نێچیرڤان بارزانی بۆ دواخستنی ریفراندۆم بەنهێنیی سەردانی ئێرانی کردوە

لەلایەن ستاندار Posted on 806 جار بینراوە

نێچیرڤان بارزانی بۆ دواخستنی ریفراندۆم بەنهێنیی سەردانی ئێرانی کردوە

کەمال چۆمانی

بەپێی سەرچاوەیەکی نزیک لە ئێرانییەکان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانیی لە چەند رۆژی رابردودا بەنهێنیی سەردانی تارانی کردوە. نێچیرڤان بارزانی لەناو پارتییدا، رونتر لەناو بنەماڵەی بارزانییدا، نزیکترینە لە ئێرانییەکان بە بەراورد بە مەسعود بارزانیی و مەسڕوڕ بارزانیی -ئەو سێ کەسە بڕیارەکانی پارتیی دروستدەکەن، کەسیتر لەناو پارتییدا نە ئاگاداری دروستکردنی بڕیارە و نە دەشتوانێت بڕیار دروستبکات- لەوێ لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی کۆبۆتەوە، لەناویاندا قاسمی سولەیمانیی. باسی ریفراندۆمیان کردوە و ئێران داوای دواخستنی ریفراندۆمی کردوە. نێچیرڤان بارزانی بەوە رازیبوە کە ریفراندۆم دوابخرێت بەڵام داوایکردوە لەڕێی یەکێتیی نیشتیمانییەوە پارلەمان کارابکرێتەوە و پارلەمان خۆی بڕیاربدات ریفراندۆم دوابخرێت تا مەسعود بارزانیی ئیحراج نەبێت. خۆتان دەزانن ئێران لەگەڵ یەکێتییدا پەیوەندییەکانی باشن، ئێران داوای لە یەکێتیی کردوە لەگەڵ پارتییدا پارلەمان کارابکەنەوە و لە پارلەماندا ریفراندۆم دوابخرێت.
کاراکردنەوەی پارلەمان و بڕیارێک بۆ دواخستنی ریفراندۆم، هێشتا نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەڵام پێدەچێت لە چەند رۆژی داهاتودا هەوڵەکان چڕتر ببنەوە.
دوێنێش وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پشتیوانیی خۆی بۆ گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغداد دەربڕی. حەیدەر ئەل-عەبادییش پێشوازیی لە وەفدی هەرێمی کوردستان کرد بەڵام لە راگەیەنراوەکەیدا باسی ریفراندۆمی نەکردوە.
دواخستنی ریفراندۆم باشترین بڕیارێکە لە ئێستادا. رۆژ بە رۆژ مەترسییەکانی ریفراندۆم رونتر دەبنەوە، بەڵام پارتی ئیحراج بوە و نایەوێت بڕیارێک بدات لەسەری بکەوێت. ئیحراجبون زۆر باشترە لەوەی قومار بە داهاتوی گەلانی کوردستانەوە بکەیت. هەر بۆیە، باشترین چارەسەر دواخستنی ریفراندۆمە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.