نەوزادی موھەندیس
• لە ئێستادا ١٢/٨/٢٠١٧دا ٢ مانگ و ٦ ڕۆژی ڕێک تێپەڕ بوە بەسەر یەکەم کۆبونەوەی پارت و سەرکردە سیاسیەکاندا لە ٦/٧/٢٠١٧ دا کە تیایدا بڕیاری سازدانی ڕیفراندۆمیان ڕاگەیاند لە ٢٥/٩/٢٠١٧دا. ئیدی ئەو ماوەیە ھێندەی باسی ڕیفرندام کراوە لەم ھەرێمەدا باس لە ھیچ بابەتێکی تر نەکراوە و بەھەق بۆتە بابەتی پلە یەکی گەرمگوڕی ھەموو کۆڕ و گفتوگۆگان ھەر لە شەقامەوە تا لوتکەی سەرکردایەتی و دەسەڵات لەم ھەرێمەدا.
• ھەر لەسەرەتاشەوە بەداخەوە دووبەرەی دژ بەیەک دروستبوون لەسەر ڕیفراندۆم و لەسەر وەڵامدانەوە بە ((بەڵێ)) و (( نەخێر )).ئیدی ئەم دووبەرەیی و جیابونەوە و دوورکەوتنەوە لەیەکتریە شۆڕبۆتەوە بۆ ناو سادەترین جومگە و ئۆرگان لەم کۆمەڵگایەدا و خێزان و تاکەکانیشی دابەشکردوە.کەلەبنچینەدا پێویست بوو پرسی ڕیفراندۆم بۆخۆی ببوایاتە ھۆکارێکی سەرەکی بۆ کۆکردنەوە و یەک ڕیزی و تەبایی و متمانە دروستکردن و کۆدەنگیەکی گشتگیری نیشتیمانی و نەتەوەیی.چونکە پڕۆسەکە بۆخۆی پێویستی زۆر و گەورەی بە کۆدەنگی و دەنگی تاک بەتاکی میلەتەکەمانە.ئەم دووبەرەییەش لە ئەنجامی ٢٦ ساڵ حوکمڕانیی گەندەڵی و بێ پلانی و قۆرخکاری و ناعەدالەتی و بێ ویژدانی دەسەڵاتدارانەوە ھاتۆتە بوون.کە بەشێک لە ڕەوایی و حەقیانەتی تیادایە.
• لەھەمان کاتدا لێکدانەوە و شیکردنەوەی ڕیفراندۆم و ئامانج و ڕوونکردنەوەی مەبەست و تێڕوانینە جیاوازەکان لەسەری ،ڕیفراندۆمی لەھەنگاو و ھۆکارەوە کردە ئامانج و ھەموان لەھەوڵداین بەرگێکی پیرۆز بکەینە بەر بەرواری ٢٥/٩ و ڕیفراندۆمیش وەکو دوائامانج و کۆتایی دونیا و ژیان و خەباتیش لێیانبڕوانین.
• لەئێستادا و دوای تێپەڕبوونی ئەو دوومانگە و مانەوەی تەنھا ٤٣ ڕۆژ بۆ ٢٥ی ئەیلول، نەک کاری زۆر جدی نەکراوە بۆ سەرخستن و زەمینەسازی گونجاو و شیاو و ھەنگاو ھەڵگرتنی بوێرانە لەناوخۆ و ناوچەکە و دەرەوەشدا ،بەڵکو لەناوخۆدا بەرەیەکی فەرمی ڕاگەیەنراوە بۆ کارکردن دژی سەرگرتنی ئەم پڕۆسەیە لە ژێر ناونیشانی (( نەخێر بۆ ڕیفراندۆم لە ئێستادا)).کە ئەم کارە بۆخۆی بەمەبەست بێت یان بێمەبەست دەچێتە خانەی دژایەتی خەباتی چەندین ساڵەی گەلەکەمان کە ھەموو خەون و ئامانجی بریتی بوە لە ئازادی و سەربەخۆیی و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی.و دژی ھەموو خەون و ئاواتە لە مێژینە نیشتیمانی و نەتەوایەتیکانمانە.بەڵام ئەم بەرەیە لەپێکھاتە و ڕابەرانیدا بەرەیەکی لاواز و نەناسراو و خاوەن مێژویەکی پرشنگداریش نین لەنێو کۆمەڵگەی کوردەواریدا. بۆیە بەرەی نەخێر لاواز و کەم و بچوکن لە بەرانبەر بەرەی بەڵێ ی زۆرینەدا.
• پرسیاری گرنگ ئەوەیە لەنێوان ((بەڵێ و نەخێردا)) دا کامیان ھەڵببژێرین بۆ ڕیفراندۆم ؟ دوور لە تێڕوانینی تەسکی حیزبی و دەسکەوت و بەرژەوەندی مادی و پلە و پۆست ؟
گەر وەک تاکێکی کورد و خەمخۆر بۆ مەسەلەی کورد و کوردایەتی و ئایندەی میلەت و نەوەکانی داھاتوومان بڕوانینە ھەنگاوی ڕیفراندۆم کە ئامانجی سەرەکی بریتی بێت لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی . ئەوا دەبێت بەبێ دوودڵی بڵێین ((بەڵێ )).
خۆ ئەگەریش بە چاویلکەی تەسکی حیزبایەتی و دەسکەوتی ھەڵبژاردن و دەنگ کۆکردنەوە و بەدەستھێنانی دەسکەوتی مادی و پلە و پۆستی حکومی و حیزبی،ئەوا دەبێت نەخێر ھەڵببژێرین.
بەڵام لەڕاستیدا ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی موڵکی ھیچ سەرکردە و حیزب و بنەماڵەیەک نیە،بەڵکو دروشم و ئامانجێکی دێرینی نەتەوە و نیشتیمانیە بەدرێژایی ١٠٠ ساڵی ڕابووردوی خەباتی کوردایەتی لەھەر چوار بەشەکەی کوردستاندا،بەڵام سەرکەوتن و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆییش دەبێتە دەسکەوتێکی گەورە و گرنگی ئەو حیزب و سەرکردەیەی کە پێشنیازی کردوە و کاری جدی بۆ دەکات و خەبات و خوێنی لەپێناودا دەدات و ناو و ناونیشانی لەمێژوودا بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە.
بەڵام ھەردوو وشەی ((بەڵێ و نەخێر)) یش ، زەمان و زەمینە و داروپەردووی پێویستی خۆیان گەرەکە، چونکە گەر تەنھا بە ھەست و سۆز و حەماسەتی نیشتیمانی و نەتەوەییەوە کاربکەین دوور لە حساب کردنی ھەلومەرج و فشار و کاریگەری و ئاڵنگاریەکانی دەوروبەر و ناوچەکە و دونیاش ،ئەوا دەکەوینە ھەڵەی گەورە و کارەساتی دڵتەزێنیشی لێدەکەوێتەوە.
وتنی(( بەڵێ ))باجی خۆی ھەیە و نەخێریش بەھەمان شێوە.بەڵێ ڕووبەڕووی فشار و گەمارۆی ئابوری و سیاسی و سەربازیمان دەکاتەوە و ڕووبەڕووی برسێتی و کوشتن و قاتوقڕیمان دەکاتەوە،ڕووبەڕووی ململانێی توندی ناوخۆیی و ناوچەیمان دەکاتەوە.
((نەخێر))یش بەھەمان شێوە دەبێتە ھۆی بچوکبونەوەی زیاتری مەسەلەی کور و سوک و چروکبوونی لەناوخۆ و ناوچەکە و جیھانیشدا،دەبێتەھۆی لێکترازانی زیاتری نێوماڵی کورد،دەبێتە ھۆی چەسپاندنی داگیر و دابەشکردنی زیاتری کوردستان، دەبێتە ھۆی زاڵبونی زیاتری دوژمنانی کورد و کوردستان.
• بەم شێوەیە گەرەکە زۆر بەووردی و جدیەوە کاربکرێت بۆ سەرخستنی ئەم ڕیفراندۆرمە ئەویش بەھەڵبژاردنی کات و ساتی گونجاو کە بریتیە لەوەی کە تەواو دڵنیابین لە(( بەڵێ)) کانی ناوخۆ و ناوەچەکە و دۆستەکانمان لە زلھێزەکانی دونیا و متمانەی جەماوەرەکەشمان ھەبێت،بۆ پشتگیری و مقاوەمەتکردنی ئایندە.بۆیە گەر لەوادەی ٢٥ ئەیلولیشدا ئەم ڕیفراندۆمە چێنەکرا مانای کۆتای کوردایەتی و ژیان و مانمان نیە،بەڵکو تەنھا دواخستنێکی کاتیە بۆ کەشوھەواو دۆخێکی گونجاوتر کە سەرکەوتنمان مسۆگەر تر بکات نەک وەک ئێستا دوودڵی و ڕاڕاییمان تیادا بڵاوبکاتەوە و ترسمان ھەبێت لەسەر خستن یان سەرنەگرتنی.
• لەکۆتایدا بەرەی ناوخۆی میلەتەکەمان لە ھەموو کاتێکدا زۆر گرنگتر و کاریگەرترە لەبەرەی دەرەکی چونکە ھەمیشە فاکتەری ناوخۆ سەرەکی و فاکتەری دەرەکیش لاوەکی بوە ھەرچەندە بەھێز و کاریگەریش بێت. بۆیە بۆ مسۆگەرکردنی زۆرینەی (( بەڵێ ))ی میلەتەکەمان پێویستە کاربکرێت بۆ خۆشگوزەرانکردنی میلەت چونکە(( نان و ئازادی ))بێ یەکتر نابن وئاشتەواییەکی ڕاستەقینەی بە متمانە چێبکرێت و دواتر پێویستە ڕیفراندۆم سەرجەم ناوچە کوردنشینەکان بگرێتەوە و پڕۆسەکەش دەبێت بەڕێکار و ڕچە یاسایەکاندا تێبپەڕێت و ئامانجەکەشی تەنھا سەربەخۆی بێت ،گەر بمانەوێت دەوڵەتێکی سەربەخۆیی یاسایی دابمەزرێنین کەببێتە ئەندام لە نەتەوە یەکگرتوەکاندا وەک ئۆرگانێکی یاسایی نێودەوڵەتی باوەڕپێکراو.