سڵاوێك لە فراكسیۆنە كوردیەكانیش بكەن

لەلایەن ستاندار Posted on 239 جار بینراوە

هيوا سەید سەلیم
لە دوای رووخانی رژێمی سەدام وە بەتایبەتیش لەو كاتەی كورد لە پرۆسەی سیاسی عێراق بەشداری كردووە، لە هەموو هەڵبژاردنێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە رێژەیەكی بەڕچاو ژمارەیەك پەرلەمانتاری كورد لە فراكسیۆنی جیاجیای كوردستانی بوونەتە ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەو پەرلەمانتارانە لە رێگەی دەنگی خەڵكی كوردستان بوونەتە نوێنەری هەلبژێردار و شەرعی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوان چوونەتە بەغدا تا شەڕی دەستووری مافەكانی كورد بكەن، جا چیان كردووە چەندە سەركەوتووبوونە ئەوە شتێكی ترە، لێرەدا مەبستمانە قسە لەسەر دیاردەیەك بكەین كە پەیوەندارە بە مامەڵەی هەرێم لەگەڵ نوێنەرانی لە بەغدا بەتایبەت لە مامەڵە كردن لەگەڵ پەرلەمانتاران، ئەویش ئەوەیە كە تا ئێستا نەبۆتە عادەت كاتێك شاندێكی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆ دەچێتە بەغدا، نە پێش دەستپێكردنی گفتوگۆكانیان لەگەڵ لایەنەكان و نە دوای گفتوگۆكانیش لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانیەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەران كۆببنەوە، تا لەگەڵ ئەوانیش ئەو پرسانە گفتوگۆ بكەن كە لەگەڵ ئەوانی تر قسەوباسی لەبارەیەوە دەكەن، كە زۆریش پێویست دەكات پرس و ڕا لەگەڵ فراكسیۆنە پەرلەمانیەكان و تەنانەت كوتلە وەزاریە كوردیەكەش بكرێت.

ئەگەر هەموو جارێك ئەم مامەڵەی شاندی هەرێم لەگەڵ نوێنەرانی كورد لە بەغدا بە ئاسایی وەرگیرابێت، كە ئاساییش نەبووە، دەبوو بۆ ئەمجارەیان پێش هەر گروپ و لایەنێكی تری بەغدا، شاندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نوێنەرانی كورد كۆببانەوە و تەنانەت نوێنەری ئەوانیش لەو دیدارانە بەشداریان پێكرابایە، چونكە پرسەكە لە ئەساسدا پەیوەندارە بە ئەوان، شاندی هەرێم دەچێت و دەگەڕێتەوە بەڵام شەڕەكە بۆ ئەوان جێدەمێنێت.

وا باس دەكرێت كە ئەمجارەیان شاندی باڵای ریفراندۆم لەگەڵ خۆیان چەندین بەڵگەنامەی دەستووریان بۆ بەغدا بردووە تا بە بەغدا بڵێن ئێوە ئەو پێشلكاریە دەستووریانەتان بەرامبەر هەرێمی كوردستان كردووە، دەی ئەوە كارێكی باشە كە دەیكەن بەڵام بۆ دەبێت دارێژەرانی دەستوور كە پەرلەمانتارانی خۆتانن ئاگاداری ئەو پرسانە نەبن؟

خۆ ئەوان لە ئێوە باشتر لە پێشلكاریەكانی دەستوور ئاگادارن و كاری خۆشیانە وەك ئەندام لە باڵاترین دەزگای یاسادانان و چاودێری لەو پرسانە ئەركیان پێبسپێردرێت.

ئێستاش نەچووە بچێت وا باشترە شاندی باڵای ریفراندۆم بەر لە گەڕانەوەیان لەگەڵ سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانیەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران كۆبوونەوە بكەن، ئەوان لە نزیكەوە بخرێتە سەر وێنەی ڕاستەقینەی هەڵوێستی لایەنە پەیوەندیدارەكان لە عێراقی و غەیرە عێڕاقیەكان، بەم كارەیان هەنگاوێك بۆ یەكڕیزی دەچینە پێشەوە، ئەو یەكڕیزیەی تا ئێستا لەناوخۆی كوردستان پێی نەگەیشتووین، چونكە هەمیشە ئەوەمان بەرگوێ كەوتووە كورد كێشەكانی نەبردۆتەوە ئەودیو كێوی حەمرین، بگرە لە بەغدا لەپێناو كێشە رەواكانمان یەكڕیزیان پاراستووە!

دواجار دەڵێین ئەگەر چوونی ئێوە بۆ ماڵئاواییە لەبەغدا خۆدەبێت ئەو هەنگاوە بەپرس و ڕاوێژ بێت لەگەڵ نوێنەرانی كورد، ئەگەر دەشڵێن جارێ نەگەیشتۆتە ماڵئاوایی هەر دەبێت ئەوان لە نێو ووردەكاریەكان بن.
ئەم جۆرە مامەڵەیە لەگەڵ پەرلەمانتاران نیشانەی ئەوەیە كە عەقڵیەتی حزبی هێندە زاڵە وە لای ئەوان كێماسیە كە بڵێن خۆ ئێمە هەموو لایەكمان چەند نوێنەرێكمان لێرەن لە بەغدا، با سڵاوێكیش لە ئەوان بكەین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.