سبەش هەمان تۆمەت

لەلایەن ستاندار Posted on 734 جار بینراوە

ئامانج هەرتەلی

لەماوەی ڕابردوو سەرانی پارتی درووشمی مالیکی دووژمنی کوردە، ئەوانەی دژی پارتین جاشی مالیکین و خائین و خۆفرۆشن. ئەمانە ئەو درووشمانە بوون کە پارتی شەو و ڕۆژ دەیخستە پاڵ نەیارەسیاسیەکانی و ئەوانەی دژی بەرژەوەندیەکانی پارتی بوون، بەڵام ئەمڕۆ بە پێچەوانەی هەموو پێش بینیەکان دوای ئەم هەموو زووڕناژەنیەی خەڵکی پارتی بۆسەر هەموو ئەوانەی دژی سیستەمی حوکمی بازرگانی پارتی و هاوئاوازەکانی دەوەستانەوە، بەتایبەتیش دژی هەڵسوڕاوانی گۆڕان کاتێک داوای چاک کردنی بژێوی ژیانی خەڵکی کوردستان دەکرد. بە سەرانی پارت و تاقمی ریفراندۆم لە گەڵ مالیکی دەست لە ناودەست بێ ئەوەی یەک زەرە شەرم لە قسەکانی  خۆیان بکەن، ئەمە لەخەڵکی کوردستان نا چونکە هەروا بێشەرم بوونە بەرام بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەڵکوو شەرم لە مالیکی، بەڵام پێدەچێت مالیکیش ماڵی خۆی بناسێ بۆیە واگەرم گورە لە گەڵیان!!

پارتی هەرزوو لەگەڵ مالیکی ڕێکەوتون، لەوکاتەی بارزانی پڕۆژەی چاکسازی ڕاگەیاند لەساڵی ۲۰۱۱ بەڵام یەک خاڵی جێ بەجێ نەکرد. بەڵکو لەبری چاکسازی شەڕی لەگەڵ مالیکی ڕاگەیاند ئەمە بەپلان نەوەک لەسەر مافی ڕەوای میللەت، تەنها بۆ ئەوەی خۆی لەکێشەکانی ڕۆژانی دوای ۱۷ی شووبات ڕزگار بکات. گومانم نیە بڕینی بوجەی هەرێم لە لایەن مالیکی پلانی پێشوەختەی مالیکی و پارتی بوە بۆ ئەوەی هەردووکیان لە ساحەی سیاسی بمێنەوە لەسەر بەدووژمن کردنی هەردوو گەلی کورد و گەلانی عیراق بۆئەوەی هەردولا یەکتری بکەن بەکابوسی گیانی ئەویتر، هەردوولاش گەلانی خۆیان توشی سزادان بکەن، سەرەنجام شیعە مالیکیان دورخستەوە، بەڵام لەهەرێم پلانی سزای هاوڵاتیان جێ بەجێ کرا، لەولاشەوە جێبەجێ کردنی پلانی داگیرکەرانە بۆ ئەوەی گەلی کورد بەردەوام لەژێر هەڕەشەدابێ و بەیانیەک بەئاسوودەی ڕۆژ نەکاتەوە.

کەچی دوای هەزاران تۆمەت، هەزاران قسەی نەشیاو سەرۆکی وەفیدی ڕیفراندۆم خۆیان کردەوە بە ماڵی نەیاری میللەتی کورد(مالیکی) و دۆستی خۆیان، بەناوی ڕێگەدان بە بەڕێوەچونی ڕیفراندۆم، ئەگەر مالیکی دووژمنتانە چۆن پرس بە دووژمن دەکرێ کە دەتەوێ بژی؟!!! چۆن توانیتان بچنەلای و شەرمتان لەم هەموو تۆمەتە نەکرد؟ یان پێتان وایە مالیکی و تەواوی گەلانی ناوچەکە لەزمانی کوردی ناگەن، دەتانەوێ بە ئارەزووی خۆتان قسەبکەن و میللەت بکەنە دووژمنی یەکتری لە پێناو ئاسوودەی ئێوە و سەلامەتی بازرگانیتان.

کورد دەڵێ: (بەری خۆر بەبێژنگ ناگیرێ) یان خۆر تا ئێوارە لە پاڵ لوتکە نامێنێتەوە. ئەمڕۆ پێویستە خەڵکی پارتی لەخۆیان و سەرانی بپرسن و بڵێن وەفدی پارتی بۆ هێندە لەگەڵ مالیکی گەرمن و دەست لەناودەست بۆ دیواخانی مالیکی غەرەیانە!! ئەم غارەیە غاردانی دینار و دۆلارە، لەکوێ کلیلی قاسەیان بکرێتەوە لەوێ لادەدەن. لەکوێش بەرژەوەندیەکانیان مەترسی کەوتەسەر لەوێ دوژمنێکی وەهمی بۆ دادەتاشن، ئەم دووژمنە دەبێتە مەڵبەندنی گەوجاندنی لایانگرانی، دواجاریش وەک قارچک لەباوەشیدا هەڵ دەتۆقن.

بۆیە سبەش کاتێک هەردولا کارە خراپەکانیان ڕووی ڕاستەقینەی ئەوانی بە ناحەزی دەرخست ئۆتۆماتیکیەن دەبنەوە دووژمن و خەڵکی پێدەگەوجێنەوە، بەڵام لەکاتی پێویست دەست دەخەنەوە ناودەستی یەک، وەک هاتنەوەی مالیکی دوای شەڕی چەندمانگەیان دواتر بارزانی فەرشی سوری بۆڕاخست، زۆری نەبرد کەوتنەوە بازرگانی دژایەتی، خۆشبەختانە گەل هۆشیار ترە لەوەی ئەوان درێژەی پێدەدن، دڵنیاشم سبەی وەک جاری جاران کۆمەڵێک گەوجێنراو مەقاش جارێکیتر دەکەونەوە لاوانەوە دووژمنایەتی. بێ ئەوەی تۆزقاڵێک شەرم بیانگرێ، دوایش ئەوان دەست دەخەنەوە ناودەست. مەقاشەکانیش وەک جاری جاران بەڕووی ڕەش و سەری کزیان تابەلاغێکیتری بەدووژمنکردنی یەکێکیتر خۆیان مات دەدەن. هەموو ئەمانە بەرەنجامی نەبوونی رێبەرێکی هۆشیارە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.