەی کە دەسەڵاتی کوردی لە ئەزموونی ئێستادا نیشانی ئەوانی داوە. گومان و دوودڵی بۆ دروست کردون کە ئەم سەرکردایەتیەی ئێستای کورد بتوانن رابەرایەتی دەوڵەتێکی ئارام و دیموکرات و پێشکەوتوو بکەن و ببێتە مایەی خۆشبەختی بۆ ھاوڵاتیەکانی خۆی و لەگەلڕ دەوروبەرەکەشدا پەیوەندیەکی سیاسی ھاوسەنگ بنیات بنێت، چونکە ئەوان لە زیاتر کردنی دەوڵەتێک بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بیر لەوە دەکەنەوە کە ئەم دەوڵەتە چەند ئارامی سیاسی لێ دەکەوێتەوەو چەند خزمەت بە گەلەکەی دەکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.