كوردستان به‌ره‌و كوێ؟ بەشی پێنجەم

لەلایەن ستاندار Posted on 797 جار بینراوە

كوردستان به‌ره‌و كوێ؟….. مانیفێستى قۆناغێكى نوێ- بەشی پێنجەم

د.كامه‌ران مه‌نتك

10- پرسى ریفراندۆم و كورسى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم
پرسى ریفراندۆم له‌ هه‌رێمى كوردستان زۆر له‌ سه‌نگى خۆى گه‌وره‌تر كراوه‌، به‌ شێكى زۆرى ئه‌وانه‌ى باس له‌ ریفراندۆم ده‌كه‌ن به‌ داخه‌وه‌ به‌ باشى تێینه‌گه‌یشتوون، یاخود ده‌توانین بڵێین ریفراندۆم له‌ كوردستان له‌ چه‌مكه‌ راسته‌قینه‌كه‌ى خۆى لادراوه‌و كراوه‌ به‌ ئامڕازى گه‌مه‌یه‌كى سیاسى قێزه‌ون، كه‌ خه‌ریكه‌ كۆمه‌ڵگاى كوردى زیاتر له‌ ناخه‌وه‌ دابه‌ش ده‌كات! به‌ر له‌هه‌موو شتێك پێویسته‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌و راسته‌قینه‌یه‌ ساده‌یه‌ بكه‌ین كه‌ ریفراندۆم ته‌نیا پێوه‌رێكه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌و تێگه‌یشتن له‌راى گشتى ده‌رباره‌ى مه‌سه‌له‌یه‌كى دیاریكراو، واته‌ نه‌ ئه‌وه‌ى ده‌نگ به‌ به‌ڵى بدا بۆ مه‌سه‌له‌كه‌ ده‌بێته‌ قاره‌مان و نه‌ئه‌وه‌ى به‌نه‌خێر ده‌بێته‌ خائین، چونكه‌ له‌ راستیدا مه‌به‌ستى ریفراندۆم زانینى ژماره‌ى ئه‌و به‌ڵى و نه‌خێرانه‌یه‌، ئه‌گه‌ر هه‌مووى هه‌ر به‌به‌ڵى یاخود به‌نه‌خێر وه‌ڵام بداته‌وه‌، واته‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و ریفراندۆمه‌ به‌ هه‌ڵه‌ ئه‌نجام دراوه‌، چونكه‌ ریفراندۆم، به‌ تایبه‌تى له‌ هه‌ندێك مه‌سه‌له‌ى گرنگدا، بۆ پێواندى راى خه‌ڵكه‌، جا ئه‌وه‌ى به‌ نه‌خێر وه‌ڵامى دایه‌وه‌ تۆ به‌ خائین وڵات فرۆشى له‌قه‌ڵه‌م بده‌ى و سووكایه‌تى پێ بكه‌ى، ئه‌مه‌ واتاى سه‌پاندنى راى كه‌مینه‌یه‌ك ده‌گه‌یه‌نێت وله‌گه‌ڵ پڕه‌نسیپه‌كانى دیموكراسیدا یه‌ك ناگرێته‌وه‌، له‌ راستیدا كێشه‌ ریفراندۆم له‌ كوردستان ده‌رباره‌ى مه‌سه‌له‌ى سه‌ربه‌خۆ بوون یاخود سه‌ربه‌خۆ بوون نیه‌، وه‌ك میدیاكان و لا یه‌نگرانى حزبه‌كان وێناى ده‌كه‌ن، چونكه‌ ریفرادنۆمى 2005 ئه‌وه‌ى سه‌لماند كه‌ زۆریینه‌ى ره‌هاى كوردستان له‌گه‌ڵ جیابوونه‌وه‌ له‌ عێراق و سه‌ربه‌خۆ بوون دایه‌، له‌ راستیدا ئه‌وه‌ خه‌ڵكى كوردستان نه‌بووه‌ مانه‌وه‌ى له‌ عێراق هه‌ڵبژاردووه‌، ئه‌وه‌ ئه‌و حزبانه‌ن كه‌ ئێستا ده‌یانه‌وێت خه‌ڵك تاوانبار بكه‌ن، كه‌ خۆیان له‌عێراقیه‌كانى تر عێراقى بووینه‌و له‌ چه‌ندین ده‌رفه‌تى مێژوویى گرنگى تردا، كاریان له‌سه‌ر دروستكردنه‌وه‌ى عێراقى نوێ كردووه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ى عێراقى كۆن خێرو بێرى یۆ كورد زۆر هه‌بووبێت! به‌ بێئه‌وه‌ى حیسابێك بۆ راى خه‌ڵكى كوردستان بكه‌ن، له‌ ریفراندۆمى 2005 خه‌ڵكى كوردستان گوتى به‌ڵى بۆ جیابوونه‌وه‌و سه‌ربه‌خۆیى، كه‌چى ئه‌وان عێراقیان ئاوه‌دن كردووه‌و ده‌ستووریان داناو كاریان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ مافه‌كانى كورد له‌ ده‌ستوورى عێراق جێى بكرێته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ى ده‌ستوور ئه‌و ئامێره‌ ئه‌فسووناویه‌ بێت به‌ كون فه‌یكونێك بتوانێت هه‌موو مافه‌كانى كوردستان دابین بكات! كه‌واته‌ ئه‌وه‌ى ئێستا له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌رباره‌ى ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیى ده‌گوزه‌رێت، ده‌رباره‌ى پرسى جیابوونه‌وه‌و دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى كوردى نییه‌، ئه‌گه‌رچى به‌ ئه‌نقه‌ست هه‌وڵده‌درێت وێنه‌كه‌ وانیشانى خه‌ڵك بدرێت، چونكه‌ خه‌ڵكى كوردستان كێشه‌ى له‌سه‌ر بڕیارى جیابوونه‌وه‌و سه‌ربه‌خۆ بوون نییه‌، ئه‌و بڕیاره‌ په‌رله‌مانى كوردستانیش ده‌توانێت بیدات، به‌ڵام بۆچى په‌نا بۆ په‌رله‌مان نابردرێت هه‌وڵده‌درێت په‌نا بۆ ریفراندۆم ببردرێت؟ به‌ر له‌هه‌موو شتێك ریفراندۆم ده‌رباره‌ى ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ ده‌كرێت كه‌ په‌رله‌مان به‌ هۆى هاوسه‌نگى ده‌نگه‌كان نه‌توانێت یه‌كلایى بكاته‌وه‌، به‌ڵام ده‌رباره‌ى مه‌سه‌له‌ چاره‌نووسسازه‌كان، ئه‌وه‌ په‌رله‌مان وردترو كارامه‌تر ده‌توانێت بڕیارى پێویست گه‌ڵاڵه‌ بكات، به‌ تایبه‌تى بۆ مه‌سه‌له‌یه‌كى وه‌ك مه‌سه‌له‌ى جیابوونه‌وه‌و سه‌ربه‌خۆیى. له‌ رووى تیوورییه‌وه‌ یه‌كێك له‌و ره‌خنانه‌ى له‌ ریفراندۆم ده‌گیرێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌شێوازێكه‌ له‌ شێوازه‌كانى بازدان به‌سه‌ر په‌ر له‌مان، له‌كاتێكدا هه‌ردوو لا نوێنه‌رایه‌تى راى گه‌ل ده‌كه‌ن، له‌ په‌رله‌مان به‌ شێوه‌یه‌كى ناڕاسته‌وخۆو له‌ ریفراندۆم به‌ شێوه‌یه‌كى راسته‌وخۆ، كه‌واته‌ یه‌كێك له‌ مه‌به‌سته‌ سیاسیه‌كانى پشت مه‌سه‌له‌ى ریفراندۆم له‌ هه‌رێمى كوردستان زیاتر بێبایه‌خكردنى په‌رله‌مانى كوردستانه‌، ده‌یانه‌وێت به‌ خه‌ڵك بڵێن په‌رله‌مان هه‌بێت یاخود نه‌بێت، ئه‌وان ده‌توانن بڕیار له‌سه‌ر پرسى چاره‌نووسساز بده‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ راى خه‌ڵكیش!!!

كه‌واته‌ پرسى ریفراندۆم له‌ هه‌رێمى كورد ره‌هه‌ندێكى قووڵترى هه‌یه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ى ته‌نیا ئه‌نجامدانى پڕۆسه‌یه‌ك بۆ زانین و وه‌رگرتنى راى خه‌ڵك، له‌كوردستان تاوه‌كو ئێستا ریفراندۆم رێك پێچه‌وانه‌ى مه‌به‌سته‌كه‌ى خۆى پێكاوه‌، له‌ جیاتى ئه‌وه‌ى كۆده‌نگیه‌ك دروست بكرێت بۆ مه‌سه‌له‌یه‌كى چاره‌نووسساز، ئه‌گه‌ر گریمانى ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ ئه‌وان راست ده‌كه‌ن و به‌ڕاستى ریفراندۆم بۆ مه‌سه‌له‌یه‌كى چاره‌نووسساز ئه‌نجام ده‌ده‌ن، كۆمه‌ڵگاى كوردى زیاتر دابه‌ش كردووه‌، واته‌ له‌ ریفراندۆمه‌وه‌ زه‌مینه‌ سازى ناكرێت بۆ یه‌ك ده‌نگى، به‌ڵكو وا زه‌مینه‌ سازى ده‌كرێت بۆ زیاتر دابه‌شكردن و له‌تكردنى باشوورى كوردستان، پاشان كێیه‌ مافى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ داواى ریفراندۆم بكا؟ بێگومان حكومه‌ت مافى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ ده‌رباره‌ى هه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌ك داواى ریفراندۆم بكات، چونكه‌ لایه‌نێكى جێبه‌جێكاره‌، به‌ڵام پێویسته‌ له‌ كه‌مترین حاڵه‌تدا حكومه‌ت شه‌رعیه‌تى یاسایى خۆى هه‌بێت!ئایا حكومه‌تى هه‌رێم له‌ رووى یاساییه‌وه‌ شه‌رعیه‌تى ماوه‌؟ بێگومان نه‌خێر، كاتێك ئه‌و په‌رله‌مانه‌ له‌كارده‌خرێت كه‌ شه‌رعیه‌تى به‌ حكومه‌ت داوه‌، ئه‌وا بێگومان حكومه‌تیش شه‌رعیه‌تى نامێنێت، كه‌واته‌ حكومه‌ت له‌ رێگاى ئه‌و هێزه‌ى كه‌ ناردیه‌ رێگاى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و په‌رله‌مانى له‌كارخست، شه‌رعیه‌تى یاسایى له‌ خۆشى سه‌نده‌وه‌وه‌و بووه‌ حكومه‌تێكى زه‌وتكه‌رى ده‌سه‌ڵات، ئه‌گه‌ر ده‌زگاى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمیش ئه‌و بڕیاره‌ بدات، ئه‌وا بێگومان پارتى خۆى دڵنیایه‌ له‌وه‌ى كه‌ بارزانى ئه‌و شه‌رعیه‌ته‌ى نه‌ماوه‌و ماوه‌كه‌ى به‌سه‌رچووه‌، ته‌نانه‌ت خودى بارزانى خۆشى ماوه‌یه‌كى زۆره‌ ئاماده‌ نیه‌ وه‌ك سه‌رۆكى هه‌رێم ئیمزا بكات، واته‌ ئه‌ویش ده‌زانێت و دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ شه‌رعیه‌تى نه‌ماوه‌، كه‌واته‌ كێ داواى ریفراندۆم ده‌كات، پارتى دیموكراتى كوردستان؟ حزبێك به‌ ته‌نیا ناتوانێت نوێنه‌رایه‌تى هه‌موو خه‌ڵكى كوردستان بكات، له‌ كاتێكدا خاوه‌نى نیوه‌ى ده‌نگه‌كانى كوردستانیش نییه‌، به‌و هه‌ڵبژاردنه‌ پڕله‌ گومان و پرسیاره‌ش كه‌ ئه‌نجامدرا؟كه‌واته‌ به‌رله‌هه‌موو شتێك بۆ ئه‌وه‌ى حكومه‌ت شه‌رعیه‌تى بگه‌ڕێته‌وه‌ پێویسته‌ په‌رله‌مان كارابكرێته‌وه‌، هه‌رچۆنێك بێت و له‌ژێر هه‌ر ناوو سه‌رۆكایه‌تیه‌ك بێت، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت ده‌زگاى یاسادانان له‌ كوردستان كارا بێت بۆ ئه‌وه‌ى حكومه‌ت شه‌رعیه‌تى بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌. یه‌كێك له‌كێشه‌كانى ریفراندۆم دوست بوونى پرسیاره‌ ده‌رباره‌ى كاتى ریفراندۆم، كه‌ ئه‌مه‌ زیاتر گومان لاى خه‌ڵك و لاى حزبه‌ دژه‌به‌ره‌كانى پارتى دروست ده‌كات، له‌ ماوه‌یه‌كه‌ كه‌به‌ر له‌ ماوه‌ى هه‌ڵبژاردنى گشتی هه‌رێمى كوردستانه‌، بۆچى له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردن ناكرێت، له‌ رووى داراییشه‌وه‌ تێچوونى كه‌متر ده‌بێت! به‌ كورتى ده‌توانین دیاریكردنى ئه‌و ماوه‌یه‌، واته‌ 25\9 بۆ ریفراندۆم به‌ چه‌ند فاكته‌رێك ببه‌ستینه‌وه‌:

1- به‌و گۆڕانانه‌ى كه‌ دواى شه‌ڕى مووسڵ دێنه‌ ئاراوه‌، دیاره‌ به‌ڕێز بارزانى به‌رله‌شه‌ڕى مووسڵ هه‌ڕه‌شه‌ى كردوو ته‌نانه‌ت به‌ شێوه‌یه‌كى نا راسته‌وخۆش به‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانى كه‌وتنى مووسڵ له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت، ده‌ست به‌تاڵ بوونى حكوومه‌تى عێراق له‌ مووسڵ، واتاى ته‌سفیه‌ى حیساب ده‌بێت له‌گه‌ڵ بارزانى! به‌ تایبه‌تیش گومانى ئه‌وه‌ ده‌كرێت، كه‌ یه‌كێتى نیشتمانى كوردستانیش وه‌ك به‌شێك له‌ هاوپه‌یمانیه‌تى شیعه‌، هه‌وڵ بده‌ن بارزانى بخه‌نه‌ دۆخێكه‌وه‌ كه‌ زیاتر بچووكى بكه‌نه‌وه‌، له‌ كاتێكدا توركیاى هاوپه‌یمانى بارزانى له‌ قه‌یرانى گه‌وره‌دایه‌و ئه‌مریكا هه‌ڵویستى به‌رامبه‌رى وه‌كو پێشووتر نیه‌، كه‌واته‌ پارتى خۆى ده‌بینێته‌وه‌ هه‌ر له‌ شه‌نگاله‌وه‌ تاوه‌كو دوا خاڵى زۆرنى زه‌رد ئابڵووقه‌ دراوه‌، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت له‌ رێگاى مه‌سه‌له‌ى ریفراندرمه‌وه‌ كێشه‌ى حزبه‌كه‌ى بكا به‌ كێشه‌ى هه‌موو كوردو هه‌موو كورد رابكێیشێته‌ نێو ململانێ و شه‌ڕێى چاره‌نووس نادیاره‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ ساڵى 1975 بارزانى مسته‌فا ئه‌نجامیداو تاك لایه‌نه‌ بڕیارى شه‌ڕى دا، له‌و بواره‌وه‌ بریماكۆف له‌ كتێبه‌كه‌ى (رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و جیهان) ده‌ڵێت دكتۆر محود عوسمان هاته‌ لام و داواى لێكردم به‌ڵكو بارزانى رازى بكه‌م كه‌ ده‌رفه‌تى زیاتر به‌ دانوستان بدات و هێشتابوار بۆ دانوستان ماوه‌، بریماكۆف ده‌ڵێت كاتێك ئه‌وه‌م به‌ بارزانى راگه‌یاند، گوتى هه‌موو شتێكمان له‌گه‌ڵ ئێران بڕاندۆته‌وه‌و ئه‌وان خۆراك چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیمان بۆ دابین ده‌كه‌ن) به‌م چه‌شنه‌ تاك لایه‌نه‌ بڕیارى هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ى شه‌ڕى داو تاك لایه‌نه‌ش شه‌ڕه‌كه‌ى راگرت و خه‌ڵكى ره‌وانه‌ى ماڵه‌وه‌ كرد!به‌ڵام له‌ قۆناغى ئێستا پارتى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى نییه‌، كه‌ به‌ ته‌نیا هه‌موو كۆمه‌ڵگاى كوردى بۆ بۆسه‌یه‌ك رابكێشێت كه‌ خۆى دایناوه‌ته‌وه‌، بگره‌ ده‌بێت به‌ره‌كه‌ى فراوان بكات كه‌ ئه‌مه‌ش له‌و دۆخه‌ى پارتى تێدایه‌ كارێكى ئاسان نییه‌!

2- پارتى خوێندنه‌وه‌یه‌كى گوماناوى و ره‌شبینى بۆ هه‌ڵوێستى هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان هه‌یه‌، كه‌ هه‌میشه‌ پێ له‌سه‌ر یه‌ك پارچه‌یى خاكى عێراق داده‌گرن، گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ى كه‌ دواى شه‌ڕى رێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى (داعش) مه‌سه‌له‌ى كورد له‌ باشوور له‌ قه‌واره‌ى خۆى بچووكتر ده‌كرێته‌وه‌، هه‌ڵوێستى بارزانیش دیاره‌ به‌ هۆى داخستنى په‌رله‌مانه‌وه‌ له‌ دۆخێكدا نیه‌ ئێره‌یى پێبرردرێت، بۆیه‌ كار له‌ دروستكردنى قه‌یران ده‌كات وه‌كو كارتێكى فشار به‌كارى ده‌هێنێت؟

3- مه‌سه‌له‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم وه‌ك له‌به‌شه‌كه‌ى تر ئاماژه‌ى پێكرا یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌كانى قه‌یرانه‌كانى هه‌رێم، بارزانى ماوه‌كه‌ى ته‌واو بووه‌و ناتوانێت به‌رێگایه‌كى دیموكراسى خۆى هه‌ڵبژێرێته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى دوو خوولى ته‌واو كردووه‌، هاوكات پۆستى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم له‌رێگاى ملمڵانێیه‌كانه‌وه‌ هێنده‌ سووك كراوه‌ بۆته‌ بارێكى گران بۆ بارزانى، به‌ڵام پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم به‌ ته‌نیا په‌یوه‌ندى به‌ ململانێكانى پارتى له‌گه‌ڵ هێزه‌ نه‌یاره‌كانیدا نیه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌ندى به‌ململانێیه‌ نێو خۆییه‌كانى پارتیشه‌وه‌ هه‌یه‌، كێ ده‌بێته‌ جێگره‌وه‌ى بارزانى ؟ ئه‌وه‌ كه‌ دیاره‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ى بارزان ده‌رناچێت، به‌ڵام كوڕه‌كه‌ى یاخود برازایه‌كه‌ى، ئه‌مه‌ش كێشه‌یه‌كى ترى بارزانیه‌، ئایا ئه‌و سه‌ركرده‌ سه‌ربازى و سیاسیانه‌ى كه‌ وه‌لایان بۆ بارزانى هه‌یه‌، وه‌لایان بۆ كام لایه‌ن ده‌بێت، یاخود هه‌مان وه‌لایان ده‌مێنێته‌وه‌؟ له‌كاتێكدا به‌شێكى زۆریان له‌ ناخه‌وه‌ رووخاون به‌ هۆى سیاسه‌تى پارتى له‌ قه‌یرانێكى ده‌روونیدا ده‌ژین؟

4- به‌هۆى دزێوبوونى بارتى و زياتر دزيوكردنى له‌ لایه‌ن ركابه‌ره‌كانى و میدیاكاندا، پارتى هێنده‌ ناشرین بووه‌ كه‌ زۆرینه‌ى خه‌ڵكى كوردستان به‌ هۆكارى هه‌موو شكسته‌كانى ده‌زانن، قۆرخكردنى پۆستى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و كۆنتڕۆڵكردنى كایه‌ هه‌ستیاره‌كانى هه‌رێم، وایكردووه‌ كه‌ پارتى له‌ ئاستى ئه‌م به‌رپرسیاریه‌تیه‌دا نه‌بێت، بۆیه‌ چوونه‌ ناو هه‌ڵبژاردن به‌و دۆخه‌وه‌، بوارى ساخته‌كردنى ده‌نگه‌كانیش فریاى ناكه‌وێت، دڵنیایه‌ له‌وه‌ى كه‌ قه‌واره‌ى ئێجگار بچووك ده‌بێته‌وه‌، بۆیه‌ بۆ په‌كخستنى هه‌ڵبژاردن، په‌نا بۆ ریفراندۆم ده‌بات و مه‌سه‌له‌یه‌كى زه‌قى نه‌ته‌وایه‌تى ، كه‌ مه‌سه‌له‌ى سه‌ربه‌خۆیى و ده‌وڵه‌تى كوردیه‌ ده‌كاته‌ قه‌لغان و شكسته‌كانى خۆى له‌ په‌نا ده‌شارێته‌وه‌، ئه‌گینا پارتى خۆشى ده‌زانێت، كه‌ هیچ زه‌مینه‌ سازییه‌كى نه‌كردووه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیى، ته‌نانه‌ت ئه‌و چوارچێوه‌ جوگرافیه‌ى، كه‌ ریفراندۆمى تێدا ئه‌نجام ده‌درێت له‌ ژێر كۆنتڕۆڵى بارزانیدا نیه‌، پارتى ناتوانێت ته‌نیا له‌رێگاى ته‌خوینكردنى به‌رامبه‌ره‌وه‌ راى گشتى بجوولێنێت و یارى به‌ تۆپه‌كه‌ بكات، هاوكات له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تیش هه‌ڵویسته‌كان پۆزه‌تیڤانه‌ نییه‌، بارزانى ده‌یتوانى به‌ به‌ره‌یه‌كى ناوخۆیى یه‌كگرتوو به‌هێز ، كاریگه‌رى له‌سه‌ر راى گشتى نێوده‌وڵه‌تى دروست بكات، یاخود هه‌ر نه‌بێت بتوانێت بۆ ماوه‌یه‌ك خۆى به‌رامبه‌ر هه‌ڵویسته‌ نێگه‌تیف و په‌رچه‌كرداره‌كانیان بگرێت، به‌ڵام به‌و ناوماڵه‌ ئه‌مه‌شى بۆ ناكرێت، بۆیه‌ تاكه‌ رێگا له‌به‌رده‌م پارتى ئه‌گه‌ر له‌و مه‌سه‌له‌یه‌ راستگۆ بێت، ده‌بێت كار له‌سه‌ر یه‌كگرتنه‌وه‌ى ناوماڵى كورد بكا، كه‌ خۆى هۆكارێكى گه‌وره‌ بووه‌ له‌ په‌رته‌وازه‌كردنیدا.

5- ساخته‌كردنى مێژوو، دیاره‌ پارتى ده‌زانێت كه‌ كورد دواى شه‌ڕى داعش قۆناغێكى سه‌ختى له‌به‌رده‌مه‌، ده‌شزانێت نه‌ ئه‌وان و نه‌ حزبه‌كانى تریش له‌ ئاستى به‌ر پرسیاریه‌تى دا نه‌بوونه‌و ئه‌وان هه‌رێمى كوردستانیان به‌و دۆخه‌ سه‌خته‌ى ئه‌مڕۆ گه‌یاندووه‌، بۆیه‌ كار له‌سه‌ر ساخته‌كردنى مێژوو ده‌كه‌ن، ده‌یانه‌وێت خۆیان به‌ سه‌ربه‌خۆ خوازو خاوه‌نى پرۆژه‌ى ده‌وڵه‌تى كوردى نیشان بده‌ن و ئه‌وانه‌ تریش به‌ دژه‌ ده‌وڵه‌ت، واته‌ خۆیان له‌به‌رپرسیاریه‌تى هه‌ر شكسێك بدزنه‌وه‌ كه‌ چاوه‌ڕێیان ده‌كات و بیخه‌نه‌ ئه‌ستۆى لایه‌نه‌كانى تر، ئه‌گینات پارتى نه‌ هه‌ستیارترین قۆناغى دواى راپه‌ڕین و یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنى كوردستاندا، كه‌ كۆى هاسه‌نگى سیاسى له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى و نێو ده‌وڵه‌تى و ته‌نانه‌ت سیسته‌مى جیهانى گۆڕان، ئه‌وان نه‌یانتوانى له‌ حوكمى زیاتر داوا بكه‌ن، هه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ بۆ رۆژنامه‌كانى خۆیان، پڕن له‌ بانگه‌شه‌ كردن بۆ دیموكراسى بارزانى له‌ كۆڕو كۆبوونه‌وه‌كان بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ى ده‌كرد كه‌ ئه‌وان نایانه‌وێت (دژى ته‌یار مه‌له‌ به‌كه‌ن)، كه‌چى ئێستا له‌و قۆناغه‌ى ئێستادا خۆیان كرووه‌ته‌ خاوه‌نى پڕۆژه‌ى ده‌وڵه‌تى كوردى، كه‌ قۆناغێكى زۆر ئاڵۆزتره‌و بۆ ماوه‌ى زیاتر له‌ چاره‌كه‌ سادیه‌ هه‌ر خۆیان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانیان به‌ هه‌موو توانایان كار له‌سه‌ر تێكدانى هه‌موو بنه‌ماكانى دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى كوردى ده‌كه‌ن!

6- دیاره‌ پارتى تا راده‌یه‌كى گوماناوى تێكه‌ڵ به‌ توركیا بووه‌، به‌راده‌یه‌ك كه‌ گومانى ئه‌وه‌ ده‌كرێت و خوێندنه‌وه‌ى ئه‌وه‌ى بۆ ده‌كرێت كه‌ هیچ ئیراده‌یه‌كى له‌ ده‌ست خۆى نه‌ماوه‌، بۆیه‌ یه‌كێك له‌ ئه‌گه‌ره‌كان له‌كاتى چڕ بوونه‌وه‌ى ملمڵانێكان له‌گه‌ڵ عێراق، كه‌ گومانى تیانیه‌ چڕ ده‌بێته‌وه‌و هه‌موو ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن رووبه‌رووبوونه‌وه‌ له‌نێوان كوردو حه‌شدى شه‌عبى و سوپاى عێراق، كه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌وه‌ سه‌ر سنووره‌كانى هه‌رێمى كوردستان رووده‌دات، له‌وحاڵه‌ته‌دا ئه‌گه‌ر پارتى به‌ ته‌نیا بمێنێته‌وه‌ ئه‌وا ریفراندۆم وه‌ك ئامڕازێك به‌كاربهێنرێت بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ویلایه‌تى مووسڵ، به‌ تایبه‌تى ده‌ڤه‌رى زه‌رد بۆ سه‌ر توركیا، جا له‌ ژێر هه‌ر ناوێكى بریقه‌داردا بێت، به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌وه‌مان زانى كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ زۆره‌ كادیره‌كانى ئاكپارتى له‌ كۆڕو كۆبوونه‌وه‌كانیان باسى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ رێگاى ریفراندۆمه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ناوچه‌كانى ده‌وڵه‌تى عوسمانى رووخاو ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ سه‌ر ئیمپراتۆریاى عوسمانى نوێ، له‌مه‌شدا ناوى باكوورى عێراق ده‌هێنن! كه‌ دیاره‌ ناتوانن به‌ هۆى دابه‌ش بوونى سیاسى و رۆڵى ئێران ئه‌مه‌ له‌ناوچه‌ى زه‌ردیشدا بكه‌ن، بۆیه‌ ئه‌و دۆخه‌ى ارتى ده‌قۆزنه‌وه‌ و سیاسه‌ته‌كه‌ى خۆیات پراكتیزه‌ ده‌كه‌ن!

هه‌ر چۆنێك بێت، تاوه‌كو ئێٍستا به‌رزكردنه‌وه‌ى ئه‌و دروشمه‌ له‌ لایه‌ن پارتیه‌وه‌ متمانه‌ى په‌یدا نه‌كردوه‌، به‌ڵام له‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا، وه‌ك پێشتر ئاماژه‌كان پێكرد، هه‌رێمى كوردستان به‌ قۆناغێكى زۆر مه‌ترسیداردا ده‌ڕواو پێویستى به‌ به‌خۆداچوونه‌وه‌یه‌كى جدى هه‌یه‌.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.