مەسعود بارزانی ڕاست دەكات کورد خەباتی بۆ نان نەکردوە..

لەلایەن ستاندار Posted on 932 جار بینراوە

ستارە عارف

بارزانی ڕاست دەكات هیچ سەرهەڵدان و تێكۆشانێكی كوردی لەم پارچەیە بۆ نان نەبوە، بەڵکو سەرتاپایان بۆ ئازادی ناسنامە و زمان و خاک و سەربەخۆی و دەوڵەتی کوردی بوە، تەنیا خۆی و مەلا مستەفای باوکی نەبێت، كە بە درێژای مێژوی كورد لەپێناوی ورگی بنەماڵەکەیاندا كاری تاڵانچێتیانكردوە و هەرگیز خەباتی نەتەوەی و خواستی ئازادی و سەربەخۆیان نەبوە و ئێستا دەیانەوێت خۆیان بەو تێكۆشانە مەزنەی میللەتێکدا هەڵبواسن.

شەریف پاشای خەندان لەکۆنگرەی پاریس ساڵی(١٩١٩-١٩٢٠)، بە ڕاپۆرتێک بەڵگەی مێژوی لەبارەی نەتەوەی کورد و جوگرافیاکەیەوە خستۆتە بەردەم کۆنگرەکەی پاریس، بۆ ئەوەی مافی چارەی خۆنوسی گەلی کورد بسەلمێنرێت، کۆنگرەیش مافی کوردی لەپەیماننامەی سیڤەردا ڕەنگ پێداوەتەوە، لەساڵی١٩١٨یشدا پاش جەنگی دوهەمی جیهانی دو نامەی بۆ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ناردوە و ئاماژەی بە زوڵم و زۆری تورکەکان داوە و نوسیویەتی: (نامانەوێت لەگەڵیاندا بژین و داوای دەوڵەتی کوردی) کردوە، وەک سەرۆکی شاندی کوردی یاداشتێکیشی دەرهەق بە داخوازیەکانی کورد پێشکەشی کۆنفرانسەکە کردوە و کوردی لەو یاداشتەدا وەک نەتەوەیەکی جیاواز و خاوەن مێژو کولتور ناساندوە و ئاماژەی بە شارەکانی کوردستانکردوە، جگە لەپێشکەشکردنی دو نەخشەی کوردستان بە کۆنفرانسەکە، کە وەک یەکەم نەخشەی کوردستانی گەورە لەئاستی فەرمی و نێودەوڵەتیدا ناسراوە.

لەساڵی۱۹۱۹وە شاری سلێمانی پایتەختی حکومەتەکەی شێخی نەمر بوە پشتیوانی و قوربانی زۆریان بۆ داوە، هەر خۆپیشاندانەکانی سلێمانی ئینگلیزیان ناچارکردوە، شێخ مەحمود لەهندستانەوە بۆ کوردستان بهێنێتەوە و ئازادی بکەن، شێخ مەحمود دەوڵەتی ڕاگەیاندوە و ئەنجومەنی وەزیران و پۆستە و دەرهێنانی پارە و دام و دەزگا و سوپای پێکهێناوە، کە ٢٦ساڵە ئەم دو حزبە نەیانتوانیوە بچوکترین دام و دەزگای نەتەوەیی و نیشتمانی لەو جۆرە بەرهەم بهێنن.

لەڕۆژی۳۱ی ئابی۱۹۲۱ئینگلیز و حوکمەتی پاشایەتی عێراق بە فڕۆکە ناو شاری سلێمانیان بۆردومانکرد، چونکە خەڵک داوای مافە نەتەوەیەکانیان کردوە، ساڵی۱۹۳۲ تێکڕای پیاوماقوڵان و رۆشنبیرانی شار و سەرۆک هۆزەکانی هەرێمی سلێمانی بروسکەی سەربەخۆیخوازیان بە کۆمەڵەی گەلان داوە، لە کۆتایی چلەکاندا ٤٦، ٤٧، ٤٨، سلێمانی بەردەوام بەشداری خۆپیشاندانەکانی ئەو ساڵانە کردوە، کە خواستی سەربەخۆیی بوە و ساڵی ۹٤۷ لەسلێمانی فائق بێکەس لەبەردەم مەندوب سامی بەریتانیادا شیعرە بەناوبانگەکەی”۲۷ ساڵە”ی خوێندۆتەوە، جگە لەنامەکەی حەپسە خانی نەقیب بۆ کۆمەڵەی گەلان و جنێڤ و خواستی مافە نەتەوەیەکانی کورد.

ئەو کاتەی لەمانگی١٠ی١٩٣٠دا کورد داوای دامەزراندنی دام و دەزگایەکی سەربەخۆی کوردیان لەسایەی بەریتانیادا کردوە، کە شێخ مەحمود بکرێتە حوکمڕانی هەمو کوردستان، شێخ مەحمودیش هەوڵی بەدەستهێنانی هاوکاری شێخ ئەحمەد بارزانی داوە، بەڵام شێخ ئەحمەد بارزانی وتویەتی: ( شانازی بەوە وە دەکات، کە خۆی لەشەڕی حکومەتی عێراق دزیوەتەوە، چونکە عێراق حکومەتێکی عەرەبی موسڵمانە و ئەرکی موسڵمانیەتی وا حوکم دەکات گوێڕایەڵی بکەم)، ئەمە بۆچونی مەلا مستەفا و ئێستای مەسعود بارزانیشە، بڕواننە کریس کۆچێرا، کورد لەسەدەی١٩-٢٠دا.

لەساڵی١٩٢٥دا کۆمەڵەی گەلان وەفدێکیان بە ئامانجی ئەنجامدانی ڕاپرسیەک لەناو کورد دا بۆ کوردستان ناردوە، کوردانی سلێمانی بە زۆرینە دەنگیان بە نەخێر داوە و دژی لکاندنیان بون بە عێراقەوە، لەکاتێکدا ناوچەکانیتری کوردستان بەو ڕاپرسیە ڕازی بون، کۆمەڵەی گەلان هەر لەساڵی١٩٢٥دا بۆمبی هێشویان بەسەر شارباژێڕ و سلێمانیدا بەکارهێناوە، ئەدمۆنز خۆی ڕێنوێنی بۆردومانی دەڤەری سیتەکی سەر بە شارباژێڕی سلێمانی لەئەستۆ گرتوە و هێزی ئاسمانی بەریتانیا بۆ یەکەمجار لەکوردستان بۆمبای سوتێنەری بەکارهێناوە، چونکە داوای جیابونەوەیان کردوە.

لەدامەزراندنی پارتی دیموکراتی کورد ساڵی١٩٤٦، كە یەكەم ناوی وەهابو و خەونی سەربەخۆیان هەبوە، بەڵام لەدوایدا باڵی پێشکەوتنخواز بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم ئەحمەد نوێنەرایەتی ئەو داخوازیەیان کردوە، کە لەلایەن مەلا مستەفاوە دەربەدەرکران، چونکە مەلا مستەفا تەنیا كاری بۆ بنەماڵەكەی کردوە و كەسانی تێكۆشەر و ئازادیخوازی لەباشور و ڕۆژهەڵات دەربەدەر كردوە و نەیزانیوە خەباتی نەتەوەیی و سەربەخۆیی مانایان چیە؟..

لەدامەزراندنی کۆمەڵەی مارکسی لینینی شەهید ئارام و دامەزراندنی شۆڕشی نوێ لەلایەن کاک نەوشیروانەوە و یەکێتی سەردەمی شاخ و لەئەمڕۆیشدا لەپڕۆگرامی بزوتنەوەی گۆڕاندا، خەباتی ئازادیخوازی و سەربەخۆی نەتەوەی لەبیر و بەرنامەیاندا بوە و خەباتیان بۆ کردوە، بنەماڵەی بارزانی و پارتی لەئۆتۆنۆمی زیاتر لەهیچ شوێنێکدا نایدۆزیتەوە، داوای سەربەخۆی و دەوڵەتیان بۆ کورد کردبێت، لەدوای ڕاپەڕینیشەوە بە بەرنامە لەگەڵ یەکێتی هاوپەیمانیاندا خیانەتیان لەم چەمکانە کردوە و خەڵکیان بۆ عێراقچێتی و هەڵهاتن لەوڵات و بێ ئینتیمای بەهۆی دزی و گەندەڵیەکانیانەوە و لەژێر پەردەی دەوڵەت و سەربەخۆی و ئەمڕۆیش بە ناوی ڕیفراندۆمەوە هانداوە.

مەسعود بارزانی لەکۆبونەوەی دوێنێ٩-٨-٢٠١٧ی لەگەڵ مامۆستایانی ئاینی بو پێموایە، وتی: کورد هەرگیز خەباتی بۆ نان نەکردوە، وەک توانجێک لەبەرەی ناڕازی بە ڕیفراندۆمەکەی، کە بە بارزانی دەڵێن بار و گوزەران و ئابوری خەڵک خراپە و کاتی گاڵتەجاڕیەکەی تۆ نیە، ڕاست دەکات ئەم قسانە تەنیا خۆی و بنەماڵەکەی ناگرێتەوە، ئەگەرنا گەلی کورد و سەرهەڵدانەکانی بە درێژایی مێژو خەباتیان بۆ ڕزگاری و ئازادی و سەربەخۆی نەتەوەکەیان کردوە، خەباتیان بۆ نان نەکردوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.